پێنج شه‌ممه‌ 22 تشرینی دووه‌م 2018

ئایدیاوكاری بەرهەڵستكاری بۆ حزبێكی كۆمۆنیست

بەروار : 22 تشرینی دووه‌م 2018
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

 

هیوا عومەر

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لە دواین كۆبونەوەی خۆی لە بەرواری 12ی تشرینی دووەمی 2018 لە بەیانێكدا بۆ رای گشتی رایگەیاند:
” بۆ چوارساڵی داهاتوو رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینین و چەندین بریاریش وەرگیرا لە چوارچێوەی خۆئامادەكردن بۆ رۆڵبینینی كاریگەر وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموكرات “.
ئەم هەڵوێستە لە چەندین لایەنەوە پرسیارو پرسی گرنگ دەوروژێنێت و پێویستی بە گفتوگۆ و تێگەیشنی تایبەت و راشكاو هەیە. هەرچەندە بە تێگەیشتنی من هەرلەسەرەتای نەوەدەكانەوە دەبوو حزبی شیوعی وەك ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە بەشداری هیچ كابینەیەك نەكات، بەڵام ئێستاش هەر گرنگە .
هەوڵدەدەم لەم وتارەدا تێگەیشتن لە بارەی بەشێك لەو پرسیارانە بدەم كە پێم وایە گرینگ و پێویستن وەك : بۆچی حزبی شیوعی لەم كات و ساتەدا ئەم بریارە دەدات؟ بەر هەڵستكار بونی حزبی شیوعی دەبێت چۆن و بە چ شێوەیەك بێت؟
لە دواین كۆنگرەی حزبی شیوعی پێش زیاتر لە دووساڵ بەروونی سروشتی دەسەڵات لە روانگەی میتۆدی فكری ماركسییەوە لە راپۆرتی سیاسی و فكری پەسەندكراوی كۆنگرە دەستنیشانكرا بە “دەسەڵاتێكی بۆرژوازی مشەخۆری پاشكۆ ” . ئەم تەعبیرە ئاماژەیە بۆ دوو بابەتی گرنگ: یەكەم حزبی شیوعی وەك حزبێكی چەپی ماركسی تێگەیشتنی تایبەتی خۆی بۆ دەسەڵات لە روانگەی ناسنامەی فكری سیاسی خۆییەوە تێگەیشتن و هەڵوێست وەردەگرێت، نەك لە ژێر كاریگەری و بیركردنەوەی كەسی یا كاردانەوە، واتە جارێكی تر تەئكید كردنەوەیە لە تێگەشتنێكی مادی بۆ تاریخ بە پێی هەڵومەرج و سروشتی ئەمرۆی دەسەڵات لە كوردستان. هەرلەو چوارچێوەیەشدا كاتێك ماركس مێژووی مرۆڤایەتی دەبەستێتەوە بە مێژووی ململانێی چینەكان و باسی لێكەوتەكانی سروشتی هەر قۆناغێكی مێژووی دەكات لەروانگەی لێكەوتەكانی جۆری سیستەمی بونیادی ئابوری لە سەر پێكهاتەی دەسەڵات وپەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. كەئەمەش دەستنیشانكەری ناواخنی ململانییە كۆمەڵایەتییەكانە.
لەم روانگەیەوە گۆرانكاییەكانی دواین كۆنگرە لە ئاستی فكری و سیاسی هەنگاوێكە بۆ دەستپێوەگرتنی زیاتر بە ناسنامەی فكری سیاسی كە بە هۆكارگەلی زۆر پێشتر بەرەو جۆرێك لە كاڵبونەوە دەچوو، لەم وتارەدا قسەی زیاتر لەو بارەیەوە مەبەست نییە.
بابەتی دووەم پەیوندیدارە بە سیاسەتی بەرەی راستڕەو كە لە هەموو روویەكەوە هەرێمی كوردستانی گەراندۆتەوە چوارگۆشەی یەكەم. بەشێكی زۆری ئەو ماف و ئازادیانەی بە تێكۆشانی جەماوەر و چەپەكان بە دەست هاتبوون پاشەكەیان پێكرا. هاوڵاتیان رووبەرووی دۆخێكی نائومێد كەر بونەتەوە، بەهۆی پەیرەوكردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری كە بریتی بوە و دەبێت لە هەراجكردنی كەرتە گشتییەكان بۆ كەرتی تایبەتی و حزبی و نەهێشتن یان كەم بونەوەی خزمتگوزارییە سەرەتایییەكان و زیادكردن و سەپاندنی باج و سەرانە لە هاوڵاتیان لە چوارچێوەی نەهێشتنی رۆڵی حكومەت لە ژیانی جڤاكی، كە ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ شكستی ئۆپۆزسیۆنی هەمان سیستەم واتە ئۆپۆزسیۆنی راستڕە و ئیسلامییەكان لەماوەی رابردوو .
لە ئاستێكی تردا پرسی بوون بە بەرهەڵستكار بۆ حزبی شیوعی، دەبێت ببێتە پرسیارێكی گەورە بۆ قسەی جدی لە بارەی ئەوەی ئێمە لە چ ئێستایەكدا دەژین و بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێن. بەتایبەت بۆ ئەوانەی باوەرییان بەوە هەیە كوردستانێكی تر لە توانادا هەیە. لەم بارەیەشەوە چەندین پرسیاری تر لە ئێستادا رووبەروومان دەبێتەوە، وەك ئایە كاتی ئەوەنەهاتوە چەپ هەنگاو بەهەنگاو لە وچارچێوەی پرۆژەیەكی روون خۆی كۆبكاتەوە بۆ خۆتەرحكردن وەك بەدیل؟ لە باری بابەتی و زاتی ئەو كاتە نەهاتووە؟ و فكرو میتۆدی چەپەكان ،مێژوو ،مەتریالی بەشەری، لە ئاست ئەوەدانییە ؟ ئەمانە تەنها وروژاندنی چەند پرسیارێكە بۆ بیركردنەوەی زیاترمان لە داهاتوودا .
بەر هەڵستكار بونی حزبی شیوعی جیاوازە لە سیاسەتی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو و ئەمرۆش، كە خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن راگەیاند. كاری ئۆپۆزسیۆنی بۆ هێزێكی چەپ سیاسەتی پۆپۆلیستی و خۆڵكردنە چاوی خەڵك نییە، بەڵكو دەستنیشانكردنی كێشەكان و باوەربونە بە تێكۆشانی جەماوەری لە چوارچێوەی لیستێك لە داواكاری جەوهەری بۆ دابینكرنی پێداویستییەكانی خەڵك و ژیانێكی شەرەفمەندان و هێنانەكاییەی گۆرانكاری راستەقینەیە .
كاری ئۆپۆزسیۆنی ناكرێت بچوك بكرێتەوە لە كاری پەرلەمانتاری بە بایكۆتكردنێك ، دەنگ بەرزكرنەوەیەك كۆتایی پێ‌ بهێنرێت. كاری ئۆپۆزسیۆنی جگە لە روانگەو بەرنامەی روون بۆ هێزێكی چەپ ئالیەت و میكانزمی جیاوازیشە لە ئالیەت و میكانزمی بەرەی راستڕەو . كاری چەپ تەنها رەخنەی رووت نییە بەڵكو پێشكەش كردنی پرۆژەی واقعی و ئومێدبەخشە بۆ كۆمەڵگا لە چوارچێوەی كاری بونیادنەرانە.
ئێمە لە دوای راپەرینەوە دوو جۆر لە مۆدێلی كاری چەپ دەبینین چەپێكیان لە چوارچێوەی سیاسەتی پراكماتیكی نزیك بۆتەوە لە وەی تەسلیمی واقیع بێت لە جێگای ئەوەی بیگۆرێت. ئەوەی تریان ئەوەندە دوور كەوتۆتەوە توانای ناسین و خوێندنەوەی واقیعی لە دەستداوە و توشی نامۆبون بوە لە واقیع. هەردوو مۆدێلەكە پەیوەندی بەئیشكالیەتی روئیای كاری چەپەوە هەیە. ناكرێت رۆڵی چەپ كورتبكرێتەوە لە پەیوەندیدا بە دەسەڵات و پارتە راسترەِوەكان! جا ئەگەر چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە كار كردن بێت لەگەڵی یا وەستانەوە و دژایەتیكردنی بێت . لە هەردوو مۆدێل چەپ پشت لە كۆمەڵگایەو روو لە دەسەڵاتە، بە مانایەكی تر لە هەردوو مۆدێلەكە چەپ دوور كەوتۆتەوە لە واقعیی كۆمەڵگاو دابڕاوە .
سەرەرای بونی كێشەو گرفتی زۆر لە ئایدیاو لەو واقیعەتی چەپ كاری تیادەكات، لە هەمووحالەتێكدا ئەم هەنگاوەی كۆمیتەی ناوەندی فكرو كارو ئیرادەیەكی شۆرشگێرانەی پێویستە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا حزب وەك میكانزمێك بۆ ئامانجێگی گەورە بە رۆڵی مێژووی خۆی هەڵبستێت.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە