یه‌ك شه‌ممه‌ 27 كانونی دووه‌م 2019

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (هیچ) دانپێدانانەکانی دایکێک

بەروار : 27 كانونی دووه‌م 2019
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

جەلال هۆرێنی

 

کتێبی هیچ ” دانپیدانانەکانی دایکێک” کە لە نوسینی خاتوو “کۆچەر ئەبوبەکر”ەو ، ژانری نامەیە، ئەندێشە ساڵی ٢٠١٥ چاپی کردووەو لەساڵی ٢٠١٦دا چاپی دووهەمی کراوەتەوە.
ئەم کتێبە ،باس لە کاراکتەرێکی نێو کۆمەڵگەی کوردی دەکات، کە قۆناغەکانی ژیانی لە نامەیەکدا بۆ کوڕەکەی بەرجەستە دەکات، لەم کتێبەدا نوسەر و کەسایەتی “رامین” کارەکتەری سەرکی نێو نامەکەن، کە تێیدا نوسەر ژیان بەجۆرێکی تر پێناسە دەکات و دیوە راستەقینەکەی مرۆڤ دەخاتە روو.

 

دایکایەتی

هیچ کەس وەک دایک، ناتوانێت سۆز و میهرەبانی ببەخشێت بە کۆرپەکەی، ئەگەرچی لێیشی دووربێت، دایک هەمیشە پەیوەندییەکی رۆحی دەیبەستێتەوە بە منداڵەکەیەوە، خودی خۆیشی زۆرجار هەستی پیناکات، کەچۆن لە قاڵبی کەسێتی خۆی دەردەچێت.
کۆچەر لەم نامەیەدا، (کەمن بۆ خۆم پێموایە رۆمانە و مەرجەکانی رۆمانیشی تیدایە) باس لەکەسایەتی دایکێک دەکات، کە دەیەوێت هەموو راستیەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکات، ئەو لەم نوسینەدا لەبارەی کەسایەتی خۆیەوە راستگۆیانە ئەدوێت.
کاتێک دایکێک لەنەوەکەی دوور دەخرێتەوە، هیچ کەس وەک ئەو دایکە ناتوانێت بە وشە پێناسەی ئەو دوورخستنەوەیە بکات، کۆچەر پێمان دەڵیت؛( گریمانەی ئەوە هەیە چەندین رامینی دی هەبن بیانەوێت لە زمانی دایکێکی دوورخراوە لە منالەکانی تێبگەن و هەستەکانی بخوێننەوە).
نوسەر باسی دایکێکمان بۆ دەکات، کە هەمیشە لەگەڵ ئازار و غەمدا دەژی، ساڵانە لەیادی لەدایکبوونی منداڵەکانیدا فرمێسک دەڕێژێت، زۆر جاریش ئەم دایکە هەست بە رق دەکات، تەنانەت حەز لە بینینی دایکەکانی تر ناکات لەگەڵ رۆڵکانیاندا.
زۆرن ئەو دایکانەی هاوشێوەی کاراکتەری “کۆچەر”ن، بەڵام کەسیان ناتوانن وەک “کۆچەر” راستگۆیانە دان بە راستیەکاندا بنێن و بریار بدەن، چونکە کۆچەر بڕیاریدا بفڕێت، لەجیاتی مانەوەی لەگەڵ منالەکانیدا، هەروەها نوسەر لەم نامەیەدا باس لەو کلتورە دەکات، کە تێیدا کچ لە قۆناغێکی هەستیاردا دەبێتە دایک، لەکاتێکدا خۆی پیویستی بەدایکە.

 

فڕین و موڵکایەتی

 

هیچ، باس لە دایکێک دەکات، کەدەیەوێت بفڕێت، فڕین بۆ دوورترین شوێنی زەمین، دەیەوێت لە کۆمەڵگە و دابونەریت و کلتوری کۆن دەربازی بێت، ئەو دەیەوێت لەدەریادا هاوسەرگیری بکات، بۆ ئەوەی ئەڵقە نەکرێتە پەنجەی، ئەو حەزی لێیە لەدوای خۆرئاوابوون لەناو دەریا جێژوان ببەستێت و ماچی خۆشەویستەکەی بکات. چەندین ئافرەت یان کچی تر هەن، دەیانەوێت بفڕن ، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی بوێریان تێدابێت بۆ فڕین، زۆر لەکچان لەجیاتی فڕین ئاگر دەکەنە دوا وێسگەی ژیانیان، وەک نوسەر لە “هیچ”دا باس لەوە دەکات، کە ئەو گەڕەکەی تییدا دەژیی، زۆربەی کچەکانی بەهۆی درۆی خۆشەویستیەکانیانەوە یان رێگری کەسوکاریان خۆیان دەسوتاند، گەڕەکێک کە پیتی یەکەمی کچە عاشقەکانی لەدیوارەکانیدا هەڵکۆڵیوە، دواتر کچەکان یەک دوای یەک خۆیان دەکەن بەئاگر، ئەمە ترسنۆکیە، کەناتوانن بڕیار بدەن ،لەگەڵ رۆژدا بجەنگن.
کەم دایک هەن، لەدوای دوو یان سێ منداڵ بوێری ئەوەی هەبێت بیەوێت بفرێت، لەجیاتی بەخێوکردنی مندڵەکانی و دانیشتن بەبێ دەنگیی و رازی بون بەهەموو گرفتەکانی ژیان، ئەم بریار دەدات، کە موڵکی کەس نەبێت، لەجیاتی ئەوەی پەنجەکانی ئەڵقەی تیدا بێت، ئەو ئازایانە دەڵێت: (ئەڵقە ناکرێتە پەنجەی ئاو) چونکە وەک شەپۆلی دەریا وایەو ناگیرێت. نوسەر دەڵێت: (بەمنداڵی حەزم کردووە بفڕم و هەمیشە ویستومە لەسەربانێکەوە خۆم هەڵبدەم و نەموێراوە، جارێکیان ئەو عەبا چکۆلەیەی نەنکم بۆ ماڵەباجێنە بۆی دروست کردبووم، کردبومە قۆڵەکانم و لەسەر دیوارێکەوە خۆم هەڵداوە، قاچەکانم ئازاریان پێ گەیشتووە، بەجۆرێک چەند رۆژێک نەمتوانیوە بچم بۆ قوتابخانە).
زۆرن ئەو مرۆڤانەی ئارەزووی هەرچیان بوێت هەوڵی بۆ دەدەن، لای هەندێکیش پێی دەوترێ ئینکاری ، بەڵام زۆرترن ئەو کەسانەی ئارەزوویان زۆرە، وەلێ هەوڵی بۆ نادەن و قوربانی نادەن، کۆچەر لەنامەکەیدا باسی قوربانیدانەکانی خۆی دەکات بۆ فڕین.

 

نهێنیە شاراوەکان

 

هەموو مرۆڤێک چەندین نهێنی تایبەت و شاراوەی هەیە، زۆرێک لەو نهێنیانە رۆژانە لەنێو کەسایەتی هەریەکێکماندا بونی هەیە، ئەگەر کوڕێک هەندێ شتی نهێنی هەبێت، رەنگە لەچەند کەسێکی بشارێتەوە، بەڵام کچان نهێنیەکانیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن، تەنانەت لای ئازیزترین کەسیشیان باسی ناکەن، چەند ئافرەت هەن، بەدزی هاوسەرەکانیانەوە شەراب دەخۆنەوە یان بەدزی ماڵەوە لەنێو قوتوی بیبسیەکاندا دەیخۆنەوە، چەند ئافرەت بە ژمارە یان ئەکاونتی تر، کە هی خۆیەتی نامەی دلداری بۆ هاوسەرەکەی دەنێرێت و کەسایەتی خۆی ئاشکارا ناکات، چەند ئافرەت هەیە ئارەزووی لە پێکەوە بوونی زۆرە، بەڵام ناتوانێت بریار بدات، کۆچەر زۆرێک لەو بابەتانەی باسکردووە ، کەئارەزووی لێیان هەبووە یان کردوونی، ئەو وەک دایكێک دانپیدانانی بۆ منداڵەکەی کردووە، ئەم خۆی دێت هەموو نهێنیەکانی خۆی بۆ (رامین ) باس دەکات، ئەو لە کاتێکدا، کە لەگەڵ نەنکیدا قسە دەکات، لەنێو قوتوی بیبسیەکەیدا شەراب دەخۆاتەوە، بەڵام مەست نابێت، ئەو بەژمارەیەکی نەناسراو نامەی خۆشەویستی بۆ هاوسەرەکەی دەنێرێت، خۆی لێدەگۆڕێت، بەڵام هەستی بریندار ناکات، ئەوەتا دەڵێت: (لەسەر چەرپاکە بەسەر دەمدا دەکەوم، دڵداری لەگەل باوکتدا دەکەم. پێم دەڵێت، ژنەکەم نوستووە. ژنەکەم زۆر دوورە لێم. راست دەکات من و ئەو تەنیا یەک دیواری نێوان ژوورەکان لەنیوانماندایە، بەڵام چەند سەدەیەک لەیەک دوورین، ڕەنگە ئەو چەند سەدەیەک بەر لەمن بژی).

 

 

پرسیارە فەلسەفیەکان

 

هەندێک پرسیار هەیە مرۆڤ دەیکات، وەڵامی دەست ناکەوێت، لەبێوەڵامیدا بیردەکاتەوە، خەیاڵ دەکات، کۆچەر لەم نامەیەدا کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفی دەوروژێنێت، ئەو بۆچی هاتە بوون؟ ئەی بۆ رامینی هێنایە بوون؟ ئایا خودا بوونی هەیە؟ ئاین دروستکەری خودایە یان مرۆڤ؟ کێ زەوی و ئاسمانی دروست کرد؟ ئەگەر خودایە، ئەی کێ خودای دروست کرد؟ ئایا ژیان و ژیاری بەبێ دروستکەرێک لەخۆیەوە هاتۆتەبوون؟
نوسەر کۆمەڵێک بابەتی فەلسەفی وروژاندووە، کە لەمێشکی خۆیدا پرسیارگەلێکن و بەدوای راستیەکاندا دەگەڕێت، وەک چۆن زۆرێک لە مرۆڤەکانی تر هەمان پرسیاریان هەیە، بەڵام لەخاڵێکدا دەوەستن، نوسەر لەو خاڵەشدا ناوەستێ و هەر دەپرسێت…
پرسیارکردن بیری مرۆڤ فراوان دەکات، خەیاڵدانی گەشە پێدەکات، بەجۆرێک شیکردنەوە بۆ هەموو ماددە و بونەوەرەکان دەکات، کە لەسەر زەمین بوونیان هەیە یان خەیاڵن.

 

 

زمان و ئەدەب لە”هیچ”دا

 

تۆڵستۆی، نوسەری ناوداری روسیا و جیهان، لە رۆمانی (شەڕ و ئاشتی)دا گرێی ئەدەبی بەکاردەهێنێت، کە یەکێکە لە رەگەزەکانی ئەدەب. بەشێک لە رووداوەکان باس دەکات، کە لەبەشەکانی پێشودا وەک هەواڵێک گەیاندویەتی، بەڵام ناوەرۆکەکەی دەخاتە بەشەکانی تر، واتە یاری بە کات دەکات، کۆچەر لە “هیچ”دا نامەیەک بۆ رامین دەنێرێت، بەڵام کاتی خوێندنەوەی نامەکە باس ناکات، دەکرێت “هیچ”وەک رۆمانی شەڕ و ئاشتی بکرێتە چەند بەرگێک، لەبەرگی دووهەمدا (رامین) نامەکە بخوێنیتەوە، گرنگ نیە کاتی خوێندنەوەکە کەیە، گرنگ ئەوەیە کۆچەر کەی بەرگی دووهەم دەنوسێت.
نوسەری (هیچ )زۆر بەجوانی توانیویەتی لەنامەکەدا، زەمەن بەکاربهێنیت، زەمەنێکی دیاریکراو، کەژیانی هاوسەرێتی و منداڵبوونە، نوسەر دەیتوانی بگەرێتەوە بۆ باسی خۆی لەمنداڵیداو بەشێکی سەرەکی نامەکەی بەوە تەرخان بکردایە، بەڵام ئەم هاتووە لەحەوتەم ساڵ رۆژی لەدایک بوونی کورەکەیەوە دەست پێدەکات.
گرنگی شوێن لە “هیچ”دا ماڵەکەی نەنکیەتی، کە نوسەر شوێنی وەک بنەمایەکی ئەدەبی دەست نیشان کردووە، ماڵەکەی نەنکی ئەو شوێنەیە، کە دەکرێت وەک رەگەزێکی سەرەکی ئەدەبی قسەی لەسەر بکرێت، کەلەمەدا بەسەلقەوە قسەی لەسەر دەکات، ماڵەکەی نەنکی هەم یادگارییە، هەم پەردە درامیەکانە، کەدەیەوێت دەقەکانمان پێ ئاشنا بکات.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە