سێ شه‌ممه‌ 6 ئه‌یلول 2016

حزبى شیوعى پرۆژەى چاکسازى بڵاودەکاتەوە

بەروار : 06 ئه‌یلول 2016
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

بەشى پێنجەم
ئایندەی پرۆژەکانی چاکسازی
لە ئایاری 2016 دا حکومەتی هەریمی کوردستان بەرنامەی خۆی بۆ چاکسازی بە ناونیشانی چاکسازی لە ئابوری لە پێناوی بەشداری لە گەشەپێدان وپاراستنی نەداران راگەیاند.هەرچەندە حکومەت وناوەندەکانی بریار لە ساڵانی رابووردوودا چەندین بەرنامە ونەخشە رێگای چاکسازی ئابوری وچاکسازی ئیداری ودارایی، ورووبەرووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاند،وچەند دامودەزگایەک بۆ ئەم مەبەستە دروست بوو، بەڵام ئەم سیاسەت و میکانیزمانە بە رێکوپێکی کارەکانی خۆیان تەواو نەکرد، وبەرهەمێکی ئەوتۆیان لەسەر پرۆسەی گۆرانکاری نەبوو. لە کۆتایشدا حکومەت چارەنوس وئاکامی ئەو بەرنامە ونەخشانەی رانەگەیاند.
بەرنامەی نوێی حکومەت کە لە چوارچێوەی ئەو داواکارییە بوو لە بانکی نێودەوڵەتی کە لە رێگای دەزگای رەند کردبووی، بە تەواوی بەپێی رەچەتە و مۆدیل و بۆچونەکانی بانکی نێودەوڵەتییە سەبارەت بە چاکسازی ئابوری. هەرچەندە هەندێک دەیانەوەێ بانگەشە وریکلام یۆ ئەو بەرنامەیە بکەن بە مەبەستی تێپەراندنی بە بیانوی ئەوەی بوارێک بۆ قەرزکردن لە بەنکی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری کوردستان و، گوایە ئەمەش بەردەوام بوونی پەیوەندییە لە گەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە گەورەکان، بەم پێیەش بوارێکە بۆ چوونە نێو ئابوری نێودەوڵەتی، جگە لەوەی کە ئەم دامەزراوە ــ کە لە ساڵی 1945 هاتۆتەکایەوە و لەژێر کۆنترۆڵی وولاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادایە کە خاوەنی چواریەک لە سەرمایەکەیەتی ــ وزە وتوانا و کادیری ئەوتۆی هەیە کە دەتوانێ نەخشەرێگای چارەسەرکردنی قەیرانەکانمان بۆ دا بنێت، بەڵام ناوەرۆکی بەڵگەنامەی چاکسازی لە ئابوریدا بوارێک بۆ وەرگرتنی قەرز نییەو بە هەمان شێوە راستییەکان ئەو خاڵانە نیین کە ریکلامی بۆ دەکرێت.
بەڵگەنامەی چاکسازی لە ناوەرۆکدا بریتییە لە دانانی سیاسەتێکی ئابوری لەسەر رۆشنایی رەچەتە ومۆدێلی بانکی نێودەوڵەتی کە پشت بە لیبرالیزمی نوێ دەبەستێت، وکار بۆ گشتاندنی ئەم مۆدیلە بەسەر هەموو ئابورییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی ئابوری وڵاتانی تازە پێگەیشتووەکان، دەکات. لەم بوارەشدا تێکرای زانیاری وئامارەکان بەکار دەهێنێت بە مەبەستی لە قاڵبدانی واقیعی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانە بە سەرجەم بوارە سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی ورۆشنبییرییەکانیەوە، بەمەبەستی بیانوو هێنانەوە بۆ ئەو نموونەیەی خۆی دوور لە رەچاوکردنی واقیع وتایبەتمەندییەکانی هەر وڵاتێک. ئەمەش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە سەرجەم بەرنامە ونەخشەکانی بەنکی نێودەوڵەتی بۆ چاکسازی ئابوری لە وڵاتەکاندا لە بواری ئاراستەکان وبنەما سیاسییەکانیدا یەک بابەت و ئاراستەیە، وتەنها لە زانیاری وئامارەکاندا جیاوازییان هەیە، و هەردەم وەک رەچەتەیەکی ئامادەکراو دەردەکەوێت، لە کاتێکا خودی ئابورییە سەرمایەدارییە گەورەکان لە هەلومەرجی ئێستادا وتەنانەت لە ئەزمونی پێشتریان بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانە ئابوریەکان لەوانەش قەیرانی قەبەی سەرمایەداری ساڵی 2008 کە بەقەیرانی ئابوری ناوزەندی کرد، پاشگەزبوونەوەیان لەو سیاسەتە ئابورییە کرد، وپەنایان بردە بەر میتودی “کینزی” لە سیاسەتی ئابوریدا و دەستتێوەردانی دەوڵەت وخەرجکردنی ملیارەها دۆڵار کە بە باجی هاوڵاتیان کۆکرابۆوە، بۆ کۆمپانیا و بانکە گەورەگان بۆ ئەوەی مایەپۆچ نەبن. هاوکات لەگەل وازهێنان لە لیبرالیزمی نوێ لە ئابوریدا، لە بواری سیاسیشدا وازهێنان لە رێباز وسیاسەتی “پارێزەرانی نوێ” لە ئاستی ناوخۆ ودەرەکیدا، هاتە کایەوە، وبەگشتی لە هەموو بوارەکاندا سیاسەتی خۆگونجاندن بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکە پیادەکرا.
سیاسەتی چاکسازی نوێی حکومەت کە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە دارێژراوە، هۆکاری قەیرانی ئێستای کوردستان بۆ دابەزینی نرخی نەوت و شەری داعش وهاتنی ئاوارە بۆ کوردستان، وگرفتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا کە بۆتە هۆی برینی پشکی کوردستان لە بودجەی عێراق، دەگەرێنێتەوە. بەڵگەنامەکە لەم بوارەشدا باس لە هەژمونی کەرتی گشتی لەسەر ئابوری کوردستان دەکات، و ژمارەی ئێجگار زۆری فەرمانبەران لە دامودەزگاکانی حکومەت بە هەژمونی کەرتی گشتی دادەنێت، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە دامەزراندنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاکامی سیاسەتێکی هەڵەی حکومەت لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەل بەکارهێنانی وزەی مرۆیی بووە کە ئەمەش لە سەر بنەمای بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، ودەنگ کرین بووەو، لە ئاکامیشدا ئاراستەی بواری بەرهەمهێنان نەکرا و لە کەرتی خزمەتگوزارییدا مایەوە و بوو بە هۆی بێکاری دەمامەکدراو. بەڵام ئەو بۆچونەی بانکی نێودەوڵەتی مانای هەژمونی کەرتی گشتی لەسەر ئابوری کوردستان نییە، بەتایبەتی ئەم کەرتە هیچ بوونێکی لە بواری گەیاندن و بواری خزمەتگوازرییە سەرەکییەکاندا نییە کە تا ئێستا داهاتێکی زۆر بۆ کەرتی تایبەتی مشەخۆر کە هاوبەشە لەگەڵ بۆرژوای بیروکراتی سەرەوە لە ئیدارەی دەوڵەت، دابینکردوە.
شایانی باسە ئاراستە بوون بەرەو لیبرالیزمی نوێ بە دارشتنی ئەم سیاسەتە ئابورییە نوێیە دەستی پێنەکردوە. پێشتر قانونی وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستاندا کە تا ئێستا کاری پێدەکرێت لەسەر بنەما و داواکارییەکانی بۆچونی لیبرالیزمی نوێ بریاردرا، وتێکرای پرۆژە وفابریکە بەرهەمهێنەرەکان کە سەر بە کەرتی گشتی بوون لە ساڵانی رابووردوودا پاکتاوکرا. هەروەها قانون ورێنماییە حکومییەکان دەربارەی بەکرێدانی زەوی و “مساتەحە”، وەبەرهێنان لە بواری خوێندن و تەندرووستی بەم ئاراستەیە کرا. لە سایەی ئەم هەڵسوکەوتە و ئاراستەی ئابوری بەرخۆر کە تێکرای وەبەرهێنانی بەرەو کەرتی خانووبەرە برد بە تایبەتی لە سایەی نەبونی بنەماکانی حوکمڕانی باش، قەیرانی ئابوری لەگەڵ دیاردەکانی گەندەڵی لە بوارەکانی بەرێوبردنی ئابوری نیشتمانی وئیدارەکردنی کاری حکومی هاوکات تێکەڵ بوو.
هۆکاری راستەقینەی قەیرانی ئابوری لە کوردستاندا لە ئاستی ناوخۆییدا قەیرانێکە لە ئاکامی سیاسەتی ئابوریی پەیڕەوکراو لە ساڵانی رابووردوودا کە پشتی بە لیبرالیزمی نوێ بەستوە، هاتۆتە کایەوە. لایەنی دەرەکی هۆکارەکان بۆ سروشتی گشتی ئابوری بەرخۆر لە سایەی سیاسەتێکی سەرمایەداری دواکەوتو و وابەست بە ناوەندە سەرمایەدارەکان، دەگەرێتەوە. واتە قەیرانی ئێستا تێکرای ئابورییە بەرخۆرەکان کە مۆرکێکی سەرمایەداری دوواکەوتوویان لە بواری گەشەسەندن، هەیە و رەنگی بەسەر هەلومەرجی ئابوری کوردستان هەیە.
هەربۆزانین بەشێک لە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی ئەم جۆرە سەرمایەدارییانە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ناوەندە سەرمایەدارییە پەرەسەندووەکان دوای ئەوەی کە سیاسەتی خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانی سەرمایەداری بۆ دەربازبون لە کورتهێنان وقەیرانی ئابوری کە لە 2008 و دەستی پێکردوە و تائێستا بەردەوامە، شکستی هێنا، لەهەلومەرجی ئێستادا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی خۆی لەسەر حسابی وڵاتانی سەرمایەداری وابەست ودواکەوتوو کە ئابوریەکانیان بە رخۆرە و سەرچاوەی وزەن لە جیهاندا، دەدات، ئەمەش لە رێگای کارکردن بۆ دابەزینی نرخی وزە، وبەشداری لە زیادبوونی چاوگەکانی بارگرژی وململانییە چەکدارییەکان هەروەکو ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا روودەدات. ئاکامی ئەم جۆرە سیاسەتە زیادکردنی خەرجی سەربازی وگەشەسەندنی پیشەسازی سەربازی سەرمایەداری دەبێت کە ئەمەش بوارێکە بۆ سەرمایەداری هاوچەرخ بۆ قورتاربوون لە قەیرانەکەی ودەربازبون لە بێ بازاری.
چارەسەرییە بنەرەتییەکانی سیاسەتی ئابوری نوێی حکومەت خۆی لە ئازادکردنی بازرگانی ونەهێشتنی هیچ بەربەستێکی باج لەسەر هاوردەی کشتوکاڵی بە تایبەتی خۆراکی هاوردە، وکرینی گەنم ودانەوێلە بە نرخی بازار لە جوتیاران واتە لابردنی پشتگیری وکۆمەک بۆ کەرتی بەروبوومی کشتوکاڵی ناوخۆیی کە ناتوانی بەربەرکانی لە گەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بکات، دەبینێتەوە.
لە هەمان کاتدا ئەم سیاسەتە ئابوریییە نوێیە بەردەوامە لە سەر بابەتی ئازادکردنی وەبەرهێنانی بیانی لە تێکرای باج و پولێک یان ناچاربوون بە بەکارهێنانی هێزی کاری ناوخۆیی ئەگەر تەنانەت بە رێژەیەکی سنووردار بێت. لە کاتێکدا ئەم سیاسەتە جەخت لەسەر زیادکردنی رێژەی باجی ناوخۆیی لەسەر هاووڵاتیان دەکات.
لە بواری داراییدا ئەم سیاسەتە نوێیە بە گشتی ئاماژە بۆ چارەسەرکردنی سیاسەتی دارایی وهەلومەرجی بەنکەکان لە رێگای گەراندنەوە بۆ بەنکی ناوەندی عێراق دەکات، و ئەگەر هەرێمی کوردستان سیاسەتی دراو و بەنکی ناوەندی خۆی هەبوایە ئەوا بە پێی رەچەتەی لیبرالیزمی نوێ جەختی لەسەر کەمکردنەوەی نرخی دراو دەکردەوە.
بەڵگەنامەی سیاسەتی ئابوری نوێ هەروەکو لە ناونیشانەکەی دەردەکەوێت جەخت لەسەر بەشداری گەشەپێدان دەکاتەوە بە مەبەستی ئاماژەنەکردن بە چەمکی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام کە مرۆڤ بە رەهەندی گەشەپێدان دەزانێت، جگە لە مۆرکی بەردەوامبوونی کە مانای رەچاوکردنی بارودۆخ وبەرژەوەندی نەوەی داهاتوو لە دانانی سیاسەتی ئابوری رەچاو دەکات.
فەلسەفەی بەڵگەنامە ئابورییە نوێکە کە باس لە چاکسازی دەکات ئەرکی دەوڵەت لە چوارچێوەی دەوڵەتی پاسەوان وباسکردنی سەرپەرشتی، ودوور کەوتنەوە لە ئەرکەکانی گەشەپیدانی مرۆیی بەردەوام دەکات بەو بیانوویەی کە دەوڵەت توانای بەرێوەبردنی ئابوری نیشتمانیی نییە، و دەبێ کە سەرکردایەتی ئەم سیاسەتە وئیدارەکردنی لە هەموو بوارەکاندا بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابوری نیشتمانییەوە کە ژێرخانی گەشەپێدانە بۆ سەرجەم بوارەکانی دیکەی ئابوری، بدرێتە کەرتی تایبەت.
لەم بابەتەدا بە بۆچونی ئێمە پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان ئەرکی دەوڵەت لە دانانی سیاسەتی ئابوری وبەدواداچوون بۆی لە چوارچێوەی گەشەپێدانی بەردەوامدا و پێدانی رۆڵێکی سەرەکی بۆ کەرتی تایبەت لەم پرۆسەیەدا لەسەر بنەمای لێهاتوویی ودەستکەوتی ئابوری، لەگەل وازهێنانی دەوڵەت لەم ئەرکە وپێدانی جڵەوی سەرکردایەتی ئابوری لە بواری دانان وداڕشتنی بەرنامەی گەشەپێدان وسیاسەتی ئابوری بە کەرتی تایبەت کە ماناکەی پیادەکردنی لیبرالیزمی نوێ وبە تایبەتکردنی رەهایە کە ئەمەش دەبێتە لە دایکبوونی سەرمایەدارییەکی دڕندە، و وابەستەیی بە ناوەندە سەرمایەدارییە جیهانییەکان بە هێزتر دەکات، وهەر ئەو ناوەندانەش ئەرک بۆ سەرمایەداریی ناوخۆیی لە سەر ئاستی جیهانی دەستنیشان دەکەن. سەبارەت بەم بابەتەش نمونەی بەرچاو لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیە، وهۆکاری قەیرانەکانی یونان وقوبرس وهەندی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەم دابەشکردنە لە ئەرک وکاری وتایبەتمەندی ئابوریی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بەپێی مۆدێلی لیبرالیزمی نوێ،دەگەرێتەوە.
ئەلتەرناتیفی ئەم سیاسەتە چەوتانە کە لە ساڵانی رابووردوودا پەیڕەو کراوە، وئێستاش بە گەرمییەوە درێژەپێدان وبەردەوامبوونی هەیە، لەوەوە دەستپێدەکات کە بە روونی واز لەو سیاسەتە بهێڵرێت، وپشت بە وزە وتوانای نیشتمانی لە دانانی سیاسەتی ئابوری ببەسترێت بە پشتبەستن بە زانیاری وئاماری راست و درووست، بە سوودوەرگرتن لەو جۆرە شارەزا وپسپۆرانەی کە پێشوەخت سەر بە ناوەند ورێبازێکی فیکری دیاریکراو لە دانانی سیاسەتی ئابوریدا نین. ئەمەش بە جۆرێک دەبێت کە لە دانانی ئەو سیاسەتە پشتببەستن بە واقیعی ئابوری کوردستان وگرفتی هەر کەرتێک لەو ئابورییە وگەیشتن بە خاڵی هاوبەش بە جۆرێک هەماهەنگییەکی بەردەوام وزیندووی نێوان ئەو کەرتانە درووست بکات، وشارەزای ناوخۆیی لە توێژینەوە و لەدانانی ئەو سیاسەتەدا، بەشداربێت.
چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری لە رێگای خستەرووی ئەلتەرناتیڤێکەوە دەبێت کە بتوانێ هەلومەرجی تایبەت بە کوردستان رەچاو بکات و بە گشتی سروشتی کۆمەڵایەتی وکەلتوری هێزی بەرهەمهێنەران و وزەی مرۆیی بەهەند وەرگرێت. ئەم سیاسەتەش ببەسترێتەوە بە ئەنجامدانی مەدەنییەت وپێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وچارەسەرکردنی دیاردەکانی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی وهەژاری. ئەمەش وادەخوازێت کە هاوڵاتییان لە ئەنجامدانی گەشەپێدان بەشدارییان پێبکرێت لە رێگای دانانی سیستمێکی زانستی وواقیعییانەی باج ورسم هاوکات لەگەل فراوانکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکان وپێداچونەوە بە قانونی وەبەرهێنانی بیانی، ودانانی قانونی کار و وقانونی بیمەی کۆمەڵایەتی، ورێکخسنی سیاسەتی نەوتی وداهاتەکانی بە شێوەیکی روون.
بە بۆچونی حزبمان هەنگاونان بەرەو ئەم ئاراستەیە بەگرتنەبەری بیرۆکەی دەوڵەتی بەشداربوو لە گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام ولە دارشتنی سیاسەتی ئابوری وپێدانی بوارێکی فراوان بە کەرتی تایبەت وئامادەکردنی پێداویستییەکانی راپەراندنی کەرتی هاوبەش وپاراستنی هێزی کار وناوەندی کەمدەرامەت، دەبێت. هەر بەم ئاراستەیە دەتوانین لە ئابوری بەرخۆر قورتارمان بێت وفرەبوون لە سەرچاوەی داهات مسۆگەر بکرێت و زیادەرۆیی لە خەرجی نا پێویست کە دەچێتە خانەی گەندەڵی ئیداری ودارایی، بنبڕ بکرێت، بێ ئەوەی خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاووڵاتیان کەمبکرێتەوە، وسەرکردایەتی بەرێوبردنی ئابوری نیشتمانی نەخرێتە ژێر رکێفی کەرتی تایبەت کە بە ئارەزوی خۆی کونترۆڵی بکات بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزاریە پێویستیەکان کە بە مافی تاک لە زۆربەی دەستوری وڵاتە مەدەنییەکان دەستنیشانکراوە.
حزبمان، لەماوەی ساڵانی رابردوودا، پرۆژەیەکی تەواوی لەبارەی چاکسازی گشتی بۆ هەموو بوارەکانی سیاسیو ئابوریو کاری حکومەتو دەسەڵاتی دادوەری پێشکەشکردو ئەم پرۆژەیە بەبەردەوامی دەوەڵەمەند دەکرا، لەروانگەی بەشداری حزب بۆ لەئەستۆگرتنی ئەرکەکانی هەنووکەیی قۆناغەکە لەمیانەی تێکۆشانی دیموکراسیو بەرەورووبوونەوەی کۆی ئەو مەترسیانەی تووشی هەرێم دێن، بەگرتنەبەری رێبازێکی عەقلانی جەدەلی کە جەخت لە ناوەڕۆکی ململانێکانی کۆمەڵایەتی و رۆڵی کارای گەلو یەکانگیری نێوان چەمکی چاکسازیو چەمکی گەشەپێدانی هەمیشەیی، بکاتەوە، حزبمان لەپڕۆژە چاکسازییەکەیدا،چاکسازی سیاسی و بونیادنانی دامەزراوەکانو زەمانەتی دەوڵەتی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیو دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی بەستۆتەوە لەرێگای میکانزمێکی گونجاو بۆ بەدیهێنانی ئامانجی پرۆژەکە بەرفراوانکردنی دیموکراسیو شەفافیەتو بەشداری راستەقینەی جەماوەر.
پرۆژەکەی حزبمان تەرکیزی لەسەر چاکسازی کۆگیر دەکاتەوە بەدانانی سنوورێک بۆ دەستوەردانی حزبی لەکاروباری حکومەتو کۆتایی هێنان بەدوفاقییەت لەئیدارەدانو بەهێزکردنی چەمکی هاوڵاتیو یەکسانیو سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگا.
حزبمان، وای دەبینێ کە بەهێزکردنی مەبدەئی نامەرکەزی، پێویستی بە دابەشکردنی دەسەڵاتو قەڵەمڕەوی هەیە لەنێوان وەزارەت و کارگێڕی پارێزگاکان و زەمانەت کردنی رکابەری لەبواری گرێبەسەتو مناقێات ی فەرمییەکان و ریگری لە دەستوەردانی نایاسایی و قۆرخکاریو دوورکەوتنەوە لە رۆتینیاتی بەڕێوەبردنو خزمخزمێنەو لایەنگیریو واستەکردن.
حزبمان، ئەم روانگەی بە کارکردن لەپێناو کەمکردنەوەی ریژەی بێکاری لەنێو ریزی ئەو کەسانەی تواناو حەزیان بەکارکردن هەیە بەتایبەتی لەنێو لاوانو دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکاندا، گرێداوە، هەروەها دەیبەستێتەوە بە باشکردنی باروگوزەرانی هاوڵاتیانو دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیو ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەرێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خانەوادەی شەهیدانو ئەنفالکراوان وخاوەن پیداویستی تایبەتو بێوەژنو بێ سەرپەرشتو ئەوانەش کەبێکەسن. هەروەها حزبمان جەختی لەزەرورەتی هەموارکردنەوەیەکی بنەڕەتی لەیاسای وەبەرهێنانو پێویستی دەرکردنی یاساکانی نەهێشتنی قۆرخکاری کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتیو رێکخستنی کەرتی تەندروستیو خزمەتگوزاری تەندروستی بەیاسایەک خزمەتی بەرژەوەندی توێژەکانی زەحمەتکێشان بکات، ئەمەش لەدوای ئەوەی کە ئەزموونی نەخۆشخانە تایبەتەکان بەربڵاوبووەو هەرچەندە جۆری خزمەتگوزارییەکانیان لەنەخۆشخانەکانی حکومەت باشترە، بەڵام زەحمەتکێشان ناتوانن لە مجۆرە نەخۆشخانانە سوودمەندبن بەهۆی ئەو کرێو نرخە زۆرەی بۆ چارسەریو داودەرمان دایانناوە.
هەروەها حزبمان داوای پێکهێنانی ئەنجومەنی راژەی خزمەتی مەدەنی دەکات، بۆدەستەبەری یەکسانی لەهەلی کارو دامەزراندن هەروا جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی ساڵانێکە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە لەمبارەیەوە و چاوگێڕانەوە بەهەردوو یاسای راژەی مەدەنی و سیستمی کرێو موچە.
پێویستە چاکسازییەکان تێپەڕی چەمکی چاکسازی بەشە بچووکەکان بکات، لەرێگای رووکردنە بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازییەکی کۆگیر، کەپێویستە هەموو کەرتەکانی گشتی بگرێتەوە، لەنێویشیدا چاوگێڕانەوە بە سیستمی پەروەردەو فێرکردنو هەڵسەنگاندنی مەنهجەکانی خوێندن، هەروەها رێکخستنی کاری دامەزراوە ئاینییەکانو هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ سیستمو فەرمانو بڕیارە ئیداریو دارایییەکان بکرێت، بۆئەوەی ئەم چاکسازییە سەرانسەری بێتو تەنها ناوچەیەکی دیاریکراو نەگرێتەوە پێویستە بەشێوەیەکی کردەیی ئیدارەکان یەکبخرێنەوە.
دیاردەی گەندەڵی رۆڵێکی نەرێنی هەیە لە رەوشی کوردستاندا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پەیوەندی حکومەت بەهاوڵاتیانەوە، ئەو پەیوەندیەی کە بەهۆی ناشەفافیەتو پەرەسەندنی دیاردەی گەندەڵی داراییو کارگێڕییەوە، کەلێنی تێکەوتووە،کە بەهۆکاری جیاجیای لەنموونەی دەستوەردانی حزبی لەسەرجەم کاروبارەکانی کارگێڕیو پشتبەستن بە ئینتمای حزبی بوون وەکو پێوەری سەرەکی لەدامەزراندنو پێدانی پۆستو پایەی بەرپرسیارێتی ئیداری و هەروەها لەوەرگرتنی پرۆژەکانی وەبەرهێنانو گرێبەست و کەمکردنەوە فەرمییەکانو چاوپۆشیکردنو خۆ لێگێلکردن لەلایەنە پەیوەدیدارەکان و لاوازی دەستەکانی سەربەخۆی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵیو لێنەپرسینەوەی یاساییو بەدادگا نەگەیاندنی گەندەڵکاران، ئەمانەو سەرەڕای بوونی جۆرێک لەدابڕانو ناوبەناو قسەکردن لەلایەن ناوەندی بڕیار لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. چارەسەرکردنی دیاردەی گەندەڵی داراییو کارگێڕی پێویستی بە جەختکردن لەسەر یەکخستنەوەی ئیداری هەیە لەکوردستاندا، هەروەها پەیوەندی بەگرێدانی ئەم دیاردەیە بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی ئابوری بەرخۆرەوە هەیە، کەپێویستە چاوگێڕانەوە بە چەمکو یەکەو بنەماکانی بکرێتەوەو بە گرتنەخۆی ئاراستەیەکی نوێکردنەوە بکرێتو بەهەڵبژاردنی بەرپرسانی کارگێڕی و بەرفرەوانکردنی چاودێری جەماوەری و پەرلەمانیو راگەیاندن هەیەو لەگەڵیدا دوورخستنەوەی خزمخزمێنەو بەحزبیبوون لەگرتنەدەستی پۆستە گشتیەکانو دادگاییکردنی ئاشکرای ئەو پەرپرسانەی بەگەندەڵیەوە تێوەگلاون.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە