شه‌ممه‌ 6 تشرینی یه‌كه‌م 2018

“ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان”ی مه‌جید مه‌جیدی له‌ به‌شی سه‌ره‌کیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی

بەروار : 06 تشرینی یه‌كه‌م 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

مه‌نووچێهر جیهانی ـ فیلمی سینه‌مایی “ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” له‌ ده‌رهێنانی مه‌جید مه‌جیدی ده‌رهێنه‌ری ناسراوی سینه‌مای ئێران له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” له‌ سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” نمایش ده‌کرێت.

 

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌”، فیلمی سینه‌مایی “آن سوی ابرها” واته‌ “ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” Beyond The Clouds له‌ ده‌رهێنانی مه‌جید مه‌جیدی و به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ به‌ئه‌زموونه‌ی سینه‌مای ئێران؛ به‌رهه‌می هاوبه‌شی کۆمپانیاکانی “زی ستۆدیۆ” Zee Studios و “ناماه پیکچێڕز” Namah Pictures له‌ وڵاتی هیندوستان، به‌ ئاوازدانانی “ئه‌ی. ئاڕ. ره‌حمان” A. R. Rahman براوه‌ی دوو خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین مۆسیقای فیلم و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فیلمگرتنی “ئانیل مه‌هتا” Anil Mehta له‌ سیما دیاره‌کانی سینه‌مای هیند له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” له‌ سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” Slemani له‌ هۆڵی “سیتی سینه‌ما” له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق نمایش ده‌کرێت و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی “کاجی زێڕین”ی ئه‌م فێستیڤاڵه‌، له‌گه‌ڵ فیلم گه‌لێک له‌ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌وانه‌؛ ژاپۆن، تورکیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، لوبنان، پۆڵه‌ندا، بولگاریا، سلۆڤاکی، کۆماری چیک، ئوستڕاڵیا و ئێران رکابه‌ری ده‌کات.

 

“ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” چیرۆکی برایه‌ک به‌ ده‌ورگێڕانی “ئیشان خاتر” و خوشکێک به‌ ده‌ورگێڕانی “مالاویکا موهانان” ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ ناوچه‌ی که‌پرنشینی هیند گه‌وره‌ بوون. کاتێک که‌ تارا به‌ تاوانی کوشتن ده‌سته‌به‌سه‌ر ده‌کرێت، په‌یوه‌ندیی ئه‌و له‌گه‌ڵ براکه‌ی ئه‌میر ده‌خرێته‌ بواری تاقیکردنه‌وه‌.

 

“ئه‌وبه‌ری هه‌وره‌کان” بۆ یه‌که‌مین جار له‌ به‌شی رکابه‌ری فه‌رمی شه‌ست و یه‌که‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی له‌نده‌ن نمایش کرا و هه‌روه‌ها فیلمی کردنه‌وه‌ی چل و هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “گوا” له‌ هیندستان بوو. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ له‌ زیاتر له‌ 70 ساڵۆنی سینه‌ما له‌ ناوچه‌کانی به‌شی که‌نداوی فارس له‌وانه‌؛ کوه‌یت، عومان، به‌حره‌ین، قه‌ته‌ر، دوبه‌ی و هتد به‌ شێوه‌ی گشتی نمایش کراوه‌ و هه‌روه‌ها له‌ وڵاتانی ئه‌مریکا، که‌نه‌دا، پاکستان، سه‌نگاپوور، ئه‌فریقیای باشوور و چه‌ندین وڵاتی دیکه‌ چۆته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما.

 

مه‌جیدی ده‌رهێنه‌ری چه‌ندین فیلمی سینه‌مایی له‌وانه‌؛ “منداڵانی ئاسمان”، “ره‌نگی خودا”، “باران”، “ئاوازی چۆله‌که‌کان” ، “محه‌مه‌د ره‌سولوڵڵا”یه‌. “منداڵانی ئاسمان” له‌ ساڵی 1998ی زایینی یه‌که‌مین پاڵێوراوی ئێران له‌ به‌شی ئۆسکاری باشترین فیلمی زمانی بیانی بوو.

 

سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس”، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و هه‌روه‌ها به‌ پشتگیری “نێچیروان بارزانی” سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق و به‌ نمایش کردنی فیلمه‌کانی ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان؛ له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و چه‌ندین کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌کادیمیک له‌ رۆژانی 18 تا 24ی ره‌زبه‌ری 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 10 تا 16ی ئوکتۆبری 2018ی زایینی له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر”ی شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

 

 

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە