Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
هه‌ینی 29 كانونی یه‌كه‌م 2017

دۆسییەى کشاناک و تونجەلى: نمایشێکى گاڵتەجاڕانەى دادگا و بەرخودانێکى مەزن

بەروار : 29 كانونی یه‌كه‌م 2017
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف

دوو کەسە داواکراوەکەى بەردەم دادگا بە زەردەخەنەیەکى تەواوەوە سڵاویان لە ئێمە کرد، لەو کاتەى ئێمە بە قەرەپەستانێ خەریکى ئەوە بووین خۆمان بکەین بە هۆڵە بچوکەکەى دادگاى مالتایا، کە هێزەکانى پۆلیس لەپێشدا نیوەى کورسیەکانیان داگیرکردبوو، بەم کارەیان بەشى هەرە زۆرى ئەو خەڵکەى ئێمەیان ناچارکرد لە دەرەوە بمێننەوە کە بۆ پشتیوانى هاتبوون. گوڵتان کشاناک، هاوسەرۆکى شارەوانى ئامەد و سەباحەت تونجەلى، هاوسەرۆکى پارتى کۆمەڵگاى دیموکراتى نزیک لە هەدەپە، هەر ئەوەتا پێڕادەگەیشتن سڵاو و رێزیان لەگەڵ هەڤاڵان و ئازیزانیان بگۆڕنەوە، رێک لەو کاتەى خەریک بوو دادگاییکردنەکە دەستى پێدەکرد. بەڵام لەڕاستیدا ئەوان لەگەڵ ئێمە لەنێو هۆڵى دادگاکەدا نەبوون. ئێمە دەمانتوانى ئەوان تەنیا لە سکرینێکى ڤیدیۆیى ببینین کە بە ژوورێک لە زیندانى قاندیرا وەک توندترین زیندان لەرووى ئەمنییەوە، کە ١٠٠٠ کیلۆمەتر دوورە، ئەو شوێنەى کە ئەوە ساڵێکە ئەوان تێیدا زیندانى کراون بەتۆمەتگەلێک کە دەوڵەت بەهۆیانەوە دەخوازێت بەسەریەکەوە زیاتر لە سێ سەد ساڵ ماوەى زیندانیان بەسەردابسەپێنێت و بۆ ببڕێتەوە.

“ئەمە شانۆگەرییەکى تەقلیدیى تورکییە”  زوڵکوفى هاوژینى بەڕێز کشاناک دواتر لەو رێوشوێنانەى کە لە دژى ئەم دوو سیاسەتمەدارە کوردە بەناوبانگ و پەرلەمانتارە پێشووەى گیرایە بەر، ئەوەى تێبینى کرد. لە پرسى یەکلاکەرەوەى بەڵگە بۆ پشتیوانیکردن لە دۆسییەى دادگاییەکە، رەنگە وەهمێک بێت لە گاڵتەجاڕییەکى لە خۆوەیى و عەفەویانە. رۆژى هەینى ٣ى نۆڤێمبەر، ئێمە لە شەشەمین رۆژى گوێگرتن لەم دادگاییکردنە ئامادەبووین و تەنها دانیشتنى دووەمین لەلایەن هەمان دادوەرەوە بەڕێوەچوو. ئەو دادوەرەى کە دانیشتنى پێشووى دواخستبوو بەمەبەستى بەدەست گەیشتنى بەڵگەى زیاتر لە دادگاى هەشتەمینى ئامەد بۆ تاوانە مەترسیدارەکان، کە ئەم دۆسیەیەى کردبووە پێش ئەوەى دۆسیەکە رەوانەى دادگاى مالتایا بکرێت، کە ٢٤٠ کیلۆمەتر لەوێوە دوورە، بۆ شوێنێک کە دادوەرەکان تازەترن و کەمتر ئەگەرى روودانى خۆپیشاندانى گەورەشى لێ دەکرێت. بەڵام بەڵگەکە هەرگیز نەگەیشت، و دادوەرەکەى مالتایا سەرزەنشتى پارێزگارى ئامەدى کرد بەوەى وەڵامى داواکارییەکەى ئەوى نەداوەتەوە. “هیچ شتێک نەگەیشتووە؟ ” رووى دەمى لە پارێزەرى دۆسیەکە کرد.

مەبەست لە کاسێتەکان و سیدیەکیش کە دیار نەمابوون بۆ ئەوە بوو تاوەکو تۆمەتەى دادگا لەسەر بەڕێز کشاناک پشتڕاست بکەنەوە لەسەر ئەو لێدوان و ئاخاوتنانەى کە لە ٢٠١١ بەدواوە لە چەندین بۆنە و گردبوونەوە ئاراستەى جەماوەرى کردووە؛ کە ٤١ تۆمەتى لەسەر کۆکراوەتەوە لە کردنەوەى دۆسییەکى قانونى ٢١ لاپەڕەییدا لە دژى.

دادوەرەکە تەنانەت داواى لە پارێزەرەکەى بەڕێز کشاناک کرد کە یارمەتى بدات لە فشارخستنە سەر دادگاى ئامەد سەبارەت بەم بەڵگەیە لەو کاتەى وتى کە ئەو پێشبینى ئەوە دەکات پرۆسەى دادگاییەکە لە دانیشتنێک یان دوو دانیشتنى دى کۆتایى پێبێت.

“ئەم تۆمار و شریتانە لە کوێن؟” بەڕێز کشاناک پرسیارى لێکرد. “ئایا تۆ گوێت لێیان راگرتووە؟ رەنگە هەر بوونیشیان نەبێت!”

“تائێستا من تەنها بەشێوەیەکى گشتى بەرگریم لە خۆم کردووە” ئەو وتى. “تائێستا مافەکانى خۆم بۆ بەرگریکردن بەکارنەهێناوە. دەخوازم خۆم بێمە بەردەم دادگا و دۆسیە دواى دۆسییە بەرگرى لە خۆم بکەم”

پارێزەرەکانى دەڵێن تەنانەت لەنێو لاپەڕەکانى ئەو دۆسییە بێ بنەمایەى لە دادگاش لە دژى کراوەتەوە، بەڕێز کشاناک هەرگیز هانى توندوتیژى نەداوە و تەواوى ئەو ئاخاوتن و لێدوانانەى شایەدحاڵى ئەم راستیەن کە لە رووداو و رێوڕەسمەکان دایبوو، قسە و ئاخاوتنەکانى لە نەورۆز، رۆژى جیهانى ژنان و رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى تەرمى ئەو گەنجانەى لە کۆبانێ، لە شەڕى بەرەنگاربوونەوەى دژ بە هێرشە دڕندەکانى داعش گیانیان بەختکردبوو.

ئەو بەوە تۆمەتبارکراوە کە “بەڕێوەبەرى رێکخراوێکى چەکدارى” بوو بێت و هەروەها گوایە هەشت جار سەردانى بارەگاى سەرەکى کۆنگرەى کۆمەڵگاى دیموکراتی کردووە، لەکاتێکدا کە هەمان ئەو هێزە سیاسیە (کۆنگرەى کۆمەڵگاى دیموکراتی) بانگهێشتکرابوو تاوەکو پڕۆپۆزەڵ و پێشنیازەکانى خۆى لەبارەى چاکسازى لە دەستوور پێشکەش بە کۆمسیۆنى پەرلەمانى تورکیا بکات. ئەو هەروەها بەوەش تۆمەتبارکراوە کە رێگەى بە بەکارهێنانى ئوتوموبێلى شارەوانى ئامەد داوە بۆ گواستنەوەى تەرمى شەڕڤانانى پەکەکە بۆ گۆڕستان، لەکاتێکدا کە ئەگەر ئەو کۆسپ و تەگەرەى لەبەردەم ستانداردى رێوڕەسمەکانى بەخاکسپاردن بگرتبوایە، ئەو کات ئەم کارەى دەبووە کارێکى نایاسایى بۆ ئەو. شایانى باسە، ئەمانە تاکە تۆمەتێکن کە لە دادگا رووبەڕووى چالاکییە شارەوانییەکانى ئەو کرابنەوە، هەرچەندە پێش  دەستگیرکردنى، لیژنەى پشکنین و بەدواداچوونى دەوڵەت زۆر بەردى بەدواداچوونیان بۆ لیستى تۆمارى ئیش و کارى شارەوانى ئامەد کرد تاوەکو بتوانن بەڵگەیەک لەسەر گەندەڵى یان هەر سەرپێچییەکى تر بدۆزنەوە، بەڵام هیچان دەستنەکەوت.

سەبارەت بەڕێز سەباحەت تونجەلى، زۆربەى ئەو تۆمەتانەى کە لە دۆسییەکەیدا رووبەڕووى کراوەتەوە لەسەر ئاخاوتن و لێدوانەکانى بووە، هاوشانى دەنگۆى ئەوەى کە گوایە ئەو سەردانى پەکەکە-ى لە چیاى قەندیل کردووە بە مەبەستى بەشداریکردنى لە ” پەروەردەى سیاسى”، تۆمەتێک کە تەنها لەسەر بنەماى لێدوانى شایەدحاڵێکى نەناسراوەوە هاتووە کە تاوەکو ئێستا ئەم شایەدحاڵە بەردەم دادگا دەرنەکەوتووە. بەڕێز تونجەلى بەپێداگیرییەوە بە دادوەرەکەى وت کە بوێرى خۆى پیشان بدات لە پابەندبوونى بە حوکمى یاسا و مافى دیموکراتیى ئەو لەوەى کە دژى حکومەت بێت. ” دۆزى کورد دۆزێکى سیاسیە”  تونجەلى واى وت، بەمەش دادگاى وەک خۆى شیکردەوە لەو کاتەى بەتوندى سەرزەنشتى کۆتاییهاتنى پڕۆسەى ئاشتى نێوان دەوڵەت و عەبدوڵا ئۆجەلانى سەرکردەى زیندانیکراوى پارتى کرێکارانى کوردستانى کرد.

دەیان هەزار لە ئەندامانى هەدەپە، لەنێویاندا دەیان سەرۆک شارەوانى و پەرلەمانتار، دوا بەدواى شکستهێنانى پرۆسەى ئاشتى دەستگیرکران و خرانە زیندانەکانەوە، کە ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنى نائاسایى نێو پارتەکە خۆى لە حوزەیرانى ٢٠١٥. سیاسەتى سەرکوتکارى تەشەنەى سەند ئەمەش دواى کودەتا شکستخواردووەکەى ساڵى پار، کەئەردۆگانى سەرۆککۆمار رووداوى کودەتاکەى بە “ناردنى خەڵاتێک لەلایەن خودا” ەوە وەسف کرد، بەشێوەیەک هێزو دەسەڵاتى نائاسایى پێبەخشى تاوەکو لە دژى سەرجەم نەیارەکانى بەکاریانبهێنێت. پارێزەران لەو بڕوایەدان کە ئەو دۆسییانەى لە دژى هەردوو لە بەڕێزان کشاناک و تونجەلى کراونەتەوە ئەوا پێشتر لەلایەن ئەو ئەفسەرانەى هێزە ئەمنییەکان و دادوەرانە ئامادە کرابوون کە خۆیشیان هەر دواى کودەتاکە بە تۆمەتى بوونى پەیوەندیان لەگەڵ فەتحوڵا گولەنەوە دەستگیرکراون، گولەنى هاوپەیمانى پێشووى ئەردۆگان کە ئێستا بەوە تۆمەتبارکراوە کە پیلانگێڕى بۆ رووخانى ئەو کردووە. ” ئێوە بڕواش بەو کەسانە ناکەن، بەڵام دێن بەڵگەکانیان بەکاردێنن” بەڕێز کشاناک ئاواى بە دادگا وت.

ئەو ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو دەستگیرکرا، هاوکات هاوسەرۆکى شارەوانییەکەیشى ، فوڕات ئانلیش دەستگیرکرا. پارێزەران و پشتیوانانى گوڵتان کشاناک دەڵێن ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەمانە پڕۆسەگەلێکى دادگایین کە ئامانج تێیاندا قڵپکردنەوە و سەراوژێرکردنى ئاراستەى بەرەوپێشچووى خۆبەڕێوەبەرییە- ئەو مۆدێلە حوکمڕانییەى کە جوڵانەوەى کوردى بە ” خۆسەریى دیموکراتى” لە ئامەد و سەرتاسەرى باشوورى رۆژهەڵاتى تورکیا  (باکوورى کوردستان-و) ناوى دەبات.

“لە ئامەد، ئەو شارەى کە دوو ملیۆن کەس تێیدا دەژیت، شوێنەکانى نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان بە نێردراوە (کۆمیسار) دانراوەکان پڕکرایەوە” کشاناک واى وت. “بەبێ بوونى دیموکراسییەکى هەرێمى و ناوخۆیى، ناکرێ قسە لە بوونى دیموکراسى بکرێت”

سەرا بوجاق، جێگرى سەرۆک شارەوانى ئامەد، پێى وتم کە ئەو نەیتوانیوە ئەرکە مەدەنییەکانى خۆى رابپەڕێنێت لەو کاتەوەى کە جومالى عەتیلا وەک کۆمیسیارێک دانراوە. پێش دەستپێکردنى ئەو هەڵمەتە بەردەوامەى پاکتاوکردن لە دژى سیاسەتمەدار و سەرۆک شاراوەنییە کوردەکان، ئەوا شارەوانى ئامەد سیستمى هاوسەرۆکایەتى جێبەجێ دەکرد. بەرپرسیارێتیەکان لەسەر ئاستەکانى حوکمڕانیکردن لەنێوان ژن و پیاوێک دا دابەش کرابوون. بۆ یەکەمینجار بوو کە شارەوانى کۆبوونەوەکانى بەڕووى خەڵکیدا بکاتەوە و خەڵکى شارەکە و دەوروبەرى بەشدارى پێبکات لەو گفتوگۆیانەى لەنێو ئەنجومەنى شارەوانى لەبارەى بودجەى شارەکە دەکران. بەڵام عەتیلا، سەرۆک شارەوانیە سەپێنراوەکە، کۆبوونەوەى ئەندامانى ئەنجومەنەکەى راگرتووە و چاکسازییەکانیشیانى نەهێشتووە.

بەڕێوەبەرایەتى یەکسانیى رەگەزى (ژێندەر)، بەنموونە، لە ٢٠١٤ دامەزرێنرا بۆ پشتیوانیکردن لە دامەزراندنى ژنان و مەشق و راهێنان و سنوردارکردنى توندوتیژى خێزانى، لەنێویاندا پێدانى بڕێک لە پارەى موچەى پیاوە خراپەکان بە ژنەکانیان. سەرۆک شارەوانیە دانراوەکە (کۆمیسیارەکە) ئەو بەڕێوەبەرایەتییەى تێکدا و تەواوى ستافەکەیشى کە ٤٠ کەس فەرمانبەر دەبوون لە کارى وەزیفى دوورخستەوە. ئەو کۆمسیارە هەروەها سیستمى پەروەردەى فرە زمانى لە باخچەى ساوایان قەدەغە کرد، و بودجەى گروپێکى شانۆییشى بڕیوە کە خەریکى نمایشکردنى کارێکى شانۆیین لەسەر شکسپیر بە کرمانجى، پڕۆژەى فراوانکردن و بەرەوپێشبردنى پارکى گشتى شارەکەیشى راگرت، پەیکەریى یادەوەریى کۆمەڵکوژییەکەى رۆبۆسکى ٢٠١١ ى رووخاند و خەڵکى شارەکەى لە ناوەندێکى کولتووریى کوردیش بێبەش کرد کە رێک پێش ئەوەى ئەو دەسەڵاتەى پێبدرێت لە شارەکە کرابووەوە.

“لەوێ کەش و هەوایەکى تۆقێنەر دروست بووە، بەهۆى ئەوەى هاتووچۆ و کێوماڵکردنى هێزى سەربازى بووەتە شتێکى بەردەوام” بەڕێز بوجاق وای وت. ئامەد تۆقێنراوە بە مەرگ، ئاوارەبوون و وێرانکردنى بەشێکى زۆر لە ناوچەى سورى مێژوویى ئەمەش دوا بەدواى ئەو شەڕە نابەرامبەرە هات لەنێوان هێزەکانى دەوڵەت و گەنجانى شارەکە و دەوروبەرى دواى تێکچوونى پرۆسەى ئاشتى. سەرجەم تەلەڤزیۆنە کوردییەکان داخراون، تەنیا کەناڵێکى کاریکاتێریى منداڵان نەبێت کە ئەویش دوایى لەبەر بەرنامە تەنزئامێزەکانى داخرا.  هەزاران مامۆستا لە کارەکانیان دەرکران یانیش ناچارکران کە شوێنى خۆیان بگۆڕن و بچنە ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمەکە.

لێرەدا ترسى هەڵکشانى بەئیسلامیکردن لەئارادایە کە ئامانج تێیدا خنکادنى میراتى هەمەڕەنگ، سیاسەتى رادیکاڵى و سیماى کوردانەى کولتووریى شارى ئامەدە. “ئێستا واى لێهاتووە کە چیتر هەست بەوە نەکەم ئەمە شارەکەمە” دانیشتوانێکى شارەکە واى وت. هەرچۆنێک بێت، ژیانەوەیەکى گرنگ و بە کاریگەر لێرە بۆ ئاکپارتى، ئەگەرێکى دوورە، بەشێکى لەبەرئەوەیە  ستەمکاریى و سەرکوتکاریى زۆر دڵڕەقانە لە دژى خەڵک و شارەکە بەڕێوەبراوە. ژمارەیەکى ئێجگار زۆر لە خێزانەکان، دایک و باوکەکان، تازییەبارن بۆ منداڵەکانیان کە لەسەر دەستى هێزە تایبەتەکانى ئەردۆگان کوژراون.

بەرێز بوجاق بانگ لە تەواوى سەرۆک شارەوانیەکانى جیهان دەکات کە بێدەنگى بشکێنن لە ئاست ئەم وێرانکارییەى بەرامبەر بەم دیموکراسیەتە ناوخۆیییەى (دیموکراسییە لۆکاڵییەى باکوورى کوردستان) بەڕێوەدەبرێت. “ئێمە داوا لە ئەوان دەکەین پشتیوانیمان لێبکەن و خاوەندارێتى لە دۆسییەى گوڵتان کشاناک و سەرجەم سەرۆک شارەوانییە کوردە زیندانیکراوەکانى تر بکەن”

زیندانیانى بەردەم دادگاى مالاتیا ئیهامبەخشى مۆدێلێکن لە بەرەنگاربوونەوەى سەختیەکان و رووبەڕووبوونەوەیەکى سەربەرزانە. وێنە فۆتۆیە سەرسوڕهێنەرەکان بەڕێز تونجەلى پیشان دەدەن کە چۆن لە بنکەى پۆلیس لەلایەن پێنج پۆلیسەوە بەزەبر رایدەکێشن و ئەفسەرێکى پۆلیسیش بەدەستەکانى توند دەمى دەگرێت.  بەڕێز کشاناک شوێنەوارى ئەشکەنجەدانى بەسەر جەستەوەیە دیارە، ئەو ئەشکەنجەدانەى کە ئەو بەرگەى لەبەرامبەرى گرت ئەو کاتەى کە وەک خوێندکارێک لە دواى کودەتا سەربازییەکەى ١٩٨٠ خرایە قەفەسى زیندانەوە. ئەمڕۆ ئەو تۆمەتبارکراوە بەرامبەر بەو ئاخاوتنەى، بە بۆنەى ساڵیادى کودەتاکە، لە دەرەوەى ئەم زیندانە نەفرینییە  پێشکەشى کردبوو کە ئیدارەکەى ئەو دەیویست بیکاتە مۆزەخانە.

“من هەمیشە  پەرۆشى بیستنى ئاخاوتنى دایکم بوومە لەبارەى ئاشتى و دیموکراسى، ئەمە سەربارى ئەوەى کە ئەو لە رۆژگارى گەنجێتیدا زۆر دڕندانە چەوسێنراوەتەوە”  ئەمە قسەى ئەڤین کشاناکە. “بەسەردانیکردنى لە زیندان لە ئێستادا دەتوانم ئەوە بڵێم کە ئەو هەرگیز دەستبەردارى ئاشتى و دیموکراسى نابێت”

“ئەم دادگاییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە پڕۆسەى قانونییەوە نییە” ئایشە بێرکتاى واى وت، نووسەر و چاڵاکوانى هەدەپە کە لە شارى ئیستانبوڵ دادەنیشێت، ئایشە دوو ساڵ و نیوى لە زیندان بەسەربردووە. ” لێکچوونێکى زۆر لەنێوان ئەم دادگاییانە و دادگایى عەرافەکانى سەدەکانى ناوەڕاست لەئارادایە”. ئایشە وتیشى، ئامانج لەم دوژمنایەتیکردنەى هەدەپە بەشێکى بۆ دامرکاندنەوە و لەناوبردنى ئەو کەمپەین و هەڵمەتە بەرهەمدارو چۆنایەتییەى هەدەپەیە کە لە بوارى یەکسانیى جێندەرى (ژن و پیاو) دەستى پێکردبوو. پێنج لەو نۆ پەرلەمانتارەى هەدەپە کە زیندانیکراون، ژنانن و گوڵتان کشاناک وەک سەرۆک شارەوانییەکى ژن لە یەکێک لە گەورەترین شارەکانى تورکیا، پێشەنگە لە تێکشکاندنى دادگایەکى نێو سیستمێکى دڕندە. فاکتەرێکى تر ئەوەیە بانگەوازیى هەدەپەیە، لەودیو بنەما کوردییەکەیەوە، بۆ گروپ و کۆمەڵە چەوساوەکان و پێشکەوتووە تورکەکان. ” لە وەڵامى ناسیۆنالیزمى سەرکوتکارى، ئێمە پڕۆژەى نەتەوەى دیموکراتیک-مان پێشکەش کردووە” بەڕێز ئایشە بێرکتاى واى وت. “چەند وانەیەک لە ئەزموونەکەمان لەبارەى جوڵانەوە دیموکراتییەکان لەسەرتاسەرى جیهان لەئارادان”

لە دانیشتنێکى دیکەى دادگایى دۆسیەى هەدەپە لە ٣ ى نۆڤێمبەر، سەلما ئیرماک، پەرلەمانتارى هەدەپە لە شەرناخ سزاى ١٠ ساڵ زیندانى بەسەرداسەپێنرا. هاوسەرۆکانى هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە ٦ و ٧ دیسێمبەر دێنە بەردەم دادگا. دادگاى مالاتیا بۆ ٨ى کانوونى دووەم درێژکرایەوە. لەوە دەچێت ئەم ئامرازە قانونیانە مەبەست لێیان ئەوە بێت ئەو دەنگانەى لەودیو پەردەى شانۆکەن بێدەنگ بکەن. بەهەرحاڵ، چرکەساتێکى پڕ لە جۆش و خرۆش بوو لە مالتایا کاتێک دەنگى هوتاف کێشانى بوێرانەى ژنە زیندانیییە سیاسییەکانى تر لە قاندریا لەبەر بەهێزى شەپۆڵەکانى لەو ژوورەى کە ئەوان تێیدا راگیرابوون دەگەیشتە نێو هۆڵى دادگا و دەنگى دەدایەوە، کاتێ دەیانوت “ئێمە لەرێى بەرخودانەوە سەردەکەوین”

جۆن هەنت

٣٠ نۆڤێمبەرى ٢٠١٧

The Region

 

 

http://theregion.org/article/12091-the-case-of-kisanak-and-tuncel-resistance-and-the-theatrics-of-repression

 

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە