سێ شه‌ممه‌ 12 كانونی یه‌كه‌م 2017

پێنج هەنگاو بۆ چارەسەری دۆخی دارایی و ئابوری

بەروار : 12 كانونی یه‌كه‌م 2017
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەئێستاداو بەتایبەت دوای کاردانەوەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حکومەتی ناوەند و ڕوداوەکانی( ۱٦)ی ئۆکتۆبەری( ۲۰۱۷ )کەبوە هۆکاری لەدەستدانی زیاتر لەنیوەی خاک وخەڵکی کوردستان وئاوارەبونی هەزاران هاوڵاتی ناوچە دابڕێنراوەکان و ماڵوێرانیەکی زۆر بەسەریاندا، هەرێمی کوردستان پێشتر خۆی چەندە گیرۆدەی قەیران ببوو هێندەی تر ڕووبەڕووی قەیران وتەنگەژەی زیاتربوەوە ،کەلەئاستیدا دۆشداماوەو توانای دۆزینەوەی هیچ ڕێگەچارەیەکی نەماوە لەسەرجەم بوارەکاندا بەگشتی و بواری دارایی وئابوری بەتایبەتی .
گەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت ڕێگاچارەیەکی خێرا بۆئەم دۆخە بدۆزنەوە تاکو چیتربەرەوئاقارێکی خراپتر نەڕوات ئەوا پێویستە بەزوویی ئەم چەند هەنگاوە بهاوێت:

— بەزوویی وبێ سڵەمینەوە ، بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی کەسی و حیزبی هەرچی موچەخۆری بندیوار، وەهمی ، نایاسایی و ئەوانەی بەپلەی باڵاونایاسایی خانەنشینکراون بێ ئەوەی ڕۆژێک ئەو پۆستەیان بینیبێت، وبونەتەبارێکی قورس بەسەر بودجەی ئەم هەرێمەوە ، بکرێنە قوربانی وبەزوویی لەلیستی موچەدا تاڵکێش بکرێن کەکارێکی هێندە قورس نیە گەرئیرادە هەبێت ،ئەویش لەپێناو دابینکردن وپێدانی موچەبە فەرمانبەروموچەخۆرانی سەردیوارو ڕاستەقینە لانی کەم لەکات وساتی خۆیدا .
ـــ یەکێتی وپارتی کە چارەکە سەدەیەکە حکومڕانیان بەدەستەو لەسایەیشیەوە چەندین کۆمپانیای زەبەلاحی هەمەچەشننیان بنیادناوە وبەهۆیەوە بونەتە خاوەنی داهات وپارەیەکی بێ شومار ، دەکرێت لەم دۆخەدا چەندچەردەیەک پارە بدەنەوە بەحکومەت تاکو لەم ئیفلاسیە ڕزگاری بکەن .
ـــ دەوترێت لەهەرێمدا دەیان ملیاردێرو هەزاران ملیۆنێری دۆلاری تێدا دروستبوە ،کەبەدڵنییاییەوە زۆرینەیان گەر کەسانی باڵای حیزبەکان بەتایبەت یەکێتی وپارتی نەبن ئەوا یان دۆستیانن یان لە هەردوو حیزب نزیک یان شەریکن ، ئایا ئەم لەشکرە ملیاردێروملیۆنێرە چیانکردوە لەم هەرێمەدا وئەو هەموو سەرمایەیان لەئێستادا لەکوێ حەشارداوە .
بۆیە دەکرێت لەمکاتەدا بڕێکی باش لەو پارەیەی کەلەلایەن ئەوسەرمایەدارە دەستکردانەوە کۆکراونەتەوە لەدەرەوە بێت یان ناوەوەی هەرێم بیگەڕێننەوە بۆچارەسەری دۆخەکەوخزمەتی هاوڵاتیان کە قوربانیدەری یەکەم وکۆتایی هەرئەوانن .
ـــ دەبێت لەمساتەوە حکومەت بەجدیەتێکی زۆرو پلانێکی هەمەلایەنەوە بڕیاری چاکسازی ڕاستەقینەبدات لەسەرجەم سێکتەرەکان ، و لەداهات وخەرجیشدا زۆر ڕوون وشەفاف بێت و هیچ گومانێک بۆ کەس نەهێڵێتەوە لەو ڕوەوە ، دەزگاودامەزراوەکانیش ڕابسپێردرێت بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە، و دەسەڵاتی تەواویشیان پێ بدرێت . چونکە هۆکارێکی سەرەکی قوڵبونەوەی قەیرانەکان سیخناخبونی دامەزراوەکانی هەرێم بوو بەگەندەڵی جۆراوجۆر .
ـــ دەکرێت سەرکردایەتی سیاسی کورد بیر لەدروستکردنی فشارێکی بەهێزبکاتەوە لەبەرامبەر حکومەتی ناوەند تاکو وڵاتانی زلهێزو یونامی و….هتدبێنە سەرهێڵ و ببنە ناوبژیوان ، ئەویش هەڕەشەی کشانەوەیە لەپڕۆسەی سیاسی لەعێراقدا لەسەرۆک کۆمارەوە تا دواپۆست لە حکومەتی ناوەند کەئەوەش دەنگدانەوەیەکی گەورە دروستدەکات لەئاستی وڵاتانی دنیادا کە کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لەنێو پڕۆسەی سیاسیدا بڕیاری کشانەوە دەدات ،گەرنا عێراق بەو ئاسانیە نایەتە پێشەوە بۆدانوستان لەگەڵ هەرێم ، لەم نێوەندەشدا خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان باجی هەڵەی سیاسیەکانی هەرێم دەدەن نەک سیاسیە کورتبینەکانی هەرێم خۆیان بیدەن ، وەناکرێت حکومەتی ناوەندیش لەپێناوو لەبەرامبەر تۆڵەکردنەوە لەچەند حیزبێک وبەرپرسەکانیان سزایەکی گەورەو ناڕەوای کۆی خەڵکی کوردستان بدەن و ئەوان ببنە خۆراکی ململانێکانیان .

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە