یه‌ك شه‌ممه‌ 15 نیسان 2018

به‌ نمایش کردنی “ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” له‌ ده‌رهێنانی “مه‌جید مه‌جیدی” فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر ده‌کرێته‌وه‌

بەروار : 15 نیسان 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

تاران ١٤ ئەپرێل (ZNA) ـ سی و شه‌شه‌مین فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر به‌ نمایش کردنی فیلمی سینه‌مایی “ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” نوێترین به‌رهه‌می “مه‌جید مه‌جیدی” ده‌ست پێده‌کات.

 

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر، فیلمی سینه‌مایی “آن سوی ابرها” واته‌ “ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” Beyond The Clouds له‌ ده‌رهێنانی “مه‌جید مه‌جیدی” رۆژی 19ی ئه‌پڕێڵی 2018 وه‌کوو فیلمی کردنه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌.

 

نمایش کردنی نێونه‌ته‌وه‌یی “ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” له‌ رۆژی 20ی ئه‌پڕێڵی 2018ی زایینی، یه‌ک رۆژ دوای نمایش کردنی له‌ رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌ 34 ناوچه‌ی جیهان له‌وانه‌ هیند ده‌ست پێده‌کات.

 

فیلمه‌که‌ی مه‌جیدی له‌ ناوچه‌کانی به‌شی که‌نداوی فارس له‌وانه‌ کوه‌یت، عه‌مان، به‌حره‌ین، قه‌ته‌ر، دوبه‌ی و چه‌ندانی دیکه‌ له‌ زیاتر له‌ 70 ساڵۆنی سینه‌ما به‌ شێوه‌ی گشتی نمایش ده‌کرێت و هه‌روه‌ها له‌ ئه‌مه‌ریکا، که‌نه‌دا، پاکستان، سه‌نگاپوور، ئه‌فریقیای باشوور و وڵاتانی دیکه‌ی جیهان نمایش ده‌کرێت.

 

“ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” چیرۆکی برایه‌ک (ئیشان خاتر) و خوشکه‌که‌ی (مالاویکا مۆهانان) ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ ناوچه‌ی زاغه‌نشینی وڵاتی هیند گه‌وره‌ بوون. کاتێک که‌ تارا به‌ تاوانی کوشتن ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێت، په‌یوه‌ندیی ئه‌و له‌گه‌ڵ براکه‌ی ئه‌میر ده‌که‌وێته‌ واری تاقیکردنه‌وه‌. “ئی ئاڕ ره‌حمان” ئاوازدانه‌ر و “ئانیل مه‌هتا” به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی فیلمه‌که هه‌ر دووکیان له‌ زومره‌ی که‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌کانی سینه‌مای هیندین که‌ له‌ فیلمه‌ نوێیه‌که‌ی مه‌جیدی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هاوکارییان کردووه‌. ‌

 

“ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” به‌رهه‌می هاوبه‌شی کۆمپانیاکانی “زی ستۆدیۆ” و “ناماه پیکچێرز”ـه‌. ئه‌م فیلمه‌ یه‌که‌مین جار له‌ دونیادا مانگی ئوکتۆبه‌ری ساڵی پار له‌ به‌شی کێبڕکێی فه‌رمی شه‌ست و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی له‌نده‌ن نمایش کرا و هه‌روه‌ها فیلمی ده‌ستپێکی کردنه‌وه‌ی چل و هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی هیند (گوا) بوو.

 

“مه‌جید مه‌جیدی” ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌ گه‌لێکی سینه‌ماییه‌ وه‌کوو؛ “منداڵانی ئاسمان”، “ره‌نگی خودا”، “باران”، “ئاوازی چۆله‌که‌کان” و “محه‌مه‌د ره‌سوڵ الله”. “منداڵانی ئاسمان” له‌ ساڵی 1998ی زایینی یه‌که‌مین پاڵێوراویی ئێران له‌ به‌شی خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی زمانی بیانی به‌دواوه‌ بوو.

 

سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌ رۆژانی 19 تا 27ی ئه‌پرێڵی 2018ی زایینی رێکه‌وتی 30ی خاکه‌لێوه‌ تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به‌ ده‌بیریی “سه‌ید ڕه‌زا میرکه‌ریمی” له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 

مه‌نسوور جیهانی

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە