Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
سێ شه‌ممه‌ 21 ئایار 2019

لە یادی مامۆستا کەمال دەباغی ئەدیب و تێکۆشەردا..

بەروار : 21 ئایار 2019
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

 

نووسینی: جەلال دەباغ

 

پانزەساڵ لەمەوبەرو لەرۆژێکی وەک ئەمڕۆدا زیانێکی گەورەمان لێکەوت بە مەرگی لەناکاوی کەمالی برام.
کاتێک لەسەرەتای ژیانمدا چاومکردەوەو دەوروپشتی خۆم ناسی و زانیم کە منیش یەکێکم لە کوڕەکانی حاجی حەمەڕەشی دەباخچی لە گەڕەکی کانێسکانی سلێمانی ودووبرای لە خۆم گەورەترم هەن، بەناوەکانی کاکە تۆفیق و کاکە کەمال. یەکەمیان لە ماڵێکی (کۆڵانی ئەودیو) دەژیاو، دووەمیان لەگەڵ ئێمە پێکەوە بووین.
کەمالی برام لەڕاستیدا   ساڵی ١٩٣٢لە سلێمانی لە دایکبووە، واتە حەوت ساڵ لەمن گەورەتربوو، بەڵام لە ناسنامەدا بە ١٩٣٥و ناوی لێکدراوی(مستەفا کەمال) تۆمارکرابوو.(دواتر کەلە باوکمان دەپرسی: بۆچی ناوتناوە “مستەفا کەمال”؟ دەیگوت”ئەتاتورک” لەوسەردەمەدا بەڵێنی باشی دابووە کورد، بۆیە خەڵک خۆشیان دەویست و منداڵێان بە ناویەوە ناو دەنا، بەڵام پاشان بەڵێنەکانی خۆی نەبردەسەرو هەڵگەڕایەوە!!”).
ساڵ هات و ساڵ تێپەڕبوو، لەماڵێکداو بەزۆری پێکەوە لە ژوورێکدا پەروەردەکراین. ئەو لە قوتانخانەی کانێسکان لەسەر جادەی بازاڕەپچکۆلەی نزیک ماڵی خۆمان و منیش لە قوتابخانەی ئەیوبیەی خوار ماڵی خۆمان دەمانخوێند. ئەو لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بوو، من تازە لەپۆلی یەکەمی سەرەتایی وەرگیرام..هێشتا لە پۆلی پێنجەم و شەشەمی سەرەتاییبووم ساڵی ١٩٥١- ١٩٥٢ کە تێگەیشتم کەمالی برام ئەندامی یەکێتی قوتابیانی گشتیی عێراقەو لە حیزبی شیوعیدا خەریکی سیاسەتیشە،. من ئەوکاتە لە کۆبوونەوەکانیاندا لە ماڵی خۆمان ئاوو چام دەگێڕاو گوێم لێڕادەگرتن، کەسانێکیانم ناسی کە لەم کۆبوونەوانەدا بەشداردەبوون وەک تێکۆشەران: (قادری میرزا کەریم، ئەحمەد کەریم غەفور، سەلاحی عەلی ئایشەخان، ئیسماعیل ئیبراهیم،…تاد) دێتەوە یادم کاک قادری میرزا کەریم هەر باسی رەخنەو رەخنە لەخۆگرتنی دەکرد کە بڕوایەکی گرنگە لە حیزبی شیوعیدا..
کاکم باوەڵێکی تەنەکەو ئاسنی هەبوو کە کتێبەکانی تێدابوون، منیش هەندێجار بەدزی ئەوەوە باوەڵەکەم دەکردەوەو لە بنەوە کۆمەڵێک بڵاوکراوەو رۆژنامەی گچکەم دەردەهێنا کە(ئازادی و بڵاوکراوەی کوردی و القاعدەی عەرەبی) بوون و کوردییەکانم دەخوێندنەوەو پاشان لە جێگەی خۆیان دامدەنانەوە.
بەمجۆرە دەتوانم بڵێم لەژێر کارتێکردنی کاکم دا خۆم لەرێگەیەکیترەوە پەیوەندیم لەگەڵ یەکێتی قوتابیان و پاشان لەگەڵ حیزبی شیوعی عیراقدا کردو، لەم بارەیەوە تاڕادەیەک قەرزارباری کەمالی برامم.
بەهەرحاڵ کەمالی برام لەسەردەمی لاویدا چالاکییەکی باشی هەبوو، کاتێکیش دەستی لە پۆلی چوارەمی دواناوەندی هەڵگرت و بە بەڵگەنامەی پۆلی سێی ناوەندی لە خانەی مامۆستایانی باقوبە وەرگیراو لەگەڵ ئیسماعیل ئیبراهیم و محێدین هەورامی و کەسانیتر لەباقوبە ساڵی ١٩٥٦ لە خۆپیشاندانی دژی دەستدرێژیی سێقۆڵی بۆ سەر میسر گیران.
پاش تەواوکردنی خانەی مامۆستایان لە باقوبە بووە مامۆستای سەرەتایی و لە قوتابخانەکانی گوندی (سوورەدزە)ی شارباژێڕو لە قوتابخانەی چوارتاو سلێمانی خزمەتی پەروەردەی کردووەو دواتر لە زانکۆی موستەنسریەی بەغدا خوێندنی بەشی زانستیی دەروونی- علم النفس-ی تەواوکردوەو بۆتە مامۆستای گوتنەوەی ئەودەرسە، تالەپاشدابووە جێگری بەڕێوەبەری خانەی مامۆستایان و پاشان جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگەی مامۆستایان لە سلێمانی تا کۆتایی ژیانی.
لەسەردەمی بەعس و ڕێژیمی فاشیستی سەدامدا چەندجار داوای لێکرابوو ببێتە بەعسی تابیکەنە بەڕێوەبەرو چ پلەیەکی بوێت دایمەزرێنن، بەڵام بەشانازییەوە هەموو داواکانیانی دابووە دواوەو گوتبووی: ” من شیوعیبووم و دەمێکە وازم هێناوە، ئەگەر لێمنەگەڕێن دەبمەوە بە شیوعی..” بۆیە دەستبەرداری ببوون، هەروا لەسەر من و خوشک وبرا ڕاکردووەکانی ماوەیەک تەنگیان پێهەڵچنیبوو بەڵام چونکە هیچیان لێدەستنەکەوتبوو، لەکارەکەشیدا سەرکەوتوبوو زۆریش پێویستیان پێیبوو وازیان لێیهێنابوو..
مایەی شانازیمە کە کاتێک لە پێشمەرگایەتیدا لەناوزەنگ و ناوچەکانیتربووم لەو کەسانەی پارتی و یەکێتی و شیوعی و سەربەخۆ کە دەهاتنە پاڵ شۆڕش و دەبوونە پشمەرگە، گوێم لێدەبوو باسیاندەکرد یان دەمبیستەوە کە کەمالی برام زۆر یارمەتیداوون بۆ رزگاربوون لە چنگی دەزگا هەواڵگرییەکانی بەعس، بێئەوەی بزانن برای منە، زۆربە چاکی ناویان دەبرد. پاشانزانیم کە هەرکاتێک لە دەزگاکانی هەواڵگریی رێژیمەوە بهاتنایە بۆ دەستگیرکردنی قوتابییەک کە ناویاندەبرد، کەمالی برام دەیبردنە ژوورەوەو قاوەی دەرخوارد دەدان و لەگەڵ فەڕاشێکی باشدا رێکەوتبوو کە قوتابییەکە ئاگاداربکات خۆی دەربازبکات.
کەمالی برام توانایەکی باشی لەزۆر بواردا هەبوو، کەسێکی قسەخۆش و نوکتەزانبوو، دەنگی خۆشبوو بەڵام قایل نەدەبوو گۆرانی تۆمار بکات. لەشیعرنووسینیشدا بەهرەمەندبوو، چەند شیعرو نووسینێکی لە رۆژنامەی (ژین)دا بڵاوکردەوە، کە ئەوانەیان ماون، دیوانێکی شیعرەکانی بە دەستخەتی خۆی نووسیبۆوە، کە بە زۆری شیعری سیاسی و نیشتیمانپەروەری و دڵداریبوون،  لە رۆژگاری سەختی سەردەمی داپڵۆسینی بەعسی فاشی و “زەعیم سدیق”دا کە لەسلێمانی ماڵان دەگەڕان و لەسەر نووسینی شیعرێک یان چەند وێنەیەک خەڵکیان بێ سەروشوێن دەکرد، بۆ نمونە لەسەر چەند وێنەیەکی پێشمەرگە کە دراوسێیەک لایدانابوون، ئامانجی کوڕی هاوڕێی سەرکردە (ئەحمەد غەفور) یان لەناوبرد، لەو رۆژاندا کەمالی برام دەفتەری شیعرەکانی دەداتە کاکە حاجی تۆفیقم کە بۆی بشارێتەوە، بەڵام لەرۆژگارێکی سەختدا بە داخەوە ئەویش بەناچاری دەیکاتە خۆراکی ئاگر تا دەست جەلادەکان نەکەویت.
کەمالی برام وەک دۆستێک زۆر کاری پڕ مەترسیی بۆ حزب ئەنجامدەدا، وەک هاوڕێی نەمر ئەحمەد بانیخێڵانیش لە یادەوەرییەکانیدا باسی هەندێکیان دەکات. ماڵەکەشی کردبووە جێگەی کۆبوونەوەو داڵدەدانی هاوڕێیان و لە رۆژگارە سەختەکاندا بە ئۆتومبیلەکەی خۆی چەندان هاوڕێ و کادیری حیزبی گەیاندۆتە ناوچە رزگارکراوەکانی پیشمەرگە، لەوانە هاوڕێی سەرکردەی کۆچکردو ئەحمەد کەریم غەفور و، کادری پێشکەوتو هاوڕێ کەریم عەبدوڵا چنگنیانی کەهیوادارم تەمەنی درێژبێت…تاد.
بەداخەوە کەمالی برام لە رۆژی ١٢/٤/٢٠٠٤دا دڵە گەورەکەی لەلێدانکەوت و لە ڕێورەسمێکی شکۆداردا لە گردی (شێخ محێدین) لە سلێمانی بەخاک سپێردرا.
چەند کۆپڵەیەکم لەشیعرێکی درێژی بەسەردێڕی (کوردستانی جوان) لەبەرمابوو، کاک کاوە حەمە ساڵحی دەنگخۆش لە سوید بە ئاوازو دەنگی خۆی و لەبەرپارێزگاریی ئەو، بەناوی منەوە، تۆماریکردو بڵاوکرایەوەو منێش دوای ڕاپەڕین رامگەیاند کە شیعری کەمالی برامەو وا لێرەشدا بڵاوی دەکەمەوە:

(کوردستانی جوان)
ئەم نیشتیمانەی من هەمە
چەندی لێبدوێم هەر کەمە
چەندباسی جوانیەکەی بکەم
هەرگیز تەواو نابێ بەدەم..
گڵە، وەک گشت نیشتیمانێ
جوانە، وەکو هەمووجوانێ
بەڵام هەر مستێ لەو گڵە
یا کاسەی سەرە یان دڵە
یا چاوە یا خوێنی گەشە
یا بەجارێ سنگ ولەشە..
جا کە نیشتیمانێ وابێ
بەخوێنی گەل ئاودرابێ
دەبێ چەند جوان ورەنگینبێ
چەند رێک وپێک وشیرینبێ
*     *     *

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە