پێنج شه‌ممه‌ 6 ئه‌یلول 2018

بۆچی دەنگدان بەحزبی شیوعى کوردستان

بەروار : 06 ئه‌یلول 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

 ئەبو کاروان

 

مارکسیزم لەجەوهەردا هزرێکی دیموکراسیە، ئەوە ڕاست نییە کە زۆر جار چ بەهەڵە یاخود بۆ شێواندن شۆسیالیزم وەک بەدیلێکی دیموکراسیەت یاخود بەپێچەوانە بەرامبەر یەکتر دادەنرێن. هەڵبەت دیموکراسیەت لای ئێمە تەنها ئامرازێکی سەتحی نییە بۆ حوکم، بەڵکو گرێدراوە بە سیستەمێکی گشتگیری ئەوتۆ کە کەرامەت و ژیان و ئازادی مرۆڤی تێدا دەستەبەر بکرێت، بەلای ئێمەوە دیموکراسیەت نابێت تاک ڕەهەندانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو پێویستە هەموو ئینسانێکی ئەم کۆمەڵگایە ڕۆڵ و بەشداری هەبێ لە پرۆسەى بڕیاردان، بێگومان تەنها له بڕیاری سیاسی نا، بگرە لە بڕیاری ئابوری و کللتوری و کۆمەڵایەتىیش. تەنانەت ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکەى دیموکراسیەت هیچی کەمتر نییە، لە ڕەهەندى سیاسی ئەگەر گرنگتر نەبێ، چونکە ڕێڕەوێکە بۆ زیندوێتی کۆمەڵگا و گەشەى شارستانیەتی.

 

 

دیموکراسیەتى فرە ڕەهەند مێتۆدێکی ڕاستەقینەیە بۆ جێبەجێبوونى ماف و داخوازییەکانى زەحمەتکێشان، بەمەرجێک زەحمەتکێش و پرۆلیتاریا کە زۆرینە پێکدێنن، بەفۆرمێکی تۆکمە خۆیان ڕێکبخەن. لەم سۆنگەیەوە لەسەرەتاکانى دامەزراندنى حزبی شیوعى عێراق گرنگیدان بەدیموکراسیەت و تاگەیشتنى ئەو چەمکە بەیەکێک لەدروشمە پڕ بایەخەکانى خەباتمان و ئیلهامبەخشی ڕۆژانى سەختى ڕووبەڕبوونەوەى ڕژێمی کۆنەپەرستی و بۆ دیکتاتۆریەتی بەعس، بەڵێ ئەوەش ناشارینەوە کە لە مێژووی حیزبماندا گفتووگۆی قوڵ و تەنانەت مشتوومڕی توندیش هەبووە لەبارەى ئەوە چەمکەوە و رای پێچەوانەش هەبووە، بەڵام ئەو دیدو بۆچوونە جیاوازانە ڕێزلێگیراو بوونە و نەبوونەتە بەربەست لەپشت مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکی دیموکراسیەت و تەنانەت لەڕێکخستنی ژیانی ناوخۆیی حزبماندا ساڵەهاى ساڵ بەو میکانیزمە گەشە بەژیانی حزبمان دراوە.

 

 

بە ڵی، ئەو پێشەکیەم بۆ ئەوەیە، خوێنەری ئازیز ئەوەى بۆ ڕوونبێتەوه مامەڵەى ئێمەى شیوعیەکان لەگەڵ چەمکی دیموکراسیەت هی ئەم یەک ، دوو، دەیەى ڕابردوو نییە، بە ڵکو ئێمە کە دەچینە نێو پرۆسەى هەڵبژاردن، هەرگیز وا سەیری دیموکراسیەتمان نەکردووە کە تەنها بریتیبێ لە سندوقەکانى دەنگدان، ئەگەرچی ئەوەش پرۆسەیەکی هەرە گرینگە، یان بۆ بە دە ستھینانی کۆرسی پەرلەمانی کە دیسان ئە ویش گرنگی خۆی ھەیە بەڵکو ئیستیحقاقيك و مافيكه كه پيويسته له كاتى خۆیداجێبە جیَبکریت.

 

 

بڕیاری ئێمە بۆ هەڵبژاردنى ئایندەى پەرلەمانى کوردستان ئەوەیە بەلیستێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بکەین، ئەو سەربەخۆییە بەماناى ئەوە نایەت ئێمە دژی هاوپەیمانین لە پرۆسەى هەڵبژاردندا، نا، بەڵکو دەستپێشخەریمان کرد بۆ هێزو کەسایەتیە چەپەکان و تەنانەت سازشی زۆریشمان کرد تاوەکو ئەو هەنگاوە سەربگرێت، بەڵام پاش چەندین کۆبوونەوە ئەوان ئەو پرسەیان ڕەتکردەوە دواى ئه وه ى ده ستخۆشیان لێکردین لە سە ر دە ستپێشخە رییە کەمان، پاشان ڕوومانکردە هێزە لیبراڵەکان وبەهۆی کۆمەڵێک پێش مەرجی قورسی ئەوانیش، نەمانتوانى ئەو هاوپەیمانییان لەگەڵ دروستي بکەین، هەر بۆیە دواجار بەلیستێکی سەربەخۆ و کۆمەڵێک کاندید تێکۆشەر و شارەزا،بەشداری ململانێی هەڵبژاردن دەکەین، بەبەرنامەیەکی جیاواز و تۆکمە، کە هەم سنورێک بۆ قەیرانە کەڵەکەبووکانى ٢٦ ساڵی ڕابردوو دادەنێت، هەم دۆخی هەرێمەکەمان لەم قوناغە دەباتە باردۆخێکی باشتر.

 

 

لەبەرنامەى ئێمە بۆ هەڵبژاردن چەمکی فرەیی سەرچاوەی ئابووری و داهات و هەڕاجنەکردنى کەرتە گشتیەکان و گۆڕانکاریی لە کەرتەکانى تەندروستى و پەروەردە و چاککردن و بەرەو پێشبردنیان و پەرەپێدانى کەرتى کشتووکاڵ و یارمەتیدانى جوتیاران لەلایەن حکومەت و دۆزینەوەى دەرفەتى کارو دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنیشینان و خەڵکی کەمدرامەت وچەسپاندنی مەبدەئی شەفافیەت لەداهات و خەرجی حکومەت و بنەبڕکردنى گەندەڵی بەیاسا و دامەزراوە لەئەولەوێتى کارەکانمان دەبێ، ئەمە جگە لەوە لەبواری سیاسیدا جەخت لەسەر سیستەمێکی پەرلەمانى، عیلمانى، مەدەنى و زامنى ئازادی سیاسی و فرەیی دەکەینەوە کە تێدا بەشداری ئافرەتان و گەنجان بەشێوەى کرداری بچەسپێنریت و ئەمە جگە لەچەندین پرۆگرامی تر کە لەکاتى خۆیدا بلاوی دەکەینەوە. ئەو پرۆگرامە زانستی و واقیعەیە کە واپێویست دەکات دەنگدەری کوردستان متمانەو دەنگی خۆی ببەخشێتە حیزبێکی ڕەسەن و پێشکەوتووخوازی وەک حزبی شیوعى کوردستان.

 

 

من لەدەنگدەری کوردستان دەپرسم بۆچی حزبی شیوعى کوردستان نەبێتە مایەى متمانەیان لەکاتێکدا بەرپرسیاری هیچێک لەو نەهامەتیانە نەبووە کە حیزبە دەسەڵاتدار و کۆنەپەرستەکان بەسەر ئەم هەرێمەیان هێنا؟ من دەپرسم ئێمە بووین لەسەر دەسەڵات وسامان و داهاتی گومرگ شەڕی ناخۆمان کرد؟ ئێمە بووین کوردستانمان پارچە پارچە کرد؟ ئێمە دوو ئیداریمان داهێنا؟ یەک سەرۆک جاش و موستەشارمان گرتە خۆمان؟ رێگربووینە لەدادگاییکردنیان؟ بۆ یەک چرکەش بیستووتانە حزبی شیوعى سەر بەوڵاتێکی ئیقلمی بێت و ئەجنداکانى ئەو وڵاتانە جێبەجێ بکات؟ ئێمەین دەستمان سوورە بە خوێنى پێشمەرگەو گەریلاى پارچەکانى تری کوردستان؟ پایەکانى خیڵ و عەشیرەتبازی و دوێخانمان زیندوو کردۆتوە؟

 

ئایین و باوەڕی خەڵكمان بۆ مەبەستى گەوجاندن و حزبایەتى بەکارهێناوە؟ ناڕاستگۆبووین لەگەڵ گەلەکەى خۆمان؟ لەشەری ناخۆدا ئاڵا هەڵگری ئاشتى نەبووین؟ دەبابەی بەعسمان هێناوەتە سەر پەرلەمانى کوردستان؟ ئێمە بەرپرسیاری ١٦ی ئوکتۆبەرین؟ قەت بیستووتانە حزبی شیوعى کۆمپانیاى دەرمانى هەبووبێ؟ یاخود پشکمان هەبووە لە نەوت؟ یا شیرینی نەوت؟ یا کارگەى چیمەنتۆ و ئاسن؟ یەک بەنزیخانەمان هەیە؟ هيچ گردێکمان داگیرکردووە؟ هاوکاری و پەیوەندی ژێربەژێری وڵاتانى ئیقلیمیمان بەتوندی ڕەتنەکردووەتەوە کاتێک موبادەرەمان بۆ کراوە؟ دژی خەسخەسەو هەڕاجکردنى کەرتە گشتیەکان لەپەرلەمان و لەشەقام نەوەستاوینەتەوە؟ بێدەنگ و بێهەڵوێست بووین لە پێشلکارییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەرخاکی هەرێم؟ کەس هەیە هاواری شیوعییەکانى لەشەقام و خۆپیشاندانەکاندا نەبیستبێ؟ کام حیزب بوو دژی بەحیزبی کردنى کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی وەستایەوە؟ حیزبی شیوعى نەبوو؟ کام حیزب بانگەوازی ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتى براوەو دۆڕاوی کرد لەپەرلەمانی کوردستان؟ کام حزب یەکەمین حیزب بوو داواى موحارەبەکردنى گەندەڵی کرد بەیاسا ودامەزراوە؟ ئێمە بەرپرسیارین لەپاشەکەوتکردنى موچەى فەرمانبەران؟ یەک ناڕەزاییم پێبڵی لەبادینانەوە تاوەکو گەرمیان هاوڕێیانى ئێمە ڕۆڵکی کارایان تێدا نەبووبێ؟ کام حیزب یەکەمین حیزب بوو لەهەولێر خۆپیشاندانی بۆ هەڵوەشاندنەوەى پاشەکەوتى موچە کرد؟ کام حیزب بوو لەپەرلەمانى کوردستان وتى: کابینەى هەشتەم کابینەى پشکپشکێنەیە، دەرئەنجامەکەى فەشەلە؟ کام حیزب بوو لە ساڵى٢٠١٥ داواى هەڵبژاردنى پێشوەختەى کرد؟

بەڕیزان! ئەم سیاسەتانە چ نەگیەکی تێدایە، هەمووى هەنگاوی مێژوویی و شەرەفمەندانە نین؟

بۆیە حزبێک ئەوە مێژووەکەبێ، ئەوە هەڵوێستەکانى بێ، شایانی دەنگپێدان و متمانەى جەماوەرە

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە