پێنج شه‌ممه‌ 16 ئازار 2017

ساتی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی مێژوو، ساتی له‌ سێداره‌دانی جه‌لاد ! ‌

بەروار : 16 ئازار 2017
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌

یادی مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌، بۆنه‌یه‌ك نییه‌ بۆ رێكخستنی رێوڕه‌سمی ماته‌مینی، یانرووماڵی میدیایی، یان نمایشكردنه‌وه‌ی هونه‌رییانه‌ی ئه‌م تراژدیایه‌ی كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م. هه‌ڵه‌بجه‌، له‌گه‌ڵ‌ شه‌هیدبووندا، ده‌بێته‌ بابه‌تێك بۆ تێڕامانی فكرییش، بۆ پرسیاركردن له‌ئاینده‌ی جه‌لادو قوربانی.
تێڕامان و پرسیار له‌م ئاسته‌دا، راسته‌وخۆ ده‌رگیره‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی مێژوو و گریمانه‌كانیدا: ئه‌گه‌ر له‌وه‌ بگه‌ین كه‌ مرۆڤه‌كانی ئێره‌ سه‌ربه‌ جیهانی تاریكی رژێمه‌ سته‌مكاره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوینین، ئه‌گه‌ر بزانین بونه‌وه‌رگه‌لێكی ده‌ورانی تێكئاڵانی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزانی رۆژئاواو جیهان و دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه‌ن، داخۆ ئیتر چ سه‌رده‌مێكی مێژوویی له‌رێدا ئه‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و جیهان و ده‌ورانه‌ دۆزه‌خییه‌ نامرۆییه‌، بگۆڕێت؟ ئاخۆسیاسه‌ت خۆی،چ ده‌رفه‌تی هه‌یه‌ كه‌ رووی هاوكێشه‌كان وه‌ربچه‌رخێنێت و دوالیزمی قوربانی و جه‌لاد، له‌فۆرمی سۆسیۆ-سیاسیی «گه‌لی بنده‌ست و ده‌سه‌ڵاتیسته‌مكار»دا، رابگرێت و لانیكه‌م درێژه‌ نه‌كێشێت؟
  ئه‌م پرسیارانه‌، كه‌ له‌رووی مێژووییه‌وه‌، په‌یوه‌ستن به‌ساته‌وه‌ختی گه‌رمی ئازاری رووداوه‌وه‌، زیندوو ئه‌مێننه‌وه‌ تا ئه‌و ده‌مه‌ی مانایه‌ك بۆ كردنیان نامێنێت. به‌فعلییش، ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ بوون كه‌ له‌ژێر زه‌بری ئاڵوگۆڕه‌ سیاسییه‌كاندا، له‌گه‌ڵ كه‌وتنی به‌عسدا (1968-2003ز)، ئه‌وانیش ده‌كه‌ون، چونكه‌ له‌وێ به‌دوا، مێژوویه‌كی سیاسیی نوێ راستده‌بێته‌وه‌. له‌م مێژووه‌دا، جه‌لاد، ئه‌گه‌ر تاوانه‌ لۆكاڵییه‌كانیشی تێپه‌ڕاندبێت، ئه‌مجاره‌یان به‌رهه‌می سه‌ركێشیی ده‌ستبردنی بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌چنێته‌وه‌، واته‌چیتر به‌ملهوڕیی خۆی، شوناسگۆڕ ده‌بێت!: له‌جه‌لادێكی لۆكاڵه‌وه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گڵوباڵ، ئه‌مه‌ش دروست ئه‌و وه‌رگۆڕانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیداو به‌ شێوه‌یه‌كی دراماتیكی، ده‌نگ و ره‌نگ و چیرۆكی چه‌پێنراو و بێده‌نگكراوی قوربانی، ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ مۆنتاربۆكانی بانگه‌شه‌ی زلهێزانی دنیاوه‌ بۆ كۆده‌نگی له‌سه‌ر  راگرتنی جه‌لاد، له‌سه‌ر دانانی سنورێك بۆ سته‌مكارییه‌كانی!.
 هه‌موومان ئه‌زانین كه‌، تراژیدیای هه‌ڵه‌بجه‌، یه‌كێكه‌ له‌دڵڕه‌قترین ئاوێنه‌كانی ڕووتكردنه‌وه‌ی سیمای جه‌لاد. ئه‌م تراژیدیایه‌ كه‌ پێشتر ته‌نها هه‌ندێ میدیای كۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌ندێ رۆژنامه‌و رادیۆی رۆژئاوایی باسیان كردبوو، له‌گه‌ڵ ئاوابوونی به‌عسدا هه‌ڵدێ بۆ ناو دۆسییه‌كانی دادگاییكردنێكی به‌رجه‌سته‌ی خودی جه‌لاد خۆی، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌سوڵتانی حوكمی ره‌هاوه‌ ده‌خرێته‌ نێو قه‌فه‌سی زیندان و به‌رده‌م تۆڵه‌ی پرسیاره‌كان و شایه‌تحاڵه‌ بێ شووماره‌كانی دادگاو سه‌لماندنی دیكیۆمێنتارییانه‌ی تاوانه‌كان.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیڵێم، به‌دیاریكراوی، ئه‌مه‌یه‌: مێژوو به‌سێكوچكه‌ی لێكدانه‌بڕاوی رابردوو و ئێستاو داهاتووه‌وه‌، زۆرجار بارگاوییه‌ به‌م وه‌رچه‌رخانه‌ «كوده‌تایی»انه‌!:ئه‌وه‌ی سته‌مكار بیری لێ ناكاته‌وه‌و، ئه‌وه‌ی سته‌ملێكراو لێ ده‌بێته‌ مه‌حاڵ و چاوه‌ڕوانیی گۆدۆییانه‌، دێته‌دی!. ئه‌مه‌ش داوه‌ریی مێژووه‌ پێش ئه‌وه‌ی داوه‌ریی ده‌ورانی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و دادپه‌وه‌ریی دادگاكانی تاوان بێت!.
 به‌های سوپرایزه‌كانی مێژوو، زۆرجار، له‌بێداركردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌ نائومێدانه‌دا ره‌نگده‌داته‌وه‌ كه‌ ملیان بۆ خورافه‌تی سڕبوون و به‌ بت بوونی مێژوو داوه‌، له‌كاتێكدا یاسای ژیان و بوون خۆی، به‌مانا هیراكلیتس-ییه‌كه‌ی، بریتییه‌ له‌گۆڕان و گۆڕانكاری، واته‌ هیچ شتێك، تاسه‌ر، وه‌ك خۆی نامێنێته‌وه‌، ئه‌م راستییه‌ ئه‌زه‌لییه‌ش، به‌دیاریكراوی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ساتی له‌سێداره‌دانی تاوانبار عه‌لی كیمیاویدا ده‌دروه‌شێته‌وه‌!، ئه‌و ساته‌ی كه‌ مێژوو ئاشتده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ مافی قوربانیداو پشت ده‌كاته‌ سته‌می جه‌لاد!.
من هه‌میشه‌ به‌وه‌ خۆشحاڵم كه‌ یه‌كه‌م كه‌سبووم ئه‌م ساته‌ سیحرییه‌/مووچڕكه‌ییه‌/یۆتۆپۆییه‌م، له‌خۆشی و ئاهه‌نگێكی خۆڕسكی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانه‌وه‌و، له‌سروتێكی میللیی لۆكاڵه‌وه‌ كرد به‌رووداوێكی گڵوباڵ، رووداوی ئاهه‌نگی قوربانی بۆ مه‌رگی جه‌لاد!. به‌ڵێ، به‌نده‌ هه‌میشه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌رۆژێكی كه‌م وێنه‌دا (25ی یه‌نایه‌ری2010ز)، راسته‌وخۆو له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌وه‌و له‌رێی كه‌ناڵی ئاسمانی جه‌زیره‌وه‌ كه‌ سیمبولێكی شه‌رمنی داننانه‌ به‌شكستی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی له‌تایپه‌ سته‌مكارییه‌كه‌یدا، بۆ ماوه‌ی 15 خوله‌ك، له‌فه‌زاو شاشه‌یه‌كی گڵۆباڵه‌وه‌، شیكاریمان بۆ ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌م ساته‌ مێژووییه‌ كرد، ئه‌وه‌مان بیرخسته‌وه‌ كه‌ لێره‌، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ سه‌رزه‌مینی قوبانیدا، بۆ یه‌كه‌مجار، مێژوو به‌ماناو ده‌لاله‌تی تره‌وه‌ له‌دایكده‌بێت، ده‌شبێته‌ شاهێد به‌سه‌ر نه‌زانراو و رێكه‌وت و سوپرایزه‌كانییه‌وه‌..!
ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە