پێنج شه‌ممه‌ 2 ئاب 2018

کامبۆزیا په‌رته‌وی: ده‌بێ ده‌رهێنه‌ره‌کانی به‌ئه‌زموون بێنه‌ ناو بواری سینه‌مای منداڵه‌وه‌

بەروار : 02 ئاب 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “کامبۆزیا په‌رته‌وی” ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “کامیۆن” گوتی: ده‌رهێنانی سینه‌مای منداڵ له‌به‌ر‌ هۆکاری هه‌بوونی به‌رده‌نگی تایبه‌ت، یه‌کجار سه‌خت و دژواره‌ و ده‌بێ ده‌رهێنه‌ره‌کانی به‌ئه‌زموون و ناسراوی ئێران بێنه‌ ناو ئه‌م بواره‌وه. ‌

 

“کامبۆزیا په‌رته‌وی” ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “کامیۆن” به‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی گرینگیی سه‌رنجدان به‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ، رایگه‌یاند: سینه‌مای منداڵ له‌ هه‌ر بارودۆخێکدا پێویستیی به‌ پاڵپشتیی هه‌یه‌ و گرینگترین پاڵپشتی و پشتگیری له‌و سینه‌مایه‌ له‌ راستیدا نمایش کردنی فیلمه‌کانه‌. ئێستا ته‌نیا ناوێک له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ به‌جێ ماوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت ته‌له‌ڤیزیۆن به‌رده‌وام به‌ په‌خش و بڵاوکردنه‌وه‌ی کارتۆنه‌کان که‌ تا راده‌یه‌ک سه‌رنجڕاکێشن، منداڵانی به‌ هونه‌ری نمایشی فیلم هه‌ر به‌ هۆگری راگرتووه‌، به‌ڵام سینه‌ما له‌م چه‌شنه‌ هونه‌رییه‌دا به‌ ته‌واوه‌تی فه‌رامۆش کراوه‌.

 

نووسه‌ری سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی “من ته‌رانه‌ 15 ساڵم ته‌مه‌نه‌”، له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ فیلمه‌کانی منداڵ پاڵپشتیان لێده‌کرا و ئیمکانی نمایش کردنی فیلمه‌کانی هه‌بوو؛ به‌رهه‌م گه‌لێکی یه‌کجار باش و به‌کوالیته‌ و کاریگه‌ری دانه‌ر دروست کرا؛ به‌م پێیه‌ ئێستاکه‌ش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بڕه‌ودان به‌ سینه‌مای منداڵ هیچ چاره‌یه‌کمان بێجگه‌ له‌ پاڵپشتی کردن له‌ نمایش کردنی فیلمه‌کان نیه‌.

 

په‌رته‌وی گوتی: ئێستا سینه‌ماکاران ته‌نیا به‌ هیوای فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیڕان، به‌رهه‌م گه‌لێکی نه‌وه‌ک زۆر به‌هێز و کاریگه‌ری دانه‌ر ئاماده‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ کۆتاییدا له‌ دوای چه‌ند نمایش کردن له‌ فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ، وه‌کوو به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ده‌چێته‌ ناو ئارشیڤ.

 

ئه‌و سینه‌ماکاره‌ یه‌کێک له‌ خه‌ساره‌ جیدییه‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی به‌ کاری فیلم چێکردن بۆ فێستیڤاڵه‌کان ناو برد و روونیکرده‌وه‌: ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ که‌ بۆ له‌سه‌ر پێ مانه‌وه‌ی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان، له‌ ماوه‌ی یه‌ک مانگدا به‌ شێوه‌یه‌کی خێرا و

به‌په‌له‌ چه‌ندین فیلمی سینه‌مایی بۆ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ دێته‌ به‌رهه‌م.

 

براوه‌ی خه‌ڵاتی “ورچی زێوین” له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی به‌رلین له‌ ساڵی 2013ی زایینی، یه‌کێک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی فیلمی منداڵی ره‌نگاوڕه‌نگ بوونی به‌رهه‌مه‌کان زانی و شیکرده‌وه‌: ئه‌و ره‌خنانه‌ی که‌ ده‌توانرێ به‌ فیلمه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ هه‌بێت، نه‌بوونی سه‌رنجڕاکێشی و ئامرازی ره‌نگ له‌ به‌رهه‌مه‌کان دایه‌.

 

ئه‌و‌ سینه‌ماکاره‌ هه‌روه‌ها گوتی: هه‌ندێک له‌ سینه‌ماکاران، سینه‌مای منداڵ به‌ ئاسانترین رێگا بۆ هاتنه‌ ناو سینه‌ما ده‌زانن و به‌ ده‌رهێنانی یه‌ک فیلمی منداڵ هه‌ست ده‌که‌ن، ئێستا ئیدی بوونه‌ته‌ سینه‌ماکار، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ سینه‌مای منداڵ له‌به‌ر‌ هۆکاری هه‌بوونی به‌رده‌نگی تایبه‌ت، یه‌کجار سه‌خت و دژواره‌ و ده‌بێ ده‌رهێنه‌ره‌کانی به‌ئه‌زموون و ناسراوی ئێران بێنه‌ ناو ئه‌م بواره‌وه. ‌

 

“کامبۆزیا په‌رته‌وی” له‌ کۆتایی ئه‌م دیمانه‌یه‌دا وه‌بیری هێنایه‌وه‌: فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، لانی که‌م هه‌ر له‌م ئاسته‌دا که‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ساڵی یه‌ک جار له‌م چه‌شنه‌ گرینگه‌ سینه‌ماییه‌ یاد بکه‌ینه‌وه‌؛ رووداوێکی باش و گرینگه. ‌

 

سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە