هه‌ینی 2 تشرینی دووه‌م 2018

عیشق و سنور..!

بەروار : 02 تشرینی دووه‌م 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

 

نەرمین نەجمەدین

ماڵی کاروان ماوەیێک بوو لە لادێی ( مێزێ ) نیشتەجێ بوون، ئەو لادێیە دەکەوێتە دەڤەری بادینان نزیک لادێکانی ( سوارێ و سپیندارێ ) مێزێ لادێیەکی تا بڵێیت دڵگیر بوو بە جۆرەها میوەی بە تام و چێش بە ناوبانگ بوو، لە پایزدا داری سێو لە بەر زۆری سێوە تەڕ و پڕ ئاوەکان لقەکانیان دەچەمایەوە سەر زەوی و ئەو ناوەیان بۆندار دەکرد ، دانیشتوانی ئەو لادێیە موسڵمان بوون…….
پور (هۆری) دایکی کاروان ژنێکی مەرد و بە جەرگ بوو لە گەڵ ئەوەی بە هۆی ئاینەکەی کە ئێزدی بوو زۆر خۆشەویست نەبوو لای گوندنشینەکان، بەڵام هەمیشە هەوڵی دەدا خۆی بگونجێنێ، ئێواران دەچووە سەر کانیەکەی بەرماڵان ، بە ڕووێکی خۆشەوە سڵاوی لەو ژنانە دەکرد کە بۆ نوێژکردن لەوێ کۆدەبوونەوە، بە دەنگە بوێرەکەی دەیگووت : من لە سەر دینی خۆم ئێوەش لە سەر دینی خۆتان ، وەلێ پێویستە یەکمان خۆشبووێ و ڕێز لە یەک بگرین ، جار جاریش بە دەنگێکی بەسۆز و بە لاوانەوە و حەیرانەوە بەسەر (دلبرین)ی جگەرگۆشە تازە شەهید ببووەکەی هەڵدەگووت هەموومانی دەخستە گریان ” دلبرین تو شەهیدێ کوردستانێ بووی دلبرین تو دەرمانێ برینا بووی دلبرین تو گولا سۆر بووی ” بەو شێوەیە هەموو ژنەکان لە دەوری کۆدەبوونەوە ، زیاتر و زیاتر ویستی ئەوەیان دەبوو گوێ بۆ داستانی ئەو ژنە بوێرە ڕابگرن.

 

کاروان گەنجێکی باڵابەرزی، ڕەشتاڵە بوو تا بڵێیت ڕووخۆش بوو بە هۆی بیروباوەڕەکەیەوە کە ( شیوعی ) بوو لە سەر زێدی باب و باپیرانی هەڵکەنا بوو، لەو لادێیە گیرسابوەوە، ئەو پەیوەندیێکی باشی لە گەڵ لاوەکان هەبوو، هەمیشە هاوکاری دەکردن لە کارەکانیان، وشیارانە هەڵسوکەوتی دەکرد ، فێری ئەوەی دەکردن کە ئاغا و دەرەبەگەکان زۆردارن و بە دەرزی خوێن لە دەماری هەژارەکان دەردێنن و دەیانچەوسێننەوە و بەروبومی ئارەقەی نێوچاوانیان دەخۆن، کە دەبێت هەژارەکان لە مافەکانی خۆیان بێدەنگ نەبن…!
کاروان ئەویندار بوو عاشقی کچێکی گوندنشینی موسڵمان ببوو کیژەش بەڕادەی پەرستن عاشق‌ و شەیدای کاروان ببوو، هەر دووکیان یەک لە یەک نازدار تر بوون ، جگە لە من کە کاروان بە ڕادەی خوشکێکی بچوکی خۆی خۆشیدەویستم و نهێنیەکانی بۆ باس دەکردم و ڕایدەسپاردم کە پەیامەکانی بە ئەویندارەکەی ڕابگەیێنم کەسی تر بەو ئەوینەی نێوان ئەوانی نەدەزانی…..! کاروان نهێنیەکانی نێوان خۆی و مەعشوقەکەی لای من باس دەکرد ، دەیزانی لە خێزانێکی شیوعیم و ئێمەش لە سەر هەمان هەڵوێست و بیروباوەڕ لەو لادێیە گیرسابووینەوە….لە گەڵ ئەوەی ئێمە بە ئاین موسڵمان بوون بەڵام چوونکە شیوعی بووین لە لایەن گوندنشینەکانەوە سەرتا بە کافر ناودەبراین… دواتر بۆیان ڕوون بووەوە کە شیوعیەکان لە لوتکەی مرۆڤدۆستیدان و خەبات دەکەن لە پێناو ئاشتی و ئازادی و خاوەنی مێژووێکی پڕ لە قوربانین، هەڵوێستیان گۆڕا و زۆر ڕێزیان دەگرتین..

 

کاروان لە پارچە کاغەزێکی بچوک وای بۆ مەعشوقەی نوسی بوو ، “چی بکەم چۆن بە تۆ بگەم خۆ ئەگەر بزانن من و تۆ عاشقی یەکین دار و بەردی ئەو لادێیەمان بە سەردا دەڕوخێنن، ئاخ دایکە گیان چەند دەترسم ئەو ئەوینەم ناکام بێت ، ئەخر منێک کە باوەڕم بە هیچ ئاینێک نیە بۆ دەبێت ئەو باجە گەورەیە بدەم “….!
ئەڤینای خۆشەویسەیشی کە خوێندەواری نەبوو ، هەموو جارێ دەبوو من نامەکانی کاروانی بۆ بخوێنمەوە ، گووتی بە کاروان بڵێ ، بمڕفێنێ چونکە چارەیێکی تر نیە…!
هەر چەندە لە ژوانێکدا ،کاروان توند سەری
ئەویندارەکەی بە سنگیەوە دەنێ و ئاهێکی قوڵ هەڵدەکێشێ دەڵێ: کچێ بۆ کوێت بەرم، چش لە من بەڵام چۆن دڵم دێ تۆ ڕوو بە ڕووی مەرگ بکەمەوە…!
کاروان چاوێک لە ئەڤینا دادەگرێ و پێدەکەنێ دەڵێ: سەبرێ بگرە ماوەیێکی تر دەچمە مزگەوت و دەستی مەلاکەی لادێکەتان ماچ دەکەم و دەڵێم وەرمگێرە بۆ سەر ئاینی ئەڤینا…!

 

ئێوارەیێکی پایز لە ناکاو دەنگی دەستڕێژی گوللە گوێی هەموو دانیشتوانی ئەو لادێیەی زرینگاندەوە ، دایکم یەک پێ هەڵسایەوە بە گورجی بۆی دەرچوو تا بچێ سۆراغێ بکات، منیش وەک عادەتی خۆم کە هەردەم بە دوای دایکمەوە بووم کەوتمە شوێنی ، هێندەی نەبرد گەشتینە نزیک ماڵی پور هۆری کاروان لە پشت خانوەکەیان وەستا بوو توند قوڵی خۆی گرتبوو…..!!
زۆر لە سەرخۆ گووتی: پور خاتون بریندارم ، دایکم توند گرتی گووتی: کاروان کێ لێیدای پێم بڵێ…!
کاروان: با بچینە ژوورێ بۆت باس دەکەم ، خوێن وەک ڕووبار بە باڵای کاروانی نازداردادەهاتە خوارێ…! من لەگەڵ بینینی ئەو دیمەنە جەرگبڕە پڕ بە گەرووم دەمزریکاند و باوەشم لە باڵای خوێناوی کاروان دابوو ، هاوارم دەکرد برا گیان برا ڕۆ نەکەی بمری ، کاڕوان ، بە چاوە پڕ لە سۆز و بەرائەتەکانی سەیری منی دەکرد ، کە زیاتر کەوتینە پەنای سواندەکەی خانوەکان کاروان خۆی بۆ لای دایکم چەماندەوە ووتی :

دایکم شیری کوڵاند بوو هەوێنی نەمابوو منی ڕاسپارد بچم لە ماڵی ( س ) هاوێنی بۆ بێنم ، لە ماڵی ئەوانەوە دستڕێژم لێ کرا…!
دایکم: تۆ دڵنیای
کاروان: بەڵێ
ئەو ( س )ە گومان لێ کراو بوو پیاوی ڕژێم بێت ، دیارە پیلانی بۆ کوشتنی کاروان داڕشتبوو، بیانوی ئەوە بوو کە گوایە پیاوێک ژنێکی هەڵگرتوە و خۆی هاوێشتۆتە ماڵی ئەو، کە کاروان بۆ هەوێنەکە چووە پیاوە ژنهەڵگرەکە وا تێگەشتوە کاروان کەس و کاری ژنەیە و لە ترسی ڕۆحی خۆی دەستڕێژی لێ کردوە…!

 

کاروان ئەوێ شەوێ بێوچان خوێنی لە بەر دەڕۆیشت، جار جار داوای جگەرەی دەکرد دایکم جگەرەی بە لێوەکانیەوە دەنا بەڵام لە بەر بێ هێزی قومی بۆ لێنەدەدرا، کە زانیان خوێنی ناوەستێ چەند کەسێک بە تەراکتۆر بەرەو گوندی مەڕانێ کە بنکەی حزبی شیوعی لێ بوو بە مەبەستی هێنانی دکتۆر بەڕێکەوتن، بەڵام لە بێ شانسی کاروان، بارانێکی بە خوڕ دادەباری، دیارە تەراکتۆرەکە لە ڕێگا چەند جارێک لە قوڕ چەقی بوو، بۆیە زۆر دواکەوتن ، کاروان بێ هێز و بێ هێز تر دەبوو، وەختێک بە ئاماژی سەر بانگی کردم ، منیش بە سەرسامی لە پاڵ دایکم دانیشتبووم بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە سەیری هێدی هێدی توانەوەی مۆمی تەمەنی کاروانم دەکرد….!
لێوەکانی لە گوێچکەم نزیک کردوە گووتی: بە ئەڤینا بڵێ لە بری منیش هەناسە بدا و بژیێ، با خۆی خەمبار نەکا، ئەگەر بشمرم بە مردویش خۆشم دەوێ ، خۆشویستنێک بە ڕادەی مەم بۆ زین.
منیش بە گریانەوە سەرم بۆی لەقاند.

بەرەبەیان بوو کاتێک دکتۆر گەیشتە لادێکە، دکتۆرەکە هاتە ژوورێ و گووتی: دەبێت ژوورەکە چۆڵ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانم کاری خۆم بکەم، دکتۆر و چەند پێشمەرگەیێک لە ژوورەوە مانەوە، دیارە دوای هەوڵێکی بێوچانی دکتۆرەکە کە بتوانێ هەندێ خوێن بە جەستەی سارد و سڕی کاروانی مەرد و قارەمان بگەیێنێ بەڵام بێ سود دەبێت و جەستەی نیوە مردوی کاروان خوێن وەرناگرێ….!
من و دایکم و پور هۆری دایکی کاروان لە گەڵ چەند کەسێکی تر لە داڵانەکە دانیشتبووین و بە حەسرەتەوە چاوەڕێی هەواڵێکی کاروان بووین، دوای نزیکەی دوو کاتژمێر پێشمەرگەیێک بە ڕەنگێکی خەمبارەوە، بە دەنگێکی لەرزۆک بانگی دایکمی کرد ، پور هۆری ژنێکی بە جەرگ و پاڵەوان بوو ، زۆر خۆڕاگر بوو ، بەڵام چاوەکانی ئەو بەیانیە ترسێکی گەورەی لێ نیشتبوون، لە گەڵ هەر جوڵەیێک ڕادەپەڕی ، بێ وچان سەیری ئەو دەرگایەی دەکرد کە کوڕە تاقانە بریندارەکەی لێ تیمار دەکرا….!
هێندەی نەبرد دایکم کە ژنێکی خۆڕاگر بوو ئەویش دایکی شەهیدێکی قارەمانە هاتە دەرەوە پور هۆری چاوی بڕیە دەمی….دایکم سەیرێکی دووری کرد و ئاهێکی قوڵی هەڵکێشا وەک ئەوەی نەیەوێ هیچ بڵێ، تاوێک بێ دەنگ مایەوە، پور هۆری گووتی: کاروانی من چۆنە؟!

دایکم وەک ئەوەی گوێی لێ نەبووبێ بێدەنگ بوو، پور هۆری: خاتون پێم بڵێ کاروانی من چۆنە؟!
دایکم : هەستە بچینە لای داوای تۆ دەکات ، پور هۆری هەوڵی دا هەڵستێ دوو جار کەوت بەڵام دواتر هەرچۆنێ بێ هەڵسایە سەر پێ…منیش هەمان چاوەڕوانیم هەبوو کە بچمە ژوورەوە کاروان ببینم ، بەو مەبەستە دەستی پورە هۆریم توند گرت ، چووینە ژوورەوە، کاروان لەو شوێنەی لێی درێژ کرا بوو پێش چوونە دەرەوەی ئێمە لەوێ نەمابوو لە ناوەڕاستی ژوورەکە ڕاکشێندرا بوو هەموو گیانی بە پەتوێکی گوڵدار داپۆشرابوو ، دکتۆرەکە و پێشمەرگەکان و هەموو ئەو کەسانەی لە ژوورەوە بوون تارمایی خەمێکی گەورە لە ڕووخساریان نیشتبوو، پور هۆری پێش پێی بڵێن تێگەیشت کە چی ڕووی داوە بۆیە بە هەموو دەنگی هاواری کرد: کاروانننننننن خۆی بە سەر لاشەی بێ گیانی کاروانی نازدار دادا و پەتۆکە لە سەر دەم و چاوی کاروان لاچوو، کاروان دەتگووت تازە نوزاوایە خەندەی ئەوینێکی ناکام لە سەر لێوە ووشکەکانی قەتیس مابوو، ئارام ئارام چاوە جوانەکانی لێکنابوو….!
لە گەڵ هاوار و زریکە و گریان و ئاخی( ئەڤینا )ی مەعشوقی و چاوی پڕ لە حەسرەت و گریانی من چیڕۆکی ڕاستەقینەی کاروانی ئەڤیدار و ئەڤینای دڵ بریندار کۆتایی دێت…..!
بەڵام لای من بۆ ئەبەد بە زیدوویی دەمێنێتەوە

سڵاو لە گیانی بەرزەفری هاوڕێی نەمر کاروان و شەهید دلبرینی برای و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی.

ئەڤینا… ناوێکی خوازراوە بۆ ئەویندارەکەی شەهید کاروانی نەمر.

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە