Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
سێ شه‌ممه‌ 21 ئایار 2019

نەزار قەبانی سەد نامەی خۆشەویستی

بەروار : 21 ئایار 2019
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

 

 
و. جەلال دەباغ
ئەم سەد نامەیەی بڵاویاندەکەمەوە، هەموو ئەوانەن کە لەگەردی خۆشەویستیم و
گەردی خۆشەویستەکانم ماونەتەوە..*
(١)

دەمەوێ وتەی وات بۆ بنووسم
لە وتەنەچێت
زمانێکت بۆ دابێنم تەنیا بۆ خۆت
بەپێی پێوانەی لەشت
هێندەی پانتایی خۆشەویستیم بۆتدابڕم
دەمەوێ لە کاغەزەکانی فەرهەنگ سەفەربکەم
لە دەمیشم داوای مۆڵەت بکەم.
لە وەرچەرخاندنی زارم  زۆر ماندوبووم
زارێکی دیکە دەخوازم.
هەرکات ویستی توانای گۆڕینی هەبێت
ببێت بەدرەختێکی گێلاس
یاخود پاکەتێک شقارتە
من دەمێکی تازەم دەوێ
وشەکانی وا لێدەرچن
وەک چۆن پەرییەکان لەناو کەفی دەریاوە دەردەچن
وەک چۆن جوجەڵەی سپی
لە کڵاوی جادوبازەوە دەردەچن
*

هەموو پەڕاوەکان ببەن
کەلە کاتی منداڵێمدا خوێندوومنەوە
گشت نامیلکەی قوتابخانەم ببەن
دەباشیرو..
پێنووسەکان..
تەختەڕەشەکان ببەن
فێری وشەیەکی نوێم بکەن
وەک گوارەیەک بیکەمە گوێی خۆشەویستەکەم
*
من پەنجەی دیکەم پێدەوێ..
تا بەجۆرێکی دیکە.. بنووسم
رقم لەو پەنجانەیە کە نەدرێژدەبن.. نەکورت
رقم لەو درەختانەیە کە نەدەمرن.. نەگەورە دەبن
پەنجەی نوێم دەوێ..
بەرز وەک وێنەی هەر سوارڕەوێک
درێژ، وەک گەردنی زەرافەکان
تا کراسێک بۆ خۆشەویستەکەم
لەتووک دروست بکەم..
لەپێش مندا نەیپۆشیبێت.
دەمەوێ ئەلفوبێیەکت بۆ دروستکەم
نە وەک هەموو ئەلفوبێکان.
شتێک لە ڕەوتی بارانی تێدابێ
شتێک لە گەردی مانگی تێدابێ
شتێک لە خەمی هەورە خۆڵەمێشییەکان
شتێک لە ئازاری گەڵاکانی شۆڕەبی
لەژێر گالیسکەکانی ئەیلولدا.
*
دەمەوێ گەنجینەی زێڕینی وشەت
پێشکەش بکەم
پێش تۆ بەهیچ ژنێک پێشکەش نەکرابێ..
دوای تۆش بەهیچ ژنێک پێشکەش نەکرێ.
ئەی ئەو ژنەی..
پێش خۆی پێشینەی نییە
دوای خۆشی دوایینەی نییە
*
دەمەوێ دوومەمکۆڵە تەمبەڵەکەت فێربکەم
چۆن ناوی من دەڵێنەوە..
چۆن نامەی من دەخوێندنەوە
دەمەوێ.. بتکەم بە زمان..

(٢)
ئەو رۆژەی هاتیتەلام
بەرە بەیانیی رۆژێک لەرۆژانی ئادار
وەک هەڵبەستێکی جوان..لەسەر پێیەکانی دەڕوات
لەگەڵ تۆ خۆر هاتەژوورێ..
لەگەڵ تۆ بەهار هاتەژوورێ..
لەسەر نامەخانەکەم کاخەزهەبوون.. گەڵایانکرد
فنجانێ قاوەم لەپێشبوو
پێش ئەوەی من بیخۆمەوە..خواردمیەوە
لەسەر دیوارەکەم تابلۆیەکی زەیتی هەبوو
لەسەر دیوارەکەم تابلۆیەکی زەیتی هەبوو
چەند ئەسپێکبوون غاریاندەدا..
کاتێک ئەسپەکان تۆیان دی منیان جێهێشت
بەرەو لای تۆ بەغارهاتن..
*
ئەورۆژەی سەردانتکردم..
بەرە بەیانیی رۆژێک لەرۆژانی ئادار
لەجەستەی زەویدا لەرزینێک رووی دا
لە شوێنێکی ئەم جیهانەدا..کەوتەوە
لە شوێنێکی ئەم جیهانەدا..کەوتەوە
..نەیزکێکی داگیرساوبوو..
منداڵان بە کولیچەیەکی پڕلەهەنگوینیان دادەنا..
ژنانیش..
بە بازنگی ئەڵماسڕێژ..
پیاوانیش..
بە نیشانەی شەوی قەدر..
*
کاتێک پاڵتۆ بەهارییەکەت لەبەرداکەند..
لەپێشمدا دانیشتی..
پەپۆلەیەک لەدوایەوە بەرگی هاوینەی هەڵگرتبوو
جەختمکردەوە لەوەی کەمنداڵان لەسەرهەقبوون..
کە ئافرەتان لەسەرهەقبوون..
کە پیاوەکان لەسەرهەقبوون..
تۆش بەچێژبووی..
وەکو هەنگوین..
بێگەردبووی.. وەکو ئەڵماس..
سەرسامکاربووی وەکو شەوی قەدر

(٣)
کە پێمگوتیت:
“خۆشمدەوێیت”.
چاک دەمزانی..
کودەتایەک بەسەر یاسای  خێڵدا دەکەم
زەنگی رسوایی لێدەدەم
دەمویست دەسەڵات بگرمەدەست
تا دارستانەکانی  جیهان وا لێبکەم گەڵایان زۆرتربن
دەریاکانی جیهان رەنگ شینتربن
منداڵانی دنیا بێگوناهتربن.
دەمویست..
سەردەمی دڕندەیی بە کۆتابێنم
دوا خەلیفە لەناوبەرم
کە خۆشمویستی- بەنیازبووم
دەرگاکانی حەرێمسەرا بشکێنم
مەمکۆڵەکانی ژنان..
لە ددانی پیاوان رزگارکەم..
لەگۆی مەمکەکانیان وابکەم
لە خۆشیدا لە هەوادا سەمابکەن
وەک دەنکە گۆیژە سوورەکان..
*
کە پێمگوتیت:
.”خۆشمدەوێیت”
چاک دەمزانی..
ئەلفوبێیەکی تازە دادەهێنم
بۆ شارێک  ناخوێنێتەوە..
شیعرەکانم لەناو هۆڵێکی بەتاڵدا دەخوێنمەوە
بادەی شەراب بەکەسانێک پێشکەشدەکەم
کە مانای خۆشگوزەرانیی مەستبوون نازانن.
*
کە پێمگوتیت:
“خۆشمدەوێیت”.
چاک دەمزانی
دڕندەکان
بە ڕمی ژاراوی و… تیروکەوان.
دوامدەکەون..
وێنەکانم..
بەسەر هەموو دیوارێکدا هەڵدەواسن
پەنجەمۆرم..
بەسەر هەموو مەخفەرێکدا دابەشدەکەن
خەڵاتێکی گەورە دەدەن..
بەوانەی سەرمیان بۆ دەبەن
تا بە دەرگای شارەکەدا
وەک پرتەقاڵێکی فەلەستینی..
هەڵیواسن
کاتێک ناوتم لەسەر دەفتەرەکانی گوڵ نووسی..
دەمزانی..
گشت نەخوێندەواران لە دژم ڕادەوەستن
هەموو ئالی عوسمان…لەدژمن
گشت دەروێشان… عەمامەکان…لەدژمن
هەموو ئەوانەی بە میراتی
لە ئەنجامدانی خۆشەویستی پەککەوتەن..لەدژمن
هەموو نەخۆشانی هەڵاوسانی سێکسی..
لەدژمن…
کاتێک بڕیارم دا دوا خەلیفە لەناوبەرم
.. پێکهێنانی دەوڵەتێک بۆ خۆشەویستی ڕابگەیەنم
کەتۆ پاشاکەیبیت..
.من دەمزانی..
بەتەنیا چولەکەکان..
شۆڕشم لەگەڵ ڕادەگەیەنن..

(٤)
کاتێک یەزدان
ژنانی دابەشکردەسەر پیاوان
تۆی دا بەمن..
وام هەست دەکرد..
بەئاشکرا لایەنگیری لەمن دەکا
لە هەموو پەڕتوکە ئاسمانیەکان
کە خۆی داینان
لای داو شکان
بادەی شەرابی دابە من
گەنم بەوان
ئاوریشمی کردە بەر من و، لۆکەی کردە بەر ئەوان
گوڵی بۆمن کردە دیاری
چڵ بۆ ئەوان..
*
کاتێک یەزدان
تۆی نازداری بەمن ناسان..
گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی
بیرم لەوە دەکردەوە.. نامەیەکی بۆ بنووسم
لەسەر کاخەزێکی رەنگشین
بیخەمە ناو بەرگی رەنگشین
بیشۆرمەوە بەفرمێسکی رەنگشین

بەم بڕگەیە دەستپێبکەم: ئەی دۆستەکەم!
دەمەویست سوپاسی بکەم
چونکە تۆی بۆ من هەڵبژارد..
یەزدان- وەکو پێیانگوتم
نامەی خۆشەویستی نەبێ
هیچ نامەیەک وەرناگرێ.
نامەی خۆشەویستی نەبێ
وەڵامیشیان ناداتەوە..
*
کاتێک پاداشتەکەم وەرگرت
گەڕامەوەو تۆم لەسەر دەستەکانم هەڵگرت
وەکو گوڵە مانۆلیا
دەستەکانی خودام ماچکرد..
مانگ و ئەستێرەکانم ماچکرد
یەکە..یەکە
ڕاموسامە چیاکان و.. دۆڵەکان
هەروا باڵی ئاشەکان
پەڵە هەورە گەورەکان
ئەو هەورانەش کە هێشتا دەچنە خوێندنگە
ئەو دورگانەم ماچکرد لەسەر نەخشە
وێنەکانیان بۆ کێشراون
ئەو دورگانەش کەوا هێشتا
لەیادگاری نەخشەکاندا ماون
ئەو شانانەم ماچکردن کە
پرچتیان پێ دادەهێنی
ئەو ئاوێنانەش کە تۆ..خۆتیان لەسەر دەنەخشێنی
هەموو کۆترە سپییەکان
کەوا لەسەر باڵەکانیان
جیازیی بوکێنیت هەڵدەگرن..

(٥)
من رۆژێکیش پاشا نەبووم
لە بنەماڵەی پاشاکانیشەوە نەبووم
بەڵام هەستکردنم کە تۆ خۆت هی منی..
هەستێکی وام پێدەبەخشێ
دەسەڵاتم بەسەر هەرپێنچ کیشوەری دنیادا گرتووە
دەسەڵاتم بەسەر خولیای باراندا، بەسەر کەژاوەی بادا گرتووە
بە هەزاران هێکتارم لەسەر رۆژهەن..
فەرمانڕەوایی گەلانێک دەکەم.. پێش من کەس فەرمانڕەوایی نەکردوون..
بە ئەستێرەکانی کۆمەڵەی رۆژ گەماندەکەم..
وەک منداڵێک چۆن بە هێلکەشەیتانۆکەی دەریا..
یاریدەکا..
من هیچ رۆژێک پاشانەبووم
ناشمەوێت پاشابم
بەڵام تەنیا هەستکردنم
کەتۆ لەبەر دەستما دەنوویت..
وەک مروارییەکی گەورە..
لەناو دەستما..
واملێدەکا وا خەیاڵکەم
کەمن تسارێکم
لە تسارەکانی رووسیا
یان منم …
کیسرای ئەنۆشیروان..

(٦)
لەبەرچی تۆ؟
بۆچی هەرتۆ بەتەنیا؟
بەبێ هەموو ژنان
ئەندازەی ژیانی من دەگۆڕیت
رەوتی رۆژانم دەگۆڕیت
بەپێی پەتی خۆدەدزیتە..
ناو جیهانی کاروبارە وردەکانم
لەدواتەوە دەروازەکە کڵۆمدەکەیت..
من دژبەرنیم..
*
بۆچی؟
تۆ، خۆتم خۆشدەوێ؟
هەر تەنیا خۆت هەڵدەبژێرم
رێگەتدەدەم..
لەسەر برژانگەکانم دانیشیت
گۆرانی بڵێیت،
جگەرە بکێشیت،
یاریی کاخەزبکەیت..
من دژبەرنیم.
*
بۆچی؟
هەموو رۆژگارەکان
دەسڕیەوە
بزاڤی سەردەمەکان دەوەستێنیت
لەناوخۆمدا هەموو ژنانی خێڵەکە
یەکە..یەکە..
تێرۆردەکەیت
من دژبەرنیم
*
بۆچی؟
کلیلەکانی شارەکەم
کەدەرگایان بۆ هیچ زۆردارێک
نەکراونەوە
ئاڵا سپییەکانی خۆیان..
بۆ هەرژنێک..
بەرزنەکردۆتەوە..
نادەم بە هەموو ژنان
دەیاندەم بەتۆ
لەسەربازانم.. داواکارم
بە سروود پێشوازیت لێبکەن
بەدەستەسڕ و..
باقە گوڵی سوور..
قەبوڵمەو پەیمان و بڕیارت بۆ دەدەم..
لەبەردەم گشت هاوڵاتیاندا
لەسەر ئاوازی موزیک و  لەرینەوەی زەنگەکان
بەدرێژایی ژیانت
شازادەخانمبیت..

(٧)
منداڵانی دنیام فێرکرد
چۆن ناوی تۆ حونجە بکەن..
لێوەکانیان بوونە دارتوو.
خۆشەویستم .. تۆ چویتەناو
پەڕاوەکانی خوێندن و، کیسەکانی حەڵوا.
لە وتەکانی پەیامبەراندا شاردمیەوە
لە شەرابی رەبەندەکان .. دەستەسڕی ماڵئاوایی
لەسەر پەنجەرەی کڵێساکان
لەسەر ئاوێنەی خەونەکان
لەسەر تەختەی کەشتییەکان
وێنەم کردی..
ئەدرەسی چاوەکانتم
دایە ماسییەکانی دەریا..
ئەدرەسە کۆنەکانیان فەرامۆشکرد
بازرگانەکانی خۆرهەڵاتم..
لە گەنجینەزێڕی جەستەت ئاگادارکرد
کاروانەکان کە بۆ هندستان دەردەچوون
ئیتر عاجیان نەدەکڕی
لە بازاڕی مەمکۆڵەکانی تۆ نەبێ..
راوێژی بایەکەم دەکرد
ئەگریجە ڕەشەکانت شانەبکات
داوای لێبوردنی دەکرد..کە کاتی کورتەو..
قژەکەت درێژ..

(٨)
ژنەکە تۆ کێیت؟
کە وەک خەنجەر بەمێژومدا رۆچویت
ئەی ژنی چاک، وەکو چاوی کەروێشکەکان
ئەی نەرم و نۆڵ وەک تووکی قۆخ
ئەی پوخت و پاک وەک ملوانکەکانی یاسەمین
بێگوناه وەک کۆڵەپشتی منداڵان..
ئەی دڕندەی تێکشکێنەر، وەک وشە..
لە کاغەزی دەفتەرەکانم دەرکەوە
لە چەرچەفی سەر جێگاکەم دەرکەوە..
لە فنجانەکانی قاوە دەرکەوە
لە کەوچکەکانی شەکر..
لەقۆپچەکانی کراسەکەم وەدەرکەوە
لەداوەکانی دەسماڵم..
لە سیواکی دانەکانم دەرکەوە
لە کەف و سابوونی سەر دەموچاوم
لەگشت شتە وردەکانم دەرچۆ.. بڕۆ
تابتوانم بۆ کار بڕۆم…

(٩)
خۆشمدەوێیت…
لەگەڵ تۆدا گەمەی ئەشقبازی ناکەم..
وەک منداڵان لەسەر ماسیی ناو دەریاکان
لەگەڵ تۆدا نابمە نەیار
سوورە ماسییەکە بۆ تۆ..
ماسییە شینەکە بۆ من..
هەموو ماسییەکان، بە سوورو شینەوە.. بۆخۆت بەرەوە
هەر خۆشەویستم بمێنەرەوە..
دەریاو،سوارڕەوەکان و، سەفەربەرەکان بۆ خۆت بەرەوە..
هەرخۆشەویستم بمێنەرەوە..
هەرچی موڵک و ماڵم هەیە دەیانخەمە بەردەمت..
بیر لە ژمێرەی قازانج و زیان ناکەمەوە..
دەشێ..
لەناو بانکەکانا ژمێرەی بانکیم نەبێ
پارەی کۆکراوەم نەبێ
بیرە نەوتیشم نەبێ تا غەرغەرەی پێوەبکەم..
مەعشوقەکانم خۆیانی تێدا بشۆن..
دەشێ..سامانی ئاغاخانم نەبێ..
وەک ئۆناسیس هیچ دورگەیەکم لە دەریادانەبێ
من بەتەنیا شاعیرێکم..
هەموو سامانەکانم وان.. لەناو دەفتەرەکانمدا
لەناو دوو چاوی جوانتدا..

(١٠)
خۆشەویستیی تۆبوو منی فڕێدایە
سەرزەمینی سەرسامی
هێرشی بۆ هێنام..
وەک بۆنی ژنێک کە دێتەناو ئەسەنسۆر
لە ناکاوێکدابوو..
کاتێک لەناو قاوەخانە لەگەڵ شیعرێک دانیشتبووم
شیعرەکەم لەبیرکرد..
لە ناکاوێکدابوو..
لە کاتێکدا هێڵەکانی ناودەستی خۆم دەخوێندەوە
دەستەکانم لەبیرکرد..
وەک کەڵەشێرێکی دڕندە پەلاماری دام
نەدەبینێ…نەدەبیستێ…
پەڕی لەگەڵ پەڕەکانم تیکەڵدەبوون
هاواری ئەو بە هاوارم
لە ناکاوێکدابوو..
لەسەر جانتەکانم دانیشتبووم
چاوەڕوانی شەمەندوفەری رۆژانمدەکرد..
شەمەندوفەرم لەبیرکرد..
رۆژەکانم لەبیرکرد..
لەگەڵ تۆدا..
بۆ سەرخاکی سەرسامیی
سەفەرمکرد..
 ماویەتی
———-
*ئەم شیعرانەی نەزار قەبانی ١٠٠ نامەی خۆشەویستین لێرەدا ١٠نامەیان بڵاودەکەینەوە،
ئەوانیتر بۆ کاتێکیتر- جەلال دەباغ

 

 

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە