چوار شه‌ممه‌ 8 ئاب 2018

لە جوغزی سەربەخۆییدا

بەروار : 08 ئاب 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

هەڵاتن لە سەربەخۆیی!

د. کاوە محمود

لە کارێکی پوخت کە مۆرکی ئەکادیمی پێوە دیارە ونووسەر بە شێوەی شرۆڤی سیاسی، و بەشێوازی 20 وتاری سیاسی پێشکەشیکردوە، کاک ئازاد جوندیانی لە کتیبی (هەڵاتن لە سەربەخۆیی) سەرنجی خوێنەر بۆ بابەتێکی گرنگ رادەکێشێت کە “پەیوەستە بە چەنگی چەمکەکان لە نێوان رەوت و حزبە سیاسییەکانی خودی کوردستان”، بەڵام کاتێک سەرجەم بابەتەکانی کتێبەکە دەخوێیتەوە کە لەیەکتر دانەبراون نووسەر پێمان دەڵێت ناکۆکی وململانی چەمکەکان تەنها لەنێو رەوت ولاینە سیاسییەکانی خودی کوردستان نین، و لە کوردستاندا دووچاری دوو ململانێی لەبواری چەمکەکان دەبینەوە. ململانییەکی ناوخۆیی رەوتە سیاسییەکانی نەتەوەی ژێردەست کە لەروانگەی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی وبیانوهێنانەوەی جۆراجۆر بۆی لە سەر حسابی مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی مامەلەی لەگەل دەکرێت، وبەتێزی فیکری وئایدیۆلۆژی، پەردەپۆش دەکرێت، کە ئاکامەکەی شێواندنی شوناسی گەلی کوردستان و نیشتمانەکەی وبزوتنەوەی رزگاریخوازییە نیشتمانییەکەیەتی. هەڵبەتە بەشێکی ئەم شێواندنە بۆ هەژمونی ئایدلۆژیای نەتەوەی باڵادەست بە سەرجەم تێزە فیکرییەکانی ئەم نەتەوەیە دەگەرێتەوە. هەربۆیە دەبینین چەپ و راست و نەتەوەپەرست ولیبراڵ و رەوتی ئاینی نەتەوەی باڵادەست لە سەر پیرۆزی رەهای دەوڵەتی عێراق ، کۆکن.
بەشێکی دیکەی ململانێی چەمکەکان پەیوەندی بە ململانێی نێوان کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵگا نامۆکانی دیکەوە هەیە کە کوردستانی پێوابەست کراوە وسوودیان لە بارودۆخی نێودەوڵەتی وبەرژەوەندی زلهێزەکان وەرگرتووە، کە ئەوانیش لە روانگەی ئەو بەرژەوەندییانەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکی بارگرژی و ئاشتی و چارەسەری کێشەکان و چەمکی مافی گەلان لە بریاردانی چارەونوسی خۆیان دەکەن.
گرفتی هەندێ لایەنی سیاسی کوردستان، ئەو جۆرە گوتارەیە کە لێڵی سیاسی پێوەدیارە وبە واقیعبینانە دایدەنێن ولە گوتار وئاخافتنی سەرکردە ساسییەکان دەردەکەوێ و هەوڵی رازیکردنی کەسایەتی ولایەن ودەوڵەتی دیکەی پێوە دیارە، ولەسەر حسابی سروشتی تێکۆشەرانەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلەکەمانە. بەم جۆرەش گوتاری بریاری نیشتمانی سەربەخۆیی کوردستانی وبەرەنگاربونەوە ئابلوقەی وڵاتانی دراوسێ وداخستنی سنوورەکان و جەختکردنی پشتبەستن بە وزەی مرۆیی کوردستان و ئامادەبوونی تێکۆشان و قوربانیدان دەگۆڕدرێت بۆ گوتاری قایل بوون بە ئەمری واقیع و گرفتەکانمان لەو پایتەختانە چارەسەر دەبێ کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. ئەم چەواشەکارییە لە گوتاری سیاسی چەمکێکی مەترسیدار درووست دەکات، و بەگەلە تێکۆشەرەکەمان دەڵێت: تێکۆشان لە پێناوی رزگاری نیشتمانی و هەڵگرتنی درووشمی سەربەخۆیی واقیعبینانە نییە.
بەمەش بۆچونەکانی نەتەوەی باڵادەست دووبارە دەبێتەوە ودەخرێتە قاڵبی هزرییەوە، ولە پێناسەکردنی چەمکەکانی: (مەسەلە،کێشە،نەتەوە،کەمینە،سەربەخۆیی،جوداخوازی،هاووڵاتی) و…هتد، دەردەکەوێت، نووسەر لە کتێبەکەیدا ئاماژەیان پێکردوە.
دووا بابەتی ئەم کتێبە (تێزەکانی کۆتایی)یە کە پەیوەندی بە ناونیشانی کتێبەکەوە هەیە (هەڵاتن لە سەربەخۆیی). ئەوەی کە رچاودەکرێت گەلی کوردستان لە سەربەخۆیی هەڵنەهاتووە. پێویستە پرسیاری هەڵاتن لە سەربەخۆیی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بکرێ کە لە قۆناغی مێژوویی جیاوازدا چۆن هەڵوێستیان وەرگرتوە و چۆن لە گەل چەمکەکاندا مامەڵەیان کردوە و تا چەند لە ژێر سێبەری ئایدیۆلۆژیای نەتەوەی باڵادەست مامەڵەیان لە گەڵ مافی چارەنوسی گەلی کوردستان کردوە، و بۆچی بەوە رازیبوون کە ئەو بزوتنەوە رزگاریخوازو نیشتمانییە جارێکیان ببێ بە بزوتنەوەی نەتەوەی و جاریکی تریان لە کوردستانییەوە کە سەرجەم گەلانی کوردستان دەگرێتەوە ببێ بە بزوتنەوەی تەنها گەلی کورد، چما مەسەلی ئێمە تەنها مافی نەتەوەیەکە یان مەسەلی خاک و نیشتمانە.
مافی بریاردانی چارەنوس ومەسەلی نیشتمانی کوردستانی بە نیسبەت ئێمەوە ئەرکێکی تێکۆشەرانەی کۆمەڵگاییە وتێکرای ململانییە ناوخۆییەکانی کوردستانیش سەبارەت بە دەسەلات ومافی هاوڵاتیان وباری ئابوری کارتێکردنی خۆی بەسەردا جێدەهێڵی، و بەنیسبەت بەرامبەرەکانمان لە نەتەوەی بالادەست کێشەیە هەر وەک نووسەر ئاماژەی پێدەکات.
ململانێی چەمکەکان بەردەوام دەبێت بەڵام گرنگە تێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە چەمکەکان لە سەر ئاستی ناوخۆیی کوردستانی هەبێت ورای گشتی کوردستانی داکۆکی لێبکات. دەکرێ دەستەواژەی یەکگرتوو سەبارەت بە هەندی چەمک بەکار بهێنین هەروەکو چۆن دەستەواژەیەکی یەکگرتوو سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی کوردستان هاتەکایەوە کە ناکرێ ئێستا بگەرێنەوە بۆ دەستەواژەی جێگا ناکۆکەکان.
ناوەرۆکی ئەم کتێبە کۆمەڵێک پرسیار لای خوێنەر درووست دەکات لەوانە: قەیرانی دەوڵەت، و دوارۆژی فیدرالیزم و ئاسۆی چارەسەری بەردەوامی قەیرانەکان.
ئەم پرسیارانە بە کراوەی دەمێنێتەوە و موقاوەمەتی گەلەکەمان یەکلایدەکاتەوە.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە