سێ شه‌ممه‌ 30 تشرینی یه‌كه‌م 2018

بزووتنەوەی شیوعیی لە هەرێمدا بەرەوکوێ ؟

بەروار : 30 تشرینی یه‌كه‌م 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

بەهادین نوری

پاش بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم چەند کەسێ ، کە پێدەچێ ئەندامی حشکع بن ، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی ( لە فەیسبووکدا ) و داوای دەستلەکارکێشانەوەی پەرپرسانی ئەو حیزبەیانکرد ، بۆ ئەوەی کادری تازەی گەنج بچنە جێگەیان . منیش وتارێکم بڵاوکردەوە ، باسی لاوازبوون و تێشکانی حشکعم کرد ، هۆکارەکەم خستە ئەستۆی هاوڕێی کۆچکردوو عەزیز محەمەد کە لە ١٩٦٤ هەڵبژێردرا بە سکرتێری حشع و بۆ ٢٩ ساڵ هەر لەوپۆستەدا مایەوە ، پاش ئەوەش هەتا ٢٠١٧ بەکردەوە هەر بەرپرسی یەکەم بوو . تا ئێستەش قوتابیانی قوتابخانەکەی ئەو بزووتنەوەی شیوعی بەڕێوەدەبەن ، چ لە عێراق و چ لەهەرێم . لەم پەنجا ساڵەی ڕابردوودا سەربەخۆیی سیاسی خۆیان لە دەستدا و لە حەفتاکاندا چوونە بەرەیەکی کلکایەتی لەگەڵ رژێمی سەدام حسێن و لە هەشتاکانیشدا بوونە پاشکۆی قەومیەکانی کوردستان و پێشمەرگەکانیان خزاندە نێو شەڕی براکوژی پارتی و یەکێتی . ئەم دووهەڵە کوشندە بەسبوو بۆ ئەوەی حشع لە حیزبێکی سیاسی گەورەوە ببێ بە حیزبۆکەیەکی وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێ .
ئەمڕۆ خەڵکی چەپخواز لەم وڵاتەدا کەم نین ، هزری چەپ لاوازنیە ، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ڕێخراوێکی سیاسیان نیە ، کە باوەڕیان بە حشع و حشکع نەماوە . هیچ ڕێخراوێ لەم وڵاتەدا نیە کە بەحیزبێکی چینایەتی کارگەر و ڕەنجدەران حساب بکرێ . کۆمۆنیستی کرێکاری لە توندڕەوی خۆیدا و شیوعیەکانیش لە شلڕەوی خۆیاندا . هیچیان توانای جمووجۆڵی جەماوەرییان نیە و پشتگیری میللییان نەماوە ، کۆمۆنیستی کرێکاری بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکردووە چونکە دەزانێ کەناتوانێ دەنگی یەک کورسی بێنێ ، حشعکیش لە ١٩٩٢ وە بە ( ٢١١٢٣ ) دەنگ دەستی پێکردو هەموو هەڵبژاردنێ کەمی کرد تا ئەم هەڵبژاردنەی دوایی بوو نە ٨ هەزار ، واتە نیوکورسی .
ئەگەر حشکع بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بجووڵایە دەبوو خۆی ، دوای راگەیاندنی ٨ هەزار دەنگەکە ، موناقەشەیەکی شەفافی دەستپێبکردایە و بڕیاری بەستنی کۆنفراسێ یان کۆنگرەیەکی ناوەختی بدایە بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم پرسە و هەڵێنجانی دەرەنجامی سیاسی . بەڵام ئەوی ڕەچاوکرا بێدەنگی سەرجەم سەرکردە و کادری حیزبەکەیان بوو بەرانبەر بەم فەشەلە . یەک کەسیان قسەی کرد ، ئەویش بۆ پاساوی ئەم فەشەلە زەقە ، وتی ” لەم دۆخە جەنجاڵەدا هەشت هەزار دەنگ زۆرە ” !! واتە ئەوە زۆرە کەبەشی نیوکورسی حشکع لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەدەستی هێناوە !
بەڵێ هەشت هەزار دەنگ زۆرە بۆ حیزبێکی تەمەن ( ٨٤ ) ساڵ کە پێش ( ٦٠ ) ساڵ ئەگەر هەڵبژاردنێکی خاوێن لە عێڕاقدا بکرایە ٪ ٦٠ سەرجەم دەنگەکانی بەدەست دەهێنا ، کەلەساڵی ١٩٥٢ بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری دەستی گرت بەسەر بەغدادا و بەکودەتای سەربازی نەبوایە رژێمی پاشایەتی خۆی بۆ نەدەپارێزرا !! . بەڵێ ٨ هەزار دەنگ زۆرە بۆ حشکع ، لەکاتێکدا کە نەوەی نوێ پێش یەک ساڵ ، لەریفراندۆمی ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ دا دروستکرا و ئێستە ٨ کورسی لە پەرلەمانی هەرێمدا و ٤ کورسی لە پەرلەمانی عێڕاقدا هەیە !
دەبێ شیوعیەکانی کوردستان ئەو ڕاستیە بزانن کە لەدوڕیانێکدان ، یان نۆژەنکردنەوەی حیزبەکەیان یان دەگەنە ئاشبەتاڵی تەواو .

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە