پێنج شه‌ممه‌ 11 تشرینی یه‌كه‌م 2018

جەلال شێخ کەریم: بەدواداچونمان کردووە لە هیچ فەرمانگەیەكی هەرێمی كوردستان یەك ڕەگەزنامە و ناسنامە ساختەنەكراوە، لەکوردستان شتی واناکرێت

بەروار : 11 تشرینی یه‌كه‌م 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

 

لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ جەلال شێخ کەریم بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو بانگەشانە دەداتەوە کەباس لە ساختەکردنی ڕەگەزنامە و ناسنامە دەکەن لەهەرێمی کوردستان لەڕۆژی هەڵبژاردنەکان، دەڵێت” شێوازی دەرهێنانی ناسنامەو ڕەگەزنامە بەپێی یاسا دیاریکراوە، شێوازێکی قورسە،لەدوای ئەو دەنگۆیانە بەدواداچونمان کردووە لەسەرجەم فەرمانگەکانی هەولێر و سلێمانی و شوێنەکانی تر بەڵام یەک ڕەگەزنامە و ناسنامە لای ئێمەوە بۆ ساختەکاری دەرنەچووە، دەشڵێت” ئەگەر هەرکەس و لایەنێک باسی ساختەکاری ناسنامە و ڕەگەزنامە دەکات با بێت سکاڵا تۆمار بکات یا بڕواتە دادگا ئێمە وەک وەزارەتی ناوخۆ، بنکەکان و کەرتەکانی پۆلیس ئاگادار دەکەینەوە بەدواداچون بکەن ئەگەر بەو شێوەیە نەبوو ئەوا ئێمە بە تۆمەتی”تەشهیر” سکاڵایان لەسەر تۆماردەکەین کە “تەشهیریان پێکردوین”.

دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی(30)ی ئەیلولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-عیراق، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەریەک لە(پارتی و یەکێتی-یان) تۆمەتباردەکرد بە دروستکردنی “200”هەزار ناسنامە و ڕەگەزنامەی ساختە، وە پارتی و یەکێتیش یەکتریان تۆمەتباردەکرد بەهەمان تۆمەت.

بەپێی یاسا وەزارەتی ناوخۆ لایەنی پەیوەندیدارە بە پێدانی ناسنامە و ڕەگەزنامە، لەم وتووێژەدا جەلال شێخ کەریم بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە.”

جەلال شيخ کەریم لەسەرەتای وتوێژەکەی لەگەڵ ژیار محەمەد لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەڵێت” ئەو ڕەگەزنامە و ناسنامانەی باسی دەکەن ڕەنگە ساختەهەبێت، کە هێنابێتیان لەملاو لاوە، بەڵام لە “دائیرە”و فەرمانگە حکومیەکانەوە یەک ڕەگەزنامە ساختە ناکرێت چونکە ئەو ڕەگەزنامانە بەژمارە و زنجیرە لەبەغداد وەردەگیرێت، ژمارەکەی دەدرێتە ئەو فەرمانگەی ڕەگەزنامەی گشتی تۆماردەکرێت، وە مۆری تایبەتی لێدەدرێت، لە”سجیلات”تدا تۆماردەکرێت و ڕێ و شوێنی خۆی دەگرێت، ناکرێت شتی وا، ڕەنگە دانە و دوان ئەگەر ون بێت لەناوفەرمانگەکان ئێمە تەنانەت لیژنە لەسەر ئەوانەش دروست دەکەین ،بەڵام ئەو ژمارە زۆرەی باسی دەکەن کە هەزاران یا دەیان هەزار ڕەگەزنامە ساختە کراوە لەکوردستاندا شتی وا ڕوونادات، بەهیچ جۆرێکیش هیچ فەرمانگەیەکی ئێمە لە هەولێر و سلێمانی و شوێنەکانی تر ڕەگەزنامەیان بۆ هیچ کەس ساختە نەکردووە و لەو دەزگایانەی ئێمەوە دەرنەچووە،ساختە لای هەرکەس هەبێت پەیوەندی بەدامودەزگاکانی ئێمەوە نیە و لای ئێمەوە نەکراوە .”

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەکرێت لایەنێک بێت ڕەگەزنامە دروست بکات و ساختەی بکات وەک باسی دەکەن لایەنە سیاسیەکان؟

بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی” من خۆم شتی وام نەبینیووە ئاگام لێی نیە، بەڵام “جایزە” ئامێری پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی هەیە، کە مقەبا هەیە وەرەقە هەیە ئەو شتانە دەتوانرێت دروست بکرێت، هاوڵاتیەکیش دەتوانێت دروستی بکات بۆ کەسێک وێنە و مۆری لێبدات بۆ کەسێک و بروات دەنگی پێبدات، بەڵام ئەوە وردەکاری زۆری دەوێت، بەناوی کێوە دەیکەن؟ لەکوێیە؟ لە چ ناوچەیەکە؟ ئەوە ئاسان نیە بەوشێوەیە.”

جەلال شێخ کەریم ئەوەشی وت” لەدوای ئەوەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوبونەوە لەدوای هەڵبژاردنەکان ئێمە لەفەرمانگەکانی خۆمان لەگەڵ هەموویان قسەمان کردووە لەهیچ فەرمانگەیەکی ئێمە یەک کارت یا ڕەگەزنامە دەرنەچووە بۆ هیچ کەسێک بەو شێوەی کەخەڵک باسی دەکات.”

لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی(30)ی ئەیلول لەهەرێمی کوردستان، چەند دەنگۆیەک بڵاوکرانەوە لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری، بانگەشەی ساختەکردنی ناسنامە و ڕەگەزنامە لەڕۆژی هەڵبژاردن، لەڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیە لۆکاڵیەکان بەشێکیان بریتی بوون لەگێڕانەوە لەسەر شێوازی ڕووداو ، یەکێک لەوانە ڕایگەیاندبوو” ڕۆژی دەنگدان من خۆم چاودێری کۆمسیۆن بووم لەبنکەیەکی دەنگدان بەڵام کەسێک هات بەناسنامە و ڕەگەزنامەی منەوە ویستی دەنگبدات.”

بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم حاڵەتە دەڵێت” جا ئەو کەسە ڕەگەزنامەی ساختەی هەڵگرتووە، لەوێ لەناو بنکەکەدا پۆلیسی لێبوو، خەڵکی تری لێبوو خۆی داوای تۆماردەکرد لەدادگا لەسەر ئەو کەسە بەتۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی دەدرایە دادگا، ڕەنگە هەر شتی ڕاگەیاندن بێت ئەوەش.”

وتیشی” ئێمە لەو ڕێگایەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین کە فەرمانگەکانی خۆمان ساختەکاری تێدا نەکراوە وردبینی تەواومان کردووە لەهەموو فەرمانگەکانمان، لەهیچ فەرمانگەیەکی ئێمەدا یەک ناسنامە و ڕەگەزنامەی بەتاڵ نەچۆتە دەرەوە، واتە کەسێک چوبێت بەناوی کەسی تر ناسنامە و ڕەگەزنامەی ساختەکردبێت ئەوە شتی وانیە.”

بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی” ئەو لایەنانەی ئەو قسانە دەکەن، لایەنەکان تۆمەتبار دەکەن، هەرکەس و لایەنێک کەساختەکاری کردبێت با بێت داوا تۆمار بکات، ئەوکاتەی شتی وانەبوو ئەوا ئێمە داوای لەسەر تۆمار دەکەین، چونکە ئەوە “تەشهیر” دەکات بە ئێمە.”

جەلال شێخ کەریم جەختی کردەوە” وەک لایەنی حکومەت”وەزارەتی ناوخۆ” ئامادەن سکاڵای ‌هەر لایەنێکی سیاسی وەربگرن کە دەڵێن ڕەگەزنامە و ناسنامە ساختەکراوە، وتیشی” بەدڵنیایی لێکۆڵینەوەمان کردووە و دەشیکەین.”

پێشتر هەریەک لە د.شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، هەروەها دوێنێ سێ شەممە د.هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەمیانەی وتووێژەکانیان لەگەڵ ژیار محەمەد، لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو” لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا بە دەیان هەزار ڕەگەزنامە و ناسنامە ساختەکراوە بەوتەی ئەوان ئەو ساختەکاریانە لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە ئەنجام دراوە لەڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەو ناسنامە ساختانە دەنگی خۆیان پێ زیاد کردووە، کە زیاترە لە(200)هەزار دەنگ.”

بەڵام جەلال شێخ کەریم بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی” ئەگەر ئەو لایەنانە بچن سکاڵا تۆمار بکەن لە دادگا، دادوەرەکانیش دەینێرن بۆ بنکەکانی پۆلیس، ئێمەش ڕێنمایی دەدەینە بنکەکان و کەرتەکانی پۆلیس کە ئەو سکاڵایانە وەربگرن و بەدواداچونی بۆ بکەن.”

لەبارەی سزای ساختەکردنی ناسنامە و ڕەگەزنامە لەڕووی یاساییەوە؟ بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی” هەرچەندە زیاتر ئەوە بابەتێکی سیاسیە بەڵام ئەوە تاوانێکە یاسا دیاریکردووە،”تزویر محررات الرسمیە” ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی ئەوە دادگاکان دەیزانن.”

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە