عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پڕۆژەیەک نێردرا بۆپەرلەمانی کوردستان بەناوی یاسای چاکسازی لەخانەنشینی وموچەودەرماڵەوبەخشین وئیمتیازاتەکان لەهەرێمی کوردستان ، وەهەر زووخوێندنەوەی یەکەمی بۆکراو ئاڕاستەی شەش لیژنەی پەیوەندیدارکرا بۆنوسینی ڕاپۆرت لەسەری.
ئەمڕۆچوارشەممەبەرواری ( ۲۱-۲-۲۰۱۸ ) خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەکە کراولەو ڕۆژەدا تەنها دوومادەی لێ پەسەندکرا بەهۆی گفتوگۆی زۆرینەی پەرلەمانتاران لەسەرپڕۆژەکە .
جارێ بەبڕوای من ناکرێت وشەی چاکسازی بۆپڕۆژەیەکی لەوشێوەیە بەکاربهێنرێت و لەهۆڵی پەرلەمانیش هەمان ڕام دەربڕی لەکاتی وتووێژدا ،و پێم وابوو دەکرێت ناوی یاسای ڕێکخستنەوەی خانەنشینی وموچەودەرماڵەوبەخشین بێت .
چونکە چاکسازی زۆر گشتگیرەو پێناسەی زیاتریش هەڵدەگرێت ، وەکەباس لەچاکسازی دەکرێت نابێت بچوکبکرێتەوە تەنها لەموچەوخانەنشینیدا ،بەڵکو ئەوە بەشێکی کەمی چاکسازییەو چاکسازی گەورەوگرنگ چاکسازییە لەسێکتەری نەوت و وزەو باج و خاڵەگومرگیەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا .
لەبڕگەی یەکی ماددەی یەکی بەشی یەکەم لەئامانجەکانی یاساکەدا بەڕوونی هاتوەکە مەبەست لێی بەرجەستەکردنی بنەماکانی یەکسانی ودادپەروەری وشایستەبوونە لەموچەودەرماڵەوئیمتیازاتەکان ، کەئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە حکومەت لەماوەی چارەکە سەددەی حوکمڕانی خۆیدا لەپێدانی موچەو دەرماڵەکاندا نەیەکسانی پیادەکردوەو نەدادپەوەریش بوە ئەمەجگەلەوەی بەپێی شایستەبون موچەودەرماڵەی نەداوەتە فەرمانبەرەکانی .
هەربۆنمونە (٥٥)هەزارکەس کەناویان لەلیستی موچەخۆراندابوە پێشترو نەچون بۆبایۆمەتری ودەرکەوتوەوبندیوارو وەهمی بون .
هەروەها مانگانە بڕی ( ۳۰٦) ملیارد دینار تەنها بۆدەرماڵە خەرجدەکرێت کەهەندێکیان بۆچەند توێژێکی دیاریکراو کاڵا بە باڵا دوراون ونادادییەکی زۆری تێدایە .
ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان داوامانکرد کەیاسای خانەنشینانی یەکگرتوی عێراقی ژمارە (۹)ی ساڵی (۲۰۱٤) وەک خۆی کت ومت جێبەجێبکرێت ، وەهەر بەواژۆی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆن لەدوای دەستبەکاربونی دەستەی سەرۆکایەتی خولی چوار لە ( ۲۹-٤-۲۰۱٤) داوامانکرد پڕۆژەکەی حکومەتی عێراق لەهەرێم بەرکاربکرێت ، و لەیەکەمین دانیشتنی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی لەبەرواری ( ۷-٥-۲۰۱٤) خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا ، بەڵام حکومەت دواتر بەبیانوی دروستکردنی ئیلتیزاماتی دارایی بۆیان لەگەڵ ئەوەدا نەبوو بەرکاربکرێت لەهەرێمدا ، گەر بەرکاربکرایە ئەوا کەمترین مووچەی خانەنشینی لەهەرێمدا ( ٤۰۰) هەزار دیناردەبوو .
مانگانە خانەنشینانی هەرێم بەسەربازی وشارستانیەوە پێویستیان بە ( ۱۰۸) ملیارد دینارهەیە بۆپێدانی موچەکانیان
ئەوەی لەزاری بەرپرسانی حکومەتەوە گوێبیستی بوین سەرزاری لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراقدابوون بەڵام ناتوانن موچەی هەموو خانەنشینان بەتایبەت ئەوانەی موچەکانیان لەخوار ( ٤۰۰) هەزارەوەن بگەیەننە ئەو ڕێژەیەو وەک عێراق موچەیان بدەنێ ، بیانوشیان ئەوەبوو کە گەر کەمترین موچەبکەینە ( ٤۰۰) هەزاردینار ئەوا مانگانە پێویستمان بە ( ٤۰ ) ملیارد دیناری ترە ،واتا پێویستی مانگانە بۆموچەی خانەنشینان لە ( ۱۰۸)ملیاردەوە بەرزدەبێتەوە بۆ ( ۱٤۸)ملیارد دینار کەئەوەش لەتوانای حکومەتدا نیە لەئێستادا .
تیمی حکومەت وتیان لەئێستادا مانگانە تەنها ( ۳۷٥ ) ملیارد دینارمان لەداهاتی نەوت دەستدەکەوێت ، ئیتر نازانم چەند دەفرۆشن ؟ بەچەندی دەفرۆشن ؟ چەندی بۆ موچەو قەرزی کۆمپانیاکانە ، چونکە پڕۆسەکە ڕون وئاشکرانیە.
بۆیە ئەوەی حکومەت ناردویەتی بۆپەرلەمان جگەلەوەی گەرەکیەتی کارەنایاساییەکانی چەندین ساڵەی ڕابردووی لەڕێگەی پەرلەمانەوە بەیاسایی بکات و شەریک بۆخۆی پەیدابکات هیچی دیکەنیەو نابێت .
پەرلەمان شوێنی دەرچواندنی یاساو هەموارکردنی یاسایە نەک بکرێتە شوێنی دۆزینەوەی ڕێوشوێن وپینەپەڕۆکردنی کارە ناکارگێڕی وبەدەرلەیاساکانی بەرپرسە یەک لەدوایەک وکابینەجیاوازەکانی حکومەت کەلەماوەی چارەکەسەدەی فەرمانڕەواییاندا چیان ویستوەو چۆنیان لاباشبوە کردویانە .
بۆیە ئەوەی حکومەت بەناوی چاکسازییەوە ناردویەتیە پەرلەمان هەرگیز پێی ناوترێت پڕۆژەی چاکسازی ، بەپێچەوانەوە ئەمە بۆلەبیرکردنی قەیرانەکان و کوشتنی پڕۆژەی ڕاستەقینەی چاکسازییە وهیچی تر.