سێ شه‌ممه‌ 20 ئه‌یلول 2016

رێواس مەلا ئەحمەدى بانخێڵانى :دەبێت هەموو تواناو نیازپاکی بۆ مانەوەی حزبى شیوعى و گەشەی یەکبخرێت

بەروار : 20 ئه‌یلول 2016
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

12342820_1093415914044561_5759340935492389581_n

 

گرێدانی کۆنگرەی {6}ی حیزبی شیوعی کوردستان نزیک بووەتەوە، بەو بۆنەیەوە لە ئێستا مشوومڕێکی گەرم لە نێوان هاوڕیان و دۆستان و خەمخۆرانی ئەوحیزبەدا لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان درووست بووە . لاپەڕەکانی ڕابردووی ئەو حیزبەو تێکۆشانی و شکستیەکانی لە سیاسەتەکانی ئێستادا ،بە بیروبۆچوونی جیاواز گوزارشتی لێدەکرێت و کۆنگرەی داهاتوش بەشێکی زۆری لەوگفتووگۆکردنە داگیر کردوە.
ئێمەش لە ستافی ماڵپەڕی {ئاگاپرێس} بە پێوستمان زانی بەشداری لە دەوڵەمەندکردنی ئەو گفتوگۆیانەدا بکەین ،ئەوەیش بە کردنەوەی مەلەفێک بەنێوی [بەرەو کۆنگرە]، کە تێیدا هەندێک پرسیار ئاراستەی بڕێک لە کادران و ئەندامان و دۆستان و ڕۆشنبیران دەکەین ،تا دیدی خۆیان سەبارەت بەو حیزبە و هاوکات بە کۆنگرە بخەنە ڕوو. بە ئومێدی ئەوەی بتوانین لەم ڕێگەوە خزمەتێکی بچوک بە هزری چەپ لە کوردستنادا بکەین.
بۆ ئەم مەبەستە ئیمە لیستێکمان درووست کردوە دەربارەی ئەو بەڕێزانەی کە بە نیازین بەشداریان لەم مەلەفەدا پێ بکەین. وە ناو بە ناو هەفتەی چەند وەڵامێک بڵاو دەکەینەوە . هەر بەڕێزێکیش دەخوازی بەشداری تێدا بکات ئەوە دەرگامان کراوەیە و دەتوانیت لە ڕێگەی ئیمێلەکەمانەوە پەیوەندیمان پێوە بکات، یاخود لە ڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بە سەرنووسەری ئاگاپرێسەوە [جەلال هۆرێنی] وە بکات
هیوادارین وەڵامی پرسیارەکان لە سیاقی خۆی دەرنەچێت و تەنها و تەنها تایەت بن بە پرسیارەکان .
هەر وەڵامێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت ، بەدڵنیاییەوە بڵاوی ناکەینەوە.
ئاگاپرێس لەمەلەفەدا رێواس مەلا ئەحمەدى بانیخێڵانى نوسەر دەکاتە میوان و وەڵامى پرسیارەکانمان دەداتەوە

 

ئاگاپرێس : وەک هەستی پێدەکرێت لە هاوکێشە سیاسیەکانی ئیمڕۆی کوردستاندا پێگەی حیزبی شیوعی کوردستانی لاوازە. هاوکارەکانی ئەو لاوازیە چین؟

 
رێواس مەلا ئەحمەدى بانیخێڵانى :دیارە لاوازی پێگەی حزبی شیوعی کوردستان گەلێ هۆکاری هەیە، لەوانە پەیوەندی بە پاشەکشەی بزووتنەوەی چەپەوە هەبوو لە جیهان و ناوچەکە. ئەمە جگە لە بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی و کارکردنە سەر بیروبۆچوونی خەڵک بەشێوەی جیاواز و پلان بۆ دارێژراو. پاش ڕاپەڕین و لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، حیزب خاوەنی جەماوەرێکی بەرفراوان بوو، بەڵام بەداخەوە تواناکانی ڕێکخراوەیی حیزب هێندە سنوورداربوو نەیتوانی ئەو جەماوەرە ڕێکبخات و بیکاتە هێزێکی جەماوەی پاڵپشت بۆ سیاسەتی داهاتووی. ئەمە جگە لەوەی شەڕی ناوخۆیی هێزە کوردییەکان نەک تەنیا جەماوەری سەرقاڵی ئەو شەڕە کرد بەڵکو حیزب بووە برا گەورەو ناوبژیکەری نێوان ئەو لایەنانە، ئەمە لە جیاتی قۆستنەوەی ئەو هەلە و ڕێکخستنی جەماوەرەکەی، هەر لە ڕێگەی فشاری جەماوەری دەیتوانی کاربکات بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆیی. دوورکەوتنەوەی لە داواکاری جەماوەرو نەبوونی سیاسەتێک کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەردەم بێت، خەڵکی لە ڕێکخراوەکان دوورخستەوە. ئەمە جگە لەوەی هێزە سیاسییە کوردییەکان لە ڕێگەی توانا مادیی و دەستەڵاتەکەیانەوە توێژێکی مشەخۆری پەرژەوەندسازی دروستکرد. ئیتر خەڵک بەدوای پەرژەوەندییە مادییەکانیاندا بوون نەک هەڵوێستی دروست و بەرەنگاربوونەوەی ئەو پرۆسە چەوتە پڕ گەندەڵکارییەی ئەم رۆژەی دروستکرد.

ئاگاپرێس : حیزبی شیوعی کوردستان بە نیازە لە مانگی سەبتەمبەردا کۆنگرەی [6] ی خۆی گرێبدات.بەبڕوای بەڕێزت گۆڕانکاری گەورە لە کۆنگرە ڕوودەدات .یا لەسەر هەمان مەتۆد بەردەوام دەبێت؟

 

رێواس مەلا ئەحمەدى بانیخێڵانى :گەر سەرکردایەتی حیزب و ئەندامان و دۆستان مانەوەی ئەم حیزبە و گەشەی بزووتنەوەی چەپیان پێ گرنگ بێت دەبێت هەموو تواناو نیازپاکی بۆ مانەوەی ئەو حیزبە و گەشەی یەکبخرێت بۆ سەرکەوتنی ئەو کۆنگرەیەو هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی بە توانا کە جیهانبینییەکی ڕوونی هەبێت، و وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی هەلومەرجی ئێستائ کوردستان بێت، بتوانێت هاوشانی گۆرانکارییە ئابووری ـ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بڕوات و سیاسەت و پلانی کارکردنی نەک مانگانە بەڵکو ڕۆژانەی خۆی ئاشکرا بکات و کار بۆ ئەوەی بکات لەگەڵ سەختی هەلومەرجەکاندا بڕوای جەماوەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێتەوە. چونکە حزبی شیوعی خاوەنی مێژوویەکی پڕخەبات و قوربانی دانە. دەبێت هەموو ئەوانەی لەناو یان لە دەرەوەی ئەو حیزبە کاردەکەن وەک وەفایەک بۆ شەهیدان و مێژووی پڕشکۆی ئەو حیزبە کاری جیدی بکەن بۆ وەرچەرخاندنێکی جیدی لە سیاسەت و هەیکەلی رێکخراوەیی ئەو حیزبە و لەهەمان کاتدا دەرگا کراوە بێت بۆ هاتنە پێشەوەی کادیری گەنج و لێهاتوو کە ڕێزبەندییەکی نوێ بخولقێنن.

 

ئاگاپرێس: چ بوارێک زۆر گرنگە کە حیزبی شیوعی کوردستانی هەڵوەستەی لەسەر بکات ولەدوای کۆنگرە بیکاتە بەرنامەی سەرەکی کارەکانی؟

 

رێواس مەلا ئەحمەدى بانیخێڵانى :بۆ ئەوەی بزانیین چ بوارێک گرنگە بۆ کاری داهاتووی ئەو حیزبە دەبێت بۆ هەڵقە لاوازەکان بگەرێن، دەتوانم بە کورتی لە چەند خاڵێکدا باسی بکەم
• بوونی سیاسەتێکی ئانی کە وەڵامدەرەوەی داواکاری و پێداویستییەکانی جەماوەربێت، بێ ڕەچاوکردنی پەرژەوەندی و داخوازی حیزبە دەستەڵادارەاکان ئاشکرا بکرێت.
• کارکردنی جیدی بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی ئەو جەماوەرەی کە چەندان قوربانی و شەهیدیان بەخشییوە بەو ڕێباز و مێژووە. کارکردن لەناو گەنجاندا و کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بیرباوەڕی چەپرەویی لەناویاندا.
• هەڵبژاردنی دەستەیەکی سەرکردایەتی گورجوگۆل و بردنە دەرەوەی کارو چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان بۆ ناو جەماوەر و دروستکردنی هەڵقەیەکی بەهێز لە نێوان حیزب و جەماوەردا.
• کارکردنی جیدی بۆ پێشخستن و پەروەردەی کادیرانی ژن لە ڕێکخراوەکان و ناوەندی بڕیار.
• داخستنی زۆربەی بارەگاکان ، یان بارەگاکان بکرێنە مەرکەزی کارو جالاکی جەماوەری.
• چەند خاڵێکی تر لەوانەیە لێرەدا نەمەوێت ئاماژەی بۆ بکەم، چونکە دەبێت ڕووبەڕووی لایەنێک بێت کە بتوانن ئەو لێپرسراوییە هەڵگرن.

 

ئاگاپرێس : پیگەی چەپ لە کوردستاندا بەردەوام بەرەو لاوازی دەڕوات . هۆکارەکانی ئەم لاوازیە چین و حیزبی شیوعی تەحەمولی چەندی ئەم شکستی و لاوازیانە دەکات؟

 

رێواس مەلا ئەحمەدى بانیخێڵانى :دیارە بێ هێزبوونی بزووتنەوە چەپ لە ناوچەکە و لاوازبوونی حیزبە شیوعییەکان وەک دوو ئەلقەی زنجیرێک وان، هەردوو لا کاریگەرییان لەسەر ئەوی تر هەیە. گەر بزووتنەوەی چەپ لە ناوچەیەک بەهێزبێت ئەوا حیزبە شیوعییەکانیش بەهێز دەبن و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. بە ڕای من بەهێزبوونی بزووتنەوەی چەپ ئەرکی هەموو هێزە نوێخواز ا پێشکەوتنخوازەکانە، ئەرکی ڕٶشنبیر و نووسەران و رووناکبیرانە. چونکە بەهێزبوونی ئەو بزووتنەوەیە لە خزمەتی چەسپاندنی دیموکراسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدایە. حزبێکی شیوعی کە لە ژێر کۆمەڵی فشاری هەمەلایەندا بێت و خاوەنی ڕێکخراوەیەکی جەماوەری بەرفراوان نەبێت ناتوانێت هێز و وروژم بدات بە بزووتنەوەی چەپ لەو ناوچەیە. گەر بزووتنەوەیەکی بەهێزی چەپمان بوێت دەبێت کار بۆ بەهێزبوونی پێگەی جەماوەری ئەو حیزبە بکەین و کادیر و سیاسەت وشێوەی ڕێکخراوەیی لە بێژەنگ بدەین.
کاتێک ئیسلامی سیاسی کاری بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەکەی خۆی دەکرد، لاوازکردنی بزووتنەوەی چەپ یەکێک بوولە ئامانجەکانی و توانیان ئەو ئامانجە بپێکن. بەو زووتنەوە نوێیە کە خاوەنی ئەزموونێکی دوورودرێژ نییە بە بەراورد لەگەڵ ئەزموونی بزووتنەوەی چەپ لە ناوچەکە، توانییان ئەو ئامانجە بپێکن. ئەی ئێمەی خاوەن ئەزموون و خەباتێکی دوورودرێژ و پڕ قوربانی بۆ ناتوانیین لەو پرۆسەیەدا سەرکەوین. لەو باوەڕدام گەر هەموو هێزو توانان یەکبخرێ و بەیەک ئاکاردا ببرێت دەتوانرێ سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت. بەڵام پەرتەوازەبوونی توانا و هێزەکان بە ئاراستەی جیاوازدا ئەنجامی تەنیا بێهێزی پێگەی ئەو بزووتنەوە وحیزبە دەبێت. لە یادمان نەچێت زۆر هێزی دەرەکی و ناوەکی هەن هەوڵی جیدی دەدەن بۆ پەرتەوازەکردنی هێزی نوێخوازی چەپرەوەکان لە کوردستاندا. لەو باوەڕەدام ئێمەی چەپخواز دەبێت هۆشیارانە کار بۆ پێکانی ئامانجەکانمان بکەین و بەرچاوڕوونییەکی هۆشیارانەمان هەبێت و هەوڵی یەکخستنی هەموو هێزە چەپڕەوەکانی ناو کوردستان بدەین، کە حزبی شیوعیش یەکێکە لەو جەمسەرانە.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە