چوار شه‌ممه‌ 7 تشرینی دووه‌م 2018

گرنگی هەڵبژاردنی شاجوان لەچیدایە؟

بەروار : 07 تشرینی دووه‌م 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

هاوژین رەشید

 

جا لە ئێستاوە خەمی کاتی مەراسیمی هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستانمە! دەزانم چۆن دەبێتە فەوزا و جنێو و سوکایەتی بە چەند کچێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتی یەکان. ئاخر ئێمە فێرین کاتی ڕوداو قسەی زل بکەین نەک بەر لە ڕودانی مشور بخۆین و زاڵبین بەسەر دەرونماندا و بیر لە داهاتو بکەینەوە.
مەسەلەی دیاریکردنی شاجوان، شتێکی زۆر بێ مانایە! ئاخر جیاکردنەوەی یەک کەس گوایە لە هەموو کچان و ژنانیتر جوانترە، زۆر دژە مرۆڤ و قێزەونە! ئەی ئەو ژنەی کەم ئەندامە یان جوانییەکی ڕواڵەتی وای نی یە، چی بکات؟ لەکاتێکدا ڕەنگە چەند زمان بزانێ و هۆنراوە بنوسێ و دایکێکی زۆر میهرەبانیش بێت! دانیشێ خەم بخوا بەدیار لەش و لاری خانمی شاجوانەوەو گلەیی لە بەختی خۆی بکات؟
ئەی ئەو هەموو پارەی لەو جۆرە مەراسیمانەدا بەفیڕۆ دەدرێ؟ لەوکاتەیدا کە خەڵکانێکی زۆر عەوداڵی بڕێک پارەن بۆ دابین کردنی پێویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەیان، هیچ جێی دەستخۆشی نی یە کۆمپانیایەک بێ و ئەوهەموو خەرجیە بۆ وەها مەراسیمێک بکات.
لەلایەکیترەوە، ئەوە بۆ چەند ساڵێک دەچێ شاجوان هەڵدەبژێردرێت. جێی خۆیەتی لێپرسینەوەیەک لەو خانمە شاجوانانەی پێشتر بکەین و بڵێین کوا پڕۆژەکانتان؟ کوا دەسکەوتتان؟ کوا بەرهەمی بەڵێنەکانتان؟ پێم وابێ هیچی وایان نەکردووە کە ڕەنگە پێشتر هەزار بەڵێنی بریقەداریان دابێ! اشهد و خانمی تازە جوانکارییەکی ژیکەڵەی بۆخۆی کردووەو لەچاو پێشتر ئەرز و ئاسمانی فەرقە. ئیتر ئاو بێنەو دەست بشۆ!
بەڕای من لەبری لاسایی کردنەوەی وڵاتانی سیستەم سەرمایەداری و بە کاڵا کردن و پیشاندانی لاشەی مرۆڤەکان، ئەو کۆمپانیایە دەسگیرۆیی کۆمەڵێک لاوی کوردستانی کردبایە زۆر پیرۆزتر بوو، کە دڵنیام زۆرێک خاون بیرۆکەی زۆر جوانن لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا.
ماوەتەوە بڵێین جێی خۆیەتی داوابکەین چێتر شوێن پێی خەڵکی وڵاتانیتر نەکەوین لەو جۆرە بابەتانەدا، بەڵکو واباشە خەڵکی کوردستان خاوەن بیرۆکەی خۆی بێ و خەڵکی چاو لە ئێمە بکەن. لەوباوەڕەدا نیم کچی کورد پێویستی بەوە بێ کەس پێی بڵێ جوان، چونکە خۆی جوانە پێویست بە چونە ناو پێشبڕکێ و هەڵسەنگاندن نی یە. لەبری ئەوە ئێمە زۆر کێشەی ترمان هەن وەک کێشەی شوناس و نەتەوەیی کە زۆر پێویستە کاریان لەسەر بکەین. کارکردنیش بۆ هەبوونی دەوڵەت و وڵاتێکی بەهێز و ژیانێکی ئاسودە، هێز و بازوو و بیرۆکەی داهێنەرانەی ژنی زۆر پێویستە. با ڕێگە نەدەین ژن لە لەش و لار و ڕواڵەتدا بچوککرێتەوە. ئێستا ڕەنگە کەسانێک بڵێن جاخۆ هەڵبژاردنی شاجوان تەنیا لەسەر بنەمای جوانی ڕووخسار نیە! ئەی لەسەر چ بنەمایەکە؟ کێتان بینیتان (ژالیا سیروان) بڕاو بە زمانی فەڕەنسی داوا لە ئیمانوێل ماکڕۆن بکات هاوکاری بنەماڵەی شەهیدانی جەنگی دژی داعش بکات؟ دڵنیام کەستان!
کێتان لەو ماوەیەدا بینیتان شاجوانێک پەرتوکێک بنوسێ و باسی کارەکانی خۆی بکات و ئەوکارانەشی کە دەبێ لە داهاتودا بکرێن؟ دڵنیام نە دیوتانە و نە دەیبینن!
کوا کەی شاجوان هات جگە لە بیر کردنەوە لە ماکیاژ و مەمک قوت کردن، هەستێ و ڕابەرایەتی جوڵانەوەیەکی ژنانە بکات دژی فرە ژنی کە ئێستا لە کوردستان بۆتە هەڕەشە؟ نازانم، من نەمدی و دڵنیام ئێوەش!
لەبەر ئەو هۆکارانە و کۆمەڵێک هۆکارێتر جێی خۆیەتی بڵێین: تکایە ئەو مەهزەلەیە ڕاگرن، خۆتان کەم و کورتن خەڵک هۆشیارە!

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە