Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
دوو شه‌ممه‌ 5 ئازار 2018

هێرشکردنە سەر عەفرین وێرانکارى و قوربانیدانییەکى هاوشێوەى غۆتەى رۆژهەڵات لەگەڵ خۆى دەهێنێت، کوردەکان هۆشدارى ئەوە دەدەن

بەروار : 05 ئازار 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

دیمانەى تایبەت لەلایەن رۆژنامەنووس پاتریک کۆبرن

و:دیار عەزیز شەریف

هێرش و پەلاماردانى تورکى بۆ سەر کانتۆنى عەفرین لە باکوورى سوریا لەوە دەچێت هەمان دەرەنجامى وێرانکارى لێبکەوتبێتەوە کە لە غۆتەى رۆژهەڵاتى گەمارۆدراو لەلایەن سوپاى سوریا رووی دا، وێرانکردنى هەموو شتێک، بەڵام شکست دەهێنێت لە داگیرکردنى ناوچەکە، ئەمە وتەى بەرپرسێکى باڵاى کوردى سوریایە.

بەرپرسەکە رایدەگەیەنێت گومانى تێدا نییە عەفرین دووچارى گەمارۆدان دەبووەوە، بەراوردى دەکات بە غۆتەى رۆژهەڵات کە سەدان هەزا کەس لە خەڵکى سڤیل بەبێ خۆراک یان هاریکاریى مرۆیى بەجێماون، ئەوەى هەیە کە عەفرین تاکە هێڵێکى پێگەیشتنى هاریکارى هەیە کە لەژێر کۆنتڕۆڵى حکومەتى سورى و روسەکان دایە “بەڵام ئەوان دەتوانن ئەو رێگایە بگرن لە هەر کاتێک بیانەوێت”

ئاڵدار خەلیل، هاوسەرۆکى تەڤگەرى کۆمەڵگاى دیموکراتى، کە رێکخراوێکى کوردى سوریایە کە ٣٠ لە سەداى خاکى سوریایان لەژێردەست دایە، هەروەها پێشبینى ئەوەى کرد کە ئەو جەنگەى سوریا رەنگە ” چوار ساڵى تریش بخایەنێت تاوەکو هاوسەنگى هێزەکان دروست دەبێت”

لە دیمانەیەکى تایبەت لەگەڵ (The Independent) لە شارى قامشلۆ لە باکوورى رۆژهەڵاتى سوریا، بەڕێز خەلیل دەڵێت ئاماژەگەلێک لە ئارادا هەن بۆ سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەى داعش، کە چەکدارەکانى هەلى جوڵەپێکردنى هێزە کوردییەکانیان بۆ رووبەڕبوونەوەى داگیرکاریى تورک بۆ سەر عەفرین  قۆستووەتەوە، بۆئەوەى بتوانن هێرش بکەنە سەر پارێزگاى دێرەزور لە رۆژهەڵاتى سوریا.

“دەبووایە ئێمە هێرش بکەینە سەر داعش، کەچى ئەوەتا هەر رۆژ ژمارەیەک لە شەڕڤانانمان لە دەست دەدەین و لەو کاتەوەى ئۆپەراسیۆنى تورکى بۆ سەر عەفرین دەستى پێکردووە، ١٧٠ شەڕڤانى ئێمە گیانى بەخت کردووە” بەڕێز خەلیل وا دەڵێت. بەگوێرەى زانیارییەکان لەسەر زەمینەى واقیع لە رۆژهەڵاتى سوریا و شوێنە سەرەکیەکانى پێشووى داعش لە باکوورى عێراق پشتڕاستى ئەوە دەکەنەوە کە ئەو بزوتنەوەیە، کە چەند مانگێک پێش ئێستا بەتەواوى تێکشکابوون، لە ئێستادا چالاکییەکانیان سەرلەنوێ دەستپێکردووەتەوە.

بەڕێز خەلیل دیدێکى رەشبینى لەمبارەیەوە هەیە، بەڵام بۆچوونێکى ورد و پڕ زانیارى لەبارەى داهاتووى سوریا؛ ئەو باوەڕى وایە کە شەڕێکى زۆر زیاتر لە پێش دایە. ئەو هەر پێداگیرى لەسەر قسەکەى خۆى دەکات کە یەکینەکانى پاراستنى گەل (YPG) و یەکینەکانى پاراستنى ژن ((YPJ تا دوایى لە عەفرین دەجەنگن و هەرگیز تەسلیم نابن. ئەمەش لەسەر بنەماى ئەوەى کە شەڕڤانەکانى یەپەگە و یەپەژە دڵسۆزن و خاوەن ئەزمونیشن، ئەو شەڕڤانانەى کە لە ٢٠١٥ەوە شەڕى داعش دەکەن، ئابڵوقەدانى درێژ و خوێناویى عەفرینیش پێشبینى دەکرێت.

سەرەتاى مانگى شوبات حکومەتى سورى هێزێکى چەکداری بۆ نێو عەفرین رەوانە کرد بەمەبەستى رووبەڕووبوونەوەى ئەو هێزانەى کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات، بەڵام بەڕێز خەلیل دەڵێت ئەو هێزە ژمارەیان کەم بوو و بەشدارى کردنەکەیشیان رەمزى بوو. ئەو پێوانییە کە ئەمە دەرگاى رێککەوتنێکى فراوانتر لەنێوان دیمەشق و خۆبەڕێوەبەرى کوردى بکاتەوە، کە ئەمە دەبێتە بەرەوپێشچوونێکى بنەڕەتى بۆ گەڕانەوەى ئاشتى. ئەو دەڵێت کورد زۆرجار پەیامى گەیشتن بە رێککەوتنێک بەرێگەیەکى ئاشتیخوازانەى بۆ حکومەتى سورى ناردووە، بەڵام تائێستا وەڵامێکى ئەرێنى بەدەست نەگەیشتووە.

کێشەکە سەبارەت بەو دوو ملیۆن کوردەى سوریا، کەمینەیەکى چەوساوە و فەرامۆشکراوى پێش ٢٠١١، ئەوەیە کە هەڵگیرسانى شەڕى نێوان سەرۆک بەشار ئەسەد و ئۆپۆزسیۆنى چەکدار ئەو هەلەى بۆیان رەخساند کە دەستکەوتى سیاسى و سەربازیى گەورە بەدەستبهێنن، ئەو دەستکەوتانەى کە پارێزگارى کردن لێیان قورس و دژوار دەبێت. هێزە چەکدارەکانى سورى لە ٢٠١٢ لە زۆربەى ناوچە کوردییەکان کشانەوە بۆئەوەى قورسایى خۆیان بخەنە سەر بەرگرى کردن لە ناوچەى ستراتیژى گرنگتر. یەپەگە دەستى بە پێشڕەوى کردن کرد، بەڵام کەوتە بەر پەلاماردان و هێرشێکى دڕندانە لەلایەن داعش لە ٢٠١٤ کاتێک داعش هەوڵیدا دەست بەسەر شارى کۆبانێى کوردیدا بگرێت. کوردەکان بەرگرییەکى قارەمانانەیان کرد، بەڵام تەوقکردنى شارەکە بەهۆى دەستێوەردانى هێزى ئاسمانى ئەمریکیەوە شکا کە لە ئەنجامدا وێرانکردنى ٧٠ لەسەداى شارى کۆبانێى لێکەوتەوە.

ئەمریکا تەواو لەگەڵ ئەوە دەبێت کە کورد و یەپەگە ئەو هێزەن کە دەتوانن لەسەر زەمینەى واقیع لە سوریا شەڕى دژ بە داعش بکەن. کوردەکان، بە پشتیوانى هێرشە ئاسمانیەکانى هاوپەیمانان، داعش تێکدەشکێنن و دواجار دەست بەسەر رەققەدا دەگرن، پایتەختە دیفاکتۆیەکەى داعش. ئەمە تورکیاى پەست کرد کە سەرکۆنەى ئەم نیمچە-دەوڵەتەى کوردانى سوریاى کرد وەک باڵێکى پارتى کرێکارانى کوردستان سەیرى کردن، ئەو هێزەى کە سوپاى تورکى ١٩٨٤ ەوە لەگەڵى لە شەڕ دایە.

پرسیارێکى یەکلاکەرەوە لەو کاتەى رەققە لە دەستى داعش رزگارکراوە ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا 2000 راوێژکارەکەى و پشتیوانى هێزى ئاسمانى دەکشێنێتەوە و کوردەکان بەجێدەهێڵێت یان نا. ئاماژەگەلێکى تێکەڵ و پێکەڵ لەلایەن واشنتۆنەوە لەوبارەیەوە بەدەرکەوتووە. بەڵام بەڕێز خەلیل وادیارە باوەڕى تەواوى بەوە هەیە کە ئەمریکا ناخوازێت بڕوات. ئەو دەڵێت: “پێموانییە ئەمریکا سوریا بۆ رووسەکان بەجێبهێڵێت”

پێشتر، روسیا ژمارەیەکى کەم لە هێزى سەربازى لە عەفرین هەبوو بۆ پێشگرتن لە هێرشى داگیرکاریى تورکى و ئەو هێزەش کە لەوێ جێگیرکرابوو بە هێزى ئاسمانى روسى و سیستمى موشەکى دژە فڕۆکە پشتیوانى لێدەکرا. بەڕێز خەلیل دەڵێت هۆکارى ئەوەى کە روسەکان گڵۆپى سەوزیان بۆ داگیرکاریى تورکى هەڵکرد لە تۆڵەى ئۆپەراسیۆن و پێشڕەویى کردنى هێزەکانى سوریاى دیموکراتى، کوردەکان و عەرەبەکان، بوو بەرەو دێرەزوور، کە بەمە رژێمى ئەسەد لە گەورەترین بیرە نەوتەکانى سوریا بێبەش دەبێت.

بەرێز خەلیل گەیشتوەتە ئەو باوەڕەى کە روسەکان هیچ شتێک ناکەن بۆ راگرتنى تورکەکان، تەنانەت ئەگەر سوپاى تورکیا هێرش بکاتە سەر هێزەکانى حکومەتى سوریش لە عەفرین. پەیوەندى نزیکى روسیا لەگەڵ تورکیاش بەلاى مۆسکۆوە زۆر بەهادارترە لەوەى جۆرى ئەم پەیوەندییە بەتینە بخاتە مەترسییەوە و ریسکى پێ بکات. ” تەنانەت ئەگەر هەموو هێزەکانى ئەسەد بچنە عەفرین، پوتین هەر بەرگرییان لێ ناکات” بەڕێز خەلیل وا دەڵێت.

عەفرین دانیشتوانەکەى نزیکەى 400,000 کەس دەبێت بەنزیکەیى وەک ژمارەى دانیشتوانى رۆژهەڵاتى غۆتەیە. تائێستا، پێشڕەویى سوپاى تورکى لەسەرەخۆ و کەم بووە. لەم چەند رۆژەى رابردوو، سەربارى بڕیارى ئەنجومەنى ئاساییشى یوئێن کە تێیدا داواى ئاگربەستى لە سوریا کردبوو بۆ ماوەى ٣٠ رۆژ، کەچى هێزەکانى تورکى ناوچە سنوورییەکانى عەفرین داگیردەکەن. هەر رۆژ هێرشى ئاسمانى لەسەر عەفرین هەیە، بەڵام بۆ سەر ناوەندى شارى عەفرین ئەوە هەفتانە جارێک یان دووان هێرشى ئاسمانى کراوە، کەچى بەردەوام لەژێر هێرشى تۆپبارانکردندا بووە. لەوە دەچێت ئەمە بگۆڕێت لەو کاتەى کە سوپاى تورکى و میلیشیا عەرەبە وابەستەکانى بتوانن شەڕەکە بگەیەننە نێو شارەکە و قوربانییەکى زۆر گەورەى لێبکەوێتەوە. ئەو وانەیەى کە لە زۆر لە شوێنە گەمارۆدراوەکانى شەڕى نێو سوریا و عێراق فێرى بووین ئەوەیە کە بۆردومانکردنى ئاسمانى و تۆپبارانکردنەکان بەنزیکەیى بە وێرانکردنى هەموو شتێک کۆتایى پێدێت ئەمەش بەمەبەستى رێگەخۆشکردن بۆ هێزى زەمینی لایەنى هێرشبەر. لەوە دەچێت ئاسۆى عەفرین، کە تائێستا پارێزراو بووە لە ئاگرى شەڕى حەفت ساڵەى سوریا، تاریک بێت.

بەڕێز خەلیل دڵنیایە لەوەى کە شەڕ و پێکدادانى ئەمجارەى نێو جەنگى سوریا شەڕى نێو عەفرین دەبێت. ئەو پێى وانییە کە تورک هێرش بکەنە سەر منبج، کە هەمیشە ئەو هەڕەشەیە دەکەن، چونکە هێزى سەربازیى ئەمریکى لەوێدا بوونیان هەیە. ئەو گۆڕەپانى سیاسیى سورى وا وەسف دەکات کە تێیدا هەموو یاریکەرەکان هێشتا باوەڕیان وایە کە دەتوانن سەرکەوتن بەدەستبێنن، وا دیارە بەشێوەیەکى مەترسیدار ئەمە قەناعەتە لایان دروست بووە، بۆیە ئەمە بەڕێز خەلیل دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەى کە جەنگى سوریا هێشتا بەلاى کەمەوە چوار ساڵى تر بخایەنێت.

 

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە