شه‌ممه‌ 18 ئازار 2017

لەپەراوێزی تانەكەی عەبادی لە موچەی پیشمەرگە، چەواشەكاران بۆ نقەتان لێوە نایەت؟

بەروار : 18 ئازار 2017
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

د.بەختیار شاوەیس

لەم رۆژانەی رابردوو ، سەرۆك وەزیرانی عیراق د.حیدر عەبادی لە دادگای باڵای ئیتیحادی تانە (گعن) ێكی داوە لەمادەی 8 ی یاسای بودجەی ساڵی 2017 ی عیراق ، كەناوەرۆكەكەی تایبەتە بە شایستە داراییەكان و موچەی پێشمەرگە وەك بەشێك لەپەیكەری بەرگری عیراق.
پێویست بەوە ناكات بپرسین بۆچی سەرۆك وەزیرانی عیراق تانە لە موستەحقاتی پێشمەرگە دەدات ، چونكە دواجار ئەو نوێنەری عەرەبی شیعەی حوكمڕان دەكات و بەهەر شێوەیەك بێت دەیەوێت كێبركێی سیاسی بكات و زۆرترین كێكی شیرینی دەسەڵات بۆ پێكهاتەكەی خۆی و زیاتر بۆ حیزب و گروپەكەی خۆی بێت. لەمەش بترازێت یۆئێمەی خاوەن پرۆژەكە هەرلەسەرەتایی بەیاسایكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە ، چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد كە تانەی لێبدرێت لەلایەن حكومەتەوە، چونكە:
1. ناوەرۆكی مادەكە بەشێوەیەكی روون موچەو موستحقاتی هێزەكانی پیشمەرگەی تیا دیاری كرابوو ، جیاواز بوو لەو دەقانەی كەساڵانی رابردوو لەیاساكانی بودجە پەرلەمان دەنگی لەسەردەدا ، هەروەها بەشێوەیەكی لاستیكی نەنوسرابویەوە بۆئەوەی یاری پێوە بكرێت و دواتر حكومەت خۆی لە التزامی جێبەجێكردنەكەی بشارێتەوە.
2. پشكی پێشمەرگە نەبەسترابوویەوە بە كێشەنەوتیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند ، ئەمەش هێندەی دیكە التزامی جێبەجێكردنەكەی زیاتر كردبوو.
لەم سۆنگەوە ، ئەگەر هۆكارگەلێك هەبوبێتن بۆ ئەوەی كە تانە لەمادەكە بدرێت ئەوا گرنگ نیە ئەم باسە هەڵدەینەوە ، بەڵكو ئەوەی كە شوێنی هەڵوێستە لێكردنە ئەو پرسیارەیە كە پێویستە لەو بەرێزانەی بكەین كە هەرلەسەرەتا هۆڵی پەرلەمانیان جێهیشت و بەبیانووی ئەوەی كە بودجەی ئەمساڵ هیچی تیانیە بۆ پێشمەرگە چونە دەرەوە و لەمەش خراپتر لەدەرەوە بەربونە ئێمەو بەخیانەتكار و خۆفرۆش لەكەناڵەكانی راگەیاندن تۆمەتباریان كردین و بە چەواشەكاری وایان لەهەندێك خەڵك گەیاند كە ئێمە هیچمان بۆ پێشمەرگە نەكردوە
ئێستا كاتیەتی ، بپرسین ئەگەر ناوەرۆكی مادەی تایبەت بەپێشمەرگە سودی بۆ پێشمەرگە نەبوو خێرە حیدر عەبادی دێت تانەی لێدەدات و داوا لەدادگای ئیتیحادی دەكات ئەو برگەیە هەڵوەشێنێتەوە؟ ئایا عەبادی كە پیاوێكی ئابووریناسە و دوو خولی پێشتری پەرلەمان سەرۆكی لیژنەی دارایی بوە ، تێنەگەشتوە یان ئێوە؟ وە یان سەرۆك وەزیران لەئێوە زیاتر دلسۆزی پێشمەرگەیە و دەیەوێت مادەكە هەڵوەشێنێتەوە و شتێك بۆ ئەو پێشمەرگانە بكات كە هێشتا شەری داعش تەواو نەبوە دەڵێت دەبێت بگەرێنەوە شوێنەكانی پێش هاتنی داعش؟!!
دەبێت ئەوانەی چەواشەی رای گشتیان دەكرد خۆیان ساغ بكەنەوە ، ئەوان دەنگیان بە موچەی پێشمەرگە نەدا و سەرۆك وەزیرانیش بە تانەكەی هەمان رای ئەمانی هەیە. ئەی كەواتە دەكرێ‌ لەم یەكبۆچونەیەدا دەوڵەتی كوردی لەناو دەوڵەتەكەی سەرۆك وەزیران دروست بكرێت؟ یان ئەمەش چەواشەكاریەكی دیكەیە.
بالەچەواشەكردن گەرێین، گرنگ خزمەتی پێشمەرگەو دۆزی كوردە، بۆیە پێویستە كە ئەم تانەیەی عەبادی بكرێتە هەلێك و بەرپرسانی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بگەنە بەغداد و داوای مافەكانی پێشمەرگە و شایستە دارایەكانی بكەن بەپێی یاساكە. ئەمە سەرباری ئەوەی كە دڵنیام رۆژێك دێت هەموو چەواشەكاریەكانی لەمەر موچە و بودجە و كێشەكانی هەرێم و ناوەند روون دەبنەوە، كوردەواریش لەمێژە وتویانە بەری رۆژ بە بێژەنگ ناگیرێت.

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە