Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
سێ شه‌ممه‌ 21 ئایار 2019

داستانی هەندرێن

بەروار : 21 ئایار 2019
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

هاوڕێی کۆچکردو عەتا تاڵەبانی لە(ذکریات أیام النضال في کوردستان – بیرەوەرییەکانی رۆژانی تێکۆشان لە کوردستان) کە بە عەرەبی نووسیویەتی، ئاوا باسی (داستانی هەندرێن) دەکات، بەباشمزانی لەیادی ئەو داستانە مەزنەدا، ئایاری١٩٦٦، بە کوردی پێشکەش بە خوێنەرانی بەڕێزی بکەم و هەر راستکردنەوەو سەرنجێکیان هەبێت بۆمان بنووسن:

و. جەلال دەباغ

نیوەشەو بریندارێکیان هێنا، ئەوانەی لەگەڵیدابوون گوتیان ژمارەیەکی زۆری جاشە بەکرێگیراوەکان، لە هێڵی ئاکۆیان و سوپاگەی جوندیانەوە  هێرشیان بردۆتە سەر چیای هەندرین و، داگیریانکردووەو گەیشتونەتە نزیک لوتکەی (کەپکەموو)، ئیتر هەواڵی مام سەدیق و سێ چەکداری دیکە پچڕاو چارەنووسیان نازانین، ئەوەی رووی دا زەبرێکی بە ئازاربوو بۆ ئێمە کە دوژمنان کەڵکیان لێوەرگرت و دەستیان بە بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگاندەی جۆربەجۆرو تاوان و درۆو دەلەسە بەرانبەرمان کرد، وەک ئەوەی گوایە “شیوعییەکان رێبەریانبوون بۆ گرتنی چیایەکە، ئەو خاڵە گرنگەی کە بەسەرهەموو ناوچەکانی هەر لە (گەڵالەو قەسرێ و خەلان وسیدەکانەوە) تا دەگاتە (حاجی هۆمەران) دەڕوانێت”. “شیوعییەکان نرخی ئەم ناپاکییەیان لەو نوێنەرانەی پیش هەفتەیەک گەیشتوون، وەرگرتووە”!، وێڕای تاوانیتر کە لەلایەن کەسانی هیچ و پوچ و ترسنۆک و بێویژدان وهەروا لەلایەن سیخوڕەکانەوە کە هەمێشە لەناو ریزەکانی شۆڕشدا زۆربوون داتاشراون.
سەرکردایەتیی بەرەی هەندرین پێکهاتبوو لە موقەدەمی تۆپخانە کەمال نوعمان ثابت و فاخر(مێرگەسوری) و ملازم عەبدوڕەحمان و عەریف یونس( لە کۆیەوە) و ملازم دەباغ. دوای ئەوە بەدوو رۆژو پاش گەڕانەوەی مام سەدیق و هەردو یاوەرەکەی بە سەلامەتی بۆ بارەگاکە، لە چایخانە گچکەکەی سەر شەقامە گشتییەکە دانیشتبووین، خولێخۆشبوو ئیدریس بارزانی پەیدابوو، ئێمەش پێشوازیمان لێکردو کاتێک منی دیت بەخێرهاتنی کردم و گوتی: لە هاتنت ئاگادارتان نەکردین؟
گوتم: بەڵێ بۆ باوکتانم نووسی و وەڵامەکەشم وەرگرتەوە.
گوتی: ئایا هێزەکەتت هێناوە؟
گوتم: نەخێر هێزەکە لە گەرمیان ماوەتەوە.
گوتی: باشتروابوو بتهێنابایە.
گوتی: نابینیت لە ئەنجامی پشتگوێخستنی جەماعەتەکەتان چی لە بەرەی سەربازیی هەندرێن رووی دا؟
گوتم: من لەم بارودۆخەدا ڕەشبین نیم، تەنیا هێزەکەی ئێستاش بەسە بۆ گێڕانەوەی بارودۆخە سەربازییەکە بۆ باشتر لەوەی پیشوو، بەڵام ئەو ڕەشبینبوو بە گەشبینییەکەی من قەناعەتی نەکرد.
لە جەنگاوەرانی هەردوو لقەکە یەکەمیان عەریف یونس سەرکردایەتی دەکات و ئەم سەرپەلانەبوون (زراری سڵێمان بەگی دەرگەڵە) برای عیزەت دەرگەڵە، زرار شیوعی بوو، یەکێکبوو لەوانەی لەگەڵ بارزانی چوونە یەکێتیی سۆڤیەت، سەرکردەی لاوانی جەنگاوەری گوندی(دەرگەڵە)وهەندێکیتربوو ، بەڵام سەعیدی حەمەدئاغای مێرگەسوری  سەرکردەیی جەنگاوەرانی قاڵبووی لە ناوچەی رەواندزدەکرد، پەلەکەیتریش کە مام سەدیق کاولۆک سەرکردایەتیی دەکات لە ناویاندا مام ئەلیاس و منداڵەکانی هەروا جەنگاوەرانی خاوەن ئەزمون و قاڵبوون.

 

 

بەڵام لقەکەیتر بەسەرکردەیی ملازمێکی عەرەب کەنازناوی لەبزوتنەوەدا عەبدوڕەحمانە  جەنگاوەرانی خاوەن ئەزموونیان تێدایە لەوانەی لە رابوردودا بەشداریی زۆر شەڕی سەرکەوتوویانکردووە وەک (شەڕی ئەشکەوتی شەهیدان و حەسەن بەگ و سەری بەردی وکۆڕەک) کە لەمەیاندا ملازم ریاض چاوێکی لەدەست دا. یەکێک لە فەرماندەی لقەکان(مستەفا زاهیر) بوو بەرپرسی بەڕێوەبردنی هەردوو لقەکەو بارەگایەکانیان (حاجی…)بوو سەرکردەیی ناوەندیی هێزەکەش بە فەرماندەیی مقدم(کەمال نوعمان ثابت) و ملازم خدرو فاخر مێرگەسوری بوو، ئینجا رۆڵی ئەوانیتر دێن.
دوای ئەو شکستییەی لەئەنجامی کەمکردنەوەی وریایی و هوشیاریی سەربازی و پشتگوێخستندا، لە شەوی شاییەکەی ملازم ریازدا رووی دا، هەروا لە ئەنجامی هاتنی نوێنەراندا بۆ گفتوگۆو داگیرکردنی چیای هەندرێن و، مۆڵەت وەرگرتن لەم ئەنجامە لە لایەن کۆنەپەرستانەوەو تاوانبارکردنی شێوعییەکان بە کۆمەکی دەسەڵاتی عەبدوڕەحمان عارف، هەموو ئەمانە شیوعییەکانیان ناچارکردن کە کارێکی مەحاڵ بکەن بۆ دەسەڵاتگرتنەوە بەسەر چیای هەندرێنداو تێسرەواندنی گورزێکی گران لە دەسەڵات لە جەنگێکی بڕیاردەردا. لەبەر ئەوە سەرکردایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتیی ئەنجام دا بۆ دانانی پلانێکی بەرفراوان کە لە گشت لایەنەکان کۆڵیبێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیەو پلانەکە بەمجۆرەبوو:  داوا لەبارزانی بکرێت فەرمان بداتە فارس باوە لە سەرکردایەتی (دەشتی هەولێر)کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی بەکرێگیراوە جاشەکان بسرەوێنێت،  تا ئەوانە پاڵەپەستۆ بخەنەسەر حکومەت کە بگەڕێنەوە بۆلای خێزانەکانیان بۆ پاراستنیان، لەبەر ئەوەی حکومەت ناتوانێت پاراستنیان مسۆگەربکات، بۆ ئەوەی کە ئەوانە لە هەندرێن نەمێنن و هێزێکی سەربازیی سوپا جێگەیان بگرێتەوە. چونکە ڕاماڵینی ئەوانە  لەشوێنە قایمەکانیان کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئەوانیش قاڵبووی کوشتارن و، ئێمە لە رەواندزو کاولۆک و تەنانەت لە ناو یەکەکانی سوپاشدا رێکخستنمان هەبوون.

 

 

ئەوەبوو بارزنی ئەو فەرمانەی بۆ سەکردایەتیی (دەشتی هەولێر) دەرکردو ئەوانیش بە باشترین شێوە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاند، کە بووە هۆی ئەوەی جاشەکان داوا لە حکومەت بکەن کە تەنیا لە ماوەی ٤٨ کاژێرداهێزێک بێنێتە جێگایان، ئەگەر نا بەرەی هەندرێن چۆڵدەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ پاراستنی خێزانەکانیان کە کەوتوونەتە بەر لێدانی پیشمەرگەکانی(دەشتی هەولێر). لە رێکخراوەکانی حیزبەوە هەواڵی زۆر ڕاست و وردو تەواومان بەرەودوا بۆ دەهاتن. پێش ئەوەی ماوەی هوشێارکردنەوەی جاشەکان بۆ حکومەت تەواوبێت بە دووربین دەماندی کە جاشەکان لە (لوتکەی کەپکە موو) دێنەخوارەوەو هێزەکانی سوپا بە کاروانی درێژی بارەئێستر جێگەیان دەگرنەوەو سەربازان سەنگەری ئاشکراو نەشاردراوە رێکدەخەن و بە شێوازی ئەندازیاریی جۆر بەجۆری خڕو هێلکەیی و چوارگۆشەو لاکێشی و بە سەرێکی وەک تیرکە بەرەوخوارەوە فراواندەبێت بەرەو شوێنی(گؤڕێ سەعات)و ئەو شوێنەی بەسەر سەربازخانەی رەواندزدا دەڕوانێت و لە جندیانەوە (لەسەرچاوەی جادوییەوە) نزیکە. ئەوەشمانزانی کە سوپایەکە لیوای چوارەمەو سەرهەنگ ئیبراهیم یاریدەدەری فەرماندەی لیوای چوار سەرکردایەتی دەکات. پاشان هەندێ زانیاریی وردترمان بۆهات کە لە ناو لیوای چواردا هەندێک ئەفسەرو دەرەجەداری شیوعی هەن کە وردترین هەواڵ و زانیاریمان پێدەگەیەنن. داوامان لێکردن کە لە کاتەکانی (خۆکردنەوە)و حەسانەوەی دوای هوشیارکردنەوەی پلە(ج) ئاگادارمان بکەن، گوترا کاتی حەسانەوە لە نێوان کاژێری چوارونیو تاپێنج و نیوی عەسرە،  یەکەم سەنگەری پێشەوەیەو لقێکی تێدایە کە لە ٤٣ سەرباز پێکهاتووە، ئەمانە بە باشترین سەربازی لیوای ناوبراو دادەنرێن و دوای ئەوانیش سێ سەنگەریتر دێن پاشان شەش و بەوجۆرە نوکی ڕمەکە فراواندەبێت بەگوێرەی فراوانبوونی رووبەری چیایەکە، چونکە سەختی چیای هەندرێن لە قەدپاڵەکانیدایە نەک لە رووبەرەکەیدا.
ئێمە چاودێریماندەکرد کەسەربازەکان لەکاتی پڕۆسەی دامەزراندنی سەنگەردا  (شورا دروست کردن لە بەردی گەورە) دارودرەختەکانیان دەبڕی نەوەک بەرچاویان لە بینیندا بگرن و پێشمەرگە پارتیزانەکان لەوە سوودمەندبن و خۆیان بدەنە پاڵیان بۆنزیکبوونەوە لەو سەنگەرانە.
لیوای چوارەم بەوە بەناوبانگبوو کە شارەزایی لە چەند ناوچەیەکی کوردستان پەیداکردووە وەک ناوچەکانی قەرەداغ و پێنجوین وناڵپارێزو ناوچەکانیتر، تا ڕادەیەکێش شارەزایی لە شەڕی چیادا پەیداکردووە، دەستیشیانکردووە بە بۆمبۆردومانی هەندێ شوێنی گرنگ بەرەو خۆرهەڵات و باکوور دوای ئەوەی چەندانجۆر تۆپ و هاوەنی قورسی قەبارە ١٠٥ملم  بەمەش مەترسییەکی زۆری بۆسەر شوێنە گرنگە رزگارکراوەکانی شۆڕش دروستکرد.
ئێمە لای خۆمانەوە کۆبووینەوەولە گشت بارودۆخە تازەکان کۆڵینەوە.  لەگەڵ دانانی پلانێک بۆ هێرشبردنە سەر ئەم هێزەو روخاندنی و دەستگرتن بەسەر شوێنەکانیانداو کەل وپەلەکانیان و ئێمە چاومان لەوەبوو دەست بەسەر وڵاخەکانیاندا بگرین کە ژمارەیان پتر لە ٣٠٠ ئێستربوو، چونکە لە هاتوچۆکانماندا زۆر کەڵکمان لێوەردەگرتن و بۆ گواستنەوەی ئەو تۆپە قورسانەی لەهیرشە چاوەڕوانکراوەکەماندا دەستمان بەسەردا دەگرتن. پلانەکەش بەمجۆرەی لای خوارەوەبوو:
١- لقەکەی عەریف یونس کەژمارەیان ٦٠جەنگاوەرە لە لوتکەی کەپکەموو لە بۆسەدا دەبن و ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی فەرمانی هێرشی یەکەم لەکاتی خۆیدا.
٢- ئەو لقەی ملازم عەبدوڕەحمان سەرکردایەتی  دەکات لەلای باکووری سوپاگەکەوە لەکەمیندا دەبن، کاتێک هەواڵی هێرشی لقەکەی عەریف یونسیان پێدەگات ئەمانیش هێرش دەستپێدەکەن بۆ بەهێزکردن و خۆراک و  کەل وپەل پێدان و بەردەوامبوون و بەتینبوونیان.
٣- تۆپێکی هاوەن لە قەبارەی ٨٢ ملم لە شوێنێک دادەبەسترێ بەرەو سەنگەری یەکەم کە بەرانبەر لوتکەی کەپکەموو ئامادەکراوەو لەنزیک ئەو  تێبینی دەکرێت تا فەرمانی تەقاندنی پێدەدرێت بەپێی پێوانەی پێشبینیکراوی بینینەکە مقدم کەمال بینەربوو، عەریف حسەینیش تەقێنەربوو.
٤- نابێت هیچ پێشمەرگەیەک بەهیچ دەستکەوتێکەوە سەرقاڵبکرێت هەرچەندە ئەو دەستکەوتەش گەورەبێت هەروا نابێت خۆیان سەرقاڵ بکەن بەهیچ بریندار یا شەهیدێکەوە هەرکەسبێت تەنانەت ئەگەر شەهیدەکە فەرماندەی لقەکەخۆیشیبێت.
٥- کاتی هێرشی یەکەم کاژێری چوارو نیوی دوای نیوەڕۆ دەبێت (کاتی خۆکردنەوەو حەسانەوەی دوای هوشیارکردنەوەکە) لەلایەن لقی یەکەمی لوتکە، ئەمەش پاش تەقاندنی گولە تۆپەکان بۆ سەر سەنگەری یەکەم و وێرانکردنی بەتەواوی.

 

 

فاخر لەگەڵ لقەکەی عەریف یونس بوو، جا هەرچەندە ئەو  ڕاستەوخۆ فەرماندەی لقەکەنەبوو بەڵام لەبەر ئەوەی قورساییەکی زۆرو رۆڵی سەرەکی پلانەکە دەکەوتە ئەستۆی ئەم لقەو هەروا لەوانەبوو لەکاتی هێرشەکەدا تووشی شکستییەکبن، لەبەر ئەوە بڕیاردرابوو کە پێویستە سەرکردایەتییەکەی بە کەسێکی بەهێزو سەرکردەیەکی وەک فاخیر مێرگەسوری بەهێزبکرێت.
لەکاژێری یەک و نیوی دوای نیوەڕۆدا هەر یەکەیەک دەستیانکرد بە گەیشتنە ئەو شوێنەی بۆیان بڕیار درابوو، تۆپ و گولەتۆپەکان و تۆپهاوێژو یارمەتیدەرەکەی.  لقی یەکەم بۆ کەپکەموو، لقی دوو لەلایەنی باکوری لیوای چوار،  من و محەمەدئاغای مێرگەسوریی باوکی فاخیرو یەکێک لە پارێزەرام بەناوی شێخ تەیب شێخ مەجید لە شوێنێکی تاڕادەیەک بەرز ماینەوە کە بەسەر هەموو شوێنەکاندا دەیڕوانی.
بەڵام (غەفورعەلی جەوهەر) لەگەڵ عیزەتی سڵێمان بەگ رۆیشت کەرۆڵی هاوبەشی راستەوخۆی  هێرشەکەی هەبوو، نوری دزەییش کە سێیەم پارێزەری تایبەتیمبوو لەبارەگای کانیگوێز مایەوە.
لە کاژێری چوارونیوی تەواودا بینەرەکە فەرمانیدایە تۆپهاوێژ کە یەکەم تۆپی ئاڕاستەبکات، بەڵام ئەو تۆپە بەرەو یەکەمین سەنگەری پێشەوە کە ئامانجی بوو پێنچ مەتر کورتی هێنا، وا پێدەچێ لەو کاتەدا فەرماندەی سریەکە فەرمانی دابێتە سریەکەی کە لە سەنگەرەکە دەرچن و بەناو بەردەکانی دەوروپشتدا بڵاوبنەوە. لێرەدا بینەرەکە فەرمانیدا ئاستەکە پێنچ مەتر بەرزبکرێتەوە، هەرلەوچرکەساتەدا سەرنجمان دا کەسانی سریەکە هەموویان دیسان گەڕانەوە بۆ ناو شورای سەنگەرەکە، لەگەڵ فەرمانی تۆپهاوێژتندا تۆپی دووەم ئامانجەکەی پێکاو بینەر فەرمانی دا سێیەم و چوارەم وتا شەشەم تۆپ هەر بۆ ئەو شوێنە بهاوێژرێن. پێنچ تۆپی بەرەودوا کەوتنە ناو سەنگەرەکەوەو تەنیا سێ کەس لە سەنگەرەکە هەڵاتن و رایانکردو یەکێکیان بە شەلەشەل روویکردە ئاکۆیان کە لەو کاتەدا فەرماندرایە لقی یەکەم کەهێرشبەرن و ئیتر بە هاواری “اللە أکبر” هێرشیان بەرەو سێ سەنگەرەکەیتر دەستپێکردو ئیتر سەربازان دەستیان بە ڕاکردنکردو زنجیرەی سەنگەرەکانیان جێهێشت وەک دۆمینۆبێت هەموویان وەک پۆلە قەتێ ڕفین بەبێ هیچ بەرگریکردنێک پشتی خۆشیان بەدەرخست بۆ بەزەیی تفەنگی پێشمەرگە نیشانشکێنەکان. جا بۆ ئەوەی سەرەتای هێرشەکەم لە یادنەچێت یەک گولە تفەنگی وێڵ سەری عەریف یونسی سەرلقی پێکا، کەبووە هۆی دەستبەجێ شەهیدبوونی، یەکێکیان ویستی بگەڕێتەوە سەری بەڵام هاوڕێیەکەی رێگەی نەداو فەرمانیدایە کە پێویستە بەردەوامبێت و لەبەرئەوەی شەهید دەکەوێتە دوامانەوە بەجێی بهێڵن .لە ناوەندی سەنگەرەکاندا یەک لە دەرەجەدارەکان  کەمێک بەرگریکرد، یەکێک لە پێشمەرگەکان بە بۆمبێکی دەستی چارەیکردو کوژرا. بەڵام پێشمەرگەکان ناچارنەدەبوون خۆیان سەرقاڵی گۆڕین و پڕکردنی مەخزەنەکانی تفەنگەکانیان لە فیشەک بکەن، بەڵکو هەرکە دەگەیشتنە ناو هەر سەنگەرێک چەندان چەکی ئۆتۆماتیکی و تۆپی هاوەن و بومب ئامادەبوون بۆ تەقاندن، ئەوان تەنیا ڕووی چەکەکانیان وەردەگێڕا بەرەو خاوەنە بەزیوەکانیان و فیشەکی پڕکراویان تێدا بەتاڵ دەکردنەوەو ئینجا دەچوونە ناو سەنگەرەکانیترەوە کە تازەو هەر ئێستا چوڵکراون، چەندان چەکی جۆربەجۆریان تێدان و ئامادەن بۆ تەقاندن و ، بەمجۆرە تا گەیشتنە ناوچەی(گۆڕێ سەعات)فاخر دەزگایەکی بێتەلی گچکەی پێبوو بەردەوام ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە مستەفا بارزانیەوە دەکردو قۆناغەکانی هێرشەکەی و سەرکەوتنەکانی زۆر بە وردی پێدەگەیاند.
سروشتی رووبەری چیایەکە وەک پلەی یەک لەدوای یەکبوون و نێوانی پلەیەکی بەردین و یەکێکیتر نزیکەی ٥٠- ٦٠ مەترێک دەبوون، ئەم پلیکانانە سەربازە ڕاکردووەکانیان دەپارست تا دەگەیشتنە پلەی دووەم، پێش گەیشتنیان چەندان کوژراوو برینداریان لێدەکەوتن. کاتێکیش دادەبەزینە خوارەوە تاشەبەردەکان بەریدەگرتن و لە گولەی پێشمەرگەکانیان دەپاراستن کە لە هێرشە ڕاماڵینەکەیاندا وەدوویان کەوتبوون و ڕاویاندەنان.
لەوکاتەدا سەربازێکمان دیت کە بێرییەکی لەسەرنابوو مەترەلۆزێکی دیکتاریۆفی بەدەستەوەبوو سەمایدەکرد، پێشمەرگەکان هاواریان لێکرد کەمەترەلۆزەکەی فرێبدات و خۆی بدات بە دەستەوە، ئەویش گوێی پێنەدان و پێشمەرگەکان تەقەیان لێکردو لەدەستی ڕاستیانداو مەترەلۆزەکەی لەدەست کەوتەخوارەوە، لێینزیک بوونەوە تەماشایانکرد(عومەر قەرەچەتانی)یە کە یەکێکە لە هاوڕێ پێشمەرگەکانیان و بێرییەی سەربازێکی لەسەرکردووە، وایانزانیوە سەربازە.
پێشمەرگەکان گەیشتنە گۆڕێ سەعات منیش رۆیشتم و لە فاخیر نزیکبوومەوە کە خەریکی پەیوەندی بوو لەگەڵ بارزانی و ژمارەیەکی یەکجار زۆری سەربازە راکردووەکانم دەدی کە گەیشتبوونە دۆڵەکەو لەبارودۆخێکی شڵەژان و ترس و توقینێکی زۆردابوون بەجۆرێک کەسیان یارمەتیی برادەرە بریندارەکەی نەدەداو، روویان کردبووە سوپاگەی باپشتیان لەوبەری دۆڵەکەوە لە قەدپاڵەکانی چیاکەدا بەرانبەرچیای زۆزک و ملتوکر بوو.

 

 

فاخر پێیگوتم: من دەمەوێ بارزانی قایل بکەم کە پێویستە دابەزینەخوارێ بەرەو بارەگای سەربازخانەکە بەڵام  قایلنابێت و هەڕەشەی لێپرسینەوە لەمن دەکات ئەگەر ئەو کارە بکەین و دەیەوێت هێزەکەمان تەنیا لە شوێنی گۆڕێ سەعات بمێنێتەوەو لەسەر هێرش بەردەوام نەبین نەوەک تووشی شکستی بین و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەمان لەدەستبچێت.
مایکرۆفۆنی بێسیمەکەم لەدەست فاخیر وەرگرت و پەیوەندیم بە بارزانییەوەکردو گوتم: پیرۆزبایی ئەوسەرکەوتنە گەورەیەو بەزاندنی لیوای چوارەم و پاکردنەوەی هەندرێن لەوانەتان لێدەکەین و بەڵام من دڵنیام کە ئەگەر ئێستا لێرە لەگەڵماندا بوونایەو ڕاستی رووداوەکان و واقیعتان بزانیبایە فەرمانتان پێدەکردین کە پێویستە لەسەر ڕاونانیان بەردەوامبین بەلایکەمی تاگرتنی بارەگای سەربازخانە  ئەگەرچی بەشێوەیەکی کاتیشبێت.
گوتی: هەروا منیش پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەتان لێدەکەم و تکام وایە لە فەرمانەکە دەرنەچن و هەر لەوێ لە گۆڕێ سەعات بمێننەوەو هێڵێکی بەرگریی پتەو پێکبهێنن نەک رووداوەکە پێچەوانەبێتەوەو سەرکەوتنەکە ببێتە شکستیەکی سەربازی و دەمەوێ بەرپرسی یەکەمبیت لە گشت دەستکەوتەکان جەنگییەکان بەبێ ئەوەی شتێکیان ونبێت. گوتم: زۆربەی جەنگاوەران تووشی ڕوشانی ئەژنۆو مەچەک و  چەناگەبوون و هەموویان زۆر مابدوبوون، لەبەر ئەوەتکاموایە هێڵی بەرگریی نوێ لە کوری سەعات بەناردنی لقێکی نوێ بەهێزبکەیت.
گوتی: لقێکتان بۆ دەنێرم کە لە هۆزەکانی ناوچەی بەرواری بالان، لەگەڵ فەرماندەکەیان کە گەنجێکی باشە و هیچی بەرانبەرتان نییەو رێکبکەون، بەڵام نەکەن بەرە چۆڵبکەن، ئەوانە هەموویان  وەکوو ئێوە قاڵبووی ڕێوشوێنی کوشتارو شارەزای چیای هەندرێنن، بەڵکو هەندێک لە پێشمەرگەکانی خۆتان بەنۆرە بۆ ئەو لقە بنێرن.
بۆ رۆژی دووەم دەسەڵات هەوڵیدا بەسوپایەکی لاواز چیایەکەو هەندێ شوێن بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی بگێڕێتەوە بەڵام دیسان شکان و هەڵاتن و پێنچ کوژراوی دیکەیان لەدوای خۆیان بەجێهێشت، کاتێکیش ئەرکی کۆکردنەوەی دەستکەوتەکان و ژماردنی کوژراوەکانم وەرگرت لەگەڵ هەریەک لە غەفور عەلی جەوهەرو تەیب شێخ مەجیدو نوری دزەیی کە لە پاریزەرانم بوون و خەڵکی گەرمیان و لەلقی چواربوون. کوژراوەکانم ژماردن کە هەموویان ٧٥ کوژراوبوون،
دەستکەوتەکانیش هەموو کەل وپەل وچەکی قورسی لیوایەک بوون کە بەتێروپڕی ئامادەکرابوو، لەگەڵ تەواوی پێداویستەکانی جەنگی ناو چیاکان، بەتایبەتی کە ئەم لیوایەی سوپای عێڕاق ئەوکاتە لە جەنگی چیاییدا قاڵبوبوون و دەستکەوتەکانی جەنگیش بەمجۆرەبوون:
چوار تۆپی قورسی چیایی، بە هەشت ئێستر دەبرێنە چیا، هەر تۆپێک زینی تایبەتی هەیە بەمەبەستی گواستنەوەی، حەوت تۆپی هاوەن لە قەبارەی ١٠٥ملم، پتر لە بیست تۆپی هاوەن لە قەبارەی٨٢ملم، هەشت مەترەلۆز لەجۆری فیکەرس کە بەرگێکی ژێرەوەی پتەوی پێوەیەو پڕدەکرێت لە ئاو تا بۆریی سەرەکی گەرم نەبێت و هەشت مەترەلۆزی جۆری برین و پانزە تفەنگی کڵاشنیکۆف و بڕنەوێکی ناونجی. ئەم تفەنگانەمان لەسەر بڕیاری بارزانی بەسەر پێشمەرگەکانا دابەشکرد، دوو سندوق مەترەلۆزی ستەرلینگ کە هەر سندوقەی ١٤ دانەی تێدابوو، نۆ دەزگای بێتەلی ژمارەی ٩و ٥٢ دەزگایەکی بێتەلی قەبارەی رووسی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئامێری پەیوەندی بۆ لق و پەلەکان و دەزگایەکی (پێوەری هەوایی) بۆ پەیوەندیکردن بە فڕۆکەوە، ١٦ ئێسترو ، ١٦ بەدیلگیراو، بەهەزاران بەتانیەو چەندان سندوقە  گولەتۆپ و فیشەکی مەترەلۆزو تفەنگ و ئامێری داربڕینەوەو قاپ وقاچاخی جۆربەجۆری چێشتخانەو دەبەی ئاوو عەمبارو جانتای تایبەتیی سەربازان و سەدان چادری گەورەو پچوک و حانوتێک بەهەموو شتەکانیەوەو پاچ و بێڵ و خاکەناز( گەسک) وپێداویستەکانی هەڵکەندن.

 

 

رووداوو شتی سەیروسەمەرەی کاتی رزگارکردنی هەندرێن:
١- کاتی هێرشەکەو دڵنیابوون لە سەرکەوتن و، داڕمانی ورەی تەواوی لیوایەکە بەهۆی برسێتییەوە پێشمەرگەکان یەکەمینجار پەلاماری جانتای سەربازەکانیان دەدا تا پاکەتە پسکیتێک یان خورما یان هەر شتێکی تێدابێت بۆ خواردن.
٢- لقەکەی ملازم عەبدوڕەحمان هێرشیان دەستپێنەکردبوو تا کۆتایی راکردنی دوژمن لەبەرانبەر شوێنی بۆسەکەیاندا، ئینجا هێرشیان بۆ سەر پاشماوەکەیان دەستپیکردبوو، لەبەر ئەوە ژمارەی بەدیلگیراوان تا ڕادەیەک کەمبوون، خۆ ئەگەر پێشئەوە بەچارەکێک دەستپێشخەریی هێرشیان بکردایە ئەوا ژمارەی بەدیلگیراوەکان دەگەیشتە نزیکەی هەزار یان زۆرتریش.
٣- لەگەڵ لقی دووەم پێشمەرگەیەکی زۆرباش هەبوو بەناوی عەریف عوسمان یەکەمجار هێرشدەکاتە سەر دوکانەکە، دەست بە خواردنەوەی پاکەتێک شیردەکات کە بە شەکر شیرینکراوە پاش سێ کاژێر بەردەوام پێویستیی بە سەرئاودەبێت چونکە(تووشی سکچوون) دەبێت.
٤- فەرماندەی تیپەکە لەچادرەکەی دەردەچێت و لەگەڵ سەربازەکاندا یان پێشئەوان ڕادەکات و لەناو چادرەکەیدا کاڵەو گێوەو پۆستاڵێکی سورو نەعلەکان جێدەهێڵێت و نەمانتوانی ئەم کێشەیە چارەسەربکەین (کە ڕایکرد چی لەپێکردبوو، ئایا بەپێیپەتی رایکردبوو؟ هەروا دووربینێکی باش ورادیۆیەکی ترانزیستۆرو دەمانچەیەکی بەکرەدارو کامێرایەک و جانتای دیبلۆماسیی تایبەتی خۆی لێ بەجێمابوو کە قۆناغەکانی پلانی(توکلت علی اللە- پشت بەخودا)ی تێدابوو. وێڕای نەخشەی سەربازیی کە خاڵە گرنگەکانی دەوروپشتی نزیک چیای هەندرێنی لەسەر دیاری کرابوون  هەروا ئامانجە دوورەکان تا بەتۆپ بۆردومان بکرێن، لەوانەش قەسرێ وپردی زەردو ناوکێلەکان و رێزان و گەڵاڵەو ناوپردان.
٥- پاشئەوەی دیلەکانمان کۆکردنەوە کەتەمەنیان گچکەو ١٨ ساڵانبوون و زۆربەیان خەڵکی باشوور بوون و زۆرترسابوون، بۆیە دڵنیامان کردنەوەو لە ئاستی تەقەی هەردولا دوورمانخستنەوە نەوەک بەر گولەی وێڵ بکەون و یەکێکیان هاواری دەکرد(کاکە.. کاکە.. من کوردم) منیش بەتوندی سەرزەنشتم کردو گوتم: تۆ تاقە کەسێکیت کەدەبی لێپرسینەوەت لەگەڵ بکرێت، خۆت جودامەکەرەوە! ئەوانە زۆر لە تۆ ئابڕومەندترن، لای ئێمە زۆر لەتۆ بەڕێزترن. کاتێک ملازم فەخری جوێنی پێدان بەتوندی سەرزەنشتمکردو دیسان دەستم بە دڵنیاکردنیان کردەوە کە ژیانیان پارێزراوە.
٦- لە ڕۆژی سێیەمدا عەبدوڵا پشدەری هاتەلام و لەگەڵیدا رێکەوتم کەرۆژانە ٦٠ ئێسترم بۆ بنێرێت بۆ گواستنەوەی دەستکەوتەکان و کەل وپەلی بەجیماو لە سوپا بەزیوەکە، بەمەرجێک لیستێک بۆ شتەکانی هەر بارێک بکەم و کرێی گواستنەوەی بارەکانیش لەو بارەگایە وەربگرن کە بۆ ئەم دەستکەوتە زۆرە تەرخانی دەکەن و عەبدوڵا پشدەری  بەم سەرکەوتنە گەورەیە زۆر سەرسامبوو.
٧- پاش ئەم جەنگە وام پێشبینیکرد کە حکومەتی عەبدوڕەحمان عارف ناتوانێت، بەلای کەمەوە لەمەودوا، لەسەر جەنگی زەمینی بەردەوامبێت و تەنانەت بەرەی زۆزکیش دەستی بە لاوازبوون و هەڵوەشاندنەوەکرد. لەڕاستیدا جەنگەکە بڕیاردەربوو.
رووبەڕووی سەنگەرەکانی سوپا(تیپی پێنجەم بەسەرکردەیی سەعید حەمۆ) لقێکی دەشتی هەولێر بەرەنگاریان وەستابوو رۆژە ناڕۆژێک لەگەڵ لقێکیتردا جێگەگۆڕکێیان دەکردو لەماوەی ٢٤ کاژێردا خواردن و ئاوو هیچ شتێکیان نەدەگەیشتێ تا ئەو ماوەی بڕیاردراوە کۆتایی دەهات بۆ ئەوەی لقێکیتر جێگەیان بگرێتەوە، ئەویش بۆ هەمان ماوەی وەک ئەو بۆ پشودان دەهاتەخوارەوە تا بۆ رۆژی دووەم ئێشک بگرێتەوە. ئەمانە بە  پرژەی ٦٠گولە تۆپی تانکەکان بەردەوام بۆردومان دەکران، بەڵام نەبەزانە لەناو تاشە بەردەکاندا وەکو تاشە بەردەکان خۆیان رادەگرت.
سندوقی جۆربەجۆری فیشەکمان کۆدەکردنەوەو هەروا تۆپەکان بە پارچەی لێکهەڵوەشاوە لە ئێسترە بەکرێگیراوەکانمان باردەکردن،   ژنێک هاتەلامان و گوتی: شەش منداڵم هەن وشتێکمان نییە بە خۆمانیدا بدەین و هیچ پێویستیەکی ناوماڵمان نییە، تکام وایە ڕێگەم بدەن شەش بەتانیەو هەندێ قاپ و قاچاخ بەرمەوە! ئێمەش ئەو شتانەمان پێداو رۆیشت، کاتێک شتەکانی هەڵگرت دوو فڕۆکەی جەنگی بەسەر سەرماندا ڕفین ژنەکە ترساو شتەکانی فڕێداو ویستی ڕابکات. بەڵام ئێمە جەختمان بۆکردەوە کە فرۆکەکان بۆمبارانمان ناکەن و بەڵکو تەنیا بەسەرماندا وبۆ ترساندن دەفڕن تا بۆ تیپی پێنجەم لە چیای زۆزک جەختنەکرێتەوەو تێنەگەن کە هەندرێن کەوتۆتە دەست ئێمە، ئەگەر بومببۆردومانی هەندرێن بکەن مانای وایە هەندرێن کەوتووە، لەبەر ئەوە فڕۆکەکان بەخێرایی بەسەرسەرماندا تێپەڕدەبن بۆ هەوڵی ترساندنمان تەنیا بە لابردنی ڕێگریی دەنگ و، بۆمباران ناکەن و ئێمەش بەردەوامین لەسەر بارکردنی ئێسترەکان بە چەکی جۆربەجۆرو ئامێرو کەلوپەلەکان و ناردنیان بۆ ناوچەی ناوپردان بۆ عەمبارە جۆربەجۆرەکان کە لەوێ بارەکان دادەگیران و بۆ هەر بارێک هەزار دینار کرێ دەدرا بە خاوەن ئێسترەکە. ئەم کارە ٢٧ رۆژی بەردەوام درێژەی کێشاو هەر رۆژەی ٣٥ بارە ئێستر بەڕێ دەکران. واتە کۆی ٩٤٥ بارە ئێستر ژمێردران.
ئاگادارکراینەوە ئێسترێک بە بارەکەیەوە کە بۆرییەکی گەورەی تۆپ بوو، کاتی تێپەڕبوونی بەسەر پردێکی تەنگەبەردا لە دۆڵی رەواندز- دیانە پارسەنگی تێکچووەو کەوتۆتەخوارەوە بۆناو دۆڵەکەو ئێسترەکە  لە ئاوەکە دەرچووەو بۆرییەکە دیارنەماوە- بارزانی فەرمانێکی ناردووە کە ئەو  بۆرییەی تۆپەکە  لە بنی ئاوی دۆڵەکە دەربهێندرێت و هە کەسی ئەوکارەبکات بە پێدانی تفەنگێکی بڕنەو پاداشتی دەدرێتەوە. جەنگاوەرێکی خەڵکی موسڵمان لەگەڵبوو بەناوی طارق ئەبو کەمیە، کەسێکی باڵاکورت و تێکسمراوبوو. رەنگ و قژی گەنمڕەنگبوو کەسێکی چالاک و بزێوبوو.
تاریق چووە ناوپردان وگوریس و قولاپێکی ئاسنینی پەیداکردو هاتەوەو مەلەوانێکی باشیشبوو. سەری گوریسەکەی بە قولاپەکەوە توند بەستەوە، لەسەر بۆرییەکەش ئەڵقەیەکی ئاسن هەبوو، دووجار بەمەلەکردن گەیشتە لای بۆرییەکەو جاری دووەم قولاپەکەی لە ئەڵقەکە گیرکردو لە روبارەکە هاتەدەرەوەو گوتی:
گوریسەکە راکێشن، کە گوریسەکەیان راکێشا بۆرییەکەی پێوە هەڵواسرابوو، گەیاندییە ناوپردان، بارزانیش تفەنگەکەی بۆ تاریق نارد.
ئێمە ئەرکی خۆمان تەواوکردوگشت دەستکەوتەکان و تەنانەت چوار تۆپە چیاییەکەشمان بە کاروانێکی ٣٢ ئێستری نارد و ئاگاداریان کردین کە زامنی داخستنی ئەو تۆپانە ونبوون. دیسان کەوتینە پشکنین و گەڕان بە دوایاندا لە هەموو شوێنەکانمان تا لەونزیکانە دۆزیماننەوە لەسەر زەوی فڕێدرابوون. ئینجا دابەزینەخوارێ بۆ بارەگای کانیگوێز لە ڕێگادا کە لەگەڵ غەفور عەلی جەوهەر لەنزیک یەکەوە دەڕۆیشتین گوێمان لە دەنگی گولەتۆپێکبوو، غەفور بەخێرایی لەسەر زەویەکەی دانیشانم و لەپشت بەردێکی گەورەوە شاردمیەوە، پێشئەوەی گولەتۆپێک بەدووریی تەنیا ١٠ مەتر لەنزیکمانەوە بتەقێتەوە.

پەیامنێری رۆژنامەی ئۆبزێرڤەر
وێنەی پاشماوەکانی جەنگەکە دەگرێت
ئێمە کاژێری حەوتی ئێوارە گەیشتینە کانیگوێزو سامی عەبدوڕەحمان کە پەیامنێری رۆژنامەی ئۆبزێرڤەری بەریتانی لەگەڵبوو لەلامان ئامادەبوون.
بۆ بەیانی دیسان سەرکەوتینەسەر چیای هەندرێن، کاک سامی و پەیامنێری رۆژنامەکەشم لەگەڵبوو هێشتا زۆربەی لاشەکان نەنێژرابوون، زۆر لە جانتای سەربازەکان وچادرەکان لەناو سەنگەرەکاندا مابوونەوەو چەندان سندوقە فیشەک لەو ناوەدا کەوتبوون. پەیامنێری رۆژنامەکە لەژێر وڕەو گرمەی فرۆکەکان و دەنگی تەقینەوەی تۆپەکاندا وێنەی دەگرت و داواشیکرد کە وێنەی خۆشی لەکاتی وێنەگرتنی ئەو شوێنانەدا بگیرێت کە خۆی وێنەیان دەگرێت تاجەخت بۆ رۆژناماکە بکاتەوە کە بەڕاستی سەردانی شوێنی شەڕەکانی کردووەو، کاتێکیش بۆم باسکرد کە فڕۆکەکان بۆمبۆردومان ناکەن، بۆ ئەوەی وا لەسوپاکەی بەرانبەر چیای هەندرێن بگەیەنن کەچیای هەندرێن هێشتا لەژێر دەسەڵاتیاندایە. پەیامنێرەکە باوەڕی بە قسەکەمکرد، بەتایبەتی کە فڕۆکەکان چەند جارێک زۆر بە نزمی بەسەرماندا فڕین بێ ئەوەی شوێنەکانمان بۆردومان بکەن.

فڕۆکەکان بارەگاکەمان بۆردومان دەکەن:
دووبارە هاتینەخوارەوە بۆ بارەگاکەمان لەکانیگوێزو پەیامنێری رۆژنامەکەشمان لەگەڵبوو، ئەوان گەڕانەوە بۆ بارەگای بارزانی. ئێمەش لەوێ ماینەوەو هەموو رۆژێک نانمان دەنارد بۆ بەرەی گۆڕێ سەعات، ئێسترێکمان باردەکردو منداڵێکی پانزەساڵانەش سواری دەبوو بەرەبەیان بۆ بەرەی گۆڕێ سەعات دەردەچوو، لە کاژێری هەشتی بەیانیدا دەگەیشتەجێ. رۆژێکیان پێشمەرگەیەک لەوێوە هاتەلامان و گوتی ئەمڕۆ خۆراکمان بۆ نەهاتووە!! گوتم بەتەواوی پێموایە کە منداڵەکە  خەواڵوبووەوئێسترەکەش بردویە بۆ ناوچەی سوپاو ئێستاکە هەموو زانیارییەک لەسەر بارەگاکەمان لەکانیگوێز دەدات وشوێنەکەش ژمارەیەکی کەم درەختی لەدەورە. لەبەر ئەوە دوای ناردنی ژەمەخۆراکێک سەرلەنوێ بەو پێشمەرگەیەدا بۆ بەرە بەخێرایی کەوتینە کاروبار نەوەک سبەینێ بەیانی و لەگەڵ کازێوەدا وەک چاوەڕوانمان دەکرد بۆردومانمان بکەن. تۆپ و کەلوپەلەکانمان لەناو بەردەکاندا شاردنەوە، هەروا پێداویستەکانی چێشت لێنان و هەندێ ئازوقە (ئارد، برنج، شەکر، چاو ڕۆن)، نوێن و هەموو جانتاکانمان شاردنەوە، لەگەڵ کازێوەی بەیاندا داوامان لە هەموو ئەوانەی ناو بارەگاکرد کە سەربکەونەسەر قەدپاڵی چیایەکە کە لە لێژاییەکەیدا بارەگایەکەی کانیگوێزبوو، هەواڵ و فەرمانمان نارد کە تا کاتێکیتر کەس هاتوچۆی بارەگایەکەمان نەکات تا چارەنووسی مێرمنداڵەکە دەردەکەوێت.
سەرکەوتمەسەر قەدپاڵی چیایەکە لە باکووری بارەگایەکەمان و هەموو ئەو گۆڤارە زۆرە میسرییانەشم لەگەڵ خۆمبرد کەلە بارەگای فەرماندەی لیواو فەرماندەی بەتالیۆنەکان لە هەندرێن دەستمانکەوتن، پێش ئەوەی من و غەفور عەلی جەوهەرو تەیب شێخ مەجیدو نوری دزەیی جێگیربین، لەکاژێری حەوتی بەیانیدا دوو فڕۆکەی شەڕکەری مێگ بەسەر بارەگاکەماندا فڕین و،  دەستیانکرد بە تەقەو گولەبارانی بەردەوامی ناوچەکە بە رەشاشی دۆشکا، دوای تەواوبوونی کاتی مانەوەیان لەهەوادا راستەوخۆ دوو فڕۆکەیتر گەیشتن و بەردەوام دەستیان کردەوە بە بۆردومان کە تا ئێوارە کاژێری حەوت ڕانەوەستا. لەدووریشەوە دەماندی چۆن ئەو خانوانەی دروستمانکردبوون دادەڕمان و دەسووتان. لە کاژێری نۆی تەواودا سەرنجی چادرەکەی ئەبو قەیسم دا، تەماشامکرد لێیدەردەچێ و سەیری ئاسمان دەکات ئینجا پاش چرکەساتێکیتر چوەوە ناو چادرەکەی کە لە یەکێک لە بۆشاییەکانی قەدپاڵی چیاکەدا هەڵدرابوو، لە بۆشاییەکی گچکەدا کە جێگەی نیوەی چادرەکەی تێدابوبۆوە. وادەرکەوت کەگوێی لە دەنگی بۆردومان و هاتنی فڕۆکەکان نەبووە، چونکە لە قەوارەی رێکخستنی لقەکاندا نەبوو بۆیە ئاگادارنەکرابوو کە بەرەبەیان بارەگاکە چۆڵبکات. کەڕو گوێگرانبوو هیچیشی نەدەبیست، کاتێک پێیزانی بۆردومان هەیەو کەس لە بارەگانەماوە رۆیشتەوە ناو چادرەکەی و لە بۆشایی ژێربەردێکدا خۆی درێژکرد، بۆیە لە مردنی مسۆگەر رزگاریبوو. بەمجۆرە لە زیانی گیانی و کەلوپەلەکان  دوورکەوتینەوە لەبەر ئەوەی پێشبینیمانکرد کەدەبێ مێرمنداڵەکە گیرابێ و ناچاردەکرێت زانیاری لەسەر شوێنەکەی دواوەی بەرەی شەڕەکەی هەندرێنمان لەکانیگوێز بدات، بەمجۆرە ئەو هەلەی دوژمنمان پووچکردەوە.

موقەدەم کەمال نوێنەرێتی رۆڵی سەعید حەمۆ دەبینێت
هەوڵماندەدا بچینەسەر هێڵەکانی بێتەلی سوپای عێراق لە بافستیان و زۆزک و ملتوکربەڕێگەی دووبارەکردنەوەی ئەم بڕگەیە: هەلەو یەک دوو، هەلەو یەک دوو، بۆتۆ گوێتلێمە؟ بەڵێ دەنگت بەرزەوروونە قسەبکە!. رۆژێکیان موقەدەم کەمال ویستی بچێتە سەر هێڵی بێتەلی بەرەی زۆزک، دەمانزانی بە فەرماندەی بەتالیۆنەکەیان”فەوجەکەیان” لەوێ دەڵێن ئەبو قەیس، پەیوەندیی راستەوخۆشی لەگەڵ فەرماندەی لیوا سەعید حەمۆدا هەیە. ویستی سەری لێتێکبداو هەڵیبخەڵەتێنێ تاهێزی لقەکەی گەرمیانیان لە دەشتی هەولێر بکێشنەوە کە عەریف حسێن سەرکردەیی دەکات وهەوڵی دەسەڵاتگرتنی بەسەرشوێنەکاندا دەدا.
موقەدەم کەمال لاسایی دەنگی سەعید حەمۆی فەرماندەی لیوای پێنجەمی کردەوە: هەلەو.. یەک.. دوو، گوێتلێمە؟
ئەوی سەر بێتەلەکە گوتی:
بەڵێ دەنگت بەرزەو روونە قسەبکە!
گوتی: کوڕم ئەگەر ئەبوقەیس نزیکتە دەمەوێ راستەوخۆ قسەی لەگەڵ بکەم.
گوتی: بەڵێ گەورەم فەرماندەکەیت!. پاش کەمێک ئەبوقەیسی فەرماندەی یەکێک لە بەتالیۆنەکانی لیوای ناوبراو هاتە سەرهێڵ و گوتی: بەڵێ گەورەم..!
موقەدەم کەمال گوتی: کوڕم ئەبوقەیس لەیادت ماوە پێمگوتیت سەنگەرەکە بەشێوەی خڕی هێلکەیی دروست بکەن؟ ئێستا لێرەوە دەبینم سەنگەرەکانتان چوارگۆشە دروستکراوەو لەم شێوەیەشی یاخیبووان سوودمەند دەبن لەبەر ئەوە هێزەکە بۆ ماوەی ٢٠٠ مەتر بگێڕنە دواوەو دەستبکەن بە دروستکردنی سەنگەرەکە بەشێوەی هێلکەیی نەک چوارگۆشە.
گوتی: گەورەم شێوازی خاکەکە لێرە پێویست بەم جۆرە بیناکردنە دەکات و لە دواشمانەوە هیچ جێگایەک نیە بەکەڵکی دروستکردنی سەنگەربێت.
کەمال گوتی:  نەء کوڕم ئەوەی گوتم دەستبەجێ جێبەجێی بکەن ..! گوتی: گەورەم، تکایە وشەی نهێنیم بدەرێ، لێرەدا موقەدەم کەمال راوەستا، دوای نیو کاتژمێر دوبارە تێکەڵ بە هێڵەکەیان بوینەوە، گفتوگۆ لەنێوان ئەبو قەیس فەرماندەی بەتالیۆنی زۆزک لەگەڵ سەعید حەمۆ خۆیدابوو.
فەرماندەی بەتالیۆن گۆتی: گەورەم، پێش نیو کاتژمێر پەیوەندیت لەگەڵ کردم و داواتکردسەنگەرەکەی ئێستا بڕوخێنین و سەرلەنوێ بەشێوەی هێلکەیی دروستی بکەینەوە؟
گوتی: نەء کوڕی خۆم نەخێر، وریای یاخیبووانبن دێنە ناو هێڵەکانمان و دەیانەوێ خۆیان لە ئێمە بشارنەوە، وریابە وریابە.
گوتی: گەورەم بەتەواوی لاسایی دەنگی تۆیانکردەوەو منیش گۆمانم لێکردن و داوای وشەی نهێنیم لێکردن و ئیتر بێدەنگبوون.
گوتی: تۆ تۆکێیت؟
بەهۆی زۆریی ئامێری پەیوەندییەکانەوە بەتایبەتی لە قەبارەی١٠٥ رووسی پێشمەرگەکان هەمیشە دەچوونە ناو هێڵەکانیانەوەو پەیوەندییەکانیان لێتێکدەدان، ئەو موخابیرانە تکایان لە پێشمەرگەکان دەکرد کە وازیان لێبهێنن و دەیانگوت(تکاتان لێدەکەین بە دەردەسەریی خۆمانەوە لێمانگەڕێن..!)
ئەوان دەیانگوت: تەنانەت شوانەکانیش ئامێری بێتەلیان کردۆتە شانیان لە پاشماوەکانی لیوای چوارتان کە فەرمادەی لیواکە بەپێی پەتی رایکردو تەنانەت دەمانچەکەی خۆی و جانتا دەستیەکەی خۆشی لێ بەجێما، ئەو جانتایەی کە درێژەی پلانە سەربازییەکەی تێدابوو بەناوی((پشت بەخوا..))
چما خوا هەربۆئێوەیە؟ وا دەرکەوت کە خودا قەومی زۆردارانی خۆشناوێت.
***          ***          ***
دوای ئەوە هاوڕێ عەتا تاڵەبانی لە بیرەوەرییەکانیدا  دێتە سەرباسی راگرتنی شەڕی وشکانی و زۆربوونی بوردومانی هەوایی و دروێنە لەژێر بۆمبۆردومانداو  خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەلیۆشن لەلایەن پێشمەرگەیەکی تورکمانییەوە…تاد.
وێنەکان:
١- هاوڕێ عەتا تاڵەبانی
٢- لەگەڵ هاوڕێ زیراری سڵێمان بەگی دەرگەڵە
٣- هاوڕێ فاخیر حەمەد ئاغا مێرگەسووریی شەهید
٤- ملازم خدر( کە ئێستا بە پلەی فەریق راوێژکارە لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان)
٥- کاک عیزەتی سڵێمان بەگی دەرگەڵە
٦- هاوڕێ خدر کاکیلی شەهید
٧- هاوڕێ عەبدوڵا تۆفیق
٨- کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی داستانی هەندرێن
٩- هاوڕێ زرار سڵێمان بەگ دەرگەڵە
١٠- نەخشەی داستانی هەندرێن

سەرنج: وێنەکان لە لایەن وەرگێڕەوە دانراون.

 

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە