دوو شه‌ممه‌ 21 كانونی دووه‌م 2019

قادر عه‌زیز: یەکێتی ئامادەنیە بەشداری لە حکومەتی هه‌رێمدا بکات تاوەکو پارێزگاری كه‌ركوك وەرنەگرێت

بەروار : 21 كانونی دووه‌م 2019
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

قادر عه‌زیز بۆ دەنگی ئەمریکا باسی دواین كۆبونه‌وه‌ی نێوان مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و كێشه‌ی سه‌ره‌كی نێوان پارتی و یه‌كێتی كرد و وتی” دواین كۆبونه‌وه‌ خراپ نه‌بوو, باشتر بوو له‌كۆبونه‌وه‌كانی تر، به‌ڵام پارتی و یه‌كێتی دوورن له‌ڕێكه‌وتن چونكه‌ پارتی ڕازی نیه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی بێت ده‌یه‌وێت دوای بخات بۆ دوای پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كێتیش به‌مه‌ ڕازی نیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداد و كه‌ركوك یه‌ك “پاكێج” بن ناكرێت له‌هه‌ولێر ڕێك بكه‌وین بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ڵام له‌كه‌ركوك پارتی دژ و ڕێگر بێت له‌به‌رده‌م پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی یاخود دژی پێدانی پۆستی وه‌زاره‌تی داد بێت به‌یه‌كێتی، ناكرێت ئه‌مانه‌ به‌ڕاستی ده‌بێت دۆستایه‌تی دۆستایه‌تی بێت و دژایه‌تی دژایه‌تی بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كه‌ركوك كه‌ پارێزگار بدرێت به‌یه‌كێتی، یه‌كێتی تا ئێستا بڕیاری نیه‌ له‌م حكومه‌ته‌ به‌شداری بكات.”

قادر عه‌زیز ڕونیكرده‌وه‌” كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێستای نێوان پارتی و یه‌كێتی پارێزگاری كه‌ركوكه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ساڵێك زیاتره‌ دۆخی كه‌ركوك به‌وجۆره‌یه پارێزگاری كه‌ركوك له‌هه‌مانكاتدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی شاره‌كه‌شه‌، پارتی ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی هه‌یه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، كه‌ پارێزگار له‌وێوه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتی ئاماده‌ نه‌بێت یه‌كێتی ئه‌و “ئستحقاقه‌ی” خۆی به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكه‌ باشه‌ بۆچی ده‌بێت یه‌كێتی له‌حكومه‌تێك به‌شداری بكات كه‌ هیچ ده‌سكه‌وتی بۆ ئه‌و نه‌بێت؟!”

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا به‌بێ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك یه‌كێتی ئاماده‌نیه‌ به‌شداری له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم بكات؟

قادر عه‌زیز جه‌ختی كرده‌وه‌” به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشتر پۆستی پارێزگار له‌ كه‌ركوك بدرێت به‌ یه‌كێتی ، یه‌كێتی ئاماده‌ نیه‌ به‌شداری له‌م حكومه‌ته‌دا بكات پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ڕاسته‌وخۆ به‌ده‌ست پارتیه‌ چونكه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پارتین، ئه‌وان ده‌توانن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زۆرینه‌ پێكبهێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی پارتی ڕازی بێت ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆبێته‌وه‌ وه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌ پارێزگارێك هه‌ڵبژێردرێت له‌پشكی یه‌كێتی تا ئێستا له‌ناو یه‌كێتی زۆرینه‌ بۆچونی وایه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌مه‌ به‌شداری له‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌كه‌ین، چونكه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌نده‌ به‌ڕازی بوونی پارتی به‌ دانانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك كه‌ یه‌كێتی بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كرا ئێمه‌ نزیكین له‌ڕێكه‌وتن.”

ده‌رباره‌ی كاریگه‌ری به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتی له‌حكومه‌تی هه‌رێم ؟ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی” كاریگه‌ری هه‌رچیه‌ك بێت نازانم به‌ڵام پارتی به‌رپرسه‌ له‌كاریگه‌رییه‌كان، چونكه‌ یه‌كێتی داوای ئیستحقاقی خۆی كردووه‌ نه‌ك شتێكی “نایاسایی و ناشه‌رعی”، پارتی بۆ له‌هه‌ولێر داوای ئیستحقاقی خۆی ده‌كات بۆ له‌كه‌ركوك و به‌غداد ڕازی نیه‌ بۆ یه‌كێتی؟ ئه‌مه‌ چ جۆره‌ سیاسه‌تێكه‌؟ چۆن حكومڕانی هاوبه‌ش به‌وشێوه‌یه‌ ده‌كرێت؟!”

قادر عه‌زیز ئه‌وه‌شی وت” بابه‌تی پۆستی پارێزگار به‌لای یه‌كێتیه‌وه‌ هێڵی سوره‌ به‌هیچ جۆرێك سازشی له‌سه‌ر ناكات چونكه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ چاره‌نوسی خه‌ڵكی كه‌ركوكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پارتی ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دۆست بێت به‌یه‌كه‌وه‌ حكومڕانی كوردستان بكه‌ن نابێت دژی ئه‌م ” ئیستحقاقه‌”ی یه‌كێتی بێت، ناكرێت له‌ هه‌رێم دۆست بین و له‌كه‌ركوك و به‌غداد ناحه‌ز و ناكۆك بین.”

ده‌رباره‌ی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌رێمی كوردستانیش، قادر عه‌زیز وتی” تا ئێستا باسی ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كراوه‌، وه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ته‌نها مافی پارتی نیه‌، پارتی ئه‌م بابه‌ته‌ی هێناوه‌ته‌” گۆڕێ” بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی خۆی، یه‌كێتی پێی باشه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆری ده‌وێت گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و هه‌مواركردنی یاسا بخرێته‌ دوای پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵام پارتی ده‌یه‌وێت له‌پێش پێكهێنانی حكومه‌ت بێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێك بووه‌ له‌به‌ربه‌سته‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم تا ئێستا.”

ڕاشیگه‌یاند” به‌دووری نازانم یه‌كێتی ڕازی بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتنێكی سیاسی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بدرێ به‌ پارتی ئه‌گه‌ر پارتی ڕازی بێت به‌وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌، چونكه‌ “ئه‌وله‌ویه‌تی” یه‌كێتی كه‌ركوكه‌، وه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان چیتر چاوه‌ڕێی پێكهێنانی حكومه‌ت نه‌كه‌ن.”

كه‌واته‌ ئه‌مه‌ یاریه‌كه‌ یه‌كێتی ده‌یكات تا له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك جۆرێك له‌بیانوو بگرێت له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و دواجار له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك یه‌كێتی ڕازی ده‌بێت پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاندیده‌كه‌ی پارتی بێت؟

قادر عه‌زیز له‌وه‌ڵامدا وتی” بڕوا بكه‌ ئه‌مه‌ یاری نیه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ ناچارین هه‌ندێك سازش بكه‌ین له‌مافه‌كانی خۆمان ئه‌گه‌رنا خۆ پارتی له‌كه‌ركوك خێر به‌یه‌كێتی ناكات، پارتی هه‌ر به‌شداری هه‌ڵبژاردنیشی نه‌كرد له‌كه‌ركوك، له‌ 12 كورسیه‌كه‌ی ئه‌و شاره‌ یه‌كێتی توانی 6 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام یه‌كێتی هه‌میشه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵك سازشی كردووه‌ ده‌مانه‌وێت به‌زوترین كات حكومه‌ت پێكبهێنرێت و بپه‌رژێینه‌ سه‌ر چاككردنی گوزه‌رانی ئه‌و خه‌ڵكه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌مه‌ هیچ گه‌مه‌یه‌كی سیاسی نیه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌.”

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ڕه‌خنه‌ له‌یه‌كێتی ده‌گرن له‌سه‌ر 16 ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ڵام ئێستا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێڵی سوره‌، یا ده‌وترێت یه‌كێتی متمانه‌ی له‌كه‌ركوك نه‌ماو تا پارێزگاكه‌ی بدرێته‌وه‌ ده‌ست؟ قادر عه‌زیز ڕه‌تی كرده‌وه‌ و وتی”ئه‌مانه‌ هه‌مووی تۆمه‌تن له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ بۆ یه‌كێتی دروست ده‌كرێت، بۆ داپۆشینی شكستی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی خۆیان بوو، ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێك بزانێت یه‌كێتی كه‌ركوكی فرۆشتووه‌ بۆ هه‌موو ده‌نگ و كورسی كورد ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌توركمان و عه‌ره‌به‌كانیش ده‌نگیان پێدا؟!”

به‌ڵام تۆمه‌تی ساخته‌كاری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ته‌نها پارتی به‌ یه‌كێتی نه‌وت ته‌نانه‌ت خودی حیزبه‌كه‌ی د.به‌رهه‌م ساڵح و خودی د.به‌رهه‌م كه‌ دواتر هاته‌وه‌ ناو یه‌كێتی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار ڕایانگه‌یاند یه‌كێتی ساخته‌كاری كردووه‌ له‌كه‌ركوك؟

قادر عه‌زیز وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌م جۆره‌ بوو”ئه‌گه‌ر ساخته‌كاری كراوه‌ با ڕێگه‌یان لێبگرتایه‌، ئه‌وه‌تا ئێستا “سه‌عید كاكه‌یی” هاتووه‌ ده‌ڵێت ساخته‌كاری نه‌كراوه‌، خۆ یه‌كێتی هه‌رچی بكات ئه‌وان بیانوویه‌ك ده‌هێننه‌وه‌ ده‌مێك ده‌ڵێن 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌مێك ده‌ڵێن یه‌كێتی متمانه‌ی نه‌ماوه‌.”

باشه‌ تۆ ده‌ڵێی بۆ داپۆشینی شكستی ڕیفراندۆمه‌ بابه‌تی كه‌ركوك، خۆ له‌ڕیفراندۆم سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی به‌جلی كوردی به‌شداری ڕیفراندۆمیان به‌به‌ڵێ له‌ كه‌ركوك كرد بۆ دوای ڕیفراندۆم هه‌موو ڕه‌خنه‌كانتان له‌سه‌ر ڕیفراندۆم خسته‌ ئۆباڵی كه‌س و حیزبێكی دیاریكراو؟

قادر عه‌زیز له‌وه‌ڵامدا ڕایگه‌یاند” یه‌كێتی بڕیاری ڕیفراندۆمی نه‌دا، به‌ڵكو بڕیاره‌كه‌ هی “شه‌خسی” كاك مه‌سعود بارزانی بوو، و یه‌كێتیش و لایه‌نه‌كانی تریش ده‌نگیان دا به‌كاك مه‌سعود نه‌ك ڕیفراندۆم، چونكه‌ پارتی ماوه‌یه‌ك بۆ “ئیحراجكردنی” لایه‌نه‌كان و فشار خستنه‌ سه‌ریان دروشمی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ڵگرتبوو هه‌ركه‌س له‌گه‌ڵی نه‌بوایه‌ تۆمه‌تی خیانه‌تی ده‌دایه‌ پاڵ، ئه‌گه‌رنا هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌پێش یه‌كێتی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵنه‌گرتووه‌ به‌ڵام ڕیفراندۆم ده‌بوو زه‌مینه‌ی بۆ ڕێكبخرێت هه‌ر یه‌كێتی له‌كه‌ركوك ببوو به‌دووبه‌ش له‌كاتی ڕیفراندۆم ئه‌وه‌ش هۆكارێكی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی بوو.”

هه‌روه‌ها له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا یه‌كێتی نیگه‌ران نیه‌ له‌ نزیكبونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان به‌جۆرێك ڕه‌نگه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ڕێككه‌وتنیان بێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بێ یه‌كێتی؟

قادر عه‌زیز وتی” یه‌كێتی باش ده‌زانێت به‌بێ ئه‌و حكومه‌ت پێكنایه‌ت، چوار ساڵی ڕابردوو-ش وابوو پارتی و گۆڕان ڕێككه‌وتن ڕۆژی هه‌ینی بوو په‌رله‌مان كۆبوه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا به‌ڵام دواتر پارتی و یه‌كێتی ڕێكه‌وتن، پارتی گۆڕانی “وه‌ده‌رنا”، هیوادارم گۆڕان هه‌ڵه‌ی چوار ساڵی ڕابردوو دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ پارتی و هه‌مووان ده‌زانن حكومڕانی له‌كوردستان بێ یه‌كێتی ناكرێت، وه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیش به‌شداری كارایان هه‌بێت له‌حكومه‌تدا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ڕابردووی پارتی نین كه‌ گۆڕانی “وه‌ده‌رنا” وه‌ ڕێگا ناده‌ین جارێكی تر دووباره‌ بێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتی ده‌بوو هه‌ڵوێستی هه‌بوایه‌ له‌حكومه‌ت بكشایه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی گۆڕان له‌حكومه‌ت ده‌ركرا ئه‌وه‌ جێی ڕه‌خنه‌یه‌ له‌یه‌كێتی به‌ڵام لانی كه‌م ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی هه‌بوو كه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی گۆڕانی پڕنه‌كرده‌وه‌.”

وتیشی” پارتی وه‌ك كارتێكی فشار گۆڕان به‌كارده‌هێنێت به‌رامبه‌ر یه‌كێتی به‌داخه‌وه‌ گۆڕان نابێت وه‌ك كارتی فشاری پارتی خۆی به‌كاربهێنێ، چونكه‌ دواتر وه‌ك چوارساڵی ڕابردوو به‌ته‌نها خۆی باجه‌كه‌ی ده‌دا، پارتی زوو یا دره‌نگ هه‌رده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی چونكه‌ به‌بێ یه‌كێتی ناتوانێت حكومڕانی بكات، گۆڕان خۆی توشی ئه‌م گه‌مه‌ دۆڕاوه‌ نه‌كات باشه‌.”

قادر عه‌زیز ڕه‌خنه‌ی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرت و وتی” ئێستا گۆڕان ده‌یه‌وێت یه‌كێتی “ئیزعاج” بكات و بڵێت” ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌بێت ئه‌و له‌گه‌ڵ پارتی ڕێك ده‌كه‌وێت ده‌ی با ڕێك بكه‌وێت یه‌كێتی هیچ “مانع-ێكی” نیه‌،چونكه‌ بڕوای به‌خۆیه‌تی كه‌ پێی وایه‌ له‌كوردستان به‌بێ ئه‌و شتێك نیه‌ به‌ناوی حكومڕانی،یه‌كێتی له‌مه‌ دڵنیایه‌ هه‌ركه‌س ئه‌و گه‌مه‌یه‌ بكات دۆڕاوه‌ باشترین نمونه‌ ئه‌زمونی چوارساڵی ڕابردووی گۆڕان و پارتی ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌سه‌لمێنێت.”

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی درێژه‌ی به‌قسه‌كانیدا و ڕایگه‌یاند” پارتی گه‌مه‌ له‌سه‌ر ناكۆكیه‌كانی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان ده‌كات به‌شێكی وه‌ك كارتی فشار به‌كاریده‌هێنێت تا یه‌كێتی سازشی بۆ بكات به‌ڵام یه‌كێتی له‌مه‌ تێگه‌یشتووه‌ وه‌ گۆڕانیش زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ وه‌ك كارتی فشار به‌كاربێت هیوادارم واز له‌گه‌مه‌ و گه‌مه‌بازی بهێنرێت كار له‌سه‌ر خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌ بكرێت چونكه‌ هه‌رخۆی یه‌كێتی و گۆڕان ناكرێت دۆستی یه‌ك نه‌بن چونكه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی هاوبه‌شن و ئیداره‌ی هاوبه‌شیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌.”

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی له‌سه‌ر چیه‌؟ قادر عه‌زیز ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو” به‌هۆی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان كه‌ گۆڕان یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌جێ به‌جێ نه‌كردنی ڕێكه‌وتنه‌كه‌، گۆڕانیش ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی لای خۆیه‌وه‌ هه‌ڵپه‌سارد ئه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌یه‌تی.”

ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (قادر عه‌زیز) له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پێشبینی بۆ كاتی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی” ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر كه‌ركوك ڕێكه‌وتن ئه‌وا به‌زوترین كات كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم پێكدێت، ئه‌گه‌ر-یش ڕێك نه‌كه‌ون ئه‌وا درێژه‌ ده‌كێشێت و كاتی پێده‌چێت”

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە