Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
سێ شه‌ممه‌ 17 نیسان 2018

جینۆسایدکردنى ئێزیدییەکان لە عەفرین: کوشتنى منداڵان، بۆردومانکردنى دێهاتەکان، خاپورکردنى پەرستگاکان

بەروار : 17 نیسان 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

ئێزدییەکان، کە لە ڕووى مێژووییەوە وەک گروپێکى ئایینى غەیرە موسڵمان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چەوسێنراونەتەوە، جارێکى تر لە ترسى ژیانى خۆیان رادەکەن- ئەمجارەیان لە دەست ئەو جیهادییانەى کە بە پشتیوانى تورکیا عەفرین داگیردەکەن.

موراد ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە یەزدا، رێکخراوێکى بەهاناوەچوونى ئەو ئێزدییانەیە کە بوونەتە قوربانى دەستى جینۆساید، چەندین جار لە تویتەرى خۆى جیهان لەو هەڕەشە هەرە مەترسیدارە ئاگاداردەکاتەوە کە بەهۆى بۆردومانى فڕۆکە جەنگیەکانى تورکیا، ئێزیدیەکان جارێکى دیکە لەبەردەم هەڕەشەیەکى جددى کۆمەڵکوژى دانە، لە ١٢ ئازار نووسیویەتى ( ئێمە حیساباتى خۆمان دەکەین لەو کاتەى کە تەواوى شارەکە کەوت، لەنێویاندا سەرپشککردنى گەلەکەمان لەوەى کە تەواوى ناوچەکە بەجێبهێڵن. ناکرێ گەلەکەمان لەژێر چەپۆکى بەرەى نوسرە و گروپە توندڕەوەکانى دیکەى هاوشێوەى ئەوان بمێننەوە.

لە ١٨ ئازار، ترسە هەرە خراپەکەى بووە واقیع. ئەردۆغانى سەرۆکى تورکیا رایگەیاند کە سوپاى تورکى و گروپە جیهادییەکانى نێو سوپاى سوریاى ئازاد بەتەواوى دەستیان بەسەر ناوەندى شارى عەفرین دا گرتووە.

سەعد بابیر، بەڕێوەبەرى میدیاى یەزدا، رایگەیاند کە لە سەرەتاى داگیرکردنەکەوە، جیهادییەکان هێرشیان کردووەتە سەر چەند گوندێکى ئێزیدى و دەستیان بەسەرداگرتووە ئەمەش بەهۆى بۆردومانى چڕى فڕۆکەکانى تورکیا بۆ سەر ئەو گوندانە، لەنێویاندا گوندى ترندا، کە نزیکەى ٢٠ جار لەلایەن سوپاى تورکیاوە بۆردومان کراوە.
٣٠ گوندى ئێزیدى لە عەفرین هەیە و ژمارەى ئێزیدییەکان لەوێدا نزیکەى ٢٠ هەزار کەس دەبن، بابیر لە دیمانەیەکى تایبەت لەگەڵ سەنتەرى حایم سالۆمۆن واى وت.
ژمارەى کوژراوان گەلێک زۆرن. (ژمارەیەکى زۆر لە ئێزیدیەکان کوژراون، لەنێویاندا منداڵانیش هەن)
سەدان ئێزیدى دیکە پێشوەختە لە دێهاتەکانیان رایانکردووە و ئێستا پێویستیان بە خواردن و دەرمان هەیە.

بابیر هەروەها ئاماژەى بەوەشدا کە جیهادییەکان چەندین پەرستگاى ئێزیدیان خاپورکردووە و هەندێکى تریشیان کردووەتە مزگەوت.
ئێزیدییەکان کەمینەیەکى رەسەنى ناوچەکەن و هەمیشە دووچارى چەوساندنەوە هاتوونەتەوە و خاوەنى کولتوورێکى ناوازەن. دەوڵەتى ئیسلامى (داعش) لە ئابى ٢٠١٤ شنگالى نیشتیمانى ئێزدییەکان لە عێراق داگیر دەکات، دواجار ئەو گەلە زوڵملیکراوە سەرنجى جیهانى بەلاى خۆیدا راکێشا. ئێزدییەکان دەڵێن ئەوان پێشتر ٧٢ جار رووبەڕووى کۆمەڵکوژى بوونەتەوە. دوایین کۆمەڵکوژى دژیان کرابێت قەتلو عامەکەى داعش بوو لە عێراق بەمەش بووە ٧٣ جار.

دواى داگیرکردنەکە، داعش دەستی کرد بە رفاندن، دەستدرێژی کردن و فرۆشتنى سەدان ژن و منداڵى ئێزیدى. بابیر وتى کە زیاتر لە ٣٠٠٠ ژن و منداڵى ئێزیدى هێشتا هەر لە ژێردەستى داعش ماون.

بەگوێرەى راپۆرتەکانى هەریەکە لە تەلەڤزیۆنى (NDR) و (SWR) ئەڵمانى کە لە ٢٠١٥ پەخشیان کرد ئەوە یان ئاشکرا کرد کە ئێزیدییەکان هەروەها لەرێى نووسینگەیەک لە شارى غازى عەنتابى تورکیا نزیک بە سنوورى سوریا، کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە.
لە ١٧ نیسانى ٢٠١٦، رۆژنامەى حوریەتى تورکى بڵاوى کردەوە کە پۆلیسى غازى عەنتاب هەڵیکوتاوەتە سەر ئەو بەناو نووسینگەیە و ٣٧٠ هەزار دۆلار، چەندین پاسەپۆرتى غەیرە تورکى، ١٧٦٨ کاغەزى دۆزیوەتەوە کە وەسڵ بوونە بەزمانى عەرەبى کە ئەوەیان دەرخستووە ملیۆنان دۆلار لەنێوان تورکیا و سوریا حەواڵە کراوە.
شەش کەسى سورى بەتۆمەتى تێوەگڵان لەو تاوانە پەلکێشى دادگا کران. کەچى دواتر هەموو تۆمەتبارەکان بە بیانوى هەبوونى (بەڵگەى لاواز) لەسەریان، ئازاد کران. کەچى کۆمەڵەى پاریزەرانى غازى عەنتاب، کە سکاڵایان لە دژى ئەو تاوانکارانە تۆمارکردبوو، تەنانەت بانگهێشتى ئەوەش نەکرابوون کە رۆژى دادگاییەکە ئامادەبن بۆ گوێگرتن لە بەڕێوەچوونى دانیشتنى دادگاییەکە.

“دادگا بڕیارى بەرائەتى بۆ تۆمەتبارەکان دەرکرد بەبێ ئەوەى رەچاوى ئەو بەڵگانە بکات کە لەلایەن پۆلیس دۆزرابونەوە” محەمەد یاڵچین کایا، ئەندامى کۆمەڵەى پارێزەران واى وت. “ئێمە هەر بە رێککەوت گوێبیستى هەواڵى ئازادکردنى تۆمەتبارەکان بووین. لەراستیدا پڕۆسەى دادگاییەکە تەنیا بە ١٦ رۆژ کۆتایى پێهات، لە کاتێکدا ئەو ١٧٦٨ لاپەڕەیەى کە دەستى بەسەرداگیرابوو دواى بڕیارى دادگا درایە دادگا، ئەمەش راستى دادگاییەکە دەردەخات”

مەحمود تۆغرول، پەرلەمانتارى پارتى دیموکراتى گەلان (HDP) ئۆپۆزسیۆن، ئەو کات لەبارەى ئەو نوسینگەیە پرسیارى ئەوەى لە وەزیرى ناوخۆى تورکیا کرد کە ئەندامانى داعش تێیدا خەریکى کڕین و فرۆشتنى کۆیلەى سێکسى بوون. کەچى هیچ وەڵامێکى لەلایەن وەزیرى ناوخۆ بەدەست نەگەیشت.

پەرلەمانتارەکەى هەدەپە هەروەها زۆر بەتوندى رەخنەى لە هێرشى داگیرکاریى تورکى بۆ سەر عەفرین گرت. لە ٧ ئازار لەکاتى دانیشتنێک لە پەرلەمانى تورکیا، ئەو رەخنەى لە ئەردۆغان گرت کە بەنیازى گۆڕینى بارى دانیشتوانى (دیموگرافى) عەفرینە لەرێى رەوانەکردنى ئەو ئاوارە سورییەکانى تورکیا بۆ عەفرین. کاتێک مەحمود توغرولى پەرلەمانتارى هەدەپ ئەو هەوڵ و پلانەى ئەردۆغانى بە (پاکتاوکردنى رەگەزى) ناوبرد، یەکسەر لەلایەن پەرلەمانتارەکانى ئاکپارتى حیزبى حوکمڕان هێرشى کرایە سەرى و پەلاماریان دا.
توغرول دواتر بەو شێوەیە باسى ئەو رووداوەى کرد “نزیکەى ٤٠ کەس لە پەرلەمانتارانى ئاکپارتى بەشێوەیەکى شێت و هار بەرەو رووى ئێمە هاتن. زۆر بەتوندى لە من و هاوڕێکانمیان دا. من کەوتمە سەر زەوییەکە، و ئەوانیش بەردەوام بوون لە تێهەڵدانم. زۆر بەخراپى لێیاندام”

حکومەتى تورکى- بەهاوکارى جیهادییەکان- بەئاشکرا عەفرین دەکات بە ئامانج و پێشێلکارى بەرامبەر بە خەڵکى مەدەنى لە عەفرین ئەنجام دەدات و پەلامارى هەر پەرلەمانتارێکى ئۆپۆزسیۆنیش دەدات کە دژ بە توندوتیژى و شەڕوپێکدادان لە هەرێمەکە بێنە دەنگ.
ئایا ناتۆ ئاوا بێکاریگەر و لاواز بووە کە ناتوانێت هیچ شتێک بکات تاوەکو ئەو ئابڕوچوونانە بوەستێنێت؟

راپۆرتى: ئوزاى بولوت، رۆژنامەنووس و شرۆڤەکارى سیاسى لە تورکیا
و: دیار عەزیز شەریف

https://gagrule.net/erdogan-yazidi-massacre-in-afrin-children-killed-villages-bombed-temples-destroyed/

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە