شه‌ممه‌ 8 ئه‌یلول 2018

شەوچەرەی تەنهایی

بەروار : 08 ئه‌یلول 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

دوێتە شیعری
. هاڤان محەمەد . و ئەکرەم هەواس .

شەوچەرەی تەنهایی

پێی بلێن، با وشک نەکات
خوناوی ئەوینی
لەسەر پەڕەی گوڵی ژینم
پێدەشتیی من بە، نم ونۆی
عەشقەکەی ئەو سەوزە گەڵاکانی‎..!

 

هاڤان محمد

 

 

بای سەبا بۆنی تەڕو سەوزی تۆی بۆهێنام،
پێ دەشتی هەناسەت ئەکەم بەنیشیمان.
لەسەر بەڕماڵی
سنگت نوێژی ماچ دا دەبەستم
بۆ ئەبەد چاوت دەکەم بەڕووگەی
ئەشق و ئەوینم..

 

ئەکرەم هەواس

 

 

پێی بلێن: نیگا بەنەشئەی چاوی ئەو مەستە ،
ئەگەر لە ڕاگوزارێکی ئەم نیشتیمانە
لایدایە شاری ئەوین ،
ڕێی کەوتە { کافێک }
داوای قاوەی تاڵیش بکەی
لێوەکانم تاسەیانە،
لێوەکانت هەنگە ژاڵیش بێت
ماچێکی تۆ دەم شێرین دەکا…‎

 

هاڤان محمد

 

 

پێیان وتم کە تاسەی نیگام دەکەی،
منیش بۆ ئەم پاییزە دێمەوە،
هەتا نیشتیمانی ئەوینت هەبێ
لانادەمە هیچ کافێیەک
لەسنگی تۆ دوو پێک
شەرابی سێو دەخۆمەوە و
تینوێتی ڕۆحی پەژمووردەم
بە تاسەی ماچی تۆیا ئەشکێنم و
زارت شیرین دەکەم..

 

ئەکرەم هەواس

 

 

پێی بلێن ،
با ڕووخساری ون نەکا
سرووشت جوانی لێ دەتۆرێ
مانگ لە ئاسمان شەوکوێر دەبێت،
با وەرزی پایز لەیاد کا
دڵێک چاوگەی ئەوینە میهرەبانی
لێ دەچۆڕێ ،
خۆدەزانی باغی خەرمانم هەنارە
بەشی دەستەکانی ئەو زەکات دەبێ !

 

هاڤان محەمەد

 

 

شنەیەک بە چرپە
پێی وتم:
سروشت ئاشت کەمەوە،
تامانگ تریفە لە ئاخڵەی سینە بدزێ و ون نەبێ،
کە پایزیش هات
لەگەڵ ” بــا ” دێمە ژوانتەوە،
لەو خەرمانە زەکاتی دوو هەنارەکەت لێ ئەسێنم و
دەیکەمە شەو چەرە
بۆتەنهاییم..

 

ئەکرەم هەواس

 

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە