Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
پێنج شه‌ممه‌ 3 كانونی دووه‌م 2019

ئێران، ئامانجە شاراوەكەی سەرۆكی ئەمەریكا

بەروار : 03 كانونی دووه‌م 2019
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

محەمەد عەلی

بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكا بە كشانەوەی هێزەكانی لە سووریا، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانە شاراوەكەی بۆ بەغدا و هەژمارنەكردنی وەك دەوڵەتێكی خاوەن سیادە، كە دوو ڕاستی ڕوون كردەوە، بەو جۆرەی ئەوەی لە رۆژهەڵاتی فوورات و ئەوانەشی لە عێراق دەسەڵاتدارن، دوو هێزی نزیكن لە ئێران و، ئەمەریكایش مەبەستیەتی ئەم بارودۆخە لە سووریا و عێراق بگۆڕێت.

سەرۆكی ئەمەریكا بەم بڕیارە توانی بە هەنگاوێك دوو ئامانج بپێكێت، لە لایەكەوە توركیای هاوپەیمانی ستراتیژی ئاشت بكاتەوە و لەولایشەوە بەرژەوەندیی دوو زلهێزە هەرێمییەكە (توركیا و ئێران)، ڕووبەروی یەكتر بكاتەوە تا ئاستی بەریەككەوتنی سەربازی، هاوكات توركیا بەربەستی سەرەكیی بەردەم ئەمەریكا بوو بۆ ئەوەی گەمارۆكان كاریگەریی زیاتریان هەبێ، كە بێگومان لەمەبەدوایش ئێران هاوپەیمانە هەرێمییەكەی لە دەست دەدات.

پەیوەندیی سەركردایەتیی پەكەكە و ئێران شاراوە نییە و چەندین ساڵە بەردەوامە، سیاسەتەكانی ئەم پارتە لە عێراق و توركیا و سووریا لە خودی ئێرانیش، لە بەرژەوەندیی ئێرانە و خزمەت بە ئەجێندای ئەم وڵاتە دەكات لە ناوچەكەدا، ئەمەیش تەواو پێچەوانەی سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمەریكایە لە ناوچەكە و، مەبەستیەتی ئێران لە هەموو لایەكەوە گەمارۆ بدات، بۆیە ناكرێ ئەمەریكا بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی هێزێكی نزیك لە ئێران.

نزیكبوونەوەی توركیا لە رووسیا، كێشەی گەورەی بۆ ئەمەریكا دروست كردبوو، بەم بڕیارە ڕاستەوخۆ توانی بۆشایی لەم پەیوەندییەدا دروست بكات، چونكە راستەوخۆ دوای لێدوانی ئۆردوغان بۆ بەرنامەی دیداری پۆتن، گوتەبێژی كرێملن رایگەیاند كە هیچ دیدارێكی لەم جۆرە لە ئارادا نییە و دووپاتی كردەوە كە

پێویستە هێزەكانی توركیا بە زووترین كات خاكی سووریا جێبهێڵن، ئەمەیش بەو مانایە دێ كە ئەمەریكا مەبەسەتەكەی پێكاوە لە دوورخستنەوەی توركیا لە ڕووسیا.

سەردانەكەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق و فەرامۆشكردنی تەواوی سەركردەكانی عێراق، هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندنی بە نەكشانەوەی هێزەكانی لە عێراق و بەكارهێنانی بنكە سەربازییەكانی لەو وڵاتەدا بۆ هێرشەكانی لە سووریا، ئەمەیش دەرخەری ئەو راستییەیە كە عێراق لە ژێر هەژموونی ئێراندایە و سەربازەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم وڵاتە دەمێننەوە و هەر كاتێك ئامانجەكانی لە سووریا بەدی هات، ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ شوێنەكانی لە ناوچەكە.

ئەورووپاییەكان بە سەركردایەتیی فەڕەنسا، كۆمەڵێك جیاوازییان لەگەڵ ئەمەریكادا هەیە، بە تایبەتی لە پرسی كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی و گەمارۆكانی سەر ئێران، ئەمەیش دەكرێ وەك گوشارێك هەژمار بكرێت بۆ سەر هاوپەیمانە ئەورووپاییەكانی بە خستنە مەترسیی بەرژەوەندیی ئەم وڵاتانە لە سووریا، بە مەبەستی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا تایبەت بە سزاكانی سەر ئێران، ئەگەر سەیری كاردانەوەی فەڕەنسا سەبارەت بەم بڕیارە بكەین، جیاوازیی ڕوانینی ئەم دوو وڵاتە سەبارەت بە سووریا، زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێت.

پاڵنەری سەرەكیی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لە سووریا، بوونی پەیوەندیی بەهێزی نێوان پەیەدە و رژێمی سووریایە، گەڕانەوەی هێزەكانی رژێم بۆ شارۆچكەی مەنبج، راستەوخۆ دوای بریاری كشانەوە جۆری پەیوەندی ئەم دوو لایەنە پشتڕاست دەكاتەوە، لەلایەكی ترەوە بەم بڕیارە ئەمەریكا بە كورد و گشت هاوپەیمانەكانی راگەیاند، بوونی توركیای هاوپەیمانی لە ناتۆ لە رۆژئاوای فوورات، زۆر باشترە لە رژێمی سووریای هاوپەیمانی ستراتیژی ئێران و ڕووسیای ڕكابەرە تەقلیدییەكەی.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە