شه‌ممه‌ 13 نیسان 2019

شارەوانی دەرسیم کەوتە دەست کام پارتی کۆمۆنیست؟

بەروار : 13 نیسان 2019
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

گۆران هەڵەبجەیی

دەمێک هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا کۆتایی هات، زۆربەی میدیاکانی دەڤەرەکەو جیهان باسیان لە سەرکەوتنی [پارتی کۆمۆنیستی تورکیا] کرد بەوەی شارەوانی دەرسیمی بەدەست هێناوە.
ئەم هەواڵە وا پێناسە کرا کە مەبەست [حیزبی کۆمۆنیستی تورکیا]یە کە کۆنترین حیزبی کۆمۆنیستە لە وڵاتدا.
بەڵام لە ڕاستیدا وا نیە ،ئەو حیزبەی کە لەو شارەوانیەدا سەرکەوتووە لایەنیکی تری کۆمۆنیستە.
لە تورکیادا چەند حیزب و لایەن و گرووپ وڕەوتی چەپی مارکسی هەن کە لە ژێر چەتری کۆمونیستدا کاردەکەن. خاڵی هاوبەش لە نیوان ئەم حیزبە چەپە مارکسیانەدا تەنها ناوەکەیە{کۆمونیست} ،دەنا لە ڕووی مەنهەج و سیاسەت و بەرنامەو تێروانینیان بۆ کیشەکان ،جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە.،هەر ئەم جیوازیەشە بووەتە هۆی ئینشقاقی بەردەوام.
ساڵی 1920 لە باکۆی پایتەختی ئازربایجانی سۆڤیەت لە لایەن کۆمەڵێک تورکی ڕووناکبیرەوە کە ناوی خۆیان نابوو [کۆمەڵەی ڕوسیا] کە پێشتر حیزبی ئیتحادو تەرەقی نەفی کردبوون ، [حیزبی شیوعی تورکیا] یان دامەزران.
هاوکات لە ئەڵمانیش لەلایەن کۆمەڵێک کریکاری تورکەوە گروپیکی مارکسیان دروست کرد و ناویان نا [کۆمەڵەی ئەستەنبوڵ] . لە پاشاندا ئەم دوو کۆمەڵە لەگەڵ چەند تاکیکی چەپ لە ئەنادۆڵ حیزبی شیوعی تورکییان دامەزران ،یا باشتر بڵیم هەموویان چونە ناو کۆمەڵەکەی مۆسکۆوە.
کاریزماترین کەسی ئەم گرووپە [مستەفا سوبحی ]بوو کە هەر خۆی بوو بە سکرتێری ئەو حیزبە. پاشان بە ئومێدی کارکردن بە ئاشکرا ،گەڕانەوە بۆ تورکیا . لە ڕێگەی گەڕانەوەیاندا لە دەریای ڕەش کە خۆی و [14] هاوریی لە بەلەمێکدا بوون لە ناکاو بەلەمەکەیان نغرۆ بوو و هەموویان تیاچوون،کە پاشان دەرکەوت بە پلانێکی ئەتاتورک ئەو کارە ئەنجامدراوە.
شایانی ئاماژەیە پاش لەنێوبردنی مستەفا سوبحی و هاورێکانی چەندین حیزبی شیوعی یاخود مارکسی لە هەناوی ئەم حیزبەوە دەرچوون ، کە هەندێکیان بۆ ماوەیەکی کەم کاریان کردو پاشان ناو وڕۆڵیان نەما ،یاخود زەبروزەنگی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا لە ناوی بردن ،چ وەک کووشتنی کادیرە بارزەکانیان یا زیندانیکردنی زۆربەی ئەندامەکانیان یا چ وەک قەدەغەکردنی کارکردن لێیان . بەڵام هەندێکیان لەگەڵ دۆخی خراپ و مەترسیداردا خۆیان گونجان و بەردەوام بوون لە کارکردنی نهینی . لە لایەکی دیکەوە بەردەوام حیزب و گرووپی چەپ و مارکسی بەهەموو ڕەوتەکانیەوە لە پەیدا بووندابوون.،کە هەندێکێان لە ئەنجامی جیابوونەوە درووست دەبوون.
ئەم بابەتە واتە مێژووی چەپ لە تورکیادا پێوستی بە زیاتر باس و لێکۆڵینەوە هەیە ، بۆیە گەر دەرفەت بوو لە ئایندەدا بە بابەتێک بە تێروتەسەلی تیشک دەخەمە سەر ئەو میژووە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا کۆنترین حیزبی شیوعی [حیزبی شیوعی تورکیا]یە کە دامەزرێنەرەکەی {مستەفا سوبحی} بوو ،کە تا رۆژی ئەمڕؤش بە ئاشکرا بەردەوامە لە کارکردن. شایانی گووتنە ئەم حیزبە هەر وەک حیزبی شیوعی سوری و تودەی ئێرانی، بەرامبەر بە دۆزی کورد زۆر بێهەڵوێستە.
لەپاڵ ئەم حیزبە مارکسیەدا ،چەندین گروپ و حیزبی مارکسی بە ئاشکرا یا شوبهە نهێنی یا نهێنی تەواو کاردەکەن ،یەکێک لەوانە کە زۆر چالاکەو خاوەن جەماوەرێکی زۆرە [حیزبی شیوعی تورکی مارکسی لینینی]یە ¨TKP/ML کە لە ساڵی 1972وەک حیزبێکی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕی خاوەن روئیای [ماویانە] هاتە مەیدان.
دامەزرێنەری ئەم حیزبە [ئیبراهیم کایباک] بوو،کە پاش چەند ساڵێک لە دامەزراندنی حیزبەکەی دەستگیرکراو لە زینداندا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپارد. لە پاڵ ئامانجە سیاسیەکەیاندا سەرانی ئەم حیزبە بە نهێنی تێکۆشانی چەکداریان پەیڕەو کرد و کردیانە یەکێک لە ئەولەویاتی سیاسەتی حیزبەکەیان. بۆ ئەم مەبەستەش هێزێکی چەکداری گچکەیان پێکهێنا کە زۆر نهێنی و نەناسوابوون ،بە نێوی[سوپای ڕزگاری کرێکارو جوتیارانی تورکیا].
جێگەی ئاماژەیە پتر لە ٪75 ئەندامانی ئەم حیزبە تەمەنیان لە نێوان 14-30ساڵە و خوێندکاران بەشێکی زۆری ئەم حیزبە پێکدەهێنن.
ئەم گرووپە چەکداریە تاڕادەیەیکی باش لە پاڵ گرووپە ڕادیکاڵە مارکسیە چەکدارەکانی دیکەدا لە کۆتایی شەستەکانەوە تا ئێستا ،توانیان بەرگری لە خۆیان بکەن بەرامبەر بە هێرشی دڕندانەی گرووپی[ گورگە بۆرەکان] و چەندین گروپی تووندڕەو و ڕاستڕەوی نەتەوەیی و ئیسلامی بوەستنەوە.
ئەم حیزە لە هەموو گروپ و ڕەوت و حیزبە چەپ و مارکسیەکانی تورکیا هەڵوێستی ڕاشکاوانەترو مەبدەئی ترە بەرامبەر بە دۆزی کورد. پشتگیری تەواوی داخوازیەکانی گەلی کورد دەکات بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی. خۆی بە دۆستێکی نزیکی گەلی کورد دەزانێت . ئەم دۆستایەتیەشی بە پراکتیک بەرجەستە کردووە .هەر لەم پێناوەدا بە کەتیبەیەکی تایبەت بەشداریان لە شەڕی ڕزگارکردنی کۆبانی و بەرەکانی دیکەی باژێڕەکانی رۆژئاوا کردوە و چەندین شەهیدیان داوە ،کە پەیەدە و پەیەژە وینەکانیانیان بڵاوکردنەوە.شایانی ئاماژەیە ئەم حیزبە لە نێو کوردان و تورکانی تاراوگەش خاوەنی جەماوەرێکی بەرچاوە.
ئەو کەسەی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە باژێڕڤانی دەرسیم کوردێکی دەڤەرەکەیەو ناوی [فاتح محەمەد ماش ئۆغڵۆیە] .
بەر لەوەی خۆی بۆ باژێڕڤانی دەرسیم کاندیت بکات ساڵی 2014 لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا بووە باژێڕوانی [ئۆفاجیک] کە شارەوانیەکی گچکەیە لە هەمان دەڤەر . ئەوەی ئەستێرەی ئەم مرڤەی گەشاوەکردو بوە کەسێکی خاوەن جەماوەر ،ئەو سیستەمە ئابوریە شۆشیالیستەبوو کە لەسەر بنەمای هەرەوەزی پەیڕەوی دەکرد لە شارەوانیەکەیدا بەتایبەتی لە کەرتی کشوکاڵیدا .[کشوکاڵ داهاتی سەرەکی دەڤەرەکەیە] شێوازی کارەکە بریتی بوو لە بەرهەمهێنانی بەربوومی کشتوکاڵی بە شێوەی کۆ یا هەرەوەرزی کە موڵکداری زەویەکان دەگڕێنەوە بۆ شارەوانی و پاشان فرۆشتنی ئەم بەرووبوومە لە بازاڕەکانداو دابەشکردنی داهاتەکەی بەسەر بەشداربوانی کارە هەرەوەرزیەکەو هەژارانی دەڤەرەکەدا.
ئەوەی جیگەی ئاماژەیە چەند ساڵیک لەمەوبەر کەناڵێکی عەرەبی پێم وابێت[ الجزیرە الوثائقیە] بوو ڕیپۆرتاجێکی دەربارەی ئەو شارەوانیە سازکرد ،بە نیوی [شارەوانیە سوورەکە] لەوێدا چەندین پرسیار ئاراستەی فاتح محەمەد کرا ،سەبارەت بە فەلسەفەی سەرکەوتنی ئەزموونەکەی و ئاستەنگیەکان ، فاتح لەوێدا بەسادەیی و سانایی چۆنیەتی سەرکەوتنی ئەزموونەکەی ڕوونکردەوە ،هاوکات ئاماژەی بەو ئاستەنگیانەش دا کە دەسەڵات بۆیان درووست دەکات. لەو ڕوەوە گووتی ،ئێمە بەپلەی یەکەم پشتمان بەخۆمان بەستووە ،گەر دەسەڵات وازمان لێبهێنیت بێکێشە خۆمان بەڕێوە دەبەین .هەرلەوێدا کەناڵەکە لە گرتەیەکدا نیشاندیدا کە خودی سەرۆک شارەوانی وەک حەماڵ کار دەکات و بەرووبوومەکان لە مەخزەنەوە لەگەڵ هاوکارانیدا دەگواستەوە بۆ نیو بارهەڵگرەکان بۆ فرۆشتنیان لە بازاڕەکاندا.
ئەو دەمەی ئاشکرابوو کە شارەوانی دەرسیم بۆ حیزبەکەیەتی، فاتح محەمەد لەبەردەم لایەنگرانیدا کوورتە وتارێکی داو گووتی[ ئێمە دەتوانین ئیدارەی شارەوانیەکەمان بکەین، بێ ئەوەی کەس لادەین یا کەس پشتگوێ بخەین،هەموومان دەتوانین پێکەوە کار بکەین وە دەتوانین دەرسیم بکەینە نمونەیەکی جوان تا هەموو تورکیا چاوی لێبکات.

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە