Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
پێنج شه‌ممه‌ 22 شوبات 2018

لەنێوان چواردەی شوبات و حەڤدەی شوباتدا

بەروار : 22 شوبات 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

ئاراس فەتاح

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان لە شاری ھەولێر چەند گەنجێکی کورد پەلاماری چەند گەنجێکی گەشتیاری عەرەبی شاری بەسرەی عێراقییان دا و سوکایەتیی و بێڕێزییان پێکردن. بوونی ئەم بابەتە بە گفتوگۆی ناو میدیا و توڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرپرسانی پارتییان لە ھەولێر ناچار کرد کە پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی بھێننە سەر خەت و لە نامەیەکی رەسمییدا بە بەرواری حەڤدەی شوباتی ٢٠١٨، پۆزش بۆ پارێزگاری بەسرە و ئەو گەنجانە و خێزانەکانیان بھێنێتەوە و ئەسەفی گەورەی خۆیانی نیشانبدات. پارێزگاری ھەولێر سەرکۆنەی ئەم کردە نایاساییە دەکات و بە فەوزەوییەت ناودێڕیدەکات و بە پرنسیپە ئەخلاقییەکانی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستانیش بە دووریدەزانێت. نەوزاد ھادی پەیمانی ئەوەشیان پێدەدات لەپێناوی پاراستنی کولتووری تەساموحی نیشیمانیی و پەیوەندیی پتەوی مێژوویی دۆستانەی نێوان ھەولێر و کوردستانی عێراق و بەسرە، سزای توندی ئەو گێرەشێوانە بدات.

دروست پێش حەوت ساڵ، لە ھەمان ڕۆژی مانگی شوباتدا کە نەوزاد ھادی نامەکەی تیادەنووسێت، بینیمان چۆن چەکدارە ڕۆبۆتئاساکانی حیزبەکەی پارێزگاری ھەولێر بە شێوەیەکی دڕندانە خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانییان گوللەباران کرد و لەئەنجامدا دەیان گەنج و منداڵیان شەھید و بریندار کرد . پاشان شایەتی ئەوە بووین چۆن سەدان لە کچ و کوڕی گەنج و منداڵ و پیری ئەم ھەرێمە لەناو شەقامەکانی شاری سلێمانیی و ھەولێر و شارۆچکەکانی تری ھەرێمی کوردستاندا، بەدەستی چەکدارە حیزبییەکانی پارتی و یەکێتی خەڵتانی خوێن دەکران و لە گۆڕەپانە گشتیی و قوتابخانە و زانکۆکان و تەنانەت لەناو ماڵەکانیشیاندا ڕاودەنران و ئەشکەنجەدەدران و سوکایەتییان پێدەکرا و بەبێ بڕیاری دەدگا دەستگیردەکران و زیندانییدەکران.

حەوت ساڵ پاش ئەم کولتوورە سیاسییە ھەمەجیی و بەڵتەجییەی دەسەڵاتدارانی پارتیی و یەکێتیی دۆخەکە گەیشتە ئاستێک کە چیتر „شۆڕشگێڕەکانی شاخ“ دەبێت شەرم بکەن شانازیی درۆزنانە بەسەر ئەم نەوەیەدا بکەن و پێیان بڵێن „ئێوە بەعستان نەبینیوە“ و باس لە سەروەریی یاسا و کولتووری ڕێز لە مافەکانی ئینسان و پێکەوەژیانی سیاسیی بکەن. ئەم شەپۆلی سوکایەتیپێکردنە بەردەوامییەکی سیستەماتیکی ھەیە، چونکە سەر بە مۆدێلێکی تایبەتی کولتووری خۆبەموقەدەس زانییە کە کۆمەڵگای ئێمەی لە پاش ڕاپەڕینەوە لەنێوان چەند خێزانێکی سوڵتانیی و نەوەیەکی کۆیلەکراوی بێنرخ و بێبەھا، دابەشکردووە. پارتی و یەکێتی نەک تەنھا یەک تاوانباریان سزانەدا و داوای لێبوردیان لە یەک خێزانی شەھید و بریندار و ئەشکەنجەدراوی یەک گەنجی ئەم ھەرێمە نەکرد و قەرەبووی یەک قوربانییان نەکردەوە و بچوکترین ڕێز و بەھایان بۆ ئینسانی ئێمە دانەنا، بەڵکو بێڕێزییەکی بەردەوام بەرامبەر بەو مێژووە پڕخەباتەی میللەتی ئێمەش دەکەن کە سەدەیەک بۆ بەھاکانی ئازادیی و یەکسانیی قوربانیی گەورەی گیانیی وماڵیی بەخشیوە. لەمڕۆشدا کار گەیشتە ئەوەی بەناوی پاشەکەوتەوە دەست بۆ موچە و دابینکردنی بژێوی ژیانیشیان ببەن.

حیزب لە دونیای ئێمەدا تەنھا دەزگایەکی داپلۆسێنەر نییە، بەڵکو بووە بە دەزگایەکی جڵەولەدەستچوو بۆ بێحورمەتییکردنی بەردەوام بەرامبەر بە کەرامەتی ئینسانی ئێمە و تێکشکانی بەھاکانی مرۆڤبوونی.

ئەم بەیاننامە پۆزشکارییەی پارێزگاری ھەولێر لەسەروبەندی یادی حەڤدەی شوباتدا تەنھا پارادۆکس و بێشەرمییەکی گەورە نییە بەرامبەر بە یادەوەریی ئینسانی ئێمە، بەڵکو ئیغتیسابکردنێکی ئەخلاقیی و سیاسیی بەرپرسانی ئەم ھەرێمەیە بەرامبەر بە کەرامەتی بریندارکراوی ئینسانی کۆمەڵگای ئێمە. دەسەڵاتداران دەتوانن مێژووی ستەم لە زیندانی یادەوەرییدا قوفڵبکەن، بەڵام ھەرگیز ناتوانن برین و ئازارەکانی رۆحی ئینسانی ئێمە لە یادەوەرییاندا بسڕنەوە.

لە نێوان خۆبەکەمزانیی و دووڕوویی سیاسییدا پەتێکی باریک ھەیە کە بچڕا شتێک بەناوی „شەرمی سیاسیی“ەوە ناھێڵێتەوە. چەشنی پۆزشەکەی نەوزاد ھادی، چەشنی دانشتنەکەی وەفدەکەی ھەرێممان بیردەخاتەوە کە پێش چەند رۆژێک لە سەروبەندی کۆنفرانسی ئاساییشی موینشن لە ئەڵمانیا، بە سەرۆکایەتی نێچیر و مەسرور بارزانی لەگەڵ عەبادییدا کۆبوونەوە. پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسیی ئەو دانیشتنە ئەو راستییەمان نیشاندەدات کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەفدەکەی قبوڵی خۆبەکەمزانیی خۆیان دەکەن کە عەبادی لەدەستی ڕاستی خۆیان ریزیان بکات و لەدەستی چەپیشدا وەفدەکەی خۆی دابنێت و خۆشی لە ناوەڕاستی ھەردووکیاندا دابنیشێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە تۆ نە وەکو سەرۆکی حکومەتی ھەرێم شایانی ئەوەیت لەسەر کورسییەک لە تەنیشتمەوە دابنیشێت و نە وەفدەکەی یاوەریشت شایانی ئەوەیە لەسەر مێزێک رووبەڕوو لەگەڵ وەفدەکەی مندا دابنیشێت.

ئەم پۆزشەی نەوزاد ھادییش لە جەوھەردا دورونزیک ھیچ پەیوەندییەکی بە کولتووری دیموکراسیی و تەساموح و یاساسەروەرییەوە نییە، بەڵکو قاچێکی لەناو دووڕوویی بێشەرمانەی سیاسییدایە لە بەھابەخشین بە کەرامەتی ئینسان لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا و قاچەکەی تریشی لەناو ئەو کولتووری خۆبەکەمزانییە سیاسییەدایە کە پاش ریفراندۆمەکەی بارزانی بۆیان بەجێماوە.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە