یه‌ك شه‌ممه‌ 2 ئه‌یلول 2018

تۆ قەپ ناگری

بەروار : 02 ئه‌یلول 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

نووسینی / هیلدە هاگەرئاپ

وەڕگێڕانی لە نەرویجییەوە / هاوڕێ نەهرۆ

 

 

بەشی یەکەم

 

تۆ قەپ ناگری

من ناوم ماگنوسە.

ئەمرۆ دایکم دەیەوێ سەگێک بکڕێ.

سەگەکە نێوی لابنە.

من ئێستا لە ئیشم.

سەگەکە دەیەوێ ناو سەبەتەکە پاڵکەوێ.

لەخانوکەی دایکم بخەوێ.

 

من ناوم ماگنوسە.

من کاری پاککردنەوە دەکەم لەشارەوانی.

لە ئیش دا یەلەکی پرتقاڵی لەبەر ئەکەم لەگەڵ جووتی دەستکێشی پلاستیک.

ئێستا ئیشی من تەواو بوو،

دەمەوێ جلی ئیش داکەنم.

تراکسوتیک لەبەر دەکەم.

دوایی دەمەوێ سەردانی دایکم و سەگەکەی بکەم.

 

سەگەکە دەحەپێ کاتێ زەنگی بۆ لێ ئەدەم.

کاتێ دایکم دەرگایەکە دەکاتەوە،

سەگەکە کلکی با ئەدا.

ئەو کات من و سەگەکە دەچین بۆ پیاسە.

 

کاتێ بە پیاسە دەچین بۆ شار دەبێ پەتێک بخەمە ملی سەگەکە.

بەڵام لە باغچەی سەگەکان پەتەکەی لێ دەکەمەوە.

پارچە دارێک فڕێ ئەدەم.

سەگەکە غار دەداو دەیهێنێتەوە.

ئەمە شتیکی چاکە.

پێم خۆشە.

ئەمە هەندێ قورسە تێکرای سەرنجت لای ئیشەکە بێ.

کاتێ دایکم دەیەوێ سەگێک بکڕێ.

 

ئیشەکەم هەڵگرتنەوەی زبڵ وخاشاکە لە پارکەکان.

من لەگەڵ یوناس کار دەکەم.

یوناس لە من بەهێز ترە.

ئەو لوتێکی سوری پێوەیە.

هەروا توکی بەسەرەوە نییە.

هەر بۆیە کڵاو لەسەر دەکا.

ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خۆرەکە سەری نەسوتێنێ.

 

من و یوناس کاری پاککردنەوەو جوانکاری دەکەین.

ئێمە زبڵ وخاشاک هەڵدەگرینەوە.

کاتێ کە خەڵک لەدەرەوەی تەنەکە خوڵەکان فڕێ یان داون.

زۆربەی ئەوانەی دێن بۆ پارکەکە، کاتێ ئێمە دێن خوشحاڵ دەبن.

ئەوان پێیان وایە ئێمە ئیشێکی گرنگ دەکەین.

بەڵام هەندێ کەس پێیان وانیە.

هەندێ کەس گوێ ناداتێ.

زبڵ و خاشاک فڕێ ئەدەن.

گەرچی ئەمە لەرووی یاساییەوە قەدەغەیە.

 

من هەوڵ ئەدەم کارەکەم بکەم لەگەڵ بزەیەک لەسە لێو.

ئەگەر بزەیەک بکەم بۆ ئەوانەی زبڵ فڕێ ئەدەنە دەرەوەی تەنەکەخۆڵەکە لەوانەیە توزێ خوشحاڵ تر بن.

لەوانەیە ئەوەی خوشحاڵە

ئازا بی لە ڕاگرتنی پاکی و جوانی پارکەکە.

لەوانەیە.

بەڵام ئەم تەنیا شتێکە کە من پێم وایە.

من بەتەواویەتی دڵنیا نیم.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەشی دووەم

 

من خۆشحاڵم

هەندێ لەوانەی خوشحاڵن،

خوشحاڵ تر دەبن کاتێ ئێمە دێن.

هەندێ لەوانەی توڕەن،

خوشحاڵ دەبن کاتێ کە من بزەیەک دەکەم.

بەڵام هەمووی نە.

من ناتوانم پێشەکی ئەمە بزانم.

من نایانناسم.

من نازانم بۆچی ئەوانە توڕەن.

بەڵام بەهەرحاڵ من بزەیەک ئەکەم.

ئەمرؤ زیاتر لە رۆژانی ئاسایی بزەم کردووە.

من سڵاو لە زوربەی خەڵک ئەکەم گەرچی نەشیانناسم.

 

_های، من دەڵێم.

_ بۆچی بزەت لەسەر لێوە؟ ئافرەتێکی توڕەی قژ شین دەپرسێ.

_ پێم خوشە، من دەڵێم.

_ ئەمرۆ دایکم دەیەوێ سەگێک بکڕێ.

_ سەیرە، ئەو دەڵێ.

_ چی دەیەوێ لەگەڵ بکا ؟ شوربای بۆ لێدەنێ ؟

_ نە، ئەو دەیەوێ هاوڕییەتی ئاژەڵ بکا.

_ چ جۆرە هاورێیەتییەک ؟ ئافرەتەکە دەپرسی و قوڵی شوڕ ئەکاتە نێو تەنەکە خوڵەکە.

ئێستا بزەیەک دەکا. بەڵام زیاتر بۆ خۆی.

بوتڵێکی خاڵی دەردێنێ.

_ چ جۆرە هاورێیەتییەک ؟ ئافرەتەکە جارێکی دیکە دەپرسێ.

_ هەندێ هاورێیەتی نە، دەیەوێ سەگەکە ببێ بە هاورێ یی، من دەڵێـم.

_ من ناتوانم هەمیشە لەگەڵ دایکم بم.

من کار دەکەم.

_ ئایا تۆ دڵنیای کە بۆ هاورێیەتی نانی نێوەرۆ نییە، ئافرەتەکە دەڵێ.

_ لەگەڵ شوربای سەگ بۆ جەمی سەرەکی!

ئێستا بزەیەکی پان و پۆڕ دەکا، بەڵام گەرم و نەرم نییە.

من وا بیر دەکەمەوە کە زگم پێ بسوتێ.

_ رۆژێکی خۆشە، من دەڵێم.

_ پەکۆ! ئەوەی گوت وپرچە شینەکەی با ئەدا .

دوایی رێگای خۆی دەگرێتە بەر.

 

یوناس هات بۆ لام کاتێ ئافرەتەکە رۆیشت.

_ ئەمە کێ بوو، پرسیار دەکا.

_ ئافرەتێک بوو، وەڵامم دایەوە.

_ ئافرەتێک کە دەیەوێ تەنەکە خۆڵەکان هەڵداتەوە، یوناس دەڵێ.

من دڵنیا نیم کە ئەو حەزی بەم شتانەیە.

بەڵام ئەم قسەیەم بە یوناس نەگوت.

یوناس هەمیشە هاورێیەکی باش نییە.

_ بەهەرحاڵ ژنەکە زبڵ ناخاتە سەر ئەرز، من دەڵێم.

_ وەرە، یوناس دەڵێ.

_ ئەمە هەندێ شتە.

خەڵۆزی برژاندن ( یەکجار بەکارهاتوو ) لە تەک گۆمەکەیە.

 

عەرەبانەیەک کیسەی زبڵمان هەیە،

وێنەیەک لەچەکەکانی شارەوانی.

لە پشت کیسە زبڵەکانەوە، سەبەتەیەکی بچوک هەیە.

پێداویستیەکانمان لەو سەبەتە دایە >

خاکەنازێکی بچوک.

لایتێکی دەستی.

دارێکی درێژ لە خوارەوەی دا وەک پلایس وایە.

بەم دارە زبڵ هەڵدەگرینەوە لەسەر ئەرز.

عەربانەکە بە ئاسانی دەڕوا.

زۆر خۆشە کاتێ پاڵی پێوە دەنەی.

من و یوناس بە نۆرە پاڵ بە عەرەبانەکەوە دەنێن بەرەو کەناری گۆمەکە.

گۆمەکە دەکەوێتە ئەو بەری پارکەکە.

ماوەیەکی کەمە بۆ رۆیشتن.

شتێکی وا نیە.

 

خۆر هەڵهاتووە.

باڵندەکان لای تەختەکان نیشتونەتەوە و گوڵیش سەرێ لەخاک دەرهێناوە.

باڵندەکان قەهوایین.

ئەمانە چێشکەن.

گوڵەکان زەردو سورن.

 

خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەیەو دەڕوا.

لەزەت لە کەش و هەواو، باڵندەو گوڵەکان دەبینن.

لەزەت لە هاوین و سروشتی ناو شار ئەبینن .

هەندێک بە تەنیا پیاسە دەکەن.

یان  لەگەڵ خوشەویستەکەی پیاسە دەکا.

هەندێکی تریش لەگەڵ سەگەکەی پیاسە دەکا.

 

 

 

 

 

 

بەشی سێ یەم

 

من و یوناس پاک دەکەینەوە

لەتەک گۆمەکە پیاوێک ڕاوەستاوە کڵاویکی زەرد لەسەریەتی لەگەڵ عەرەبانەیەکی مناڵ.

پیاوەکە وردەنان بۆ مراویەکان فڕێ ئەدا.

بزەیەک دەکا، کاتێ بەرەو رووی درۆم.

_ های، من دەڵێـم.

_ های، ئەو دەڵێ و کڵاوە زەردەکەی بەرز ئەکاتەوە.

خەڵک ئەوەهای دەکرد لە زەمانی پێشوودا.

ئەمە رێز پێشاندانە.

ئێستا وەک پێشان خەڵک زۆر کڵاو لەسەر ناکا.

ئەوەی کڵاویش لەسەر دەکا لەکاتێ سڵاو کردن بەرزی ناکاتەوە.

من پێم خۆشە کە پیاوەکە رێزدارە.

کڵاوە زەردەکەیم خۆش ئەوێ.

_ پێم خۆشە، من دەڵێم.

_ ئەمرۆ دایکم دەیەوێ سەگ بکڕێ.

_ زۆر باشە، ئەو دەڵێ

مناڵی نێو عەرەبانەکە بزەیەک لەسەر لێویەتی.

ئەمە کچە.

کچەکە کراسێک و سوخمەیەکی پەمەیی لەبەر دایە.

ئاسایی نییە، کوڕ جلی پەمەیی لەبەر بکا.

بەڵام هەندێک ئەو شتە دەکەن کە ئاسایی نییە.

لەوانەیە پیاوی کڵاو زەردەکە ئەمەی پێخۆش بێ.

بەڵام بۆ دڵنیایی من پرسیار ئەکەم.

_ ئەمە کچە یان کوڕە؟

_ ئەمە کچە، پیاوی کڵاو زەردەکە ئەڵێ.

_ کچەکە ناوی ئەورورایە.

ئەورورا بزەیەک دەکا و پێدەکەنێ و بەتف گڵوب ئەکا.

تفەکەی دەڕژێتە سەر بوکە شووشەکەی کە لەداوێنی دایە.

_ ئەش، یوناس دەڵێ.

_کچەکە تف دەکا.

_ ئەمە شتێکی ئەوتۆ نییە، پیاوی کڵاو زەردەکە دەڵێ و خۆی دەچەمێنیتەوە بەسەر عەربانەکەی دا.

_ کچەکە سوخمەی لەبەرە، من دەڵێم.

_ بەدڵنیایی یەوە، پیاوی کڵاو زەردەکە دەڵێ.

پیاوەکە لیکاوێ ئوروراو و تفی سەر بوکە شووشەکە خاوێن دەکاتەوە.

ئەو جارێ تر کڵاوەکەی بەرز دەکاتەوە.

کیسەی بەتاڵی نان فڕێ ئەداتە نێو تەنەکە خۆڵەکەوەو

دەڕوا بۆ شوێنێکی تر.

من ئەم پیاوەم زۆر خۆش دەوێ، گەرچی بەتەواوەتی نایناسم.

 

هەندێ زبڵ لەدەرەوەی تەنەکە خۆڵەکەیە

لەوانەیە خەڵوزی برژاندن بێ یان زبڵی تری کەناری گۆمەکە بێ.

ئەمە هەندێ نایلون و پارچە گۆشت و

چوار شووشەی بەتاڵە.

هەندێک ئاهەنگیان هەبووە، دوای خۆیان خاوێنیان نەکردۆتەوە.

پاککردنەوە من و یوناس پێ هەڵدەستین.

من شتە بچوکەکان کۆ دەکەمەوە

بەو دارەی دەمی وەک پلایسە.

بەڵام بوتڵەکان دەبێ بەدەست هەڵیانگرمەوە.

خوشبەختانە دەستکێشم هەیە بۆ کارکردن.

دەستکێشەکەم لە مەتریاڵی ئەستور دروست کراوە.

بەشێوەیەک کە بریندار نابم کاتێ پارچە شووشەکان هەڵدەگرمەوە.

 

من و یوناس هیچ ناڵێن، کاتێ پاشماوەی ئاهەنگ پاک دەکەینەوە.

ئەو هەناسەی سارد هەڵدەکێشێ و برتەو بۆڵە دەکا.

کەچی من ئەمە ناکەم.

من حەز ناکەم سکاڵا بکەم.

من حەز دەکەم کەخۆشحاڵ بم.

من حەز دەکەم بەوەی کاری پاک و پوخت دەکەم.

بەڵام بێزەوەرە پرت و پیسی دوای ئاهەنگ.

بەتایبەتی کاتێ دوای خۆیان خاوێن ناکەنەوە.

 

ئێستا ئیشەکانمان تەواو،

زبڵێکی زۆر لە نێو کیسە دایەو خراوەتە نێو عەرەبانەکەوە.

من پێـم وایە پێویستمان بە پشوویەکە.

­­_ دەرۆین بۆ باغچەی سەگان، من دەڵێم.

یوناس وەڵامم ناداتەوە.

من نازانم کە ئەو حەزی لێ یە یان نە.

بەڵام وێڕای ئەوەش لەگەڵما دێت.

 

 

 

 

 

بەشی چوارەم

 

سەگەکان فێر دەبن کە جوان دانیشن

لە پشت پەرژینی پارکەکە دەشتێک هەیە.

لەوێ سەگەکان دەتوانن بە ئازادی ڕا بکەن.

لە پارکەکە دەبێ سەگ بە پەت ڕابکێشرێ بەڵام لە باغچەی سەگان ئازادن.

لە باغچەی سەگان، سەگ دەتوانێ بەدوای پارچە دارێک دا ڕا بکا، هەروا سەگ دەتوانێ یاری لەگەڵ سەگێکی تر بکا.

 

من دەمەوێ لەگەڵ سەگەکەی دایکم کە نێوی لابنە بچین بۆ باغچەی سەگان.

پێ دەچی حەزی لەو شوێنە بێ.

دواتر جارێکی تر خۆی دەیناسێتەوە.

لەوانەیە پێشتریش پێ بزانێ.

کاتێ بەرەو پارکەکە دەرۆین.

لەوێ کلک دەلەقێنێ و دەنوزێتەوەو بەپەتێک ڕادەکێشرێ.

ئیدی دەبێ بەرەڵڵای نەکەم.

ئەوە گرنگە کەمن پێشانی سەگەکە بدەم کەمن سەرداری ئەوم.

من دەتوانم برۆم بۆ کۆرسی فیربوون.

من و دایکم وسەگەکەمان دەتوانین پێکەوە بڕۆین بۆ کۆرس.

فیرمان دەکەن کە چۆن سەگ پەروەردەو بەخێو بکەین.

هەروا ئێمەش دەتوانین سەگەکە فێری فێڵ بکەین.

 

پشتی پەرژینی پارکەکە زۆر جار خەڵکی لێ یە.

فێری سەگەکانیان دەکەن چۆن فێڵ بکەن.

ئەوەش دەبێ یەکێ فێری سەگەکەی بکا چۆن دانیشێ.

دەبێ پێ بڵێ دانیشە.

کاتێ کە بۆ ماوەیەک جوان دائەنیشێ.

دەبێ پیاو خەڵاتیان بکا یان چەشەیان بداتێ.

بۆ نموونە پارچە پسکتێک.

ئەوەش دەبێ فێریان بکەین چۆن توقە دەکەن.

دەبێ پیاو پێ بڵێ دەستت بێنە.

پیاو دەتوانێ فێریان بکا چۆن خۆیان گرمۆڵە دەکەن.

ئیدی دەبێ پیاو بڵێ گرمۆڵە، خۆی دەزانێ.

هەروا پیاو دەتوانێ یاری (مردن ) فێریان بکا.

من دەمەوێ فێری سەگەکەی دایکم بکەم چۆن جوان دانیشێ هەروا توقە

بکاو گرمۆڵە بێ.

بەڵام یاری ( مردن ) نە.

من پێم وایە ئەمە فێڵێکی خۆش نییە.

 

من و یوناس دەڕۆین بۆ لای پەرژینەکەو سەیری ناوەوەی ئەکەین.

ئەمرۆ سەگێکی زۆری لێ یە.

سەگێکی زێڕینی ڕاوی لێ یە ڕا دەکاو کلک دەلەقێنێ.

ئەو ژنەی کە خاوەنیەتی وا خۆی پێشان نادا کە سەرداری سەگەکەیەتی.

ژنەکە دەستی ڕادەوەشێنێ.

بەڵام سەگی زێڕینی ڕاو تەنیا ڕادەکاو کلک دەلەقێنێ و لیکاوێ لێ دەچوڕێ.

 

سەگەکە جوان دێتە پێش چاو.

سەگی زێڕینی ڕاو دوو چاوی جوانی هەیە.

من بیر دەکەمەوە سەگەکەی دایکم دەبێ چ جۆرە سەگێک بێ.

سەگی وا هەیە توکی درێژە.

سەگی تریش هەیە توکی کورت و لوولە.

من دەتوانم رەگەزو جۆری سەگەکان بناسمەوە>

سەگی زێڕینی ڕاو.

شافەر.

سپانیول کوکەر.

پودل.

دایکم جۆرو ڕەگەزی سەگەکەی خۆی پێ گوتم،

بەڵام من لەبیرم کرد.

هیوادارم جۆرئ پودل نەبێ.

ئەگەر سەگەکەی دایکم پودل بێ کە من پێم وایە.

ئەوە دایکم ئەڵقەیەک بۆ بەستنەوە لە ملی دەکا.

ئەوەش عەیبەیە لەگەڵ سەگێک برۆی بۆ پیاسە ئەڵقەی لە مل بێ.

بەڵام لەوانەیە هیچی لەگەڵ نەکرێ.

لەوانەیە ئەوەش ئاسایی بێ.

من دەتوانم پێش ئەوەی بێن بۆ پارک ئەڵقەکەی لە ملی بکەمەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەشی پێنجەم

 

ئاسمان زۆر شینە

من و یوناس ماوەیەکی درێژ لە تەک باغچەی سەگان ڕاوەستاین.

ئەو ژنەی کە خاوەن سەگی زێڕینی ڕاوە قژێکی ڕەشی لوولی هەیە و

چاکەتێکی سەوزی لەبەر دایە، گۆنای ژنەکە سور هەڵگەڕاوە.

چونکە بەدوای سەگەکەی دا ڕای کردووە.

ژنەکە هاوار دەکا.

_ دیک، هاوار دەکا.

سەیری ئێمە دەکاو دەستی ڕادەوەشێنێ.

_ ئەمە ئاسان نییە، ژنەکە دەڵێ و پێدەکەنێ.

_ ئێوە پێشنیارێکتان هەیە.

_ تۆ دەبێ جارێکی تر بڵێ (دیک ) ، من دەڵێم.

_ پێم وایە ئەمەی ناوێ، ژنەکە دەڵێ.

_ پێ بڵێ دانیشە، من دەڵێم.

_ یان گرمۆڵە بکە.

ئافرەتەکە پێدەکەنێ

_ ئەو دەبێ بچێ بۆ کۆرس، من بە چپەوە بە یوناس دەڵێم.

_ ئیدی ژنەکە فێر دەبێ کە پێشانی سەگەکەی بدا کێ سەردارە.

یوناس هیچ ناڵێ.

بەڵام تەماشای من دەکا.

 

لەناکاو سەگێکی تر دێ.

دوور لەسەگی زێڕینی ڕاو ڕاوەستاوە.

ئەمە جۆری شافەرە.

گویچکەی قیت دەکاتەوەو سەیری سەگی زێڕینی ڕاو ئەکا.

شافەر وا دێتە پێش چاو کە سەگی دیکەی خۆش نەوێ.

ئەو ژنەی کە خاوەنی سەگی زێڕینی ڕاوە،

خەریکە نیگەران ئەبێ و گۆنای سور هەڵدەگەڕێ.

بەڵام پیاوێک لە دوایی دا دێت.

_ دانیشە گێلە، ئەو دەڵێ.

ئەمە شافەرە ناوی گێلەیە.

ئەو ژنەی کە چاکەتێکی سەوزی لەبەر دایە، بزەیەک دەکا.

کابرای خاوەنی شافەر.

هەموو قوڵێ لەسەرەوە کوتاوە بە تاتۆ.

ئەو هێچ بزەیەک ناکا.

تەنیا شافەر لەگەڵ خۆی دەباو دەڕوا.

من ئاوەڕ ئەدەمەوە بەلای یوناسا.

بەڵام ئەو رێگای خۆی گرتۆتە بەر و دەڕوا.

 

لای پەیکەرەکە فریای کەوتم

_ بۆچی دەڕۆی؟ پرسیارم لێکرد.

_ دەبێ ئێمە ئیش بکەین، یوناس دەڵێ.

_ ئێمە کاتمان نییە ڕاوەستین و سەیری سەگەکان بکەین بە درێژایی رۆژ.

لەمەدا هەق بەلای ئەوە.

 

من پێم خۆشە سەگەکەی دایکم لابون بێت.

من پێم خۆشە لابون لەگەڵ خۆم بەرم.

بۆ پشتی پەرژینەکە، لەوێ سەگەکان بەئازادی ڕا ئەکەن.

من پێم خۆشە پارچە دارەکە بۆی فڕێ دەم.

ببینم کە لابون بەدوای پارچە دارەکەیا ڕا دەکا.

من پێم خۆشە دوایی دەستی پیا بهێنم.

من پێم خۆشە کە هەست بکەم

بە گەرم و نەرمی فەروەکەی و

پەنجەکانم بەزمان بلێسێتەوە.

سەگ چاکترین هاورێی مرۆڤە.

بیربکەرەوە کە لابون ببێتە باشترین هاوڕێیەم.

ئەمەش بۆی هەیە و رێگای تێ دەچێ.

 

من پێم وایە خۆرەکە زۆر گەرمە.

من پێم وایە ئاسمان زۆر شینە.

من بزیەک ئەکەم بۆ یوناس.

گەرچی ئەو وەڵامی بزەکەم ناداتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەشی شەشەم

 

سەگ دەتوانێ قەپ بگرێ

من و یوناس نانی نیوەرۆ لەسەر مێزێک دەخوێن،

لەتەک شارەوانی.

من پەنیری قەهوایی لەسەر سەمونەکەمە.

یوناسیش مورەبا.

من باسی سەگەکەی دایکم دەکەم.

 

ئەمرۆ دایکم دەیەوێ سەگێک بکڕێ، من دەڵێم.

هەست دەکەم دڵم لێ ئەدا.

ئوی، یوناس دەڵێ.

یوناس بە دەمی کراوە نانەکەی دەجوێی.

کەمێک بێزەوەرە سەیر کردنی.

_ خۆشە سەگت هەبێ، من دەڵێم، من پێم خۆشە.

_ من سەگم خۆش ناوێ، یوناس دەڵێ.

ماوەیەک هەردووکمان بێ دەنگ ئەبین.

کۆترێک بەرەو لای ئێمە دێ.

تەنیا باڵێکی بەتەواوەتی سپی یە.

ئەگینا تێکرای لەشی خوڵەمێشی یە.

لە ژێر مێزەکە وردەنانی سەر ئەرزەکە دەخوا.

لە ژێر مێزەکە تەنیا وردەنان بەدی ناکرێ

بەڵکو پارچە سەمونیشی لێ یە.

کە یوناس فڕێ داوەتە ژێر مێزەکە.

یوناس چی تر نان ناخوا.

خواردنەکەی دەداتە کۆترەکە.

یوناس پارچە سەمون لەگەڵ مورەبایە بۆی فڕێ ئەدا.

کۆترەکە خۆشحاڵ دەبێ.

هەڵدەپەرێ و باڵەکانی لەیەک ئەدا.

 

ئێستا چەند کۆترێکی تر هاتن بۆ ژێر مێزەکە.

زانییان کە شتێکی تایبەت لێ یە.

مورەباکەی یوناس شتە تایبەتی یەکەیە.

چی تر کۆترە باڵ سپیەکە تەنیا نییە.

بە ترساو دێتە پێش چاو.

ئەمە بەباشی هەستی پێ ئەکەم.

 

چۆن دەبێ یەکێ حەز لەسەگ نەکا؟

من سەرم لەمە دەرناچێ.

چۆن دەبێ  یەکێ حەز

لە باشترین هاورێی مرۆڤ نەکا ؟

 

بۆچی حەز لەسەگ ناکەی؟ من پرسیارم کرد.

_ توکیان هەڵدەوەرێ، یوناس دەڵێ.

_ هەروا لیکاویان دێتە خوارەوەو بۆنێکی نامۆیان هەیە .

 

من بیر لە قسەکانی یوناس دەکەمەوە.

توکیان هەڵدەوەرێ.

ئەمە ڕاستە.

سەگەکان توکیان هەڵدەوەرێ.

هەندێ سەگ هەیە بە زۆری توکی هەڵدەوەرێ

بەڵام هەمووی نە.

پەیوەندی بە جۆرو رەگەزیانەوە هەیە.

پودل توکی هەڵناوەرێ.

ئەمەش لەبەر ئەوەیە توکی زۆر لوولە.

 

یوناس دەڵێ سەگ لیکاوێ دەچوڕێ.

بوستەر لیکاوێ زۆر دەچوڕێ.

هەندێ جار مرۆڤیش لیکاوێ دێتە خوارەوە.

 

من بیر لە ئورورا دەکەمەوە کە لە نێو عەرەبانەکە دا بوو.

سوخمەی لەبەر بوو.

هەرگیز سەگم نەبینیوە سوخمەی لەبەر بێ.

بەڵام ئەمە ئاسایی یە.

لە خراپترین حاڵەت دا.

من لە نەختی لیکاو نەترساوم.

 

بۆنی سەگ نامۆیە ؟

ئەمە پێشتر بیرم لێ نە کردبوەوە.

زۆر شت هەیە بۆنی نامۆیە.

زبڵ بۆ نموونە.

لە کاتێ ئیش کردن دا زۆر شت ئەدۆزمەوە کە بۆنیان نامۆیە.

خەڵوزێ برژاندن ( یەکجار بە کار هاتوو ) و پاشماوەی خواردنی کۆن و سمورەی مردارەوە بوو.

من خۆشحاڵ نیم بە بۆنی نامۆ.

بەڵام زۆر کاریگەریی نییە لەسەرم.

من پێم وایە بۆنی نامۆ گرفتێک نییە.

بەڵام من نەمزانیوە.

 

ماوەیەک دائەنیشین بە بێ ئەوەی قسەیەک بکەین.

یوناس خەریکە پارچە سەمون فڕێ ئەداتە ژێر مێزەکە.

من تەماشای کۆترەکان دەکەم کە چۆن وردەنان بەدەنوک هەڵدەگرنەوە.

کۆترە باڵ سپی یەکە زۆر باش نایەتە بەرچاو.

کۆترەکانی تر لێ ناگەرێن.

رێگای پێ نادەن.

من لە باتی یوناس بومایە.

چی تر پارچە سەمون فڕێ نادەم.

لەبەر ئەوەی کۆترەکان ناتوانن دابەشی بکەن.

بەڵام یوناس هەر بەردەوامە.

تەماشای کۆترەکان ناکا.

سەیری پێشی خۆی دەکا.

یوناس بیر لە هەندێ شت ئەکاتەوە کە حەزی لێ نییە.

لەم ساتانەش نێوچاوانی لوچ ئەبێ.

زۆر قووڵ و تاریک دەڕوانێ.

منیش حەزم لێ نییە.

دەمەوی لوچی نێوچاوانی نەمێنێ.

 

_ ئەمە شتێکی بایەخ دار نییە، لەکۆتایی دا دەڵێم.

_ وەکو چی؟ یوناس دەپرسێ

_ ئەمە شتێکی ئەوتۆ نییە کە سەگەکەی دایکم توکی هەڵوەرێ یان لیکاوێ بێتە خوارەوە یان بۆنی نامۆ بێ، بەهەر حاڵ من پێم خۆشە.

یوناس تەماشای من دەکا.

_ ئەمە خراپترین شت نییە کەباسی دەکەین، یوناس دەڵێ.

 

ئێستا زۆر توڕەم.

زگم هاتە ژان.

کەم جار روو ئەدا کە یوناس سەیری نێو چاوم بکا.

_ بیربکەرەوە، یوناس گوتی.

_ بیر لە چی بکەمەوە ؟

یوناس بە تەواویەتی ڕەنگی چاوی خوڵەمێشی یە.

ڕەنگی چاوی لە ڕەنگی ئاسمان دەچێ.

ئاسمانیش ڕەنگی بوو بە خوڵەمێشی.

_ بیر بکەرەوە، سەگەکە قەپ بگرێ، بەچرپەوە دەڵێ.

 

بەشی حەوتەم

 

هەندێ کەس پیسایی سەگ بەجێدێڵێ

_ بیربکەرەوە کە سەگەکەی دایکت قەپ بگرێ، بەچپەوە یوناس دەڵێی و چاوە خوڵەمێشیەکانی دەتروکێنێ.

_ سەگەکەی دایکم قەپ ناگرێ، من دەڵێم.

_ تۆ ناتەوێ ئەو راستی یە بزانی، یوناس دەڵێ.

_جارێ تا ئێستا دایکت شارەزای نەبووە.

ئەمە ڕاستە.

ئەمە پێشتر بیرم لێ نەکردبوەوە.

دەبێ زیاتر بیری لێ بکەمەوە.

 

هەندێ سەگ قەپ دەگرێ.

بیربکەرەوە کە سەگەکەی دایکم بەو شێوە بوایە.

بیربکەرەوە کە خەڵکی خۆش نەوێ.

لەوانە دایکم خۆش بوێی بەڵام من نە.

 

یوناس هەڵدەستێ.

لوچی نێوچاوانی نەماوە.

وردە سەمون نەماوە، کۆترکانیش فڕین.

یوناس بزەیەک دەکا.

_ ئاخۆ شتیک هەیە بیری لێ بکەیتەوە، ئەو دەڵێ.

کاغەزی خواردنەکە گرمۆڵە دەکاو دەیکاتە تۆپێک.

منیش پاڵ بە عەرەبانەکەوە دەنێم بێ ئەوەی شتێک بڵێم.

ئیدی دەست ئەکەم بەڕۆیشتن.

 

ئیشەکەم هەڵگرتنەوەی زبڵە لە پارکەکەدا.

لە کارەکەم دا یەلەکی پرتقاڵی و دەستکێشی پلاستیک بە کار دەهێنم.

من و یوناس کاری پاککردنەوە ئەکەین.

زبڵ و خاشاک لە ئەرزەکە هەڵدەگرینەوە.

خەلک وا هەیە فڕێ ئەداتە دەرەوەی تەنەکە خۆڵەکە.

هەندێ زبڵ فڕێ ئەدەن.

گوێ نادەنێ.

تەنیا فڕێ ئەدەنە دەرەوەی تەنەکە خۆڵەکە.

گەرچی ئەمە یاسایی نییە.

من لەگەڵ یوناس کار دەکەم.

بەڵام من پێویستم پێ نیە قسەی لەگەڵ بکەم.

 

وێڕای ئەوەش یوناس قسە ئەکا.

_ پێت ناخۆشە ئێستا، لەگەڵ بزەیەک پرسیار ئەکا.

_ قەپت لێ بگرێ ؟

من وەڵام نادەمەوە.

من پێم وایە یوناس ناشرینە کاتێ بزەی لەسەر لێوە.

من هەموو شتێ هەڵدەگرمەوە، تەماشای پاشماوەی خواردن ئەکەم.

بە بێ ئەوەی قسە لەگەڵ یوناس دا بکەم.

من بچوکترین کاغەزی بنێشت هەڵدەگرمەوە.

من لە ژێر درختەکان دەدرەوشێمەوە.

من هەموو شتێ هەڵدەگرم.

وازم هیناوە لەسەر هەڵبڕین.

چی دی بزە بۆ خەڵک ناکەم.

کارێکی ماندوو هێنەرە هەمیشە بزە بۆ خەڵک بکەیت.

هەندێ سەگ قەپ ئەگرێ.

هەندێ سەگیش حەزی لە قەپ گرتنە.

بیربکەرەوە سەگەکەی دایکم لە پشت دەرگاکەوە ڕاوەستا بێ.

لە خانوەکەی دایکم چاوەڕێیم دەکا.

بیر بکەرەوە کە دەحەپێ.

کاتێ گوێی لە ترپەی پێم ئەبێ لەسەر قاڵدرمەکە.

ددانەکانی ئەکاتە جیڕەوە.

خۆی ئامادە دەکا.

 

من دەپرسم لە کوێ بۆی هەیە قەپ بگرێ؟

ئەگەر قەپ لە قاچم بگرێ،

لەوانەیە نەتوانم کار بکەم.

وەک نەخۆش لەماڵەوە دەبم.

بە هەرحاڵ بۆ ماوەیەک.

ئیدی ناتوانم لەگەڵ یوناس کار بکەم.

 

لەوانەیە سەگەکەی دایکم قەپ لەدەستم بگرێ.

لەوانەیە بە باشی تێپەڕی.

لەوانەیە وەک ڕابوردن وا بێ.

کاتێ بەسەریا دەچەمێمەوەو دەستی پیا دەهێنم،

لەوانەیە بقروسکێنێ .

ددانەکانی بچەقێنێتە پێستم.

گۆشت و دەمارەکان.

تا سەر ئێسقان.

لەوانەیە ئەمە رووبدا.

 

کاتێ باراناو کۆ دەبێتەوە لە گۆمێکی گەورەدا.

قونکە جگەرەکان ئەکەونە سەر ئاو.

هەندێ جار قونکە جگەرەکان دەنوسێنە پیسایی سەگەوە.

پیسایی سەگ، قونکە جگەرە، ئاوی تێکەڵ بێ،

دەبێتە قوڕاوە.

بۆنێکی پیسی لێ دێ.

بۆنێکی تەواو نامۆ.

ئەو کات دەبێ خاکەناز بەکار بهێنێ.

 

ئەوانەی بۆ پیاسە دەرئەچن لەگەڵ سەگ دا،

دەبێ ئەوە لە بیر نەکەن کە کیسە لەگەڵ خۆ بەرن.

تەنەکە خۆڵێ زۆرمان هەیە.

دەبێ بە کیسە پیسایەکە هەڵگرنەوەو

بیخەنە تەنەکەی خوڵەکەوە.

بەڵام هەموو کەس ئەمە ناکا.

هەندێ خەڵک پیساییەکە بەجێ دێڵن.

تا ئەو کاتەی دەبێتە قوڕاو.

ئەمەش کارێکی خراپە.

بەشی هەشتەم

 

دڵم بەتوندی لێ ئەدا

باران دەستی پێکرد.

خەڵک پارکەکە جێ دەهێڵن.

خەڵک حەز ناکا لە کاتێ باران بارین لە دەرەوە بن.

ئەم ڕاستی یە چاک دەزانم.

 

جلی کارکردنم داپۆشراوە.

وێڕای ئەوەش دەم و چاوم تەڕە.

خوارەوەشم تەڕە.

سەرمامە.

گەرچی مانگی حوزەیرانە.

 

عەرەبانەکە پڕە لە زبڵ.

من و یوناس بەرەو شارەوانی دەڕۆین.

لەوێ زبڵ بەتاڵ ئەکەین و کیسەی نوێ دەهێنین.

یوناس چی دیکە بزە لەسەر لێوی نییە.

بەڵام ئەو هیچ ناڵێ.

هەروا منیش هیچ ناڵێم.

دەنگمان لێوە ناێی.

هەر بۆیە یەکێ بقژێنێ چاک گوێم لێ دەبێ.

دەنگی قیژە لە ئاستی گۆمی ئاوەکەوە دێ.

 

_ دەبێ ئێمە بڕۆین بزانین چی روو ئەدا، من دەڵێم.

_ بۆچی ئەمە بکەین ؟ یوناس دەڵێ.

_ عەرەبانەکە پڕە، دەبێ کیسەی نوێ بهێنین.

_ بەهەرحاڵ دەبێ بڕۆین، لەوانەیە یەکێک پێویستی بە یارمەتی بێ.

کەواتە دەتوانین تەلەفون بۆ پۆلیس بکەین.

من گوێ بە وەڵام دانەوەی نادەم.

پێویست ناکا ئەو لەگەڵما بێت.

من دەتوانم بە تەنیا بڕۆم.

 

لەتەک گۆمی ئاوەکە کابرای تاتۆ لەسەر قوڵ ڕاوەستاوە.

لەگەڵ کابرای کڵاو زەرد دەمەقاڵییانە.

ئورورا لە نێو عەرەبانەکە دایە بە بێ جلی باران و دەقیژێنێ.

ئورورا تەڕ بووە.

بەدەنگی بەرز دەقیژێنێ و سەیر سەگی جۆری بوستەر ئەکا.

بوستەر لە نێوانیان ڕاوەستاوە.

سەگەکە شتێک لەدەمیەتی.

بوکە شووشەی مناڵەکەیە.

 

بوستەر قەپی لە بوکە شووشەی ئورورا گرتووە.

دەمی کردۆتەوە لە پەسا دەحەپێ.

بوکە شووشەکە لە پلاستیک دروست کراوە.

سەگەکە ڕایدەوەشێنێ.

هەر بۆیە ئورورا دەقیژێنێ.

ئەمە تەنیا شتێک نیە کە روو ئەدا.

 

پیاوی تاتۆ لەسەر قۆڵەکە لایەکی بوکە شووشەکەی گرتووە.

سەرەتا بوستەر نایەوێ بەری بدا.

پیاوی تاتۆ لەسەر قۆڵ دەبێ بوکە شووشەکە ڕاکێشێ،

ئەو دەبێ هاوار بکاو بڵێ بەری دە.

ئەمەش ماوەیەک دەخایەنێ لە کۆتایی دا بوستەر بەری ئەدا.

بەڵام بوکە شووشەکە بەتەواوەتی تێکچووە.

تا ڕادەیەک بۆەتە دوو لەتەوە.

بوستەریش لە پەسا دەقروسکێنێ.

پیاوی تاتۆ لەسەر قۆڵ بوکە شووشەکە ئەداتە کابرای کڵاو زەرد.

من پێـم وابوو کابرای کڵاو زەرد بوکە شووشەکە دەگەرێنێتەوە بۆ ئورورا.

بەڵام ئەمەی نەکرد.

ئەو فڕێ دا.

لە تەنەکە خوڵەکە نە.

کابرای کڵاو زەرد بوکە شووشە تێکشکاوەکەی فڕێ دایە ناو دارەکان.

 

من بەردەم خۆم نابینم کە بەرەو کوێ دەڕۆم.

تەنیا دەڕۆم.

ئیدی دەستم کرد بە ڕاکردن.

قاچەکانم دەیشن.

پشتی چاوم دەیشێ.

سەرمامە.

قاچەکانم تەڕن.

دڵـم بە پەلە لێ ئەدا، توند، توند.

 

هوی ! ئەو دەنگەی پێشم دەڵێ.

من وەزعم خراپە لە گەروومەوە هەستی پێ دەکەم.

ئەمە ئافرەتە قژ شینەکەیە.

لەسەر بەردێک ڕاوەستاوە کە رێگاکەی گرتووە.

من ئەوم نەبینی.

_ بۆچی توڕەیت ؟ ئەو پرسیار دەکا.

_  رۆژ باش، من دەڵێم.

هەوڵ ئەدەم بە تەکیا تێپەرم.

بەڵام ئەو نابزوێ و رێگایەکەی گرتووە.

_ لەشوێنێک بزەت لەسەر لێو بوو، ئێستاش توڕەی.

بۆ چی ئەوەها توڕەیت ؟

_ هیچ نییە، من دەڵێم.

_ بیربکەرەوە لە هاورێیەتی رۆژی لە دایک بوون، ئافرەتەکە دەڵێ.

_ هەیهو، من دەڵێم

ئیدی دەزانم کە دەربارەی سەگەکەی دایکم قسە ئەکا.

ئەو دەربارەی سەگەکە قسە ئەکا کە ببی بە هاوڕێی.

_ لەگەڵ کێکی پیسایی سەگ، ئەو دەڵێ و پێدەکەنێ.

ئەو ددانی لە دەما نییە.

تەنانەت تاقە ددانیکیش.

 

 

بەشی نۆیەم

 

من ماوەیەکی درێژ دوش ئەکەم

کاتێ لە کار دەستم کێشایەوەو گەڕامە ماڵەوە،

جلی ئیشم داکەند.

یەکسەر چوومە بەر دوشەکە.

من ماوەیەکی درێژ دوش ئەکەم.

دوو دەست سەرم دەشوم.

خۆم وشک کردەوە.

تراکسۆتم لەبەر کرد.

تەلەفزیونەکەم پێ کرد.

 

لە تەلەفزیونەکە بەرنامەیەکی دیکۆمینتاری نیشان ئەدا.

دەربارەی کۆتر لە شارێکی ئیتالی کە نێوی ڤەنەزیایە.

پروگرامەکە تا ڕادەیەک خۆشە.

کۆترێکی زۆر هەیە لە ڤەنەزیا.

هێلانەکانیان بە بنمێچەکەوە هەڵواسیوە.

فیلمەکە ناو هێلانەکانیان پێشان ئەدا.

بە کامێرایەکی زۆر گچکە.

پیاو دەتوانی هێلکەکان ببینێ کە دەتروکێن.

ئیدی بچگە کۆتری نوێ لە هێلکە دێنە دەرەوە.

 

لە ڤەنەزیا کۆترێکی زۆر هەیە.

هەندێک پێیان وایە کۆتر لە زبڵ خراپترە.

من پێم وا نییە بەو شێوە بێ.

کۆتر پەلەوەرە.

دەبێ بژێت.

 

من بە تێڕامانەوە سەیریان دەکەم.

زەنگی تەلەفونەکە لێ ئەدا.

چەندین جار بەردەوام لێ ئەدا.

من وا خۆم پێشان ئەدەم کە گوێم لێ نییە.

من دەزانم ئەو کێ یە کە زەنگی لێ ئەدا.

ئەوە دایکمە.

 

ئیدی پروگرامەکە کۆتایی پێ هات، پێنج جار زەنگی لێدراوە.

سێ جاریش تێکستی نووسیوە.

هەمووی لە لایەن دایکمەوەیە.

ئێستا چاوەڕێ تۆ دەکەین ! یەکەم تێکست دەڵێ.

ئاخۆ بەم زووانە دێت؟ دووەم تێکست دەڵێ.

ماگنوس ئاخۆ هیچ شتێک رووی داوە ؟ سێ یەم تێکست دەڵێ.

تەلەفونەکە دەخەمە نێو چەکمەجەکەوە.

ئیدی دەڕۆم ڕادەکشێم.

جارێ سەعات نەبۆتە پێنج.

 

من هەوڵ ئەدەم بیر لە دونیای سەگ نەکەمەوە.

بەڵام پێم ناکرێ.

بیر لەسەگی توڕەو ددان تیژ دەکەمەوە.

من بیر لە سەگی گەورەی توڕەو چاو مەترسیدار ئەکەمەوە.

من بیر لەسەگی گچکەو نەرم و نوڵ ئەکەمەوە.

کە هێمن و جوانە.

تەنانەت ئەوانەش کە قەپ دەگرن.

ئاسان نییە کە بزانیت چ سەگێک قەپ دەگری.

بزەی سەر لێو هیچ سودێکی نییە.

_ لەوانەیە وازی لێ بێنم، بیردەکەمەوە.

 

دەرگاکە لێ ئەدا.

_ ماگنوس ؟

ئەمە ستیفانە لە دەرەوە ڕاوەستاوە.

ئەو لەو دیو دەرگایەکەوە هاوار دەکا.

ستیفان بەریوبەری کومپانیای نیشتەجێ یە، مروڤێکی باشە.

من هەمیشە دەعوەتی ئەکەم بۆ کافێ خواردنەوە بەڵام ئەمرۆ نە.

_ چۆنی باشی ماگنوس ؟ دایکت زەنگی لێ دا.

دایکت نێگەرانە، دەڵێ بریارە چاوتان بە یەک بکەوێ.

_ من نەخۆشم، من دەڵێـم.

من سور هەڵدەگەرێم کاتێ ئەمە دەڵێـم.

گەرچی ئەمە درۆیە.

ئەوەی باشە من نابینێ.

_ تۆ دەبێ بچی بۆ دکتۆر ؟ ستیفان دەڵێ

من سەر با ئەدەم، بەڵام ئەو ئەمە نابینێ.

_ بێمە ژوورەوە، ئەو دەڵێ.

ئۆ ! ستیفان کلیلی پێ یە

ئەوە دەتوانی بێتە ژوورەو ئەگەر پێشهاتێکی ئاسایی نەبێ.

من هەمیشە پێم وایە لەرووی ئاسایشەوە باشە کە ستیفان کلیلی پێ یە.

بەڵام ئێستا ئاواتەخوازم کلیلی پێ نەبێ.

_ ڕاکشا بوی ؟ تۆ نەخۆش نییت، ستیفان دەڵێ.

کراسەکەی چوارگۆشە دارە، دەستەکانی زۆر زللن.

_  من پێم وابوو تۆ دەتەوێ بچی بۆ لای دایکت و سڵاو لە سەگەکەی بکەیت ئەمرۆ.

ئاخۆ شتێک بووە، ماگنوس ؟

من سەر با ئەدەم.

دوایی بەدەست ئاماژە دەکەم و

دەست ئەکەمە گریان.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەشی دەیەم

 

تۆ قەپ دەگری

ستیفان مینیبوس لێدەخوڕێ.

رەنگی ئۆتۆمبیلەکەی قرمزە.

پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکەی تەختە دارو کەل و پەلی تیایە.

لە پێشەوەی جێگایەک هەیە بۆ من.

رێگای گەیشتن بە شوێنی دایکم دوور نییە.

دەمتوانی بە پێ بڕۆم.

بەڵام ئەوەتە ستیفان بە ئۆتۆمبیل دەمبا.

بەردەوام بارانە.

_ دەکرا بە پیاسەش بڕۆین، ئەو دەڵێ.

 

دایکم لە ساختمانێکی زەرد دایە.

یەک پێچی قاڵدرمە لە پشی دەرگایەکە دایە.

ستیفان بە ئۆتۆمبیلەکەی دەچێتە سەر شۆستەکە.

 

پێش ئەوەی دابەزم، دەستە زلەکەی لەسەر شانم دادەنێت.

_ باش دەگوزەرێ، ستیفان دەڵێ.

_ من دڵنیام لەوە، ماگنوس.

بزەیەک دەکا.

ستیفان بزە بۆ ئەوانە دەکا کە خۆشحاڵن تەنانەت بۆ ئەوانەش دەکا کە حاڵیان خراپە.

نەختێک باشترە کاتێ کە بزەی لەسەر لێوە.

_ کاتێک گەڕایتەوە ماڵەوە، دەبێ بێ بۆ لام و پێم بڵێ کە چۆنی، ئەو دەڵێ.

 

دایکم لە نهۆمی دووەم دەژێ.

تەنیا قاڵدرمەیە بۆ سەرەوەیە.

بەڵام من ئیسکی لەشم دەیشێ.

بە دوای خۆما قاچەکانم ڕادەکێشم.

کەچی لەدوام نایەن.

قاچەکانم دەیانەوێ هەر لەسەر قاڵدرمەکە بمێنمەوە.

قاچەکانم دەیانەوێ سڵاو لە سەگەکەی دایکم نەکەم.

بیر بکەرەوە کە سەگەکە دەقروسکێنێ.

بیر بکەرەوە کە سەگەکە دەحەپێ.

قاچەکانم نایانەوێ ببنە شوێنی قەپ.

 

هەندی سەگ هێمنە.

بەڵام سەگەکەی دایکم وا نییە.

دانیشتوەو چاوەڕێمە.

لە پشت دەرگایەکە.

هەندێ سەگ گویچکەی قوتی هەیە.

ددانی تیژ کە دەتوانێ قەپ لە بوکە شووشەی پلاستیک و قاچی مروڤ بگرێ.

 

من لە پێش دەرگایەکەی دایکم ڕاوەستاوم.

دایکم دەرگایەکی قەهوایی هەیە.

نووسراوێک لەسەر دیوارەکەیە.

نووسراوە ماریا سڤینسون لێرە دەژێ.

ئەمە ناوی دایکمە.

گوڵێک لە تەنیشت نووسراوەکە وێنا کراوە.

بە جوانی دێتە پێش چاو.

پێشریش هەر جوان بووە.

بەڵام لەمەولا نازانم.

 

من گوێ هەڵدەخەم.

لەوانەیە بتوانم گوێم لەدەنگی سەگەکەی دایکم بێ.

وەک ئەوەی بقروسکێنێ ؟

بەڵام من گوێم لە هیچ دەنگێک نییە کە لەخانوەکەی دایکمەوە بێت.

تەواو هێمنە.

 

دەرگا دەکرێتەوە.

بە تەواوەتی لە پڕێکا.

ئەمە دایکمە.

خۆی بە تەنیایە.

 

_ های ماگنوس.

_ سەگەکە لە کوێ یە.

_ بۆ شپرزەی، ئەو پرسیار دەکا.

_ وا نیە، من دەڵێم.

ئەمە ڕاست نییە.

دایکم ئەمە دەزانێ.

_ دەمەوێ هەندێ شتی سەیرت پێ بڵێم، دایکم بە بزەیەکەوە پرسیار دەکا.

دایکم دەستم دەگرێ.

دەستی دایکم گەرم و لوچاوی یە.

_ من پێم وایە سەگەکەی دایکم کەمێک دەترسێ.

_ ها ؟

_ سەگەکە زۆر ئازا نییە، دەتەوێ بیبینی ؟

ئاخۆ لابن سەگەکەی دایکم ئازا نییە ؟

من ئەمە نازانم.

ئەو تەنیا سەگێکە !

لەگەڵ دوو گویچکەی قوت !

دەتوانێ قەپ لە پلاستیک و ئێسک بگرێ.

 

دەچینە هۆڵەکە.

سەگەکە لێمەوە دیار نییە.

تەنانەت گوێم لە دەنگیشی نییە.

من نازانم ئەو لە کوێ یە.

_ خۆی شاردۆتەوە، دایکم دەڵێ.

دایکم ئاماژە بۆ پشتی قەنەفەکە ئەکا.

 

من بە وریاییەوە خۆم دەچەمێنمەوە بە سەریا.

ئەمەش دەبێتە هۆی ژانە زگ و ژانە قاچ بۆ من.

بە هەرحاڵ خۆم بەسەر قەنەفەکەیا دەچەمێنمەوە.

لابن چۆن دێتە پێش چاو ؟

ئاخۆ زللی؟

ئاخۆ توڕەی ؟

قەپ دەگری ؟

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەشی یانزدە

 

دایە دەبێ وریا بی

لابن سەگەکەی دایکم لە نێو سەبەتەیەکی سور پاڵ کەوتووە.

لابن زۆر گچکەیە.

ڕەنگە بەقەد پشیلەیەک ئەستور بێ.

توکی زەردو کورتە.

پەتێکی شینی لە ملە.

بەڵام دەم وچاوی نابینم.

لە ژێر سەرینەکە دایە

 

_ ئەو خۆی دەشارێتەوە، دایکم دەڵێ.

دایکم قەنەفەکە پاڵ دەنێ و سەبەتەکە دەهێنێتە پێشەوە.

لابن دەنوزێنێ.

_ ماگنوس سەگەکە سامناک نییە، دایکم دەڵێ.

دایکم لابن لە نێو سەبەتەکە هەڵدەگرێ.

لابن دەم و لموزێکی پەمەیی هەیە.

بەڵام چاوەکانی نابینم.

چاوەکانی داخستووە.

 

من پەی پێ نابەم کە چۆن ببمە پیاوێکی ئازا.

لەوانەیە ببم.

دەستێک درێژ ئەکەم بەرەو لموزی لابن.

لابن بۆن بەدەستمەو دەکا.

بۆ ماوەیەکی درێژ.

دەمی دەکاتەوە.

بەڵام لابن قەپ ناگرێ.

لیکاوێ دێتەوە.

کاتێ لابن لیکاوی دێتەوە دەڕژێتە سەر دەستی من.

بەڵام ئەمە ئازاری نییە.

زمانی لابن پەمەیی یە.

ئێستا هەست بە هەناسەی ئەکەم.

هەناسەی گەرمە.

بۆنی کەمێک نامۆیە.

بەڵام من حەزم لێ یە.

 

لابن بەردەوام لیکاوێ دێتە خوارەوە.

_ لابن دەبینی، دایکم دەڵێ.

_ ماگنوس هێمنە.

ئیدی دایکم لابن بەرز دەکاتەوە بۆ سەرەوە.

ئەویش لموزی لە نێو فەروەکەی نوقم دەکا.

من پێم وایە دایکم زۆر وریا و ئاگادار نییە.

من هیوا دەخوازم دایکم زیاتر وریا و هوشیار بوایە.

 

ئیدی لابن سەیری من دەکا.

سەگیکی گچکەیە.

بەڵام چاوەکانی زۆر گەورەن.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەشی دوازدە

 

سەگەکەمان ناوی لابنە

من ناوم ماگنوسە.

ئیشم پاککردنەوەیە لە شارەوانی.

بەڵام ئەمرۆ ڕۆژی پشووی منە.

من و دایکم لەگەڵ سەگەکە لە پارک پیاسە دەکەین.

سەگەکەمان ناوی لابنە.

لابن جۆری پودلە.

دایکم دەڵێ ئەم سەگە وەک جۆری پودل وایە،

بەڵام من پێم وا نییە.

لابن تەنیا گوجیلە سەگێکە.

دەبێ ئاگامان لێ بێ.

سەگەکە ئازا نییە، بەڵام گرنگە ئەوە بزانی کە ئێمە سەرداری ئەوین.

 

دایکم پێ وایە ئەم کارێکی قورسە.

پێ وایە لابن زۆر بە توندی پەتەکەی ڕادەکێشێ.

لەگەڵ من دا ئەوە کارە ناکا.

لابن چاکترین هاوڕێمە.

لابن قەپ ناگرێ.

نە لە مرۆڤ نە لە بوکە شووشە.

لابن تەنیا لیکاوێ دێت.

ئەگەر ترسیشی لە شتێک هەبێ دەنوزێنێ.

حەزم لێ یە بەرزی کەمەوە.

ئەمە زۆر جار روو ئەدا.

 

من و دایکم ولابن بە لای باغچەی سەگان تێپەرین

لێرە سەگ دەتوانێ بە ئازادی ڕا بکا.

ئەمە سەگێکی جۆری شافەرە یاری (مەرگ ) و گرمۆڵە دەکا لەگەڵ خاوەنەکەی.

لابن دەنوزێنێ.

من ئەمە چاک دەزانم.

_ با نەچینە ژوورەوە بۆ لای گۆمەکە.

_ نە، دایکم دەڵێ.

_ لە جیاتی ئەوە دەچین بۆ لای گۆمەکە.

 

لای گۆمەکە مراویی لێ یە .

لابن لە مراویەکان دەترسێ.

جاریکی تر دەنوزێنێ.

من دەبێ هەڵیگرم بۆ سەرەوە.

لابن لە زۆر شت دەترسێ.

ئەوە هیچ نییە لابن، بە چپەوە دەڵێم.

دایکم بزەیەک لەسەر لێویەتی.

لەسەر تەختەکە دادەنیشێ.

 

ئەمرۆ خەڵوزی برژاندن ( یەکجار بەکار هاتوو ) نابینرێ لەتەک گۆمەکەدا.

کەس ئاهەنگی نەگێڕاوە.

ئەگەر یوناس لێرە نەبێ ئەوە پێشتر خاوێنی کردۆتەوە.

لەوانەیە وا بێ.

من و یوناس هاورێی ئیشین.

بەڵام لەوانەیە دۆست نەبین.

من پێم وایە ئەو هەمیشە مرۆڤیکی چاک نییە.

بەڵام نازانم ناخی چۆنە.

من نازانم کە ئەو لە چی دەترسێ.

بێجگە لەسەگ.

من لە سەگ ناترسم.

هەنووکە هیچم لە بیر نییە لێ بترسم.

لە رێگای دەرچوون لە پارکەکە ئافرەتە قژ شینەکە ئەبینم.

لەسەر تەختێک دانیشتووە.

شتێک لە باوەشی دایە.

سەرەتا پێم وا بوو سمۆرەیە

تەماشا ئەکەم ئاخۆ ئەمە چی بێ.

ئەمە سەگێکە.

سەگێکی بچکۆڵە لەگەڵ دوو گویچکەی قوت.

_ های کابرای پاککەرەوە، ئافرەتەکە دەڵێ.

کاتێ تێپەڕ بووین بزەیەکی بۆ کردین.

ئەمرۆ ددانی لە دەم دایە.

تاقم بە کار دەهێنێ.

ئەمە بەڕاستی جوانە.

هەموو مرۆڤێک بوی هەیە ڕۆژی خۆش و ڕۆژی ناخۆشی هەبێ.

ئەمڕۆ ژنە قژ شینەکە ڕۆژێکی خۆشی هەیە.

کاتێ ددانی لە دەمایە بە ناشیرین نایەتە پێش چاو.

_ های ئافرەتی قژ شین، من دەڵێم.

_ ئەمە کێ یە لە باوەشت ؟

_ ئەمە پێکسی یە، ئافرەتەکە دەڵێ.

لابن نایەوێ سڵاو لە پێکسی بکا.

ئەو دەیەوێ خۆی بشارێتەوە لە ژێر چاکەتەکەم.

ئەو شوێنەی کە زۆر پێ خۆشە.

_  ئاخۆ ئەمە سەگە ؟ من دەپرسم.

ژنەکە بەدەستی ئاماژە دەکا.

_ ئەم سەگە هاوڕێمە.

لە ناکاو نێگەران ئەبم

ئاخۆ ژنی قژ شینەکە لەگەڵ ئەم سەگە نان دەخوا ؟

مەبەستی هاوڕێیەتی نانی نێوەرۆیە ؟

_ بیرت نەکردۆتەوە کە شۆربای سەگ دروست بکەیت، ئاواتەخوازم؟

_ نە، ماگنوس، دایکم دەڵێ.

_ ئەوەها قسەیەک نەکەی.

بەڵام ئافرەتی قژ شین بزەیەک دەکاو سەری با ئەدا.

پێشتر من ئەمەم گوت، ئەو دەڵێ.

دایکم ئاگای لە هیچ نییە.

ئەمەی باشە.

بەڵام لابن سەری ناوەتە سینگمەوە.

فەرویەکی نەرم و گەرمی هەیە.

لموزی تەڕە

سەگەکەی من.

 

 

 

 

کۆتایی

٣١  /  ٨  /  ٢٠١٨

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە