سێ شه‌ممه‌ 31 ته‌مموز 2018

تیرۆری فیكری و فیزیكی

بەروار : 31 ته‌مموز 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

ئومێد بابان

 

كاتژمێر 4ی ئێوارەیە، برادەرێكم زەنگ لێدەدا و دەیەوێ پێكەوە پیاسەیەك بكەین، دەچینە كافتریایەك و پشوویەك دەدەین.

دووكەڵی نێرگەلە و جگەرە هۆڵەكەی تەنیوە، چەند گەنجێك بە ئەنقەست دەمانچەی بەر پشتیان زەق دەكەنەوە و دەخوازن بڵێن، (كەس بۆی نییە بڵێ پشتی چاوتان دوو برۆیە). هەندێكیش بە ئاشكرا چەقۆ و دامبۆكسیان هەڵگرتووە و پێكەوە گەمە بەو ئامێرە قەدەغەكراوانەوە دەكەن كە ڕەنگە بەكارهێنانیان، (ماڵی چەند كەسێك كاول بكات).

قاوەیەكی تاڵ دەخۆینەوە و كاتژمێر 6 بەرەو مۆڵێك دەچین، لەوێ چەند سەرمەستێك دەبینین كە بێباكانە شەڕ بە ئافرەتان دەفرۆشن و بگرە (یەخەی دار و بەرد دەگرن) و تەنانەت سیكیوریتییەكانیش سڵ لە هەڵسوكەوتی ناشیاویان دەكەنەوە.

لە مۆڵەكە دەچینە دەرەوە و دەمانەوێ لە شوێنێكی ئارام، هەوایەكی سازگار هەڵمژین و لە جەنجاڵی دووركەوینەوە، كەچی كاتژمێر 7 و نیو چەند ماتۆڕسوارێك دەكەونە بەرچاومان كە سەرقاڵی (خواردنی حەبی هۆشبەر) و بەكارهێنانی ماددەی دیكەی یاساغكراون، بەوپەڕی بێمنەتییشەوە پێمان دەڵێن، (ئۆتۆمبێل لێرە ڕامەگرن).

لە گەشتەكەمان بەردەوامین و ڕێك كاتژمێر 9 و 3 خولەكی شەو سەرێك لە بازاڕێكی گشتی دەدەین، لەوێش هەمان تاس و حەمام، (بەڵام بە شێوازێكی جودا)، 2 ئافرەت خۆیان بە دوكانی مۆبایلفرۆشێكدا دەكەن و یەكیان سەرقاڵی دەكات و ئەوەی تریش بە دزییەوە مۆبایلی خاوەنی دوكانەكە، كە لەسەر مێزی پێشەوە دایناوە، دەخاتە ناو جانتاكەیەوە.

حەوسەڵەمان نامێنێت و برادەرەكەم ئۆتۆمبێلەكە بەرەو ناو گەڕەك و كۆڵانەكانی شار لێدەخوڕێ، كاتژمێر 11 و 28 خولەكە، لە بەردەم مزگەوتێكدا، 3 تازەپێگەییشتوو، كە تەنكە ڕیشەكەیان لە دوورەوە ڕەش دەچێ، نیوەی كۆڵانێكیان گرتووە و بە تەسبیحە دەنكدرێژەكەی دەستیان، (سڵاوات) لێدەدەن و سەرنجیشیان داوەتە ئەو ئۆتۆمبێل و كەسانەی بەوێدا ڕەت دەبن، تا بزانن (لەو شارەدا چی دەگوزەرێت!).

ئێستا كاتژمێر 12 و 33 خولەكە، پێچێك دەكەینەوە و دەڕۆینە نزیك مەكۆیەكی ئایینی، كە تێیدا (گوایە بەشێكی بانگخوازەكان خەڵك بۆ ئاشتەوایی و یەكدیقبووڵكردن و تەبایی هان دەدەن)، لەوێ 2 قاتڕەشی باڵا مامناوەندی، (كە ڕەنگە چەكیشیان پێ بووبێت)، فۆكس دەخەنە سەر ئەملا و ئەولا و چوارتەنیشتیان و (بە كۆمەڵ) منداڵی تەمەن 11 ساڵ و هەرزەكار و تەنانەت گەنجیش، جمەیان دێت و سەرقاڵی خوێندنی (وانەی ئایینی)ـن.

هێندە نابات، نزیكتر دەكەوینەوە، 2 قاتڕەشەكە دێنە پێشەوە و دەڵێن، (ئێوە چكارەن؟). برادەرەكەم بە جورئەتەوە پێیان دەڵێ، (هاتووین بزانین تیرۆری فیكری و فیزیكی مانای چی؟). ئەوان دەكشێنەوە و بە وشەیەكیش وەڵام نادەنەوە.

كاتژمێرەكە لە 2ی شەو لایداوە، دەگەڕێینەوە ماڵەوە، كە دەگەمەوە، نە ئاو هەیە نە كارەبا، بۆیە لەسەر جێگادا خەوم لێ دەزڕێت و لەگەڵ خۆمدا دەدوێم: (خوایە شوكر، نە ئاوێك هەیە مێشكی ئەوانەی پێ بشۆینەوە كە گاڵیان دەدەن، نە لە نەخۆشخانەیەكی دەروونیدا، “كارەبای پزیشكی” لەو جێگایانەیان بدرێت كە پێویستیان پێیە).

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە