Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
دوو شه‌ممه‌ 29 ئاب 2016

عیماد على :حزبێک لەسەر ریتمی ساڵانی پەنجا و شەستەکان بەرێوەببرێت هیچ تازەگەریەک ناکات

بەروار : 29 ئاب 2016
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

12990842_10209064088860790_3194976596128124787_n.jpg

 

گرێدانی کۆنگرەی {6}ی حیزبی شیوعی کوردستان نزیک بووەتەوە، بەو بۆنەیەوە لە ئێستا مشوومڕێکی گەرم لە نێوان هاوڕیان و دۆستان و خەمخۆرانی ئەوحیزبەدا لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان درووست بووە . لاپەڕەکانی ڕابردووی ئەو حیزبەو تێکۆشانی و شکستیەکانی لە سیاسەتەکانی ئێستادا ،بە بیروبۆچوونی جیاواز گوزارشتی لێدەکرێت و کۆنگرەی داهاتوش بەشێکی زۆری لەوگفتووگۆکردنە داگیر کردوە.
ئێمەش لە ستافی ماڵپەڕی {ئاگاپرێس} بە پێوستمان زانی بەشداری لە دەوڵەمەندکردنی ئەو گفتوگۆیانەدا بکەین ،ئەوەیش بە کردنەوەی مەلەفێک بەنێوی [بەرەو کۆنگرە]، کە تێیدا هەندێک پرسیار ئاراستەی بڕێک لە کادران و ئەندامان و دۆستان و ڕۆشنبیران دەکەین ،تا دیدی خۆیان سەبارەت بەو حیزبە و هاوکات بە کۆنگرە بخەنە ڕوو. بە ئومێدی ئەوەی بتوانین لەم ڕێگەوە خزمەتێکی بچوک بە هزری چەپ لە کوردستنادا بکەین.
بۆ ئەم مەبەستە ئیمە لیستێکمان درووست کردوە دەربارەی ئەو بەڕێزانەی کە بە نیازین بەشداریان لەم مەلەفەدا پێ بکەین. وە ناو بە ناو هەفتەی چەند وەڵامێک بڵاو دەکەینەوە . هەر بەڕێزێکیش دەخوازی بەشداری تێدا بکات ئەوە دەرگامان کراوەیە و دەتوانیت لە ڕێگەی ئیمێلەکەمانەوە پەیوەندیمان پێوە بکات، یاخود لە ڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بە سەرنووسەری ئاگاپرێسەوە [جەلال هۆرێنی] وە بکات
هیوادارین وەڵامی پرسیارەکان لە سیاقی خۆی دەرنەچێت و تەنها و تەنها تایەت بن بە پرسیارەکان .
هەر وەڵامێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت ، بەدڵنیاییەوە بڵاوی ناکەینەوە.
ئاگاپرێس لەمەلەفەدا کەسایەتى چەپ چاودێری سیاسی عیماد على دەکاتە میوان و وەڵامى پرسیارەکانمان دەداتەوە
ئاگاپرێس : وەک هەستی پێدەکرێت لە هاوکێشە سیاسیەکانی ئیمڕۆی کوردستاندا پێگەی حیزبی شیوعی کوردستانی لاوازە. هاوکارەکانی ئەو لاوازیە چین؟

عیماد على :بێگومان هۆکاری بابەتی رۆڵی خۆی دەگێرێت لە لاوازبونی کاریگەری چەپەکان بە گشتی و حزبی شیوعی بە تایبەتی، چ لە ئاستی نێوخۆی کوردستان بێت یان عیراق یان لە جیهان بەگشتی . قۆناغەکە لە سەر شێوازێک لەنگەری گرتووە کە جیهانگیری گەورەترین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و رەوتی ژیانی خەڵک و رێزبەندی حزبەکانیش هەیە و ئەمەش پابەند و پەیوەندیدارە بە ژیانی چین و توێژەکانەوە . بۆیە بە شێوەیەکی گشتی حزبە چەپەکان لە جیهاندا پاشەکشەیان کردووە بە تایبەتی لە دوای دارمانی یەکێتی سۆڤێت و گۆرانکاری لە هاوکێشەکان و قورسایی و دابەشبونی نوێ لە جیهاندا . ئەمە لە ئاستی جیهاندا کە هۆکار گەلێکی تریش کاریگەری خۆیان هەبووە لە پاشەکشە کردنی چەپ بە گشتی، بەڵام دیارە لە زۆر وڵاتدا ئەمە بە هەند وەگیراوە و دەستەوەستان نەوەستاون و لە زۆر لاوە بەخۆیاندا چونەتەوە و دووبارە گەراونەتەوە سەر رێگەی ململانێ سەختی رەوتی فیکر و بیرەکانی تر و خۆگونجاندن و گۆرانکاری هەچەشنیان کردووە لە پێناو گەشە کردن و خزمەتکردنی چینی پرۆلیتاریا سەردەم لە جپهاندا کە خۆ لە کۆمەلێک چین و توێژ دەبینێتەوە جگە لە کرێکاران، بۆیە حزبی چەپی تایبەت بە هەر وڵاتێک و هەر یەکە و بە ناویکەوە سەریهەڵدا یان گۆرانکاری بەسەردا هات .
بەڵام لە ئاست کوردستانی خۆماندا، دیارە هۆکارە سەرەکیەکان تا رادەیەک جیاوازن و تایبەتمەندی کۆمەڵگە و چۆنێتی بەریوەبردنی کاری سیاسی و حزبی و ئاستی رۆشنبیری خەڵک و عەقڵیەتی سەرکردایەتی بەناو حزبە چەپەکان لە سەر ئەرزی واقیع گەورەرترین هۆکارن لە پاشەکشە یان گەرانەەوە یان بەراشکاویتر نەمانی حزبی چەپ بە شێوە و ناوەرۆکە زانستیەکەی .
تا ئێستا حزبێک لەسەر ریتمی ساڵانی پەنجا و شەستەکان بەرێوەببرێت و هیچ تازەگەریەک نەکات کە لە گەڵ بارودۆخ و پێداویستیە نوێکاندا خۆی فەرز بکات و عەقڵی سەرکردایەتی کردن بەهەمان شێواز و بیرەوە بێت و بە بۆماوەیی لە کەسانێکەوە بۆ ئەویتر مابێتەوە و هیچ گۆرانکاریەکی ریشەیی نەکەیت تەنها لە شکڵ و زارەکی نەبێت، بێگومان لە شوێنی خۆتدا چەق دەبەستیت .
پەرشوبڵاوی و نا یەکگرتوویی و بەرژەوەندخوازی و توشبون بە نەخۆشیەکانی حزبە نەتەوەیی و لیبراڵ و هەمەجۆرەکانی تر وای لەم حزبانە کردووە کە هیچ تایبەتمەندی خۆیان نەمابێت و کەس نەتوانێت جیاوازی لە نێوان هیچیاندا بکات .
ئەوەش لەبیر نەکەین کە وەزعی کوردستان زۆر شتی بەسەردا فەرز کردون کە ئەستەمە بگەینە ئەو قەناعەتە و بتوانین بڵێین حزبە چەپەکان و شیوعیش بە تایبەتی بتوانن پێگەی خۆیان قورستر و قایمتر بکەن .

ئاگاپرێس :حیزبی شیوعی کوردستان بە نیازە لە مانگی سەبتەمبەردا کۆنگرەی [6] ی خۆی گرێبدات.بەبڕوای بەڕێزت گۆڕانکاری گەورە لە کۆنگرە ڕوودەدات .یا لەسەر هەمان مەتۆد بەردەوام دەبێت؟

عیماد على :لەو باوەرەدام کە بەرژەوەندی تاکە کەس و حزبایەتی تەسک و وردتر بڵێن بیرتەسکی و ئاستی بیرکردنەوەی سەرکردایەتی ئێستای ئەو حزبە ئەوەندە فراوان و گەورەیە کە متمانەت بەوە نیە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر گۆرانکاری ریشەیی بکەن و حزبی شیوعی بەرنەوە سەر سکەی راستەقینەی خۆی، هەر هیچ نەبێت شێواز و کاکردن و رەوتە کۆنەکەی خۆی بگرێتە بەر و لە ساحەکە بگەشێتەوە . هەر کۆرانکاریەک زەمینەیەکی تایبەتی خۆی دەوێت و بە ئالیەت و ئامرازی نوێوە دەکرێت، ئینجا تۆ وەرە لە روانگەی چۆنێتی بەرێوەچونی کاروباری حزبەکە و خۆ ئامادەکردن بۆ کۆنگرەو شێوازی بەستنی کۆنگرەکە و بابەتەکان تەماشای بکە، لەو بیرەدا بە کە گۆرانکاری پێ دەکرێت و، لەوێشدا ئەو ئامانجانە دیاری بکە کە دەبنە هۆکاری پێشکەوتن و پەرەسندن و گونجاوی کاری نوێی حزبی بۆ ئەم حزبە، ئەوسا بۆت دەردەکەوێت کە چەپەکان و ئەم حزبەش لە حاڵەتێکدایە کە قەناعەت ناکەیت گۆرانێکی ریشەیی تێدا بکرێت . جگەلەکردنی ژمارەی کۆنگرە، لەوێشدا چەند کۆنگرە جارێک چەند کەسێک لە لایەن سەرکردایەتی کۆنەوە ئامادە کراوە بۆ بەرزبونەوە بە پێی رازیبونی سەرکردایەتە کۆنەکە و کوتلەبازی و بەرژەوەنخوازی تاکە کەسی نەک بە گونجاوی ئەو خەڵکە بۆ ورەگرتنی ئەرکی نوێ، کە لە توانایاندا بێت گۆرانکاری ریشەیی لە شێوە و کار و بیرکردنەوە و کردەوەی حزبی شیوعی بکەن . ئەگینا ئەگەر باس لە گۆرانکاری بکرێت تەنها بۆ رازیکردنی خەڵکانی نارازی و چاوبەستەکیە و هیچی تر . ئەگینا وەک دەڵێن مانگە شەو سەر لەئێوارە دیارە، دەبوایە لە باسە سیاسی و رێباز و کاری بەرەو کۆنگرە وە لە نێوەخنی ئەوانەی دەدەخرێن لە چۆنێتی بەرێوەچونی کۆنگرەکە جیاواز بوایە لە ئەوانەی پێشوو، بۆ ئەوەی هەر نەبێت قەناعەتێکی دروست بکردایە کە گۆرانکاری عەمەلی روودەدات . ئەگەر دەست نەبەیت بۆ هۆکارە راستەقینەکان و نەخۆشیەکان دەرنەخەیت و هەموو شتێک بگەرێنیتەوە بۆ هۆکارە بابەتیەکە، بێگومان هیچ سەوز نابێت، نەک لە کۆنگرە بە تەنها بەڵکو لەهەر هەنگاوێکی تریشدا . بۆیە ئەگەر خوێندنەوەی بۆ واقعی کۆمەلایەتی و رۆشنبیری و سیاسی کوردستان و چۆنێتی کارکردنی چەپ لەم زەمینە بە شێوەیەکی زانستیانە و عەقڵی نوێوە بکەیت و حاڵی حازر لە هەموو لایەکەوە شیبکەیتەوە ولە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی زانستی راست و دروست بەرنامەرێژی بکەیت و نەخۆشی و لایەنە تەندروستیەکەش لێکبدەیتەوە و کار بە پێویستیەکانی کەوتنە سەر خەتی گۆرانکاری بکەیت، دەتوانیت لە کۆنگرەدا هەنگاوی یەکەم بنێیت، نەک تەنها قسەی زارەکی بێت و کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی بێت وەک کردەوەی سەرجەم حزبەکانی تر .

ئاگاپرێس : چ بوارێک زۆر گرنگە کە حیزبی شیوعی کوردستانی هەڵوەستەی لەسەر بکات ولەدوای کۆنگرە بیکاتە بەرنامەی سەرەکی کارەکانی؟

عیماد على : خوێندنەوەی واقعی کوردستان و بنیاتنانی فکر و بیروبۆچنی چەپانەی گونجاوی کوردستانی بە لەبەرچاوگرتنی سەرجەم فاکتەرەکان و بە گۆرانکاری ریشەیی لە بیرکردنەوە و کاری حزبی گونجاو لەگەڵ واقعدا گرنگترین ئەرکی حزبی شیوعیە لەم کاتەدا، ئەگەر بیەوێت رۆڵی تایبەتی خۆی هەبێت لەسەر ساحەکەدا، لە پێش هەموو شتێک نەهێشتنی وابەستەیی بە هیچ حزبێکەوە لەبەر بەرژەوەندی تەسکی سەرکردەیەک یان کارێکی حزبی تەسک، کە زەرەری دەیان جار لە قازانجەکەی زۆرتر بَت .

ئاگاپرێس :پیگەی چەپ لە کوردستاندا بەردەوام بەرەو لاوازی دەڕوات . هۆکارەکانی ئەم لاوازیە چین و حیزبی شیوعی تەحەمولی چەندی ئەم شکستی و لاوازیانە دەکات؟ وە کۆنگرە چۆن دەتوانێت گووڕووتین بداتەوە بە ڕەوتی چەپ؟

عیماد على : وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم کرد، لاوازی چەپ بەندە بە هۆکارە بابەتی و خودیەکانەوە، بێگومان حزبی شیوعی کوردستان وەک میراتگری چەپی کوردستان لە رووی کاروباری حزبیەوە زۆر لایەنی ئەم وەزعە لاوازەی چەپی کوردستانی دەکەوێتە ئەستۆ . گەورەترین ئەرکی سەرەکی چەپەکان بەگشتی و حزبی شیوعی بە تایبەتی ئەوەیە کە لەیەک نزیک بن و بارودۆخە گشتیەکە بە جوانی بخوێننەوە و لەخۆبوردوو بن لە مامەڵە کردن لەگەڵ یەکدا، ئەوەی تێبینیم کردووە تەنانەت لەم وەزعە لاوازەی خۆیدا؛ حزبی شیوعی لە بەرێوەبردنی کارەکانی و پەیوەندیەکانی بوغراییەکی فشەڵی پێوە دیارە کە لە روانگەی شانازی کردن بە مێژووەوە بۆی ماوەتەوە، بەمەش گەورەترین زەرەر لەخۆی دەدات پێش هەر لایەنێکی تر . ئەگینا کارە گرنگەکە ئەوەیە هەماهەنگیەکی باش لە گەل رەوتەکانی تر و خەڵکی چەپ و خەمخۆری چین و توێژە هەژارو کەمدەرامەتە بکات، نەک بە رەفتار بۆرزوازیانە و بەرەفتاری سەرکردە ناچەپە راستەقینەییەکان هیچ پەیوەندیەکی بە چەپەوە نەمابێت و ئیدعای چەپبون بکات،، دەبێت خۆی لە جەماوەر ی جیا نەکاتەوە و لاتەریک نەبێت کە لەو رووەوە هیچ لەحزبەکانی تر جیاواز نیە . لەگەڵ کۆمەڵێک گۆرانکاری ریشەیی تر کە هەر هیچ نەبێت هەست بە جیاوازی لەگەڵ وەزعی پێشوی خۆیدا بکات . دەتوانم بڵێم بە کۆنگرەی حزبی شیوعی رێژەیەکی ئەوتۆی گۆرانکاری لە رەوتی چەپەکانی کوردستان نابینرێت ئەگەر هەوڵی کۆنگرەیەکی یەکانگیر و هاوبەشی چەپەکان نەدرێت بۆ بەخۆداچونەوەی گەورە، کە ئەمەش زەمینە سازیەکی گەروە و کارو تەقەلایەکی زۆری پێش بەستنی کۆنگرەی گشتی سەرچەم چەپەکان دەوێت، ئەگینا بە کۆنگرەی حزبێک و بەم شێوەیە بەرێوە ببرێت و بەم عەقڵیەت و ریتمەوە کە هیچ جیاوازیەکی نەبێت لەگەڵ هیچ کۆنگرەیەکی تردا باوەر ناکەم شتێکی ئەوتۆی لی سەوز بێت، من لای خۆمەوە هیوادارم سەرکەتو بن لە کاری کۆنگرەکەدا هەر هیچ نەبێت کارێکی گونجاوی حزبی خۆیان ئەنجام بدەن و کۆنگرەیەکی شکلی نەبێت کە جگە لە خەرجیات و تەنانەت زۆر جار لاوازبونی پاش کۆنگرە لەدەرئەنجامی دەردانی خراپ هیچی خرابتری لێ نەکەوێتەوە .

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە