پێنج شه‌ممه‌ 22 تشرینی دووه‌م 2018

بنه ماكانى ئۆپۆزیسیۆنێکی چەپی نیشتمانی دیموکراسیخواز

بەروار : 22 تشرینی دووه‌م 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

د. کاوە محمود

بنەمای بیرۆکەی ئۆپۆزیسیۆنی چەپی نیشتمانی دیموکراتیخواز لە شەشەمین کۆنگرەی حزب لە کۆتایی ساڵی 2016دا لە ڕاپۆرتی سیاسی و بەرنامەی کۆنگرەدا گەڵاڵە بوو. بنەمای ئەم بیرۆکەیە لە پەرەسەندنەکانی ڕەوشی سیاسی کوردستان لە ڕاپۆرتی سیاسیدا ئاماژەی پێکرا. لەو ڕاپۆرتەدا باس لە کەڵەکەبوونی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم بەهۆی کەمتەرخەمی دەسەڵات، و خۆرسکی و ڕەمەکی لەچارەسەرکردنی کێشەکان، و کەمتەرخەمی لە بنیاتنانی دامەزراوەکان، و بەردەوامبوونی بەرژەوەندی حزبی بەرتەسک ء خراپی مامەڵەکردنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی عێراق، کراوە.
ئەگەر لایەنى کێشە سیاسییەکان بە سیاسەتی ئابوری پەیڕکراو لەهەرێمدا ببەسترێتەوە کە پشت بە ئابوری بەرخۆرە(الریعی)ء گرتنەبەری ئابوری بازاڕی بەربەڕەڵا، و، هەنگاونان بەرەوە بەتایبەتی کردنی ڕەهای سەرجەم چالاکی ئابوری بەپێی نموونەی لیبراڵی نوێ، و مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، دەبەستێت، کە ئەمانەش هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونی گەندەڵی لەسیاسەتی کارگێڕیء دارایی، ء بوونی حزبە حوکمرانەکان بە پێکهاتەی ئابوری گەورە بەشێوەیەک چاڵاکی ئابورییان قۆرخکردوە و دەستیان بەسەر سامانی گشتیدا گرتووە، ئەوا دەتوانین بڵێین کە سروشتی چینایەتی دەسەڵات دەڕبڕی سەرمایەداری دواکەوتووەو پاشکۆء وابەستە بە ئابوری بەرخۆرە، و چەمکی دەوڵەتی بەرخۆری گرتۆتەبەر، بەجۆرێک بوارێکی فرەوانی بۆ برژوای بیرۆکراسی و مشەخۆری ڕەخساندوە، و لە بەرژەوەندی ئەواندایە.
بەشێک لە هۆکاری بریاری بوون بە ئۆپۆزیسیۆن خۆی لە پشتگیری بۆ بزوتنەوە جەماوەرییەکان دەبینێتەوە وەک دەڕبڕینی ناڕەزایی بۆ قەیرانی ئابوری کوردستانە کە بە هۆی بێ توانایی حکومەت و پێنەدانی موچەی فەرمانبەر و زیادبوونی رێژەی بێکاری و هەڵکشانی کێشەکانی ڕۆژانەی جەماوەر و نەبونی پێداویستیە بنچینەییەکانی وەک کارەباو ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە، هاوکات لەگەڵ دیاردەکانی گەندەڵی کارگێڕی و رەفتارەکانی حزبایەتی تەسک لەبواری سیاسەتی دامەزراندن و بەرێوەبردنی فەرمانگەکان، دەردەکەوێت.
حزبمان لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان پاڵپشتی لەبزوتنەوەی داخوازیکارانەی جەماوەر دەکات وجەخت لەسەر سیمای مەدەنی و دیموکراسی و ئاشتییانەی سەرجەم شێوازەکانی بزوتنەوەی جەماوەری دەکاتەوە وەک بنەمایەک بۆ درێژەدان بەتێکۆشان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی چلۆنایەتی بەرچاو بۆ زامنکردن و دابینکردنی خزمەتگوزارەیەکان و دابینکردنی موچەو پێداویستییە سەرەکییەکانی جەماوەر.
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بۆچونانە پێویستی بە بەرهەڵستکاری لە ڕوناگەیەکی چەپی نیشتمانی دیموکراسیخواز هەیە. رەوایەتی شۆڕشگێری حزبمان و گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی خۆی لەناوەڕۆکی بەرنامەی ڕاگەیندراو، و ناوەڕۆکی پرۆژە سیاسییەکەیەوە دەردەکەوێت. کاتێک حزبمان باس لە شوناسی چەپ بوونی بەرهەڵستکاری خۆی دەکات، ئەوا جەخت لەسەر ئەلتەرناتیفیک بۆ سیاسەتی پەیڕەوکراو دەکاتەوە، کە پشت بە بەرنامەیەکی چەپ ببەستێت. واتە شوناسی بەرهەڵستکاری بوونی حزب دیدی چەپی دیموکراسیخوازە، و ئەمەش بەرهەڵستکاری حزب لە بەرهەڵستکاری ڕەوتە ئاینی و ڕاستڕەوەکان جیادەکاتەوە، و بەهەمان شێوە جیابوونی گوتاری حزب لە گوتاری پۆپۆلیستی دەردەخات کە لە چەند ساڵی ڕابووردوودا گەورەترین زیانی بە بزاڤی جەماەری گەیاند و، بەشێک لە ناڕەزاییەکانی خەڵک بە پلانی حزبەکانی دەسەڵات لە سوتاندنی بارەگای حزبی و باڵاخانەی حکومەت خۆی بینییەوە، و زیانی بە داواکارییە ڕشەواکانی جەماوەر گەیاند.
حزب ئۆپۆزیسیۆنی خۆی لە پەرلەماندا بە تێکۆشانی رۆژانەی ئەندام و رێکخراوەکانی خۆی لە نێو جەماوەردا دەبەستێتەوە، لەروانگەی ئەوەی شەقام بوارێکە بۆ کارلێک و ململانێی پرۆژە سیاسیەکان. هەڵوێستەکانی حزب لە پەرلەماندا کە دەڕبڕی گوتاری چەپی ڕەسەنی کوردستانە پشت بەو دید و بۆچونە چەپگەراییە دەبەستێت کە تا چەند ئەو پرۆژانە لەگەڵ بۆچونمان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و شارستانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و رەوایی نەدان بەتوندوتیژی، دەگونجێت.
هەڵوێستی حزبمان لە پەرلەماندا تەنها هەڵوێست وەرگرتن لەو پرۆژانە نییە کە لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەیخەنە ڕوو، بەڵکو یەکێک لە ئەرکی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەماندا ئامادەکردنی پرۆژەی قانونی پێویستە بە پشتبەستن لە بەرنامەی لیستی ئازادی کە لە کاتی هەڵبژاردندا پانگەشەی بۆ کرا.
بۆیە یەکێک لە بنەمای گوتاری بەرهەڵستکاری چەپگەرایی حزبمان پشتبەستنە بە بەرنامەی لیستی ئازادی، و ئەو دەنگەرانەی نوێنەری لیستەکەیان گەیاندە پەرلەمانی کوردستان، دەنگیان بۆ ئەو بەرنامەیە داوە.
جەختکردنەوە لە سەر شوناسی نیشتمانی ئۆپۆزیسۆنی حزب ئاماژەکردنە بە بنەما نیشتمانییەکانی حزب و داکۆکیکردنی لە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی و مافی بریاردانی چارەنوسی گەلی کوردستان، کە حزبمان لێی پەشیمان نەبۆتەوە، و وەک هەندی لایەنی سیاسی بە شەرمەوە داکۆکی لێناکات. ئەم مەوادا نیشتمانییە لە گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی حزب، لە هەڵوێست وەرگرتن و مامەڵەکردنی سیاسی لە گەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، و سیاسەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕەنگدەداتەوە.
فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی کوردستاندا کە دەڕیڕی گوتاری چەپی نیشتمانی دیموکراتیخوازە، تەنها نوێنەری حزبی شیوعی نییە. بۆیە سەرخستنی ئەو فراکسیۆنە وەک نوێنەری چەپی کوردستان پێویستی بە کاری هاوبەشی لایەن و کەسایەتییە چەپە کوردستانییەکانە. هەڵگری کۆمەڵایەتی پرۆژەی چەپ بریتیە لەچین و توێژە زەحمەتکێشەکان و خاوەن داهاتی دیاریکراو، و کریکاران و جوتیاران و رەنجدەرانی بیروبازوو وسەرجەم توێژە کۆمەڵایەتیەکان کە بەرژەوەندییان لە سەروەری نیشتمانی کوردستانی و بەدەیهاتنی گەشەپێدان و شارستانی دایە. ئەوەی گرنگە لەم بوارەدا بریتیە لەکاری هێزە چەپەکان بۆ داڕشتنی بەرنامە و پرۆژەیەکی چەپ بۆ کاری رۆژانەی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمان، و کاری رۆژانەی هێزی چەپ لە تێَکۆشانی جەماوەری و لە شەقامدا، واتە گرێدانی تێکۆشانی پەرلەمانی بە تێکۆشانی جەماوەرییەوە. ئەم ئەرکە پێویستی بە میکانیزمی رێکخستنی هێزی چەپی کوردستانە بە شێوازێکی کاریگەرانە و دەکرێ لەم بوارەشدا هەماهەنگی لایەن و کەسایەتییە چەپەکان بگاتە دروستکردنی ناوەندی چەپی دیموکراسیخوازی کوردستانی وەک ئامرازی کۆکردنەوەی هێز وتواناکان و داڕشتنی بنەماکانی کاری هاوبەش.
یەکێک لە بابەتە گرنگەکان بۆ سەرخستنی کاری هەماهەنگی چەپ بۆ کاراکردنی چالاکییەکانی حزبی شیوعی کوردستان دەگرێتەوە. کاراکردنی چالاکییەکانی رێکخستنەکانی حزب و ئەندامەکانی و بوونیان لە سەرجەم چالاکییەکانی داکۆکی لە جەماوەر و کارکردنیان بۆ پرۆژەیەکی بنیاتنەرانەی مۆدرینزم و پێشەکەوتنخواز لە کۆمەڵدا، و جەختکردن لەسەر بابەتەکانی یەکسانی جەندەری و مافی تاک، و پاراستنی ژینگە و مافی مرۆڤ، دەبێتە هۆی کاراکردنی چالاکی سەرجەم لایەن و کەسایەتی چەپ. ئەم خاڵەش پێویستی بە دیالۆگی دیموکراسییانەی بەردەوامی هێز و کەسایەتییە چەپەکانە لەسەر بنەمای واقیعی گۆڕاو، دوور لە دۆگما.
حزبمان وای دەبینێ کە ئەرکی نیشتمانی چەپی کوردستانی بریتیە لە تەواوکردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی و کارکردن لەپێناو دەستورێکی دیموکراتی مەدەنی عەلمانی لەکوردستان و بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان و حوکمرانی باش و جەخنکردن لەسەر چەمکی هاوڵاتیبونی کوردستانی و بەدەستهێنانی مافە رەواکانی ئاشوریەکانی کلدو سریان و تورکمان و عەرەب و ئەرمەنی، و ئەرکە چینایەتیەکانیش لەبواری کارکردن لەپێناو سیاسەتێکی ئابوریدا دەردەکەوێت کە خزمەت بە رەنجدەرانی بیروبازو و سەرجەم زەحمەتکێشان بکات و ئابوری بەرخۆر (رەیعی) تێپەڕێنێت و گەشەپێدانی درێژخایەت بەدەست بێنێ.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە