Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
چوار شه‌ممه‌ 14 ئازار 2018

ئیسلام یان عەلمانیەت ؟

بەروار : 14 ئازار 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

زەیدان تەها

عەلمانیەت و ئیسلام دوو چەمکی فرە ڕەهەند و فرە لایەنن، دوو ئایدۆلۆژیان کە چەندین خوێندنەوە لەخۆدەگرن بەشێوەیەکی گشتی و بەتایبەتیش لە کوردستاندا کە ئەم دوو چەمکە بوونەتە جێگەی مشتومڕ و ململانێ، ئەو قیڕەقیڕ و نەڕەنەڕەی لە مەیدانی هەردوولا دەبینرێ، زۆرترین خوێندنەوە و ڕەخنە هەڵدەگرێ، پێویستە خوێندنەوەیەکی ورد و لۆژیکانە بۆ ئەم بابەتە بکەین.
لایەنی یەکەم ئەو مەلا و خوێندەوار و بانگەوازخواز و حیزبە ئیسلامیانەن کە عەلمانیەت بە بێدینی و بەدئەخلاقی و بێڕەوشتی و بێباوەڕکردنی خەڵکی و نەهێشتنی دین لە کۆمەڵگەدا پێناسە دەکەن، لایەنی دووەمیش ئەو چالاکوان و ڕێکخراو و حییزبە دیموکراتخوازانەن کە ئیسلام وەک دینێکی تۆتالیتار و تیرۆر و جۆرها تۆمەت یەک تۆمەتبار دەکەن .
چەمکی عەلمانیەت کە پێی دەوترێت ”سیکۆلاریزم” بابەتێکی گرنگە بەلای ڕۆژئاواوە کە بە جیاکەرەوەی سەدەکان دەبینرێ، وشەی سیکۆلاریزم واتە دونیاگەرایی، بۆ یەکەم جار لەلایەن (جۆرج یاکوب) 1846 داهێنرا، سیکۆلاریزم بەو شێوە پێناسە کراوە واتە بێدینی بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم ڕەوتە لەنێو ئاینەوە سەریهەڵداوە، کاتێک لە سەدەی نۆزدەهەم مەسیحییەکان ویستویانە کڵێسە لە دەوڵەت جیابکەنەوە، کاتێک یەکێک لە دەقەکانی ئینجیل ئاماژە بەوە دەکات کە عیسا دەڵێت “کاری قەیسەر بۆ قەیسەر و کاری خوداش بۆ خودا جێبهێڵە.” لێرەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام دواتر بەتایبەت لە سەدەی بیستەم چەمکەکە گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە.
پێویستە جیاکاری بکەین لە نێوان دوو چەمکدا، یەکەمیان سیکۆلاریزم دووەم سیکۆلاریزیسیۆن، سیکۆلاریزم واتای نەهێشتنی دین نییە لە کایەی سیاسیدا بەڵکو دیاریکردنی ئەرکی دین لە ژیانی گشتیدا و مەرجەعی دین نەبێتە سەرچاوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەڵام سیکۆلاریزیسۆن واتە پراکتیزەکردنی ڕاستەوخۆی سیکۆلاریزم و هەوڵی دورخستنەوە و وەلانانی دین دەدا.
چەمکی سیکۆلاریزم لە ڕووی فەلسەفییەوە ماتریالیستیە (مادەگەرایی) و دونیاییە و گرنگی بە شتە ماددی و بەرجەستەکراوەکانی دونیا دەدات، بایەخ بە ئاکارە ڕۆحییەکان نادات واتە بایەخ بە میتافیزیک نادات کە ”هالی بووک” وا پێناسەی دەکات کە سیکۆلاریزم سیستەمێکی ئەرکەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی ئەم دونیاوە!
کارێکی ئاسایی و ڕەوایە کە ئیسلامییەکان ئەم ئایدۆلوژیەیان قبووڵ نەبن و ڕەخنەی لێ بگرن، بەڵام دوو هەڵەی گەورە دەکەن، یەکەم لەبری ئەوەی لەوە بکۆڵنەوە کە سیکۆلارەکان هەوڵی ئەوە دەدەن خەڵک بۆ بێدینی ببەن لەوە بکۆڵنەوە خەڵک بۆچی لە ئاین دووردەکەونەوە، دووەم هەر هێرشیک بۆ سەر سیکۆلار پەسەندکردنی ئەو بابەتە دەردەخات چونکە ڕابەرانی ئاین توانای پشتبەستن بەهەڵبژاردنی تاک و ئیختیاری خەڵک توانای ڕاکێشانی بیروڕا و پشتگیری خەڵکیان نیە.
ڕەوتە ئیسلامییەکان بە بێدینی تۆمەتباریان دەکەن کە ئەمەش پێچەوانەیە، چونکە ئەوان دەیانەوێت دەوڵەت و ئاین تێکەڵ بکەن، حاکمیەتی ئایین لە فیکری سیاسیدا زۆر ئاستەنگ دروست دەکات بەتایبەت لە چەمکی دەسەڵاتدا، بەهیچ شێوەیەک ئایین داوای دەوڵەت ناکات و هەرگیز داوای دەوڵەتداری نەکردووە و تاکە ئایەتێک یان تاکە حەدیسێک ئاماژەی بە دەوڵەت نەکردووە. بەکارهێنانی ئەم چەمکە بۆ یەکەم جار دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەم کە ”حەسەن بەننا”ی ئیخوان مسلمین ئەم چەمکەی وەک ئیسلامی سیاسی بەکارهێناوە و ئەمەش ناگەڕێتەوە بۆ ڕۆشنگەری و هەڵدانەوەی ڕاستی بابەت، بەڵکو ”حەسەن بەننا” تەنها مامۆستای سەرەتایی بووە و شارەزاییەکی ئەوتۆی لە بیروباوەڕی ئیسلامیدا نەبووە، سیکۆلارەکانیش هەرگیز هەوڵی لەناوبردنی ئایین نادەن بەڵکو دەیانەوێت لە ژیانی گشتی و لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دووربکەونەوە، بچنە کایەی فەزای تایبەتەوە .
بڵاوبوونەوە و چوونە پێشەوەی ڕەوتە ئیسلامییەکان وا خەرێکە بەرەو ئاقارێکی ترسناک دەچێ و تەواو فەزای گستی داگیر کردووە، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین ئاین بچێتە پێشەوە لە کایەی سیاسیدا بەڵام بەشێوەیەکی دیموکراسیخوازانە و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن، بەڵام بەشێوەیەک خەریکە نائومێدمان بکەن، ئەو شێوەی ئەوان دەیانەوێ دوورە لە بنەماکانی دادپەوەری و نوێخوازی و مۆدیرنەی ئەمڕۆی تێکەوتووە و دەیانەوێ بمانگەڕێننەوە بۆ سەدەکانی ڕابردوو و دژ بەو نوێخوازی و بونگەراییەی ئەمڕۆ لە ئارادایە، لە سەردەمی ڕێنساس و سەدەکانی ناوەڕاستەوە هەر هەوڵێکی توندڕەوی کە ڕووبەڕووی دیموکراسی بووەتەوە شکستی هێناوە، بەتایبەت دوای ئەو شۆڕشە فیکرییەی سەدەکانی ناوەڕاست.
خاڵێکی گرنگی دیکە کە دەبێت لێرەدا ئاشکرا بێت؛ جیاکردنەوەی ”ئیسلامە“ لە ”ئیسلامی سیاسیی“. ئیسلام دینی زیاد لە ملیارێک مرۆڤی سەر ئەم هەسارەیەیە و بە سەدەھا فۆرم و شێوازی جیاواز ئامادەیە و کورت نابێتەوە بۆ یەک شێواز لە دینداری. بەڵام ”ئیسلامی سیاسی“ بزووتنەوەیەکی سیاسیی نوێی ناو سەدەی بیستەمە کە ئیسلامی لە دینەوە کردووە بە ئایدیۆلۆژیا. مێژووی ئەم بزووتنەوەیە مێژوویەکی تەواو نادیموکرات و پڕ ستەم و تێرۆری عەقڵی و جەستەییە.
ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە