Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
دوو شه‌ممه‌ 6 ئاب 2018

سه‌فین دزه‌یی: حکومەتی هەرێم نزیکەی (٣١٥٠) خانمی ئێزیدی بێ سەروشوێنی گەراندۆتەوە بۆ کەسوکاریان

بەروار : 06 ئاب 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان له ‌ڕێگای تەرخانکردنی ملیۆنان دۆلارەوە نزیکەی لە(٣١٥٠) خانمی ئێزیدی بێ سەروشوێنی گەراندۆتەوە بۆ کەسوکاریان. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەگەرچی ئاماژەی بەبڕە پارەکە نەدا چونکە بەوتەی خۆی” بۆ ئازادکردنی ژیانی مرۆڤێک بەبڕە پارە ناخەمەڵێنرێت هاوکات دەشڵێت” حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی ئەو خانمە ئێزیدیانەی تا ئێستا بێ سەروشوێنن هەر کارێک بڕە پارەیەکیش پێویست بێت تەرخانکراوە بێ ڕەچاوکردنی قەیرانی دارایی. نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەستاوە بەو پڕۆسەیە.”

له‌دوای هێرشی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بۆسه‌رشه‌نگال جگه‌ له‌قوربانیه‌كان و ئاواره‌بونی ده‌یان هه‌زار كه‌س، هه‌زاران خانمی ئێزیدی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ بێ سه‌روشوێنكران،به‌پێی لێدوانی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ تائێستا له‌نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ زیاتر له‌ ده‌ ملیۆن دۆلار خه‌رجكراوه‌ به‌مه‌به‌ستی پێدان به‌و كه‌سانه‌ی خانمانی ئێزیدیان لایه‌ كه‌پێشتر له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ پێیان”فرۆشراوه‌” و ئێستا به‌مه‌رجی پێدانی بڕه‌پاره‌یه‌ك ئازادیان ده‌كه‌ن و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كه‌سوكاریان.

ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ میانه‌ی به‌دواداچونێكی ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی كرد به‌ سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دزه‌یی وتی” له‌كاره‌ساته‌كه‌ی شه‌نگال و داگیركردنی شه‌نگال له‌لایەن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ نزیكه‌ی(٦٤٠٠) خانمی ئێزیدی بێ سه‌روشوێن كراوه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌شدا هه‌وڵ و ته‌قه‌لای زۆر دراوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خانمانه‌ تا ڕاده‌یه‌كی باشیش هه‌وڵه‌كان سه‌ركه‌وتوو بوون ، وه‌كو ئه‌ركێكی سه‌رشانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ کارەکانی ئازادکردن و گەڕانەوەی ئەو خانمانە هەستاوە لەڕێگای جۆرا و جۆر، چونکە بە ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت له‌ڕووی واجبی مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقیه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كردومانه‌ به‌كه‌ممان زانیووه‌ و هێشتا له‌هه‌وڵی زیاترداین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خانمنی بێ سه‌روشوێنی ئێزیدی.”

ده‌نگی ئه‌مریكا له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ و زیان نه‌گه‌یاندن به‌پڕۆسه‌كه‌ تا زۆرترین خانم بگه‌ڕێنه‌وه‌ ورده‌كاری پڕۆسه‌كه‌ ناخاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش باسی لەوردەکاریەکە نەکرد لەگەڵ ئەوبڕە پارەیەی بۆ پڕۆسەی گەڕانەوەی خانمانی ئێزیدی تەرخانکراوە، وتی” له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و (٣٢٠٠) خانمه‌ی كه‌له‌شوێنی جیا جی له‌ژێرده‌ستی داعشدا ماون بۆیه‌ به‌شێوەی گشتگیرباسی بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌م وه‌ سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم خه‌رجی كردووه‌ له‌و پڕۆسه‌یه‌ پێمان گونجاو نیه‌ باسی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بكه‌ین كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خانمانی ئێزیدی سه‌رفمان كردووه‌ چونكه‌ هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ ڕزگاركردنی ژیانی مرۆڤێك ته‌رخان بكرت و خه‌رج بكرێت به‌رامبه‌ر نیه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی مرۆڤێك هه‌رچه‌ندیشمان سه‌رف كردبێت جێی خۆی گرتووه‌ له‌و (٦٤٠٠) كه‌سه‌ی كه‌باسم كرد نزیكه‌ی (٣١٥٠) خانم ڕزگاركراون هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن هه‌رچی پێویست بێت له‌ڕووی مادی یا ڕێگاكانی په‌یوه‌ندیه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌می ناكات، وەک وتم نامه‌وێت ئاماژه‌ به‌بڕی پاره‌ بكه‌م چونكه‌ وه‌ك وتم هه‌ر مه‌بله‌غێك ته‌رخان بكرێت بۆ ژیانی مرۆڤێك هێشتا كه‌مه‌ وه‌ هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كیش پێویست بكات حكومه‌ت درێغی ناكات له‌ته‌رخانكردنی له‌پێناو ئازادكردنی ئه‌و هاوڵاتیه‌ خۆشه‌ویستانه‌ماندا حكومه‌ت درێغی ناكات. ”

دزه‌یی ئه‌وەشی وت ” شێواز زۆربووه‌ بۆ زانیاری و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خانمانه‌، هه‌ندێك له‌وانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق بون وه‌ تا ئێشتاش به‌شێك له‌وانه‌ به‌پێی هه‌ندێك زانیاری له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراقن بۆیه‌ هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن له‌ڕێگای په‌یوه‌ندی جۆراو جۆر تا هه‌وڵی ڕزگاركردنیان بده‌ین به‌هه‌ر شێوازێك هه‌بێت. ”

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی چ كاریگه‌ریه‌كی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی پاره‌ له‌پڕۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی خانمانی ئێزیدی ؟ سه‌فین دزه‌یی ڕایگه‌یاند ” له‌كاتێكدا قه‌یرانی دارایی هه‌بوو وه‌ به‌درێژایی (١٠٠٠)كم شه‌ڕی داعشمان ده‌كرد ڕاسته‌ هاوپه‌یمانان هاوكارییان كردین به‌ڵام هێشتا هه‌ر ئه‌ركێكی زۆر بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ڕزگاكردنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ حكومه‌ت چاوپۆشی كردووه‌ له‌هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك و پێداویستیه‌ك له‌پێناو ئازادكردنی ژیانی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ك تاكیش ڕزگاربكات بۆ ئێمه‌ جێی شانازیه‌ هه‌وڵیشمان داوه‌ ئه‌و قه‌یرانی داراییه‌ به‌هیچ جۆرێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ نه‌بێت . ”

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق چه‌نده‌ هاوكاربووه‌ له‌پێدانی پاره‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌كه‌ ؟ وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی ” به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تی عیراق هاوكاری ئه‌و ئاوارانه‌ش ناكات كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانن چ جای ئه‌وانه‌ی ونبوون، له‌م پڕۆسه‌یه‌دا خه‌ڵكانێكی دڵسۆز هه‌بوون به‌ڕێگای خۆیان هه‌وڵیان داوه‌ چ وه‌ك كه‌سایه‌تی چ وه‌ك ڕێكخراو ئه‌وانه‌ جێی ده‌ستخۆسیه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری هه‌بوبێت یا ئه‌نجامی هه‌بوبێت هه‌وڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌.”

سه‌فین دزه‌یی ئه‌وه‌شی وت” حكومه‌تی هه‌رێم له‌كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمانان یا هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ هه‌وڵی داوه‌ كه‌یسی ئێزیدییه‌كان به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانوه‌ به‌جینۆساید بناسێنێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا هۆكاری ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیووه‌ ئه‌وبووه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نیه‌ و له‌ڕووی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ڕێگه‌پێدراو نیه‌، واته‌ ئه‌وه‌ش كۆت و به‌ندی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌.وه‌ عیراقیش واژۆی له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی ڕۆما تایبه‌ت به‌و بواره‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌هه‌وڵه‌كانمان له‌وڕوه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بین. .”

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە