Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
پێنج شه‌ممه‌ 5 نیسان 2018

جەمیل بایک دوایین زانیارییە بە دەستگەیشتووەکان لەبارەى ئیمرالییەوە ئاشکرا دەکات

بەروار : 05 نیسان 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

جەمیل بایک هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى بەڕێوەبەرى کەجەکە ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە دواى داگیرکردنى عەفرین شاندێک چوون بۆ ئیمرالی و لە دواى ئەو چاوپێکەوتنە گوشارەکان و دۆخى گۆشەگیری قورسترکراون. بایک لەبارەى ئەو چاوپێکەوتنەوە زانیارى گرنگى ئاشکراکرد.

بایک نزیکایەتى ڕێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (CPT)ى بۆ بابەتى ئۆجەلان بە توندى رەخنەکرد و رایگەیاند، ئەو ڕێکخراوە بووەتە هاوکاری سیاسەتى بازرگانیکردن لەگەڵ دەوڵەتى تورکدا.

بایک راشیگەیاند، دژایەتى ئەنجام دەدرێت بەرامبەر بە رامانى عەبدوڵا ئۆجەلان  ، کە سەرلەنوێ ژیانى لە کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا شینکردەوە. تێکۆشان بۆ ئازادى، ئاسایش و تەندروستیى ئۆجەلان و دژایەتیکردنى فاشیزم لە هەناوی یەکتردان.

جەمیل بایک هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنى کەجەکە لە وتەکانیدا سەرنجى خستەسەر ئەم بابەتانەى خوارەوە.

“دواى ئەوەى ئۆجەلان رەتیکردەوە، ئاستی گوشارەکان زیاتر کران”

دواى بڵاوکردنەوەى ڕاگەیاندراوەکەى (CPT) هەندێک زانیارییمان پێگەیشت. نیگەران بووین، کە دواى ٢ ساڵCPT، تازە بە تازە راگەیاندراو بڵاودەکاتەوە. لەگەڵ نیگەرانییەکەمان گومانى ئەوەشمان بۆ دروستبوو، کە دەیانەوێت گوشار و ئەشکەنجەى سەر ئیمراڵى بشارنەوە. لەبەر ئەوەش بەڕێز قەرەیلان ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەیشتوون، لە قۆناغى بەرخۆدانى عەفریندا شاندێک چوون بۆ ئیمرالی. هەندێک گوشاریان لە رێبەر ئاپۆ کردووە، بەڵام دوایى ڕوون بوویەوە، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ ئەو داوا و نزیکایەتییانەى ڕەتکردەوە، گوشار و گۆشەگیرییان لەسەری قورستر کرد. ئەوەش ڕوون بووەتەوە، کە ئەو گوشار و نزیکایەتییانە پەیوەندییان بە بابەتى رۆژئاوا و عەفرین هەبووە و ڕێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستێکى پێشەنگانە ئەو داوا و گوشارانەى ڕەتکردووەتەوە. لە دژى ئەوەش، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنیان لە ڕێبەرەکەمان سەندووەتەوە. بە بەراورد بە دەرفەتەکانى پێشتر، هەموو دەرفەتەکان بەرتەسککراونەتەوە.

ئەو زانیارییانە لەدوای داگیرکردنى ناوەندى عەفرین بە دەستمان گەیشت. بەڕێز قەرەیلان چەند رۆژ لەوە پێش لە وتەکانیدا باسى ئەو زانیارییانەى کردبوو و زانیاریى نوێى ئاشکراکردبوو. ڕاگەیاندراوەکەى (سی پى تی) نە وەڵامدەرەوەیە و نە جێگاى بڕوا. لەبەر ئەوەش لە دواى ئەو زانیارییانە و راگەیاندراوەکەى سى پى تى، ئێمە و هاوڕێکانمان گومانى زۆرمان لەلا دروستبوو. بەڕێز قەرەیلان بۆ خستنەڕووى ئەو نیگەرانیانە بانگى لە سى پى تى کردبوو، کە بە ئەرکى خۆى هەستێت و بۆ هۆشیارکردنەوەى بەرپرسانى دەوڵەتى تورک راگەیاندراوێک بۆ راى گشتى بڵاوبکاتەوە.ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەیشتون، زانیارى زۆر بەرفراوان نەبوون. ئەو کەسەى زانیارییەکەى بە هەندێک لە یەکەکانى ئێمە گەیاندووە، وتویەتى، لە کاتى بەرخۆدانى عەفریندا هەندێک گوشار و نزیکایەتى بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدراون و هەندێک داواکارییان لێ هەبووە، بەڵام کاتێک ڕێبەر ئاپۆ ئەوانەى ڕەتکردووەتەوە و قبوڵى نەکردوون، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکەیان لێوەرگرتووەتەوە و پێداویستییەکانى ژیانیشیان کەم و سنووردارکردووەتەوە.

“ڕێبەرایەتیمان هەستیارترین بابەتە”

کاتێک باس و بابەت دەبێت بە بابەتى ڕێبەرایەتیمان، هەر جۆرە زانیارییەک ئێمە دەخاتە ناو بیرکردنەوە و گومانەوە و بە جدی بە دوایدا دەچین. بە تایبەتى ڕاگەیاندراوەکەى سى پى تى، کە دواى ٢ ساڵ لە بینیى ڕێبەر ئاپۆ بڵاوکرایەوە و لەگەڵ ئەو زانیاریانەى تردا بە دەستمان گەیشتبوو، بووە هۆى ئەوەى کە بەڕێز قەرەیلان قسەى لەسەر بکات و دۆخەکە بۆ ڕاى گشتى روون بکاتەوە. بانگیشى لە سى پى تى کرد، کە بە ئەرکى خۆى هەستێت. پێشتریش بزووتنەوەکەمان ئەوەى راگەیاندووە، کە دەبێت سى پى تی ئەرکەکانى خۆى جێبەجێ بکات. ئەو ڕاگەیاندراوەى بڵاوکراوەتەوە، قەناعەتی بۆ ئێمە دروست نەکرد. ئێمە وتبومان کە دەبێت بە ئەرکى خۆى هەستێت، چونکە لەو ٢ ساڵەدا گۆڕانکاریى زۆر دروستبوون. لەو ٢ ساڵەدا لە تورکیا بە ڕادەیەکى زۆر گوشار و ئەشکەنجە ئەنجامدراون. زانیاریى ٢ ساڵ لەوە پێش بۆ ئەمڕۆ سوودى نییە. باشە ئێمە دەتوانین بارودۆخى ٢ ساڵ لەوە پێش لە ئیمرالی بۆ بارودۆخى ئەمڕۆ حساب بکەین؟ لە قۆناغێکدا هەموو شتێک لە تورکیا گۆڕانکاریى بەسەردا دێت. هەروەها دەستگیرکردن و زیندانیکردن و گوشار لەسەر هەموو بەشەکانى کۆمەڵگا زیادیکردووە، بە تایبەتى دواى هاوبەشیکردنى فاشیەتى ئاکەپە – مەهەپە، ئیتر ئەوان ئێستا دەڵێن هەر کوردێک لە کوێ بێت دەبێت لەناوی ببەین. ئەو دۆخە لەگەڵ ڕاگەیاندراوێکى سى پى تى لەبارەى دۆخى ٢ ساڵ لەوە پێشى ڕێبەرەکەمان، جێگاى بڕوا و قبوڵ نییە.

ئێمە لە ٥ى نیسانى ٢٠١٥ و محەمەد ئۆجەلانى برای ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵى ٢٠١٦ەوە هیچ زانیارییەکمان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بە دەست نەگەیشتووە. پەیوەندیدار بە دۆخى ڕێبەرایەتییەوە ئێمەى زانیاریى روونمان لە بەردەستدا نییە، بەڵام جار و بار زانیاریى لەو شێوەیەمان بە دەست گەیشتووە. دەچن بۆ ڕیبەرمان و چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجام دەدەن. دەیانەوێت هەندێک خواستى خۆیان بسەپێنن، بەڵام ڕێبەرمان گوێ بەو گوشار و داخوازیانە نادات و پێیان دەڵێت، ئەوەى پێویست بووە کردویەتى و ئێستا ئیتر شتێک نییە کە من ئەنجامى بدەم. لە دەرەوەى ئەوە هیچ شتێکتان لە من نەوێت. ماوەى ساڵ و نیوێکە هیچ زانیارییەکمان بە دەست نەگەیشتووە. لە قۆناغى بەرخۆدانى سەردەم لە عەفرین هەندێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەرایەتیمان ئەنجامدراو و هەندێک داواکاریى لێکرا، بەڵام ڕێبەرایەتیمان ئەو داواکاری و نزیکبوونەوانەى رەتکردەوە.

“راگەیاندراوەکەى سى پى تى لە دواى ٢ ساڵ ڕێ بۆ نیگەرانى و گومان دەکاتەوە”

ئەم بابەتە پەیوەندیى بە ٤٠ ملیۆن کەسەوە هەیە. پەیوەندیى بە بزووتنەوەکەمانەوە هەیە. پەیوندیى بە هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکانى تورکیاوە هەیە. پەیوەندیى بە گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە هەیە. لەم قۆناغەدا و بڵاوکردنەوەى ڕاگەیاندراوەکەى سی پى تی رێ بۆ گومان و نیگەرانى و پرسیارە بێ وەڵامەکان دەکاتەوە. ئەو ڕاگەیاندراوەى سى پى تى لەم قۆناغەدا، کە ئەو پەڕی ئاستى گوشار و ئەشکەنجە و هەروەها داگیرکردنى عەفرین لە ئارادایە، بە ماناى نابەرپرسیارێتی دێت.

“دەبێت سى پى تی بە ئەرکى خۆى هەستێت”

بە تایبەتى لە دواى داگیرکردنى ناوەندى عەفرین و ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەیشتوون و هەروەها بەردەوامیى قۆناغى بەرخۆدانى بەهێزى عەفرین بەهۆى بڕیارمەندیى ڕێبەر ئاپۆوە، ئەوە دەردەخات کە گوشار و گۆشەگیرى زیاتر و قورسترکراوە. دەبێت سی پی تی لە دۆخێکى ئاساییدا بە ئەرکى خۆى هەستێت و سەردانى ئیمرالى بکات و چاوپێکەوتن ئەنجام بدات. ئەگەر ئەخلاقی مرۆیانەى هەبێت و نزیکایەتی لە زیندانی بەپێى پەیڕەوى ئەوروپا نەبێت و بەخێرایى ئەو کەموکوڕیانە چارەسەر نەکرێن، ئەوا پێویستە ئەنجوومەنى ئەوروپا بە روونى هەڵوێستى خۆی بخاتەڕوو.

“رۆژبوونى ڕێبەر ئاپۆ بووە بە ڕۆژبوونى گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست”

ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە ماناى سەرلەنوێ لە دایکبوونەوە دێت. بەو بۆنەیەوە ڕۆژبوونى ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم. لەو ٦٩ ساڵەدا، ڕێبەر ئاپۆ سەرەتا بۆ گەلی کورد و گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و مرۆڤایەتى زۆر شتى بەدەستهێناوە. رامان و فەلسەفەى رێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و مرۆڤایەتى پێشکەوتوخواز بووە بە ڕێگایەکى سەرکەوتن و گرنگ. بۆ بڵاوکردنەوەى رامان و فەلسەفەى رێبەر ئاپۆ بەرخۆدانێکى زۆر گەورە ئەنجام دەدرێت.

“دوژمنایەتى بەرامبەر رامانى ڕێبەرایەتیمان هەیە”

ئەمڕۆ ئەو گۆشەگیرییە، کە لە هیچ شوێنێکى دونیادا بوونى نییە، بەڵام بەرامبەر بە ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت، هۆکارەکەى بۆ هێزى ڕامان و فەلسەفەى ڕێبەر ئاپۆ دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەو ڕامان و فەلسەفەیەیە، کە ڕیبەر ئاپۆ کراوەتە ئامانجی پیلانگێڕیى هێزە دەسەڵاتخواز و هەژمونگەراکان. ڕێبەر ئاپۆ لە دژى سیستمى مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست، کە هەموو ڕێگاکان بۆ دافرەقاندن و داڕزاندنی کۆمەڵگا دەکاتەوە و فرەرەنگیى کۆمەڵگا لە ناو دەبات، ڕامان و پارادیگمای خۆی بە ناوى مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک ئافراند، کە تیایدا هەموو کۆمەڵگەیەک دەتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە و خۆى بونیاتبنێت. لەبەر ئەوەى سیستمى هێزە ئیمپریالیستەکان، نەتەوەچییەکانى عەرەب، فارس و تورک بەسەر هەمواندا دەسەپێنن، ڕێبەرایەتیمان  هەموو کات لە دژى ئەوە بووە. ئەو گۆشەگیرییە قورسە، کە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە، هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. لەو شوێنانەدا، کە سیستمى دیموکراتیک لەسەر بنەماى رامانى ڕێبەر ئاپۆ دامەزرێندران هێرشیان کرایە سەر و هێرشکردنە سەر عەفرینیش لەو چوارچێوەیەدا بوو. هێرشکردنە سەر عەفرین هەم لە دژى گەلی کورد و هەم لە دژى هێڵى ڕێبەر ئاپۆ بوو، کە لەوێ دامەزرێندرابوو.

“رامانى ئۆجەلان لەلایەن هەموو کەسێکەوە پەسەندکراوە”

سەربارى هەموو لەمپەرەکان لە دژى رامانى ڕێبەر ئاپۆ، بەڵام رامانەکانى لەلایەن هەموو گەلی کوردەوە پەسەند کراوە. یەکێک لە ئامانجەکانى پیلانگێڕییەکە ئەوە بوو، کە ڕێبەر ئاپۆ و گەل لە یەکتر داببڕن، بەڵام ئەوە ڕووینەدا. ئەمڕۆ رامانى ڕێبەر ئاپۆ لە هەر چوارپارچەى کوردستان کاریگەرە. گەلی کورد بە رامان و فەلسەى رێبەر ئاپۆ پێشەڕۆژێکى ئازادى دەبێت. لەبەر ئەوەیە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بە رامانى رێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتى بۆ گەلان دەکات. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە پێشەنگایەتى ئازادی و دیموکراسی سەرکەوتن بەدى دێت. رامانی رێبەر ئاپۆ نەک تەنها لەلایەن گەلی کوردەوە، بەڵکو لەلایەن عەرەب، فارس و ئازەرییەوە بە خاوەنى رامانێک دەناسرێت، کە ڕێ بۆ ئازادی و دیموکراسییان دەکاتەوە.

“هێزە دەستپۆتیکەکان لە بەرەوپێشچوونى رامانى رێبەر ئاپۆ دەترسن”

هیچ یەک لە گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ناڵێن رامان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ هەڵەیە. تەنات نەک رێبەر ئاپۆ تەنها بە سەرۆکى گەلی کورد نازانن، بەڵکو دەڵێن رێبەرى هەمومانە و بەو شێوەیە خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکەن. لەبەر ئەوەشە هێزە دەستپۆتیکەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە رامانى ئۆجەلان دەترسن. مردنى خۆیان لە بەرەوپێشچوونى رامانى ئۆجەلاندا دەبینن. لەبەر ئەوەیە لەلایەن پاشکەوتوخوازەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەروەها لەلایەن فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپەوە دوژمنایەتیى رێبەر ئاپۆ دەکرێت. دەیانەوێت رامانى ئۆجەلان و هەموو ئەو کەسانەى لەسەر ئەو رامانە دەڕۆن لە ناو ببەن.

“ئەوەى رامانى ئۆجەلان بپارێزێت فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە دوژمنایەتیى دەکات”

فاشیزم و دەسەڵاتى ئەردۆغان لە رۆژئاوا لە دژى یەپەدە و یەپەگەیە، بەڵام پەکەکە لەوێ نییە. لەوێش لە رامانى ڕێبەرایەتیمان دەترسن. هەر کەس رامانى ئۆجەلان بپارێزێت و خاوەنى ئەو رامانە بێت و بیەوێت ئەو رامانە بڵاوبکاتەوە دەستدەکەن بە دوژمنایەتیکردنی، بەڵام نەک تەنها کورد، بەڵکو عەرەب و  سوریانیش خاوەنداری لە رامانەکانى رێبەر ئاپۆ دەکەن. فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپەش دوژمنى ئەوانن. ئەگەر ئەنجوومەنى رەقە رامانى ئۆجەلان پەسەند بکات و ژیانێکى نوێ بونیات بنێت، ئەوا دوژمنایەتیى ئەوانیش دەکەن. ئەوان پەکەکە نین، بەڵام دەچن بۆیان بۆ ئەوەى لەناویان ببەن. لەبەر ئەوەى شەنگال رامانى رێبەر ئاپۆ دەپارێزێت، ئەوان ئەوە بە تاوان دەزانن. بۆ خۆیان بە مەترسیى دەزانن و دەیانەوێت لە ناوى ببەن. دوژمنایەتیى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە بە تەواوی لە دژى گەشەکردن و بەرەوپێشچوونى رامان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە. بۆ دوژمنایەتیکردنى شەنگال بووە بە بابەتى رۆژ، چونکە دەڵێن: ئێزیدییەکان کاریگەربوون بە رامانى ئاپۆیى. دەڵێن “نابێت ئێوە بەوشێوەیە بیر بکەنەوە. نابێت لە ژێر چەترى ڕێکخستنێکى دیموکراتیکدا خۆتان بە ڕێکخستن بکەن. سیستمى فیدراڵیزمى دیموکراتیک بەرەوپێش نەبن. ئازادیى ژن بە ڕێکخستن نەکەن. ئەگەر ئێوە ببن بە خاوەنى سیستمێکى دیموکراتیک، ئازادیى ژن بەرەوپێش ببەن، سیستمێکى یەکسانیخواز و ئاشتیخواز بونیاتبنێن، ئەوا من ئێوە بە دوژمن دەزانم و دوژمنایەتیى ئەوێ دەکەم”. دوژمنایەتیکردنى ئەردۆغان بۆ شۆڕشى ڕۆژئاوا لەوێیەوە سەرچاوە دەگرێت.

“ئەوانەى دیموکراسى دەپارێزن با بێنە ریزی بەرخۆدانى کوردانەوە”

بە دڵنیاییەوە رامانى رێبەر ئاپۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دیموکراتیک دەکات. بێگومان ئازادیى ژن دەبێتە بناغەى ئازادیى کۆمەڵگا. ئەو کەسانەى خۆیان بە دیموکرات دەزانن و لە بەرەى دیموکراسیدان، دەبێت لەگەڵ تێکۆشانى گەلى کورد دا بن و بێنە ڕیزى ئەو تێکۆشانەوە. تێکۆشانى ئازادی و دیموکراسیى گەلی کورد تەنها بۆ خۆى نییە، بەڵکو تێکۆشانی بە دیموکراسیکردنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە.

“بوون بە هاوبەشى فاشیزم”

دەوڵەتى تورک گۆشەگیریى زۆر قورسى خستووەتە سەر رێبەرایەتیمان و ئەنجومەنى ئەوروپاش هاوکار و هاوبەشی ئەو تاوانە قورسە و ئەو تاوانەیە، کە تاوانێکى دژ بە مافەکانى مرۆڤە. سى پى تیش هاوکار و هاوبەشە. ئەوان چاو دەنوقێنن لەو گۆشەگیرییە قورسەى کە بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت. بەو شێوەیەش لەمپەر بۆ چاوپێکەوتنى بنەماڵە و پارێزەرەکانى دروست دەکەن. گرفتیان بۆ پەیوەندیی بە دونیاى دەرەوە دروستکردووە. بەو جۆرە دەیانەوێت ڕێگرى بکەن لە بڵاوبوونەوە و بەرەوپێشچوونى رامانى ڕێبەرایەتیمان. ئەو گۆشەگیرییە تەنها لە دژى کەسێک نییە، بەڵکو هاوکات بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دەدرێت و گۆشەگیرییە لە دژى مرۆڤایەتی.

“رێبەراتیمان بۆ ئێمە هەموو شتێکە”

بزووتنەوەى ئازادیمان و گەلەکەمان هەموو کات لە بابەتی بارودۆخى رێبەرایەتیماندا هەستیار بووە. ژن، گەنج و هەموو گەلەکەمان هەموو کات بەو هەستیارییەوە دەجوڵێنەوە و بەردەوامیى پێدەدەن. تەندروستی، ئاسایش و ئازادیى رێبەرایەتیمان بۆ ئێمە بابەتێکە، کە لە هەر چرکەیەدا پێى هەستیارین. بۆ ئەوەش لە ئێستا بە دواوە، بۆ ئاسایش، تەندروستى و ئازادیى رێبەرایەتی هەمان ئەو هەستیارییە دەخرێتەڕوو و هەموو کات لە چالاکی و جوڵەدا دەبین بۆی. ئێمە ڕێگا نادەین کە هیچ کات بارودۆخى ڕێبەرایەتیمان لە بابەتەکانى رۆژە و ڕۆژەدا بهێنرێتە دەرەوە. هیچ کەس و هیچ هێزێک ناتوانێت هەستیاریمان بەرامبەر بە ڕێبەرایەتى سست بکات. ئێمە هەموو کات ئاسایش، تەندروستی و ئازادی رێبەرایەتى لە رۆژەڤدا دەهێڵینەوە. رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت گەلی کورد ئازاد نابێت. تاوەکو پێشکەوتن بۆ تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد بەدی نەیەت، کێشەى ئازادی و ئاسایش و تەندروستیى رێبەر ئاپۆ چارەسەر نابێت.

“ئازادیى رێبەر ئاپۆ و گەل بە تێکۆشان بەدی دێت”

زامنکردنی تەندروستی و ئاسایش و ئازادیى رێبەرایەتی تەنها بە گەشکردنی تێکۆشان بەدی دێت. دەبێت ئێمە خاوەندارى لە رێبەرایەتى بەوشێوەیە تێبگەین. تاوەکو تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد پێشنەکەوێت، تێکۆشان لە دژى سیاسەتى داگیرکاری، پاکتاوکاری و سڕینەوەى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە بەرامبەر گەلی کورد نایەتەدی. زانیاریى ئەرێنێ لەسەر ئازادی، ئاسایش و تەندروستیى رێبەر ئاپۆ دەست ناکەوێت. دۆخی رێبەرایەتیش پەیوەندیى بەو تێکۆشانەوە هەیە. بۆ ئەوەش ئەگەر تێکۆشانی خاوەنداریکردن و تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد نەبێت، ئەوا خاوەنداریکردنى راست لە رێبەرایەتیش ناکرێت. لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت هەموو ژنان، گەنجا و هەموو گەلەکەمان، دۆستەکانمان و هێزە دیموکراتیکەکان وزەی خۆیان بۆ پێشخستنى تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد بەکاربەهێنن.

“گەشەدان بە تێکۆشانى گەریلا خاوەنداریکردنە لە رێبەر ئاپۆ”

لەو تێکۆشانەدا گەریلا جێگە و پێگەى خۆى دەزانێت، چونکە دەوڵەتى تورک هەموو رێکار و پێداویستییەکانى تێکۆشانى دیموکراتیکی لەناوبردووە. ئەوانەى باسى تێکۆشانى دیموکراتیک دەکەن، دەستگیریان دەکەن و دەیانخەنە زیندانەوە و بێدەنگیان دەکەن. لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت هەموو کەس پشتیوانى لە تێکۆشانى گەریلا بکات. دەبێت پشتگیرییەکى بەهێزى لێ بکرێت. دەبێت ژن و گەنج پشتگیرییەکى بەهێز لە تێکۆشانى ئازادی بکەن و بەهێز بەشدارى تێکۆشانى گەریلا بن. ئەگەر تێکۆشانى گەریلا بەهێز بەرەو پێش بڕوات، ئەوا لەو کاتەدا خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکەن. چالاکى لە گەورە شارەکانى پیشەسازییەکانى تورکیا، شارەکانى کوردستان و شارۆچکەکان و هەموو چالاکییە گەورە و بچووکەکان گرنگ و بە بایەخ و بە بەهان.

“لەسەر هێڵی ڕیبەرایەتى گوڕ بە تێکۆشان دەدەین”

دەبیت لە ساڵڕۆژى رۆژبوونى رێبەر ئاپۆدا باشتر و زیاتر لە رێبەرایەتى تێبگەین. دەبێت لە رێبەرایەتى تێبگەین و خاوەندارى لە رێبەرایەتى بکەین. ئەگەر لە رێبەرایەتى تێنەگەین خاوەنداریکردنى راست و دروستیش بەدی نایەت. بۆ ئەوەش ساڵی ٢٠١٨ لەسەر هێڵی رێبەرایەتی، تێکۆشان لە چوارپارچەى کوردستان گەشتر و بەهێز تر دەکرێت. داگیرکەر و چەوسێنەر و کۆمەڵکوژکارەکان چەند هێرش دەکەن با بیکەن، ئێمە لەسەر هێڵى رێبەر ئاپۆ تێکۆشان گەشتر و گوڕتر دەکەین و ئەوەش پەیوەندیى بە ئێمەوە هەیە، کە چۆن  تێکۆشان لەبارەى تەندروستى و ئاسایش و ئازادیى رێبەرایەتییەوە بەڕێوەدەبەین. ئێمە فکر و رامانى رێبەرایەتى دەخەینە بواری کردارییەوە. لە ساڵى ٢٠١٨دا نزیکایەتى ئێمە بۆ رێبەرایەتی بەو شێوەیە دەبێت. ئێمە تەنها باسى پەیوەندییەکى هەستیارانە ناکەین. تەنها پەیوەندیى هەستیارانە و ئەوەى کە تەنها بڵێین گرێدراوی رێبەرایەتین نابێت، تەنها بە چەند چالاکی ئاسایش و تەندروستى و ئازادیى رێبەرایەتى نایەتەدی. بۆ ئەوەش بە تێکۆشانى ئازادیى گەلی کورد لە دژى فاشیزم و بە تێکۆشانى دیموکراسی، بە تێکۆشانى ئازادی، ئاسایش و تەندروستیی رێبەرایەتى و پێکەوە گرێدانیان و پێکەوە ئەنجامدانیان بە بنەما بگرین و بەشێوەیەکى بنەڕەتى بەڕێوەى ببەین.

 

فورات نیوز

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە