Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
یه‌ك شه‌ممه‌ 3 كانونی یه‌كه‌م 2017

نادیە موراد: دەبوو کەسێک ئەم چیرۆکانە بگێڕێتەوە

بەروار : 03 كانونی یه‌كه‌م 2017
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

ڕاپۆرتى: ئاننە مارییە

لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف

چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى قەڵا سەرەکییەکانیان لە دەستداوە، بەڵام بۆ ئێزیدییەکى ڕزگاربووى وەک نادیە موراد، شەڕێکى نوێ تازە دەستى پێکردووە.

دواى سێ ساڵ لە ڕاکردن لە چنگى چەکدارەکانى باکوورى عێراق، نادییە موراد پەردە لەسەر یادەوەرییەکى تۆقێنەر هەڵدەماڵێت “دوایین کچ” لەبارەى ئێش و ئازار و نەهامەتیى ئەوە وەک کۆیلەیەکى سێکسى، هەوڵە تاکەکەسییەکانى نادیە موراد، لەرێى ئەمەل کلۆنى پارێزەرى مافەکانى مرۆڤەوە، بۆ پەلکێشکردنى ئەندامانى دەوڵەتى ئیسلامییە بۆ بەردەم دادگا بەهۆى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ و کۆمەڵکوژیى لە دژى گەلى ئێزیدى.

ئەوە شتێک نییە خۆم هەڵمبژاردبێت” نادییە مورادى تەمەن ٢٤ ساڵان لە دیمانەیەک لە لەندەن واى وت، “دەبوو کەسێک ئەم چیرۆکانە بگێڕێتەوە، ئەمە ئاسان نییە.

کاتێک دەوڵەتى ئیسلامى لە ٢٠١٤ دەستى گەیشتە ناو باکوورى عێراق، هەزاران کەس لە ئێزدییەکان کوژران و بە هەزاران زیاتریش ڕفێندران، لەنێویاندا ژنان و کچەکانیان کرانە کۆیلەى سێکسى، بەرپرسانى نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)ڕایانگەیاندووە کە ئەو توندوتیژییەى لە دژى ئێزیدییەکان ئەنجام درا، چووە خانەى جینۆساید، هەروەها ئەنجومەنى ئاساییشى نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکى پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەى بەڵگەکان لەبارەى ئەو کارە وەحشییانەى لەمبارەیەوە لە عێراق ئەنجام دراون.

نادیە موراد بووە یەکەمین باڵیۆزى فەخریى نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بۆ ڕزگاربووانى دەست بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ٢٠١٦، هەروەها هەوڵ و کۆششەکانى خۆى چڕکردووەتەوە لەبارەى چارەنووسى هەزاران ژن و کچى دیکەى ئێزیدى کە تائێستا یان لەژێردەستى داعشدا ماون، یانیش لە کامپەکاندان، ئەوانیش لەوێدا دەرباز بکرێن.

ئامانجى ئەم کتێبە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەى کە هەموو کەسێک بزانێت چى بەسەر ئێزیدییەکاندا هات و ئەوان تووشى چ ئێش و ئازارو دەردەسەرییەک بوون”، نادییە واى وت.

“کەسانى دیکەى ڕزگاربوو ماون کە خەون بەوە دەبینین ڕۆژێک بێت ئەوان قسەکانیان وەربگیرێت لەبارەى ئەوەى کە دەوڵەتى ئیسلامى چى بەرامبەر بە ئەوان کرد، دەکرێ چیرۆکەکانمان جیاوازى بێننە کایەوە.

کاتێک شەڕەکە دەستى پێکرد، نادیە موراد ئەو لە گوندەکەى خۆیان لە کۆجۆ لە باکوورى عێراق خوێندکار بوو ژیانێکى ئارامى خۆى دەژیا.

هەموو کەس هەژار بوون” ئەو واى وت، “ئێمە ڕازى بوون بەو ژیانە سادە و ساکارەى کە هەمانبوو”  “ئێمە خەڵکێکى ئاشتیخواز و کراوە بووین.

چەکدارەکان لە ئابى ٢٠١٤ گەیشتنە کۆجۆ و فەرمانیان بە هەموو خەڵکەکە کرد کە بچنە نێو قوتابخانەى گوندەکە، دواتر پیاوەکان ناچارکران کە قوتابخانەکە بەجێبهێڵن، و زۆرى پێنەچوو دەنگى تەقە بیسترا، بەمەش دەیان پیاو هاتنە کوشتن، لەنێو کوژراوەکاندا شەش براى نادیەى تێدا بوو.

نادیە لەگەڵ کچە گەنجەکانى تر، کەسوکارەکەى و دراوسێیەکانى خرایە نێو پاسێکەوە، چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى دەستیان کرد بە دەستبردن بۆ جەستەى کچ و ژنەکان، یەک لە چەکدارەکان کراسەکەى لەبەر نادییە دەکاتەوە و هەوڵدەدات شتێک بکات “کە لەنێوان دوو عاشقدا ڕوودەدات، ئەو کاتەى کە هاوسەرگیرى دەکەن”، دەوڵەتى ئیسلامى دایکى نادیە جودا دەکەنەوە بۆئەوەى بیکوژن، ئەوان ئاگر لە ژنێکى بە تەمەن بەردەدەن.

نادیە لەگەڵ کچە گەنجەکانى تر دەبرێنە ماڵە دەوڵەمەندێک لە شارى موسڵ، لەوێدا حەشامەتێک لە پیاو دەست دەکەن بە پڕکێشکردنى ئەو کچە گەنجانە و هەرکەس کچێک بۆ خۆى ڕادەکێشێت.

پیاوێک جگەرە داگیرساوەکەی دەستی، بەسەر گەدەى نادیەدا دەکوژێنێتەوە، پیاوێکى تر سێ ژن هەڵدەبژێرێت، لەبەرامبەردا دۆلارى ئەمریکیان پێدەدات، باقى ترى کچ و ژنەکان دەبرێنە بازاڕى ئاشوبى کۆیلە، هەر ئەو کەسەش بۆ خۆى دەیبات کە یەکەمین کەس دەبێت ئازار و ئەشکەنجەى دەدات.

من وردەکاری”یەکان لە کتێبەکەدا باش دەکەم، لەبەرئەوە ناکرێ هەموو جارێک چیرۆکەکە بگێڕمەوە” ئەو بەوپەڕى نائومێدییەوە واى وت.

سەرکردایەتى دەوڵەتى ئیسلامى لۆژیکێکى ئایینى تایبەت بەخۆیانى هێنایەکایەوە تاوەکو ڕەوایەتى بە دەستدرێژیى سێکسى بۆ سەر کچان و ژنانى ئێزیدى بدات، لەنێویاندا کچانى تەمەن نۆ ساڵانیش.

بەشێک لە ژنانى ئێزیدى ژیانى خۆیان لەمەدا لەسەر دانا.

نادیە دەستدرێژیى سێکسیى بەکۆمەڵیشى کرایە سەر وەک سزادانێک لەبەرامبەر ئەوەى کە هەوڵى ڕاکردنى دا بوو.

ئەوەى هێزى دایە بەر من ئەو سەدان کچە بوو، ئەگەر نەڵێم هەزارانیش، کە هاوشانى من دیل کرابوون” نادیە واى وت، “بەخۆمم وت، ئێمە دەبێ لەم کارەساتە بە زیندوویى بمێنینەوە و دەرباز بین.

ڕۆژێک، چەکدارێکى دەوڵەتى ئیسلامى نادیە بەتەنیا لە خانووێک بەجێدەهێڵێت، و نادیەش دەبینێت دەرگایەک کراوەتەوە، ئیدى دەچێتە حەوشە، بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەگەڕێت و خۆى فڕێدەداتە خوارەوە بۆ نێو شەقامێکى چۆڵ و سامناک.

مەسەلەکە پەیوەندى بە بوێرییەوە نەبوو”، ئەو واى وت، “تۆ لە بارودۆخێکدایت کە تۆقێندراویت بەوەى بوونت خراوەتە ژێر هەڕەشەى مەرگ یان ئەشکەنجەدان، بۆیە تەواوى ئەوەى کە بیرى لێدەکەیتەوە ئەوەیە کە چۆن بتوانیت بەزیندوویى بمێنیتەوە و ڕزگارت بێت.

نادیە بەخێرایى بەنێو شەقامە تاریکەکانى موسڵدا بە پێ دەڕوات، ڕووخسارى بە حیجابێکى درێژ داپۆشراوە، لەناکاو بەتوندى لە دەرگاى ماڵێک دەدات و داوایان لێدەکات کە بەهانایەوە بچن.

ماڵەکەش ڕێگەى پێدەدەن کە بچێتە ژوورەوە و دواجار بە ڕێگاى قاچاخ دەیگەیەننە دەرەوەى ناوچەکانى ژێردەستى دەوڵەتى ئیسلامى، بەناوى ژنى یەک لە پیاوەکانى ماڵەکەیان دەیپەڕێننەوە، لەو کاتەى کە بەنێو دوایین خاڵى پشکنیندا تێدەپەڕن، نادیە لەناکاو چاودەکەوێتە سەر وێنەى خۆى کە لەسەر کاغەزێکى نمایشکراو وەک یەکێک لە کەسە ڕاکردووە داواکراوەکان.

نادیە ڕێگاى کەمپى پەناهەندەیى دەگرێتە بەر و لە ٢٠١٥ وەک پەناهەندەیەک لە ئەڵمانیا قبوڵ دەکرێت، ئەو ئێستا، وەک بێوەژنێکى جەنگ، لەگەڵ خوشکێکى دەژیت، لە ئەپارتمانێک لە شتوتگارت.

نادیە ئێستاش هەر خەفەتێکى زۆر لەوە دەخوات و توڕەیە لەو خەڵکەى نێو موسڵ کە زۆربەیان ئامادە نەبوون یارمەتى ژنانى ئێزیدى بدەن بۆ دەربازبوونیان لە دەست داعش.

نزیک بە دوو ملیۆن هاوڵاتى مەدەنى لە موسڵ دەژین و ٢٠٠٠ کچ و ژنى ڕفێندراویشى لێیە” ئەو واى وت، “هەزاران خانەوادە لە موسڵدا هەن کە دەیانتوانى یارمەتى کچە ئێزیدییەکانى تر بدەن، بەڵام نەیانکرد، ژنان لە موسڵ دەبوو حیجاب بپۆشن، لەبەرئەوە ئاسان دەبوو تاوەکو بەهۆى ئەمەوە ژنانى ئێزیدى دەرباز بکرێن.

ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى شارەکە کە یارمەتى ئێزیدییەکانیاندا بۆ ڕزگارکردنیان بە ڕێگەى قاچاخ ئەوا داواى هەزاران دۆلاریان دەکرد- براژنى نادیە یەک لەو ژنانە بوو کە بەبڕى 20,000 دۆلار بۆ ناوچەیەکى ئارام دەرباز کرا، نادیە واى وت.

هاوینى ڕابردوو، نادیە گەڕایەوە ماڵەکەى خۆیان لە کۆجۆ وەک پاڵەوانێک پێشوازى لێکرا، ئەو کاتەى کە پێى نایە نێو ماڵە وێرانکراوەکەى خۆیان، ئیدى دەستى بە گریان و فیغانێکى زۆر کرد.

ئێمە تەمەننامان دەکرد چارەنووسى ئێمەش وەک چارەنووسى پیاوەکان ببوایە و بکوژراباین، بەڵام لەجیاتى ئەوە، چەکدارە ئەوروپیەکان، سعودییەکان، تونسییەکان و هى وڵاتانى تریش هاتن و دەستدرێژى سێکسیان کردە سەر ئێمە و کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمە کرد” نادیە لە لێدوانێکى ئیرتیجالى لە گرتەیەکى ڤیدیۆیى ئەوەى بە پەیامنێران وت.

نادیە ئومێدەوارە ڕۆژێک بێت ئەو لە دادگا چاوى بەو پیاوانە بکەوێتەوە کە دەستدرێژیى سێکسیان کردبووە سەر ئەو و لاقەیان کردبوو، هەروەها تراژیدیاى ئەو ببێتە دوایین تراژیدى کە لەمبارەیەوە بەسەر کچان داهاتبێت.

ئەو خۆزگە و بەرخوازییەکى (تموحێکى) دیشى هەیە و دەخوازێت ببێتە کەسێکى دەستڕەنگین لەبوارى مکیاژ و قژبڕین، یان تەنانەت بتوانێت ببێتە خاوەنى ئارایشگاى خۆى- ئەو شوێنەى کە عادەتەن خۆشترین شوێنە بۆ ژنان کە تێیدا نازیان ڕادەگیرێت و خزمەت دەکرێن.

دەکرێ خەڵک لە ئایندەدا من وەک ستایلستێک بەیادبهێننەوە، نەوەک کەسێکى ڕزگاربووى دەست مەرگ”ى دەوڵەتى ئیسلامى، ئەو واى وت، “ئەوان دەکرێ ئەوە لەبیربکەن

سەرچاوە: ڕۆژنامەى واشتن پۆست، ڕۆژى ٢٣ نۆڤێمبەرى ٢٠١٧.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە