Oops! It appears that you have disabled your Javascript. In order for you to see this page as it is meant to appear, we ask that you please re-enable your Javascript!
سێ شه‌ممه‌ 21 ئازار 2017

حەشدی كوردی

بەروار : 21 ئازار 2017
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

ئومێد بابان

 

دوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراق لە 2003دا لە دەست ڕژێمی بەعسی (پێشوو) لەلایەن ئەمەریكا و بەشێك لە دەوڵەتانی هاوپەیمانی واشنتۆنەوە، باشووری كوردستان لە هەموو ڕووەكانەوە بووژایەوە و سەرخان و ژێرخانی ئابووریی بە جۆرێك گەشەی كرد، كە پێشبینینەكراو بوو.

بەڵام پاش پرۆسەكە بە چەند ساڵێك، كە شیعەكان جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست لە (عێراقی نوێ)دا، دۆخەكە تەواو گۆڕا و ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، وردە وردە چڕتر بوونەوە و گەییشتنە ئاستی لێكڕاسان و هەڕەشەی (بە لای كەمەوە مێدیایی).

كە دواجار تا ڕادەی بڕینی بوودجە و مووچەی هاونیشتمانییە كوردستانییەكان لەلایەن قەڵەمڕەوانی بەغداوە، درێژەی كێشا و پەلی بۆ زۆر لایەنی دیكەش هاویشت، ئەمەش بە پاساوی ناردنەدەرەوەی نەوت لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە (ئەگەرچی لە دەستووری عێراقدا كە زۆربەی عێراقییەكان دەنگیان بۆ داوە)، هەرێمی كوردستان سەربەست كراوە لە ناردنەدەرەوەی نەوت و سامانە سرووشتییەكانی خۆی.

گەر وردتر بین، دوای شەڕە نەگریسەكەی تیرۆریستانی داعش و دەستبەسەرداگرتنی بەشێك لە پارێزگاكانی عێراقیش، كە لە 2014دا هەڵگیرسا، بارە تەناهی، ئابووری و سیاسییەكەی ئەو وڵاتە هێندە قورستر بوو كە نەیتوانی شان بداتە بەری و دووچاری تەنگژەگەلێك بووەوە كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی كردە سەر هەرێمی كوردستان و (جگە لە پتر لە 11 هەزار و 500 قوربانی بە شەهید و بریندارەوە)، هەرێم باجی ناشارەزایی سیاسییەكانی بەغداشی دا، بەوەی كە حكوومەتی عێراق لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش متمانەیان لاواز بوو و نەیانتوانی تەنانەت سەرنجی دەوڵەتانی ئیقلیمییش ڕابكێشن تا هاوكار بن لە تێپەڕاندنی دۆخێكی سەختدا كە عێراق پێیدا گوزەر دەكات.

ئەوان، لەجیاتی هاوكاریی لۆجستی و سەربازی و هتد.. بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەركێكی گرانتریان خستە ئەستۆی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە، كە ئەویش ڕادەستكردنی نەوتەكە بوو بە كۆمپانیایەكی سەر بە (حكوومەتی بەغدا) لە كاتێكدا تا ئێستاش لە عێراقدا بە فەرمی یاسای نەوت و غاز بوونی نییە و لەبری گەنگەشەكردن لەسەر چاككردنی بژێویی هاووڵاتیان، ئەنجوومەنەكەی نوێنەران هەندێك یاسا تێدەپەڕێنن كە لە دۆخی ئێستادا شایانی قسەلەسەركردنیش نین.

ئەسڵی مەتڵەب ئەوەیە، لە كاتێكدا كە تا ئێستاش هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بە یاسا دانی پێدا نەنراوە كە هێزێكی نیشتمانیی وڵاتپارێزی دژەتیرۆرە، بۆچی هێزێكی دیكە، بێباكانە دەخرێتە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە و بوودجەشی بۆ دابین دەكرێت؟

بەشێك لەو پەرلەمانتارە كوردانەی كە دەنگیان بۆ بەیاساییكردنی (حەشدی شەعبی) داوە! گلەیی چی لەو كوردانە دەكەن كە دەبنە حەشدی شەعبی؟

ئاخر لە هەمووان باشتر، ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەزانن كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان نە لەلایەن بەغداوە بوودجەی بۆ تەرخان كراوە و نە خراویشەتە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە، ئەی خێرە قسەی قەبە لە مێدیاكان دەكەن و دەڵێن: (ئەو كوردانەی دەبنە حەشد، جاشن)؟.

گەلۆ، دەبێ بپرسین، لە 3 كابینەی حكوومەتی عێراقدا، پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا، چییان لە هەگبەدا بوو بۆ پێشمەرگە و چییان بە چی كرد؟

یان ڕەنگە دروستتر بێت بڵێین، ئیشيان لە بەغدا چییە؟

 

[email protected]

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە