دوو شه‌ممه‌ 6 ئاب 2018

عه‌لیڕه‌زا تابش: له‌ سینه‌مای منداڵدا ده‌بێ به‌ هاوکارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و بازاڕه‌ جیهانییه‌کان سه‌رنج بدرێت

بەروار : 06 ئاب 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

مه‌نسوور جیهانی ـ “عه‌لیڕه‌زا تابش” به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابیی ئێران گوتی: ده‌بێ به‌ هاوکارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ئاماده‌بوون له‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌کانی فیلم سه‌رنج بدرێت. له‌ یه‌ک قۆناغی دیاریکراوی چه‌ند ساڵه‌دا، چاوه‌ری گۆڕانکاریی له‌ بواری سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران ده‌بین.

 

“عه‌لیڕه‌زا تابش” به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابیی ئێران سه‌باره‌ت به‌ پێکهێنانی ناوه‌ندی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ گوتی: به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی که‌ هیچ پێکهاته‌ و رێکخراوه‌یه‌ک له‌ به‌شی که‌رتی تایبه‌تدا به‌ ناونیشانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ بوونی نیه‌ و هه‌موو ئه‌و پێکهاته‌ و رێکخراوانه‌ی که‌ هه‌ن له‌ لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابی، رێکخراوه‌ی سینه‌مایی و بنکه‌ی هزریی بارهێنانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ چه‌ندین خولی جۆراوجۆردا دابین کراون، ئه‌م پێداویستییه‌ هه‌ست پێکرا که‌ چالاکانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران پێکهاته‌ و رێکخراوێکیان هه‌بێت و له‌م رێگایه‌وه‌، به‌ دوای به‌رنامه‌کان و گه‌ڵاڵه‌ و روانگه‌کانی خۆیاندا بکه‌ون.

 

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: دوابه‌دوای ئه‌م ئه‌رکه‌ گرینگه‌، “محه‌مه‌د مێهدی حه‌یده‌ریان” سه‌رۆکی رێکخراوی سینه‌مایی ئێران له‌ فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ، خوازیاری دابین کردنی پێکهاته‌ و رێکخراوێک له‌ لایه‌ن سیناریۆنووسان، ده‌رهێنه‌ره‌کان و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران بوو، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م پێکهاته‌یه‌ی که‌رتی تایبه‌ت له‌ ته‌نیشت ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کاندا، به‌دواداچوون بۆ ویست و داخوازییه‌کانی دڵسۆزانی سینه‌مای منداڵان و مێرمنداڵاندا بکات.

 

به‌ گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابیی ئێران، “عه‌لی عه‌بدولعه‌لی زاده‌” ، “وه‌حید گوڵستان” ، “غوڵامڕه‌زا ئازادی” ، “ئیره‌ج ته‌هماسب” ، “نادره‌ تورکمان” ، “بیتا مه‌نسووری” ، “وه‌حید نیک خواه ئازاد” ، “ره‌هبه‌ر قه‌نبه‌ری” و “حه‌سه‌ن ئاقاکه‌ریمی” ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ناوه‌ندی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران پێکده‌هێنن.

 

ئه‌و به‌ ئاماژه‌دان به‌ ده‌وری چاودێریی ئه‌ندامانی ئه‌م پێکهاته‌یه‌ گوتی: هیوا ده‌خوازین ئه‌م دۆستانه‌ بتوانن به‌ باشی به‌دوای ویست و داخوازییه‌کانی چالاکانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێراندا بچن و له‌ هاوکاریی له‌گه‌ڵ چالاکانی سینه‌ما و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سینه‌مایی وڵات، ئاستی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی سینه‌مای منداڵان و مێرمنداڵان به‌رز بێته‌وه‌.

 

“عه‌لیڕه‌زا تابش” له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: به‌رنامه‌داڕشتنه‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ ته‌نیا به‌ هاتنی سه‌رمایه‌کان و دابین کردنی ماڵی و ئابووری نوێ، جێبه‌جێ ده‌بێت و وه‌دی دێت. ئه‌م سه‌رمایه‌گوزارییه‌ هه‌م ئه‌نجامدانی به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی به‌ دواوه‌یه‌. خاڵێکی دیکه‌ که‌ نابێ لێی غافڵ بین، پێویستیی یه‌کریزی و پێکه‌وه‌بوونی نێوان دامه‌زراوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کان و هاوکارییه‌کانی نێوان ئۆرگان‌ و داموده‌زگاکانی ئیدارییه‌.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابیی ئێران سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ گوتی: خۆشحاڵم که‌ ئیسفه‌هان دیسان میوانداری فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵه‌. پێشوازی پڕ له‌ جۆش و خرۆشی خه‌ڵکی و بڕه‌وی سینه‌مایی ئه‌م رۆژانه‌ی ئیسفه‌هان جێگای ڕه‌زامه‌ندیی به‌رده‌نگه‌کان و به‌رپرسانی فێستیڤاڵه‌که‌یه‌.

 

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: له‌و ساته‌وه‌ یه‌ک سیناریۆ ده‌خوێنینه‌وه‌ تا ئه‌و کاته‌ی که‌ ئاماده‌ ده‌کرێت و ده‌گاته‌ قۆناغی دووباره ‌بینینه‌وه‌، هه‌میشه‌ ئه‌م دڵه‌راوکێیه‌مان هه‌یه‌ که‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی په‌یوه‌ندی دروست ده‌کات یان نا. به‌خته‌وه‌رانه‌ ره‌وتی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ، ئه‌م پێشوازییه‌ پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌. هیوا ده‌خوازم فیلمه‌کانی نمایش دراو له‌ فێستیڤاڵدا بگه‌نه‌ قۆناغی نمایش کردن بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی.

 

تابش سه‌باره‌ت به‌و رێکارانه‌ی که‌ بیری لێکراوه‌ته‌وه‌ بۆ نمایش کردنی گشتیی به‌رهه‌مه‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ رایگه‌یاند: له‌ خولی نوێدا، به‌تواناکردنی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌ به‌شی که‌رتی تایبه‌تدا ده‌که‌وێته‌ به‌ر سه‌رنجی به‌ڕێوه‌به‌رانی سینه‌ما. هه‌تا ئه‌و کاته‌ی که‌ به‌شێکی که‌رتی تایبه‌تی دڵسۆز و کارامه‌ نه‌توانێت چالاکیی خۆی له‌ سینه‌مادا به‌ هێز و تواناوه‌ ئه‌نجام بدات، له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م گه‌لی سفارش کراو و بێ به‌رده‌نگ به‌ره‌وڕوو ده‌بین. به‌م پێیه‌ روانکه‌ی سه‌ره‌کی پشتیوانیی ئێمه، له‌ پاڵپشتی له‌و که‌رتی تایبه‌ته‌ ده‌بێت که‌ که‌ڵکه‌ڵه‌ی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵی هه‌بێت. ‌

 

ئه‌و به‌ ئاماژه‌دان به‌ روانگه‌کانی دیکه‌ی پاڵپشتیی ده‌وڵه‌ت له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو: له‌ دروست کردنی هۆڵه‌کاندا ریزبه‌ندی یه‌که‌م ده‌بێت به‌و هۆڵانه‌ بێت که‌ سه‌رنج ده‌ده‌ن به‌ نمایش کردنی فیلمه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ. ئه‌م روانگه‌یه‌ لایه‌نگیری چۆنیه‌تیی هه‌وڵی سینه‌ماکاران روون ده‌کاته‌وه‌.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابیی ئێران هه‌روه‌ها وه‌بیری هێنایه‌وه‌: بێ گومان سه‌رنج ده‌ده‌ینه‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌قی سیناریۆکان. ئه‌گه‌ر چه‌رخی هه‌ڵسووڕانی ژیانی سروشتیی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ بکه‌وێته‌ کار، هاوکات له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنان و قۆناغی به‌ر له‌ به‌رهه‌مهێنان ده‌توانرێ بیر له‌ باشتر کردنی بارودۆخی نمایش کردنیش بکرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ به‌ هاوکارییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ئاماده‌بوون له‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌کانی فیلم سه‌رنج بدرێت. به‌م پێیه‌ له‌ یه‌ک قۆناغی دیاریکراوی چه‌ند ساڵه‌دا، چاوه‌ری گۆڕانکاریی له‌ بواری سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران ده‌بین. ئه‌م رووداوه‌، کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر زنجیره‌ی نمایش کردنی فیلمه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ داده‌نێت. هیوا ده‌خوازم به‌ یه‌کریزی و پێکه‌وه‌بوون و دامه‌زراوه‌ی سه‌مه‌ن و رێکخراوه‌کانی سه‌ر به‌ خه‌ڵکی که‌ سه‌باره‌ت به‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ که‌ڵکه‌ڵه‌یان هه‌یه‌، له‌ ئه‌ده‌بیاته‌وه‌ بگره‌ تا به‌رهه‌مهێنان و نمایش کردن، سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ چاودێریی بکه‌ن.

 

عه‌لیڕه‌زا تابش هه‌روه‌ها گوتی: پاڵپشتییه‌کانی دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابی بۆته‌ هۆی ئاماده‌بوون و به‌شداریی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کان له‌ فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵدا.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابیی ئێران سه‌باره‌ت به‌ فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵی ئێران گوتی: فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ به‌ روانگه‌یه‌کی باش له‌ حاڵی به‌ڕێوه‌چوون دایه‌ و ده‌توانرێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بکرێت که‌ سینه‌مای منداڵ زیاتر له‌ رابردوو رێگای خۆی دیوه‌ته‌وه‌.

 

سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی

هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە