شه‌ممه‌ 29 ته‌مموز 2017

هاوڵاتیانی هەرێم بۆ ترسیان لێ نیشتوە؟

بەروار : 29 ته‌مموز 2017
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

ــ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ماوەیەکە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدیاریکراویش لەدوای دیاریکردنی ۲٥ ی ئەیلولی ۲۰۱۷ ، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ترسیان لێنیشتوە ، ترسەکەش دەگەڕێتەوە بۆکاردانەوەکانی دوای پرۆسەکە گەر ئەنجامبدرێت لەوکاتەی بۆی دیاریکراوە .
بۆیە هاوڵاتیان لەگەڵ ئەوەی گیرۆدەی قەیرانێکی قوڵی دارایین لەگەڵ ئەوەشدا سەرقاڵی کڕین وکۆگاکردنی پێداویستیکانیانن بەتایبەت خۆراکیە ڕۆژانەییەکان لەوێنەی ئارد،برنج،ڕۆن و …. هتد . ئەمەش تاڕادەییەک پشێوی وناسەقامگیری لەنێو بازاڕەکاندا دروستکردوەو نرخەکانیشیانی بەرزکردوەنەتەوە.
بۆیە دەکرێت بپرسین کەئایا بۆچی هاوڵاتیان سەرەڕای دڵنیانەبونیان لەئەنجامدانی پرۆسەکە لەوادەی دیاریکراودا لەلایەک و هێشتاش نزیکەی دوو مانگی ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەکی ترەوە، بۆچی کەوتونەتە شمەک کڕین و هەڵگرتنی ؟
بەبڕوای من ئەو ترس ودڵەڕاوکێیەی هاوڵاتیانی هەرێم کارێکی لەخۆڕانیەو ناکرێت هەروا بەسانایی لێی بڕوانرێت ، بەپێچەوانەوە ئەوە هاوڵاتیانن کەئەزمونێکی زۆرو زەوەندییان هەیە لەگەڵ هەموو ئەگەرو ڕوداوو پێشهاتەکاندا کەلە ساڵانی ڕابردوو ڕوویانداوە .
بۆیە لێرەدا چەند هۆکارێک بەکورتی دەخەینەڕوو کەوایکردوە هاوڵاتی بە ترسەوە لەهەموو ئەگەرەکان بڕوانێت ، لەوانە ؛
ــ هەموو خەڵکی زۆرباش لەوە گەیشتون کە ئەوەی پێدەوترێت ژێرخانی ئابوری لەم هەرێمەدا بونی نیە ، تەنانەت زۆر باش ئەوەش دەزانن کە هەرێمێکی بەکاربەرین نەک بەرهەم هێن ،و بۆ هەموو کاڵاوشمەکێک دەبێت چاوەڕوانی هاوردەکردنی بکەین لەدەرەوە.
ــ هاوڵاتیان هێشتاکارە ناواقیعی و نالۆژیکی و هەڵەگەورەکانتانیان بیر نەچۆتەوە کەلەشەڕی نەگریسی ناوخۆدا کزدتانن دەرهەق بەیەکدی وخەڵکی بەشمەینەتی کوردستان ، تەنانەت کارگەیشتبوە ئەو ئاستەی هەرلایەکتان دەستان بەسەر شار ، زۆنگ وناوچەیەکدا دەگرت خەڵکەکەی ڕاستەوخۆ لەوە دەترسان کەلەلایەن پارتەکەی ترەوە ئابڵوقەی ئابوری بسەپێنرێت بەسەر ئەو شارو ناوچەیەدا ، دەتوانین شارۆچکەی ڕەواندوز وەک نمونەیەکی زیندوو بهێنینەوە پێش چاومان کەدانیشتوانەکەی چەند بەچەند گیرۆدەی ئابڵوقەی ئێوە بوو.
ــ هاوڵاتیان چۆن متمانە بەوڵاتان دەکەن تاکو سنورەکانیان بەڕوودا دانەخەن لەکاتێکدا بەشێکی هەرەگرنگی کوردستان کەڕۆژ ئاوایەو ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بەهاوکاری وکردنەوەی سنورەکانی باشورە واتا هەرێمی کوردستان بەڕوویاندا کەچی تۆ بێیت لەم دۆخەهەستیارو ناسکەدا سنورەکانت بەڕوویاندا دابخەیت وهەموو دەرگانیان لەسەر کڵۆم بدەیت کەهاوزمانی خۆتن .
ــ لەوەش خراپتر بینیمان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (KNK) ،کۆبونەوەیەکی دوو ڕۆژەی فراوانی ڕاوێژکارییان بەست لەشاری سلێمانی وبانگهێشتی زیاتر لە ۱۰۰ پارت وڕێکخراوی سیاسی کوردی کرابوو تاکو بەشدار بن ، کەچی بەهۆی ئەو هەموو کۆت وبەندەی کەلەسنوری باشورو ڕۆژئاوادا دانرابوو چەندین ئەندامی بانگهێشتکراو بۆ کۆبونەوە ناچار بەقاچاخ هانن یان چانسی بەشدارکرنیان پێ ڕەوانەبینرا ، واتا هاتن وچون لەنێوان ڕۆژئاواو باشوردا بۆتە کارێکی قورس وئەستەم .
بۆیە لێرەدا بە ڕوونی وەڵامی ئەوپرسیارەمان دەست دەکەوێت کەبۆچی خەڵکی کەوتونەتە دڵەڕاوکێ و ترسیان لێنیشتوە ، خەڵکی دەپرسن باشە لەهەرێمیێکی کوردستاندا کەشەڕی نەگریسی ناوخۆ تێیدا چەند ساڵێک بەردەوامببوو ، پارتەبەشەڕهاتوەکان گەمارۆیان وەک فشارێک بۆسەر یەکدی بەکار دەهێنا بەسەر شاروشارۆچکەکانی ژێر دەستی یەکترداکە ئەوەش بمانەوێت یان نا ڕاستەوخۆکاریگەری نێگەتیڤی دەکردەسەر ژیان وگوزەران وبازاڕیشیان، بەپلەی یەکیش باجەکەشی هەر هاوڵاتیان دەیاندا .
خەڵکی دەپرسێت تۆ جارێ هەرێمێکی سەربە عێراقی فیدراڵی دەچێت گەمارۆ دەخەیتە سەر خوشک وبراکانی خۆت لەڕۆژ ئاواو تەنانەت ڕێگە نادەیت هاوڵاتیانی باشورو ڕۆژئاوا بچنەسەردانی یەکدی ودەست لەملانی یەکدی بن و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانیان بکەن بەسەر تیرۆرو تیرۆریستاندا .
بۆیە ترسەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کەخۆت ساڵانێک لەنێوخۆدا هیچ نەما بەیەکی نەکەن ،ساڵانێکیشە لەدژایەتیکردنی ڕۆژئاواو ئەزمونەکەی چیت پێکراوەکردوتەوەو درێغیت نەکردوەبەئێستاشەوە .
ئەی تۆ بڵێیت ناحەزەکانی کورد کەکوردستانیان وەک کێک بەسەردا دابەشکراوەو ، هەمیشە لەبۆسەدان بوون بۆ ئەم ئەزمونەی هەرێم بەهەموو کەم وکورتیەکانیەوە ،و هەرگیزیش حەزیان نەکردوە نینۆکی سەرخوراندنیشمان هەبێت و ، بەدرێژایی مێژووش دەسەڵاتدارانی نەتەوەکانی تورک ، فارس ، عەرەب دژت بون و لەهەر کۆڕو کۆنفرانس وکۆنگرەیەکیشدا تەنانەت بەزارەکی ناوی کوردیش هاتبێ دنیایەک ناووناتۆرەو تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستەکردوین ، ئەی پێم ناڵێن بەڕێزان چ گەرەنتیەک هەیە کەلەئایندەدا بۆشکست و دژایەتیکردنمان هەموو سنورو دەرگاکانمان بەسەردا داناخەن کەئێوە هەمیشە بۆتان واڵاکردون و بەخواستی خۆیان نەک هی ئێوە ، بەبێ هیچ خوڵق وماریفەت و فەرمو فەرمویەکیش دێن ودەچن .
ئێستا تێگەیشتن بۆخەڵکی هەرێم ترسیان لێنیشتوە ، لەوەش تێگەیشتون کە ئەوان نایانەوێت هێندەی حکومەتەکەیان بێ بەرنامەو پلان بن بۆیە خۆیان بۆهەموو ڕوداوپێشهاتەکان ئامادە دەکەن .

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان .

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە