Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
پێنج شه‌ممه‌ 16 ئایار 2019

دووڕۆژ لەتەک مرۆڤە بێ ئومێدەکاندا

بەروار : 16 ئایار 2019
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

گۆران هەڵەبجەیی

هەندێک نەخۆشی دەگمەن هەن، کە  هێندە دەگمەنن تا ئاستی ئەوەی کەسێکی  توشبوو بە یەکێک لەو جۆرە نەخۆشیانە، دەشێ ناوەکەیشی نەبیستبێت.

ئەم نەخۆشیە دەگمەنانە لە ملیۆنێکدا چەند کەسێک دووچاری دەبن. هەیانە ئومێدی چاکبوونەوەی لێدەکرێت و  پاش وەرگرتنی چارەسەر ، کەسە تووشبووەکە چاک دەبێتەوەو دەگەڕێتەوە نێو ژیانی ئاسایی خۆی . چەشنی واش هەیە لەم نە خۆشیانە کە چاکبوونەوەی نیەو کەسە نەخۆشەکە تا  لە ژیاندا بێت دەبێ لەگەڵیدا بژی.

لەم بابەتەدا خوازیارم تیشک بخەمە سەر یەکێک لەو نەخۆشیانە ئەویش نەخۆشی

[نەمانی ماسولکە]یە،کە بە زمانی عەرەبی پێی دەگووترێت {ضمور العضلات} یا [Muscular dystrophy] بە زمانی ئینگلیزی.

وەک زانراوە ئەم نەخۆشیە [16] جۆری ناسراوی هەیە، تێیاندایە زۆر مەترسیدارە بەتایبەتی یەک جۆریان کە ناوە لاتینیەکەی لە سێ پیت پێک هاتووە، ناوی نەخۆشیەکە نانووسم نەوەک بەڕێزێک یا کەسێکی نزیکی بەڕێزێک ئەوجۆرەی هەبێت .پاش دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە  مەترسیدارە لە سەر جەستەی نەخۆشەکە ،ئیدی دوای چەند ساڵێک نەخۆشەکە گیان لەدەست دەدات.

جۆریشیان هەیە ئەهوەنەو هێدی هێدی کار لەسەر جەستە دەکات و مرۆڤی نەخۆش دەتوانێت لە گەڵیدا بژی ،بەڵام بێگومان بەردەوام لە تەندرووستی نە خۆشەکە دەبات ، بە جۆرێک نە ئومێد بە چاکبوونەوەی هەیە ،نە بە وەستانی لە ئاستێکدا.

سەبارەت بە چارەسەرو دەرمان تا ئێستا هیچ جۆرە دەرمانێک نەدۆزراوەتەوە بۆ چارەسەر ،لە گەڵ ئەوەی بەردەوام هەوڵ هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. تەنها شتێک کە بڕێک هاوکاری بکات ،وەرزشە ، واتە وەرزشی بەردەوام  کاریگەری نەخۆشیەکە دوادەخات.بەڵام وەرزشیش تا ئەو کاتە سوودمەندە کە کەسی نەخۆش هێندە وزەی هەبێت بتوانێت مومارەسەری وەرزش بکات.

لە دانمارک کە ژمارەی دانیشتوانەکەی پتر لە {5} ملیۆن کەسە ، تووشبوانی ئەم نەخۆشیە نزیکەی[500-300] کەسن، کە بێگومان ئەم ژمارەیە لە زیادبووندایە.

هۆکارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشیە دوو هۆکارن ، یەکەم  لە باوک و دایکەوە یا باوباپیران و جیلەکانی پێشتر دەگوازرێنەوە بۆ نەوەکانی خوارەوە . بۆ نمونە گەر کەسێک باپیرە گەورەی  یا داپیرە گەورەی ئەم نەخۆشیەی هەبووبێت ئەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو . جا مەرج نیە هەموو نەوەکان بیگرن ، لەوانەیە تەنها لە جیلی سێیەم یا چوارهەمدا کەسێک  یا دووکەس دووچاری ببێت. بۆ نمونە منداڵ هەیە تووشبووی جۆریکە لەم نەخۆشیانە بەڵام  دەبینین نە باوک و دایکی نە داپیرەو باپیرەی ،هیچیان ئەو نەخۆشیەیان  نیە . لەم حاڵەتەدا دەردەکەوێت کە  ئەم نەخۆشیە لە سەروترەوە گواستراوەتەوە ، واتە جیلەکانی پێشتر وەک پردێک کاریانکردووە  بۆ پەراندنەوەی ئەو نەخۆشیە.

هۆکاری دووەم پێی  دەڵێن[ هەڵەی جینات] ،ئەم هەڵەی جیناتە لە کاتی سەرجێییدا ڕوودەدات کە هێلکە دێتە بەرهەم  وپاشان دبێتە منداڵ . جا ئەو هەڵەی جیناتە لە جەستەی مرۆڤەکەدا دەمێنێتەوە و لە دەرفەتێکدا خۆی دەردەخات.

سرووشتی ئەم نەخۆشیە وایە  گەر مێینە دووچاری بووبێت ئەوە ئەگەر زۆرە کە لە ئایندەدا لە نەوەکانی داهاتوودا لە  نێرینەدا سەرهەڵبدات ،یاخود بە پێچەوانەوە.

سرووشتێکی دیکەی ئەم نەخۆشیە کاریگەریە پێچەوانەکەیەتی کە بەشێوەی [X] کار دەکات ،واتە دەست و پێکان یەکێکیان هەردەم لەوەی تریان لاوازترو بێ هیزترە، بۆ نمونە گەر پێیی چەپ بەهیزتربوو لە ڕاست ،ئەوە دەستی ڕاست بەهیزترە لە دەستی چەپ.

چۆن کەسیک دەزانێت دووچاری  جۆریک لەم نەخۆشیانە بووە.؟بەڕێگەی هەستکردن بە ماندوویەتی ، ئارەزووی خەو، نەبوونی توانای هەڵسانەوە لەسەر زەووی ، پشت ئێشە ،زەحمەتی و گرانی هەنگاو نان ،گیرانی نووکی پێ لە زەوی وکەوتن بەدەمدا.

لە سەرتادا بەم جۆرە نیشانەکانی دەردەکەون کە ئاماژەم پێدان . بەڵام پاش ئەوەی بە رێگەی  چەندین پشکنینی پزیشکی ،  بە تایبەتی پشکنینی خۆێن ،ئیدی  سەلماندنی نەخۆشیەکەو جۆرەکەی دەردەکەویت .

پاشان نخۆشیەکە  هیدی هێدی کاری سەلبی خۆی دەکات ،بۆ نمونە زەحمەتی هەڵسانەوە لەسەر سۆفا و کورسی بەهەمووجۆرەکانیەوە ، زەحمەت هەڵسانەوە لەسە تەوالیتی ئاسایی. زەحمەتی سەرکەوتن بە پێپلیکانەو  شوێنی بەرزدا ، زوو ماندووبوون لە ڕێکردندا .لە قۆناغەمانی دواتردا کەسی نەخۆش هێندە بێ هێز دەبیت کە شتێک لە جەستەیدا نامێنێتەوە بەنێوی ماسولکە ،بەڵکو تەنها ئێسک و پێست دەمێنیتەوە و شیرازەی جەستەی تێک دەچێت .هاوکات هەندێک نیشانەی دیکە سەرهەڵدەدەن  کە کەسی نەخۆش هەرگیز بیری لێ نەکردوەتەوە ،وەک دەم و`قووڕگ وشکبوون، کێشەی هەناسەدان ، زەحمەتی خواردن قووتدان و کێشەی دیکە.

ئەوەی گرنگە دەربارەی ئەم نەخۆشیە ئەوەیە کە ئەو جۆرە ماسوولکانە سست دەبن کە جوڵاندنیان  بەدەستی مرۆڤ خۆیەتی ، واتە مرۆڤ دەتوانێت کۆنترۆڵیان بکات ،بەڵام ئەو جۆرە  ماسولکانەی جوڵەپێکردنیان لە دەستی مرۆڤدانین [بۆ نمونە دڵ ]ئەوانە تووش نابن.

هەر یەکیک لە م نەخۆشیانە ناوێکی لاتینیان هەیە کە  لە چەند پیتێک پێک  دێت.

لە دانمارک  گرنگیەکی باش وشایستە دەدەن بەو نەخۆشانەی کە دووچاری سستبوونی ماسولکە دەبن.زۆربەی پێداویستیەکانیان بۆ  مەیسەر دەکەن ،بەتایبەت لەو قۆناغانەی کە چیتر نەخۆش ناتوانێت کاری ڕۆژانەی بەتەنها و بە بێ هێزی کارەبایی و هاوکاری کەسانی دیکە ڕاپەڕێنێت و دەکەوێتە سەر کوورسی چەرخدار . واتە دەبێتە کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت.

شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەسانەدا پەیوەندی بە وەزارەت و بەڕیوەبەرایەتی تایبەت نیە لە حکومەتدا . بەڵکو هەر کۆمۆنێک بەشێکی تایبەتی هەیە کە چەندین فەرمانبەری خاوەن دیبلۆم و شارەزا کاری تێدا دەکەن،کە هەر چەند کەسێکێان لە بوارێکی تایبەتدا شارەزان و هەڵسەنگاندن بۆ حالەتی نەخۆشەکە دەکەن.

بۆ نمونە گەر کەسێک داوای کورسی کارەبایی، پلیکانەی کارەبایی، قەرەوێڵەی کارەبایی، هەر شتێکی دیکەی کارەبایی بکات ،ئەوە یەکدوو کەسی بەرپرسیار لەو بوارەو هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن و پاشان بڕیار لە بارەیانەوە دەدەن.ئەمەش پاش  سەردانی ماڵی نەخۆشەکە .

یاخود گەر کەسێک داوی سەیارەی هەندیکاپ یا نیو هەندیکاپ بکات ،دیسان  بۆ ئەوەش کەسانی تایبەت هەن بڕیاری لەسەر دەدەن.

ئەو کەسەی ئەم جۆرە نەخۆشیەی هەیە ،بۆی هەیە داوی هاوکاری بکات کە لە ماڵەوە جێبەجێ دەکرێت ،کەئەمەش دووجۆرە ،جۆرێکیان  ئەوەیە کە  کەسێک کە لە بەشێکی تایبەت کاردەکات و دیبلۆمەکەی لە ئاستی پەرستیاردایە و مووچە لە کۆمۆن وەردەگرێت [ لە هەر کۆمۆنێک ژمارەی ئەم کەسانە لەوانەیە  بگاتە پتر لە 30 کەس]. ئەوکەسە  لەرۆژێکدا چەند جارێک سەردان دەکات و پێویستیەکان جێبەجێ دەکات، وەک پێدانی خواردن ، حەمام کردن ،ڕیش تاشین ، ماڵ پاککردنەوە و پیاسە کردن و شتی دیکە.

جۆری دووەم ،ئەو کەسە بۆی هەیە دوابکات هاوسەرەکەی ئەو کارە بکات و لەبەرامبەردا مووچەی پێدەدەن ، جا بڕیاردان لەسەر هەر جۆرێک لەم خزمەتگوزاریانە  کەسانی شارەزا هەڵسەنگاندن بۆ  پێداویستیەکان دەکەن ،ئەوجا لەسەر ڕۆشنایی ئەو پیداویستیانە ژمارەی کاتژمێرەکانی خزمەتگوزاریەکان حساب دەکەن  ،بۆ ئەمەش چەندین پەرەگرافی تایبەت هەن.

سەبارەت بە کار یا خانەنشینی. ئەوکەسەی ئەم نەخۆشیەی هەیە تا بۆی بکرێت کار دەکات ، لەگەڵ پەرەسەندنی نەخۆشیەکەیدا  بەردەوام  کاتژمێرەکانی کارەکەی بۆ کەم دەکرێتەوە ، بەڵام بە هەمان مووچەی پێشوو. کاتێک کە دەگاتە ئەوەی چیتر ناتوانێت کار بکات ،ئەو دەمە  داوای خانەنشینی دەکات ،کە ئەمەیان بەدەست لیژنەی پزیشکیە نەک کۆمۆن ،کە لە زۆربەی حاڵەتدا خانەنشین دەکرێت.

ویرای ئەمانە لە دەرەوەی کۆبنهاگن بە دووری کاتژمێرێک  هۆتێلێکی مەزن هەیە  کە کەوتووەتە  ڕۆخی دەریا ، جێگەیەکی زۆر هیمن و خۆشە ،ئەم هۆ تێلە تایبەتە بەتووشبووانی ئەم نەخۆشیەو کەسانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت.

هەچی لەو هۆتێلەدا هەیە هەمووی ئۆتۆماتیکن یا بە دەستنان بە  دوگمەیەکدا کارەکان جێبەجی دەبن.

ساڵی جارێک یا دووجار نەخۆشەکان لەوێ کۆدەبنەوە ، دوو ڕۆژ بەرنامە پێشکەش دەکرێت کە پێشتر بە ئیمێل بۆ بەشداربووان نێردراوە. وێرای مانەوە، هەر دوو ڕۆژەکە   خواردنی سێژەمە پێشکەش دەکرێت،. هەروەها هەر نەخۆشێک بۆی هەیە هاوسەرەکەی یا کچ یا کوڕێکی لەگەڵیدا بێت بۆ هاوکاری.

هەموو ئەم خەرجیانە [فۆنتی نەخۆشی ماسولکە] دەیگرێتە ئەستۆ یاخود هەندێک جار بەشداربووان ڕێژەیەکی کەم لە خەرجیە دەدەن.

ڕۆژی یەکەمی  میتینگەکە بریتیە لەپێدانی نوێترین زانیاری دەربارەی ئەو هەوڵانەی لە جیهاندا لە ئارادان بۆ دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەرو چۆنیەتی بەرنگار بوونەوەی ئەم نەخۆشیە.

ئەم محازەرانە  پزیشک و پسپۆڕی شارەزا  پێیهەڵدەسن کە بەردەوام بەشدارن لەو کۆنفرانسە جیهانیانەدا کە بۆ ئەم مەبەستە دەبەسترێن.

بەشی دووەم واتە ڕۆژی دووەم کۆمەڵیک کەسی شارەزا لە یاساو پەرۆگرفەکانی تایبەت بە نەخۆشیەکە قسەدەکەن کە لە کۆمۆنەکان و هاوکات لە [فۆنتی نەخۆشی ماسولکەوە  هاتوون . ئەمانە باس لە ماف و شایستەکانی نەخۆش  دەکەن کە دەکرێ هەموو نەخۆشێک ئەو زانیاریانەی لا نەبێت و دەتوانێت داویان بکات. هەر لە ڕۆژی دووەمدا  باسی چۆنیەتی هەڵسوکەوت دەکرێت لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا ،چ لەلایەن خودی نەخۆشەکەوە چ لەلایەن کەسانی یاریدەدەرەوە لە خێزانەکەیدا ،بەجۆرێک کە کەسی نەخۆش  بتوانێت ژیانی ڕۆژانەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵیدا.

 

ماوەیەک لەمەوبەر   کە  نوێترین کۆبوونەوەی ئەو هۆتێلە  ئەنجامدرا ،بەندەش یەکێک بووم لەو نەخۆشانە . منیش لە ساڵی 2004 وە دووچاری ئەم نەخۆشیە بووم جۆری[FSH] کە جۆرێکی ئەهونەو لەسەر خۆ دەڕوات . تائێستا بەرهەڵستیم  کردوە ،چ بەوەرزش چ بە {ورەبەرزی }کە هۆکارێکی  مەزنە بۆ بەگژاچوونەوەی هەموو جۆرە نەخۆشیەک .لەم دیدارەدا  هەندێک لە نەخۆشەکانم ناسیەو کە لە کۆبوونەوەکانی پێشودا یەکترمان دیبوو ، هەشبوو بوو یەکەم جار بوو بە دیداری گەشتبووم  .لە نێو بەشداربوواندا سەیری ڕەوت و حاڵەتی  نەخۆشیەکەم کرد  و لەگەڵ حاڵەتەکەی خۆمدا بەراوردم کردن . هەندێکیان لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوون ، هەندێکییان کەمێک لە من خراپتر بوون،هەندێکیشیان لە من باشتر بوون ، زۆربەیان  کورسی  چەرخدار{تایە} یان  بەکار دەهێنا .

هەموویان وەک من [بێ ئومێد بوون بە چاکبوونەوە] بێ ئومید بوون لەوەی ڕۆژێک بێت بە پێکانی خۆیان بڕۆن، بێ ئومێد بوون لەوەی ڕۆژێک بێت وەک کەسانی دیکە مومارەسەی ئەو جۆرە ژیانە بکەن کە ئارەزووی دەکەن.

لەگەڵ ئەم بێ ئومێدیەشدا  هەستم کرد کە ورەبەزیەک و هەستێکی بەهێز لە کن ئەم نەخۆشانە بوونی هەیە ،بۆ تەسلیم نەبوون بەو دۆخەی  کە  بەهۆی نەخۆشیەکەوە دووچاری بوون .

لە هەڵسوکەوت و ئاخافتن و خوێندنەوەی سیمایاندا  ئەوەم بۆ دەرکەوت کە  ژیان دەبێت بەردەوام بێت ، نابێت نەخۆشی ڕێگر بێت لە ممارەسەکردنی ژیانی ئاسایی.

شەوی دووەم دوای نان خواردنی ئێوارە ،هەموو پێکەوە کۆبووینەوە ،بەدەم خواردنەوەی شەراب و قاوەو چاییەوە ،هەر کەس باسی خۆی کرد، بەتایبەتی کاریگەری نەخۆشیەکە لەسەر  ژیانی. ئەوەی بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو زۆربەیان گرنگیەکی ئەوتۆیان بە نەخۆشیەکە نەدەدا ،وەک ئەوەی بیانەوێت لە یادی بکەن یا لە کاریگەری کەم بکەنەوە. زیاتر باسی پلان و بەرنامەی کەم مەوداو  و دوور مەودایان دەکرد . بۆ نمونە هەبوو باسی پلانی بازرکانی دەکرد، کە بە نیازە بازرگانیەکەی پەرە پێبدات .هەبوو پالانی سەفەری دوورودریژی دانابوو ، کە پتر لە چەند مانگێک دەخایەنێت .هەبوو خۆی ئامادەکردبوو بۆ بەخێوکردنی کوڕەزاو کچەزاکانی کە هەنوکە  هاتوونەتە دونیاوە. هەبوو چەندین بەرنامەی بۆ خۆی ڕیزکردبوو  کە  لە ئایندەدا ئەنجامیان بدات.

ئەوشەوە بۆ ن هاندەرێکی نوێ بوو ، خوێنێکی نوێ بوو بەجەستەمی بەخشی .

بە خۆمم گووت [ گۆران ڕاستە ناتوانیت بە پێکانت ڕەو بکەیت، ڕاستە ناتوانێت پەرداخێک ئاو بەدەستت بگریت ،ڕاستە ناتوانیت  بەئاسایی خواردن بخۆیت ،ڕاستە بەزەحمەت سەرت شانە دەکەیت ، ڕاستەو زۆر شتی دیکەش ڕاستە ،بەڵام بیر لەوە بکەرەوە کە میشکت بێ کێشە کاردەکات ،ورەت بەرزە ، لەگەڵ ئەم  نەخۆشیەدا تا  ئێستات هێناوە  ، بەردەوامیت لە ژیان  و چالاکی  هەمەجۆر ، بە پێی توانا سەفەر دەکەیت و  زۆر شتی دیکەش..

کەواتە  بەندەش وەک ئەوانەی لەوێ بوون کە  ئومێدیان بە چاکبوونەوە نیە ،نابێت هەرگیز خۆمان ڕادەستی ئەو نەخۆشیە بکەین نابێت ژیان لەبەرچاومان تاریک ببێت، نابێت دەستەپاچەو تێکشکاو دانیشین، نابێت نەخۆشی خۆشیەکانی ژیان بۆخۆی بەرێت .تا ئەو مەودایەی  ژیان بەبەریەوە ماوە ، دەبێ بەدەوام بین لە ململانێ ، گەرەکە   لەپێناو   خۆشنوودی و کاری چاک و بەرهەمدار بەردەوامبین.

ئەوشەوە کەسێک کە تەمەنی لە من کەمتر بوو گووتەیەکی جوانی وت [ ڕاستە من نەخۆشم ڕاستە دەمرم ،بەڵام مەرج نیە بەم نەخۆشیە بمرم ، بۆیە ئەوەی نابێت کاریگەری لەسەر ڕەوتی ژیانم هەبێت ئەم نەخۆشیەیە]

زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بدەم کە ڕاستە  جۆری نەخۆشیەکەم زۆر مەترسیدار نیە، ڕاستە کە وەرزش و ورەبەرزیم یارمەتیان داوام کە تا ئێستام هێناوە ، بەڵام ئەوەی کە منی بەم جۆرە هێشتووەتەوە و بە هۆیەوە هەمو ڕۆژێک بە هیواوە دەڕوانمە ژیان  ،ئەوە [ هاوسەرەکەمە] .هاوسەرەکەم هەموو کەسە بۆ من ،لە کوڕو خوشک و براکانم  گرنگترە. ، بەردەوام پشتو پەناو هاوکارم بووە . لەماوەی [15] ساڵی  نەخۆشیەکەمدا  بۆ چرکەیەکیش ناڕەزایی دەرنەبڕیوە ، هەرگیز کۆڵی نەداوە ، بەردەوام خزمەتی کردووم ،  تا نەخۆشیەکەم پەرەی سەندبێت ئەرکەکانی ئەوەیش گرانترو زۆرتر بووە،هەمیشە ئاگادارمە، گچکەترین شتم بەسەر هاتبێت ئەو لە من زیاتر نیگەران بووە تا ئاستی گریان. زۆر کار کە پێوستی بە هێزی  فیزیک و لە توانای کەسانی بە هێزو  گەنجدا بووبێت  ئەو ئەنجامی داوە ،کە من لە ناخەوە ئازارم چەشتووە  . هاوسەرە ئەوروپیەکەم بۆ من پزیشکە ،هاوکارە ،خوشکە برایە ، ئاسودە بەخشە و هەموو شتێکە کە هەرگیز ناتوانم پێناسەیەکی گونجاو بۆ ئەو زەحمەت و ئەرکانەی بدۆزمەوە. تەنها هێندە دەڵێم  {هاوسەرە ئازیزەکەم تۆ مرۆڤێکی مەزنیت و ئەرکە قورسەکانت بەرز دەنرخێنم.}

لێرەوە  پێویستە  زۆر سوپاسی ئەو  هاوڕێ ئازیزانەم بکەم  کە بەردەوام  هاوکاریان کردووم و هەردەم  ئامادەییان دەربڕیوە بۆ   یارمەتیدانم  چ لە دەرەوە چ لە  ناو ماڵ .نەبا ناوی بەڕێزێکیانم بیر بچێت بۆیە ناویان ناهێنم.

دواشت پێوستە  ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە بەهۆی بوونی سیستەم و یاساو پارێزراوی مافی تاک لەم وڵاتەدا ، نەخۆش بێت یا تەندرووست، دەتوانێت داوی مافی خۆی بکات . بەندەش بەهۆی ئەوەی پێوستم بە جۆرەها ئامێری یاریدەدەر هەیە ، زۆربەیانم بەدەست هێناوە ، ئەویش پاش پێشنیار و ڕێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەنانەت خەرجی وەرزش و مەساجیشم بۆ دەدەن.

بۆیە من زۆر زۆر سوپاسی ئەم وڵاتەدەکەم ،سوپاسی وپێزانینم بۆ سیستەمە جوانەکەیان کە جیاوازی لە نیوان منێکی بێگانەو دانمارکیەکدا ناکات ، سوپاس کە پێم ناڵێن  بۆئەوەی هاوکاریت بکەین دەبێ ببیتە ئەندامی فڵان حیزب [وەک ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت]

دەڵێم گەر بەم نەخۆشیەوە لە کوردستان بژیامایە ،ئەوە لە مێژبوو کۆتایی بەژیانم هاتبوو.

 

 

 

 

 

 

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە