چوار شه‌ممه‌ 22 ئازار 2017

هاوسەری فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) ڕاستییەکەی درکاند …؟!

بەروار : 22 ئازار 2017
If you thought this page is useful to your friend, use this form to send.
Friend Email
Enter your message

 

شەماڵ عادل سەلیم

لە دوای ئەوەی کەناڵێکی ئاسمانی ڕاپۆرتێکی  لنگەوقووچی (بێ بنەماو بێ بەڵگە)ی لەسەر عەقیدی فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) ی تورکمان بڵاوکردەوە و پیشانی بینەرانی دا ، گوایە فرۆکەوانی ناوبراو لەسەر ڕەتکردنەوەی فەرمانی بۆردومانکردنی (هەڵەبجە بەچەکی کیمیاوی ) لەسێدارە دراوە ..

لەو کاتەی عەقیدی فرۆکەوان ( خەتیب زادە ) ، ( ١١ مانگ وسێ رۆژی رەبەق ) پێش (بۆردومانکردنی هەڵەبجە)ی خێرلەخۆنەدیو لەلایەن ( ئیستیخباراتی عەسەکەری کەرکوک ،بەتۆمەتی  کارکردن و خەبات لەپێناو مافی گەلی تورکمان گیراوە ) ….!!

بۆسەلماندنی ناڕاستی ئەم هەواڵە دروستكراوە  و ، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە کە چەندین جارە لێرەولەوێ ( بەزانین یان نەزانین، بەویست بێت یان نەویست ) لە ماسمیدیای کوردی چەند بارە دەبێتەوە ، ماوەیەکە  لێکۆڵینەوەو بەدواچوونێکی وردو چڕو پڕو سەربەخۆیانەم بۆ ئەم بابەتە کردووە ، کە لە چەند رۆژی داهاتودا بەبەڵگەوە بەزمانی عەرەبی بڵاوی دەکەمەوە ، هەروەها  زنجیرە چاوپێکەوتنێکیشم لەسەر هەمان بابەت لەگەڵ (خانەوادە و هاوڕێیانی ) عەقیدی فرۆکەوان ( خەتیب زدە ) ئەنجام داوە ، دوا چاوپێکەوتنیشم  ئەمرۆ ٢٢ ئاداری ٢٠١٧ لەگەڵ بەرێز (تورکان قەساب باشی ) هاوسەری فرۆکەوانی ناوبراو بەزمانی عەرەبی ئەنجام دا ،  بەمەبەستی  ئاشکراکردنی تەواوی ڕاستی و نهێنییەکان سەبارەت بە (هۆکاری گرتن و لەسێدارەدانی عەقید (ئایدن )ی فرۆکەوان  بۆ ڕای گشتی عیراقی و کوردستانی .

بەهۆی گرنگی بابەتەکە ، پێم باش بوو قسەکانی هاوسەری فرۆکەوان ( خەتیب زادە ) بەرێز ( تورکان قەساب باشی ) ، وەربگێرمە سەر زمانی شیرینی کوردی ، بۆئەوەی ، ئەوانەی عەرەبی نازانن ، ڕاستییەکان لەسەر زاری هاوسەری عەقیدی فرۆکەوان ( خەتیب زادە ) گوێ بیست بن ، نەک وەک ئەوەی بەلنگەوقووچی لێرەولەوێ ئاماژەی پێ دەکرێت ، کەبەهەقیقەت سەرم سوڕماوەو نازانم ، ئایا ئامانجی ئەو لایەنانە چییە لەبڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە (بێبنەماو لنگەوقووچە) ……؟!

(تورکان قەساب باشی ) لە ساڵی( ١٩٥٧)  لەبنەماڵەیەکی تورکمانی شاری کەرکوک لەدایک بووە  ، ئەندامی کۆمەڵەی (قشلە )ی زیندانیانی سیاسی تورکمانە لەکەرکوک ، دایکی سێ کچە ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی :

 

*بەرێز ( تورکان قەساب باشی ) هاوسەرەکەت عەقیدی فرۆکەوان (ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) کەی و لەسەر چی گیرا …….؟

ـــ هاوسەرەکەم لە ( ١٣ / ٥ / ١٩٨٧ )دا ،لەلایەن (ئیستخباراتی عەسکەری /  فەیلەقی کەرکوک )  بەتۆمەتی (کارکردن و خەبات لەپێناو مافی گەلی تورکمان ) لەکەرکوک  گیرا، ئەوە ڕاستییە و  با هەموولایەک باش بیزانێت .

هەروەها لەم دەرفەتەدا بەباشی دەزانم بۆ مێژوو ، هەروەها بۆ ئەوکەسانەی کە ئەوراستییە نازانن بەڕاشکاوانە پێیان بڵێم : رۆژی( ١٣ )ی ئایاری  ساڵی( ١٩٨٧)  شەهید( ئایدن ) لە (فەیلەقی کەرکوک  ) بە پەلە داواکرا  ، ئەویش یەکسەر رۆیشت تابزانێت چیان دەوێت ، بەڵام هەرنەهاتەوە ، بۆیە ئێمەش  پەیوەندیمان بە ( فەیلەقەوە )کرد ، هەتا بزانین لەکوێیەو بۆ نەهاتەوە ) ،  لەوەڵامدا گوتیان :

عەقید (ئایدن ) گیراوەو  تەسفیری ( ئیستخباراتی عەسکەری کازمییە لەبەغدا  ) کراوە ، لەوکاوتەوە هاوسەرەکەم  نەدیتەوە.

بەڵام من لەوبڕوایەدام ، ئەگەر هاوسەرەکەم لەکاتی بۆردومانکردنی شاری (هەڵەبجە ) لە زیندان نەبوایە ، بەهیچ شێوەیەک بەشداری لەئەنجامدانی ئەم  تاوانە نەدەکرد ، چونکە  شەهید ( ئایدن) مرۆڤێکی نیشتمانپەروەربوو ، باوەڕی بە ئازادی و دیموکراتی و مافی گەلان و ستەملێکراوان و مەزلومەکان هەبوو.

*بەرێز ( قەساب باشی ) ،  رێگام پێ بدە بۆجەنابت و خوێنەرانی بەرێزیش ، ڕاستیەک ئاشکرا بەکەم کە بەداخەوە هەتا ئێستا نەزانراوەو ،ئەویش ئەوەیە :

گریمان  هاوسەرەکەت عەقیدی فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) لەکاتی (ژەهربارانکردنی هەڵەبجە) لەزیندانیش نەبوایە ، ئەوا بەهیچ شێوەیەک ئەرکی بۆردومانکردنی هەڵەبجەی پێ ڕانەدەسپێردرا ، چونکە هەروەک جەنابت دەزانیت کە هاوسەرەکەت سەربە   (فرۆکەوانی سەربازی  )بوو ، بەواتایەکی تر ، هاوسەرەکەت (فرۆکەوانی هەلیکۆپتەرلە جۆری  ٨ MI /  میل می ٨ ) ی رووسی بوو ، بەگوێرەی ئەو زانیارییەی  لە (ئینسكلۆپیدیا / مەوسوعەی ، هێزی سەربازی عیراقی / بەشی ١٧ ، لەئامادەکردنی لێژنەی سەربازی سەربە وەزارەتی بەرگری عیراق سالی ١٩٨٦ ) تۆمارکراوە ، هەروەها بەگوێرەی چەند بەڵگەو دیکۆمێنتێکی تر کە ئەم راستییە دەسەلمێنن  .

وەک جەنابت ئاگاداریت ،  ئەوفرۆکانەی هەڵەبجەیان بە ژەهر بۆردومان کرد ، فرۆکەی  جەنگی (سیخۆ ، CU) ی رووسی سەر بە (هێزی ئاسمانی عیراق ) بوون، چونکە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ( هێزی ئاسمانی عیراق / القوة الجوية العراقية ، وە فرۆکەوانی سوپا / طيران الجيش) دوو ( سنف ) ی جیاوازبوون ، بەڵام لەژێر چەتری یەک سەرکردایەتی…..!!

ئەوە ڕاستییە ،  دەبێت هەموولایەک بیزانین ، بەتایبەتی ئەوانەی دەڵێن:  عەقیدی  فرۆکەوان ( ئایدن خەتیب زادە ، لەسەر رەتکردنەوەی بەشداری لە بۆمبابارانکردنی هەڵەبجە گیراوەو لەسێدارە دراوە  ، کەئەمەش بەگوێرەی هەموو بەڵگەکانی بەردەستم دوورە لەڕاستی .

ـــ بەڵێ زۆر راستە هاوسەرەکەم  سەر بە  (فرۆکەوانی سوپا  ) (سرب ١٢ ،  ك١) بوو ،چونکە ئەو فرۆکەوانی (هەلیکۆپتەر )بوو نەک (فرۆکەی جەنگی) کە سەربە ( هێزی ئاسمانی  عیراق) بوو لەو سەردەمەدا ، هەربۆ ئاگاداری جەنابت و خوێنەرانیش، ئەم زانیاریەم  بۆ مێژوو لەهەموو چاوپێکەوتنەکانمدا بەڕاشکاوی ئاماژەم پێ کردووە …..

*بەرێز ( قەساب باشی ) کەی و لە کوێ هاوسەرەکەت گولەباران کرا  ؟

ـــ  بەداخەوە هاوسەرەکم لە (  ٢٢ /١٢ /١٩٨٨ ) لە زیندانی ئەبوغرێب ( لەسێدارە دار ) …..!!.

* لەسێدارە درا یان گولەباران کرا ؟ ،  چونکە هەروەک ئاشکرایە هاوسەرەکەت  ئەفسەری سەربازی بوو ، بۆیە دەبوایە  لە ( دادگای سەربازی ، بەگوێرەی یاسای سزای سەربازی مامەڵەی لەگەڵ بكرابایە ) ……؟

ـــ زۆر ڕاستە ، ئێمەش ئەم ڕاستییە دەزانین ، بۆیە من و سەرجەمی خانەوادەکەمان سەرمان سووڕماوە لەم بابەتە  ،هەربۆزانیاری جەنابیشت  ئێمە لەدوای گرتنی هاوسەرەکەم ، بەداخەوە چاومان پێی نەکەوتەوە ، بۆیە زۆر بابەت بە نهێنی ماوەتەوە . تەرمەکەیشی خوشکی خوالێخۆشبوو( مەیسونە خەتیب زادە ) لە زیندانی (ئەبوغرێب)  وەریگرتەوە ، بەڵام لە (شەهادەی وەفاتی) نووسراوە ( لەسێدارە دراوە / شەنقا حتی الموت ) ، خوشکەکەشی ئەوراستییەی بۆمان دوپاتکردەوە …..!!

*باشە ئەی جەنابت ،  کەی و لەسەر چی گیرایت ؟

ـــ من لەدوای گرتنی هاوسەرەکەم بەچەند مانگێک لەلایەن (ئیستیخباراتی عەسکەری  کەرکوک ) بە تۆمەتی خەبات لەپێناو مافی گەلی تورکمان گیرام ، هەروەها وەک فشارێکیش بۆ سەر هاوسەرەکەم تا ددان بەوتاوانە دابنێت کە ئاراستەی کرابوو ……!!

*چەند لەزیندان مایتەوە ؟

ـــ  سێ مانگ لەزیندان مامەوە ، دوای ئازاد کرام .

*سوپاس بۆ ئاشکرا کردن و دەرخستی ڕاستیەکان ،کە بەداخەوە لێرەو لەوێ خەریکە لینگەوقووچ و چەواشە دەکرێت .

ـــ سوپاس بۆ هەوڵی جەنابت کە بەدوای ڕاستی دا دەگەرێت ، هیوادارم پێکەوە ژیان و برایەتی کورد و تورکمان بەردەوام بێت .

*سازدانی دیمانە ، وەرگێرانی لەعەرەبییەوە (شه مال عادل سليم  ) :

تێبینی / ئەم چاوپێکەوتنە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ ئەوانەی (بەزانین یان نەزانین ) ، بەبێ بەڵگە لەسەر کەیسی لەسێدارەدانی عەقیدی فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) لێرەولەوێ بەناراستی زانیاری بڵاودەکەنەوە و هۆی لەسێدارەدانی دەگەڕێننەوە بۆ جێبەجێ نەکردنی فەرمانی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجەی خێرلەخۆنەدیو ، دەبێ ئەوەش بڵێم کەلەم زوانە لێکۆڵینەوەیەکی چڕپڕ دەربارەی کەیسی عەمیدی فرۆکەوان ( خەتیب زادە ) بە کۆمەڵێک بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە بەزمانی عەرەبی بڵاودەکەمەوە بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ (هەڵەبجەو خەڵکی هەڵەبجەی) خێرلەخۆنەدیو ، کە لە ١٦ ئاداری ١٩٨٨ بەبڕیاری (سەددام حوسین )ی گۆربەگۆڕ ژەهرباران و کۆمەڵکوژکران .

٢٢ ئادار ٢٠١٧

بەرێزان من چەندین ساڵە بەدوای ئاشکرا کردنی ( بەبەڵگەوە ) ئەم بابەتەم ، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمیش ئاگادارن ، لەوانە ، کاک (نیهاد لەتیف قۆجە ) ، قایمقامی هەولێر کە جەنابیشیان بەڵینی دا ، بەدواچون بۆ ئەم بابەتە بکات …. بۆئاگاداری هەموو لایەک نامەکانیشم لەئەرشیف ماوە کە راستی قسەکانم دەسەلمێنێت …..و لێرەش بڵاوی دەکەمەوە بۆئەوانەی باوەر ناکەن ، بۆیەش ئێستا ئەم بابەتەم بڵآو کردەوە چونکە( لێکۆڵینەوەکەم )کۆتایی پێ هات …..!!دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە من لەماڵەوە (فێر نەکراوم بەرهەمەمی ماندووبوونی کەس بخۆم) و غەدر لەکەس بکەم ، هەمیشە غەدرم لێ کراوە ، فێرکراوم خۆم ماندووبکەم و هەرشتێک بەئەرکی سەرشانم بزانم ، گوێم لە ترس و ماندووبوون نییە ،گەر هەڵەشم بەرامبەر هەریەکێک کردبێت داوای لێ بوردنم لێ کردووە …… بۆیە هیوادرم گولە بەتاریکییەوە نەنێین ، گەر دەست خۆشیش لە یەکتر نەکەین ، سەرکەوتنی یەکتر کە سەرکەوتنی راستییە ناشیرین نەکەین …. !!

 

 

ناردنی ئەم بابەتە بۆ تۆرەکۆمەڵایەتیەکان

ریزبەندی بابەت

0 بۆچوون تۆمارکراوە



تۆی بەریز دەتوانیت بۆچوونی خۆت لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕیت بە پرکردنەوەی ئەم فۆرمە